ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی شەش بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند

ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە لایەن هێزەكانمانەوە دوو بازرگان و چوار بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیركران".

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوێنێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەبازگەی بانی مەقان ژنە بازرگانێک و بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەریان بە 122 کیلۆگرام کریستاڵەوە دەستگیرکرد، کە لە بەغداوە هێنابوویان، دەیانویست بیبیەن بۆ سلێمانی، تۆمەتباران بەڕەگەز عەرەبن و دانیشتوی شاری سلێمانین".

 

ئاسایشی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە" هەر لەهەڵمەتی هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوادا بۆ دەستگیركردن و ڕێگریكردن لە بەكارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لەماوەی 20 ڕۆژدا چوار كەسی دیكەش دەستگیركراون كە یەكێكیان بازرگانەو سێ كەسەكەی دیكەش بەكارهێنەرن و لەناویاندا یەكێكیان بەڕەگەز سوریەو ئەوانی دیكەش كوردن و دانیشتوی سنورەكەن".

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی باسی لەوەشکردوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەپێی ماددەی 14 هۆشبەر ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسێکانیان بەردەوامە.



PM:02:24:12/10/2020