كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغدا دە‌ستی پێكرد

یەكەم كۆبوونەوەی وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە‌ سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی، لەگەڵ وەفدی باڵای حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی  و جێگری سەرۆك وەزیران بەڕێوەچوو. 


سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 8 ئەیلولی 2020 یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە ‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، بە‌تایبە‌ت پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە‌ڕێوە‌چوو".

 

سە‌میر ھە‌ورامی وتیشی" لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان".


وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئە‌وە‌شی راگە‌یاند كە‌ چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت.

 

 ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی و نا نە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنورییە‌كان.



PM:01:02:08/09/2020