رێواز فایەق: پاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکومەتمان ناردووەتە ئەنجوومەنی وەزیران چاوەڕێی وەڵامین

سەرۆکی پەرلەمان کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە یاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری داراییان ناردووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و چاوەڕێی وەڵامەکەیان دەکەن و دەشڵێت" بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لە ماوەی ١٤ رۆژدا، ئەوان وەڵاممان بدەنەوە کە ئایا لەسەر ئەو یاداشتە و ناوەڕۆکی ئەو یاداشتە رایان چییە".

 

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە دەربارەی هەڵسەنگاندنیان بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی دووشەممە 5ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند" هاتنی بەڕێزان لە ئەنجومەنی وەزیران جگە لەوەی ئەرکێکی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقییە، بە هەنگاوێکی باشیشی دەزانم بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان پەرلەمان و حکومەت بۆ دروستکردنی جۆرێک لە متمانە کە ئێمە لە دوو دونیای جیاوازنین لە دوو فەزای جیاوازنین و لە دوو سەنگەری جیاوازیشدانین، خاڵێکی هاوبەش لەنێوانماندا هەیە کە خاڵی پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و خواست و داواکارییەکانی كوردستانیانه".

لەمیانی ئەو چاوپێكەوتنەدا كە ئاژانسی ئانادۆڵو سازیكردبوو لەگەڵی، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتیشی" هەنگاوێکی باش دەبوو شەش بۆ حەوت مانگ پێش ئێستا ئەو کۆبوونەوەیەمان بکردایە، باوەڕم وایە ئەگەر شەش مانگ پێش ئێستا ئەو کۆبوونەوەیەمان بکردایە هەم پەیوەندییەکانمان باشتر دەبوو هەم زۆر گرێ کرابوونەوە".

دەربارەی یاداشتی ‎پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی-یش سەرۆكی پەرلەمان ئەوەی خستەڕوو، یاداشتەكەیان لە ڕۆژی چوارشەممەی پێشووەوە واژووکردووە و گەیشتووەتە ئەنجومەنی وەزیران، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لە ماوەی 14 ڕۆژدا ئەوان وەڵامیان بدەنەوە.

سەبارەت بە پرسی قاچاخ لە خاڵە سنورییەكانیش ڕێواز فایەق وتی، لیژنەی دارایی بە مەیدانیی هەموو دەروازە سنوورییەکان گەڕان و ڕاپۆرتێكیان ئامادەکردووە و بەشێوەیەکی گشتی باسیان لەو کێشانە كردووە کە لەناو دەروازە سنوورییەکان هەن "لە بابەتی قاچاخچێتی و خۆدزینەوە لە باجی گومرکی و بوونی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای کەرتی تایبەت کە خزمەتگوزاریی بوارەکانی دەروازە سنوورییەکان پێشکەش دەکەن و بەهۆیانەوە بڕێکی زۆری داهاتی دەروازەکان لەبری ئەوەی بۆ حکومەت و بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، جگە لەوەی لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان و ڕێکارە گومرگییەکان کەرەستە و شمەک لە دەروازە سنوورییەکانەوە دێت، تێبینی زۆر زۆریان تۆمارکردووە و چارەسەریشیان خستوەتەڕوو و پێشنیازیشیان پێشکەش کردووە، ئەویشمان ناردووە بۆ حکومەت".

دەربارەی وتەكەی عەلی حەمە ساڵح لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا كە وتی 'من لە قسەکانی سەرۆکی حکومەت ئەوە تێگەیشتم کە ئەگەر دەست بۆ هەندێک بابەت لە دەروازە سنوورییەکان ببرێت رەنگە ئەگەری شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی دروست بێت' سەرۆكی پەرلەمان وتی، "نەخێر، دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ لەسەر دەروازە سنوورییەکان دروست نابێت، چونکە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و یەکگرتووی هەرێم لە هەموو بەرژەوەندییەکان باڵاترە".

سەبارەت بە هۆكاری نەناردنی پڕۆژەی بودجە بۆ پەرلەمان و بیانووەكانی حكومەت لەو بارەیەوە ڕێواز فایەق وتیوەڵامەکانی حکومەت تایبەت بە نەناردنی پرۆژەیاسای بودجە ئەگەر وەک پەرلەمانتارێک هەڵسەنگاندنی بۆ بکەم بڕواپێهێنەر و قەناعەتپێکەر نەبوو بەلامەوە، چونکە خۆی پرۆژەیاسای بوودجە پەیوەست نییە بەوەی کە بڵێیت دەبێت بزانم بەدیاریکراوی داهاتم چەندە ئینجا پرۆژەکە حازردەکەم، بەڵکو لە بنەمادا پرۆژە یاساکە لائیحەیەکی خەمڵێنراوە بۆیە بۆ خۆم وەک پەرلەمانتارێک وەڵامەکە جێگای باوەڕ و قەناعەتم نەبوو".

‎لەبارەی پرسی موچە و لێدوانێكی پێشتری لەسەر ئەو پرسە ئەوەی وت" پێشتر ڕاستییەکم باسکرد زۆر زیانم پێگەیشت، ئەوکات باوەڕێکم بۆ دروست بوو کە خەڵک حەزی لە چەواشەکارییەکی کورتخایەنە کە بۆ ماوەیەکی کەم دڵی خۆش بکات و پێی خۆشترە، ڕاستییەکی ناوێت کە لە ئایندە دڵی ناخۆش بکات یان ڕەنگە ئومێدبەخشینێکی کورت خایەن کە بۆ ماوەیەکی کەم دڵی مرۆڤەکان خۆش بکات باشتربێت لە ڕاستییەک کە لە ئایندەیەکی دوورتردا تووشی نیگەرانیان بکات، دڵم ژان دەکات کە دۆخی خەڵک بەو جۆرەیە، بەڵام با حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەسەر موچە قسە بکات".

سەبارەت بە كاریگەری ئەم خولە و ئەو وتانەی باس لە بێدەسەڵاتی پەرلەمان دەكەن ڕێواز فایەق ئەوەی خستەڕوو، ژمارەی ئەو وەزیرانەی لەماوەی ساڵێک و دوو مانگ کە ئەوان سەرۆکی پەرلەمانن و چونەتە پەرلەمان زیاترە لە ژمارەی هەموو ئەو وەزیرانەی کە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا چونەتە پەرلەمان، راستە لە خولی ڕابردوودا، دووساڵ پەرلەمان داخرابوو، بەڵام بە ساڵێک و دوو مانگی ئەم خولە بەقەدەر سێ ساڵی خولی ڕابردوو وەزیر هاتووەتە پەرلەمان و قسەی کردووە و موناقەشەی کردووە و ئەم پرۆسەیە بەردەوامیش دەبێت.

ڕاشیگەیاند" خەلک هەقە ئەوەش بزانێت کە واقیعی هەرێمی کوردستان و پێکهاتە و مۆزاییکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەم خولە جیاوازە لە هەموو خولەکانی دیکە، بۆخۆم هەندێک جار پێم ناخۆشە کە دەگوترێت ئەم خولە لاوازترین خولە و سەرۆکی پەرلەمان لاوازە، ئێمە لاواز نین، بەندە سەرۆکی یەکێک لە دامەزراوە سیادییەکانی هەرێمی کوردستانم، ئیحترامی دۆخ و پێکهاتەی ناو پەرلەمانی کوردستان دەگرم و گرنگیشە بۆم کە ئارامی و سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەناو خەڵکی کوردستان و پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت".

هاوكات دەربارەی نەبردنە ژوورەوەی دەبەی ئاو بۆ ناو دانیشتنەكەی ڕۆژی دووشەممە وتی" دواتر زانیم نەهاتنە ژوورەوەی ئاو لەبەرئەوە نییە بە تەنها لە ئێمە نەگیرێت لەبەر ئەوەیە بۆچوونێک هەبوو کە ڕەنگە بەریەک کەوتنێک لەنێوان فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن و فراکسیۆنەکانی دەسەڵات دروست بێت و شەڕە دەبە لەنێوانی خۆیاندا بکەن، ئاوایان بۆ ڕوونکردمەوە".



PM:02:17:08/10/2020