عەلی حەمە ساڵح وەڵامی رێکخراوی هێڤی دەداتەوە

عەلی حەمە ساڵح، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وەڵامی رێکخراوی هێڤی لەبارەی نەخۆشخانەی سانتی لایڤەوە ده‌داته‌وه‌ و ڕایگەیاند" نەخۆشخانەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کەرتی گشتییەوە نییە و لەسەرەتاوە مۆڵەتی وەک کەرتی تایبەت وەرگرتووە". 

 

ده‌قی‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ عەلی حەمە ساڵح:

وەڵامێکی پێویست 
رێکخراوی هێڤی لەبارەی نەخۆشخانەی سانتی لایڤەوە دەڵێ"نەخۆشخانەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کەرتی گشتییەوە نییە و لە سەرەتاوە مۆڵەتی وەک کەرتی تایبەت وەرگرتووە'. 
کۆمپانیایەکی نەوتی ٤٠ ملیۆن دۆلار پێشکەش بەخەڵکی کوردستان بکات بۆ نەخۆشخانەیەکی گشتی منداڵان،  کوێی کەرتی تایبەتە؟ .... بەڵگەی ١ 
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، لە ساڵی ٢٠١٤ بە ناوی نەخۆشخانەی منداڵان بڕی ٧ ملیۆن ٦٠٠ ھەزار دۆلاری لە بودجەی گشتی بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان تەرخانکردوە........ بەڵگەی ژمارە ٢ 
لە ڕونکردنەوەکەشدا ڕێکخراوی ھێڤی ناڵێت: بە کام پارە ئەم نەخۆشخانە بونیاتنرا؟ 
ئەگەر دروستکردنی نەخۆشخانەکەو بونیاتنانی بە پارەی گشتی بێت، زەویەکەشی لە زەوی گشتی بێت، بە مۆڵەتێکی وەبەرھێنان ناکرێتە نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت! 
زانکۆی کوردستان 
ڕێکخراوی ھێڤی، دەڵێ: نەبوونی بودجەی پێویست لە کارکردن وەستاوە و دواتر دراوەتە زانکۆی کوردستان بۆئەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنی بگرێتە ئەستۆ!! 
ئایا دەکرێ نە خۆشخانەیەک بە پارەی گشتی بونیاتبنرێت، بدرێت بە زانکۆیەکی ئەھلی! 
ھەرچەندە زانکۆی کوردستانیش خۆی لەسەر بودجەی گشتی دروستکراوەو لە ساڵی ٢٠٠٦ بڕی شەش ملیۆن دۆلاری لە بودجەی گشتی بۆ تەرخانکراوە.... بەڵگەی ژمارە ٣ 
پلانی ئێمە 
ڕێکخراوەکە دەڵێ: چەند رۆژێکە لەلایەن چەند کەس و لایەنێکەوە بەمەبەست و پلانێکی داڕێژراو قسە لەسەر نەخۆشخانەی سانتی لایڤ دەکرێت! 
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێمەیە، نە دەزانم ڕێکخراوی ھێڤی ھی کێیەو نە پلانی شارەوەم ھەیە، لە ژیانمدا بە رقەوە کارم نەکردوە. 
ئایا ئەگەر بڵێین: بە ٤٠ ملیۆن دۆلاری میللەت نەخۆشخانەیەک دروستکراوەو دەبێت بۆ خزمەتی منداڵانی کوردستان بێت! نەک بکرێتە گرانترین نەخۆشخانە!! پلان و دژایەتیە؟ 
بەدڵنیایی لە بەدواداچون بۆ ئەم دۆسیە بەردەوام دەبین.. 
ئەمە گرفتەکەیە... 
باسی ھەرچی بکەیت، دەڵێن بەمەبەستە!!!! 
باسی باشماخ دەکەیت، دەڵێن: بۆ باسی ئیبراھیم خەلیل ناکەیت... ئەمە دژایەتی یەکێتیە و بەمەبەستە! 
کە باسی ئیبراھیم خەلیل و وەلید دەکەیت، دەڵێن: قاچاخی گەورە لە باشماخ و پەروێزخانە بۆ باسی ناکەیت!! ئەمە دژایەتی پارتیە! 
کە باسی ھەردولا دەکەیت، دەڵێن: ناوێرێت بەتەنیا باسی لایەک بکات و بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ناوی ئێمەش دێنێت!!! 
گرنگە مرۆڤ لە کوێ نادادی بینی، بە ویژدانەوەو بەبێ ڕق دەنگ ھەڵبڕێت. 



AM:12:05:04/09/2020