پۆلیسی هەولێر: کەسێک بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا

پۆلیسی هەولێر، ده‌ستگیركردنی كه‌سێكی بە تۆمەتی هەڵگرتن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە جۆری (كریستاڵ) ڕاگه‌یاند.

 

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە" بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، دوای كۆكردنەوە و بەدەستهێنانی زانیاری، کەسێکیان بە ناوی (د.ع.م) بە تۆمەتی هەڵگرتن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە جۆری (كریستاڵ) دەستگیر كرد، كە لەكاتی دەستگیركردنیدا بڕێك ماددەی هۆشبەر و هەروەها كۆمەڵێك كەلوپەلی بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و دوو چەقۆی لابوو و دەستیان بەسەردا گیرا، هەروەها دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەشی لە جۆری (مازدا پیکاب)دا گیرا".

ئاماژە بەوەشکراوە" تۆمەتباری ناوبراو دانی نا بە تاوانەكەیدا، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رێكخرا و بەپێی مادە (14)ی هۆشبەرەكان لە یاسای سزادان، ڕاگیرا و رووبەڕووی دادگا كرایەوە".



PM:08:20:05/10/2020