وەزارەتی شارەوانی گرێبەستی سەرقەبرانەکەی سلێمانی هەڵوەشاندەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی كردووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیای سەرپەرشتیاری گۆڕستانی نوێی سلێمانی داوە.


بەپێی نوسراوێک کە ماڵپەڕی " سپی " بینیوویەتی تیایدا هاتووە کە ئەو گرێبەستە هەڵوەشاوەتەوەو " گۆڕستانەكە لەمەودوا وەكو پاركێكی شار لەلایەن شارەوانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت".

 
وەزارەتی شارەوانی دەشڵێت" ئەو ئەرك و كارانەی خراوەتە ئەستۆی لایەنی دووەم ( كۆمپانیای سەرپەرشتیكاری گۆڕستانەكە)، بووەتە هۆی بارگرانی دارایی لەسەر هاووڵاتی و بڕی تێچوونی ناشتنی مردووی بەرز كردووەتەوە، كە لە بنەمادا سەرپەرشتی و ئیدارەدانی سەر قەبرانەكان و دابینكردنی بودجەی پێویست لە ئەرك و پابەندییەكانی شارەوانییە".

 
لەو نووسراوەدا باس لەوەش کراوە کە " لەبەرئەوەی كە پێویستە كار بكرێت بۆ كەمكردنەوەی بڕی تێچوونی هەڵكەندنی قەبر و ناشتنی مردوو بۆ كەمترین ئاست، نابێت هیچ خەرجییەكی خزمەتگوزاری سەرقەبرانەكان لە سەوزكردن و چاكسازی و بیناكردن و چاودێری كارەبا، بخرێتە سەر تێچوونی ناشتنی مردوو".

وەزارەتی شارەوانی رێوشوێن پێشانی شارەوانی سلێمانی دەدات و دەڵێت ' بۆ ئەم مەبەستە پێویستە شارەوانی كار بكات بۆ ئیدارەدانی سەر قەبرانی نوێی سلێمانی و خزمەتكردنی وەك پاركێكی شار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانییەوە. لەگەڵ پێكهێنانی هۆبەیەكی تایبەت بە سەرقەبرانەكان بۆ ئیدارەدانی كاروباری ناشتنی مردوو و هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایش و تەندروستی، لەبەرئەوە پێویستە گرێبەستی بانەوانی تایبەت بەو پرۆژەیە هەڵوەشێندرێتەوە، دەرخستەی تایبەت بە ئیدارەدان و چاودێری چاكسازی سەرقەبرانی نوێ ئامادە بكرێت بەمەبەستی دابینكردنی بودجەی پێویست".

 

ماوەی دوو هەفتەیە گرێبەستی سەرقەبرانی سلێمانی بە کۆمپانیایەکی تایبەت بۆتە پرسی رای گشتیی لە پارێزگای سلێمانی و لە میدیاکانداو ئەنجامەکەشی بەوە شکایەوە کە گرێبەستەکە هەڵوەشایەوە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە.




PM:11:45:09/09/2020