ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد

ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر ئەمشەو ١٩ی تشرینی یەکەم ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد، لەوانە هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ده‌مامك به‌كارنه‌هێنێت، رێكاری كارگێڕی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەرپەرشتى فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاریان بۆ خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا دەرکرد.

 

ده‌قی بڕیاره‌كان:

 

یەکەم/ پارێزگاری هەولێر، بڕیاریدا بەدابینکردنی (100)هەزار (دەمامک) لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر، بۆ بەشێک لەدام و دەزگاکانی پۆلیس و هاتووچۆ و فەرمانگەکان، کە لەبەیانییەوە دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.

دووەم/ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قۆناغەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە، بۆیە داواکارین لە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن بەگشتیی و بەتایبەتی بەستنی (دەمامک).

سێیەم/ سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بەجێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بەستنی (دەمامک) بۆ کرێکاران، خاوەن دوکان، فرۆشییاران، ئەوهاوڵاتییانەشی سەردانییان دەکەن، بەپێچەوانەوە تیمەکانی قایمقامیەت و ناحییە و شارەوانییەکان ڕادەسپێردراون هەرشوێنێک پابەند نەبێت، بەپێی بڕیاری لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

چوارەم/ داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئاینی و یەکیتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کەپابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و بەهیچ شیوەیەک ڕێگە بەخۆیان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان.

پێنجەم/ کۆبوونەوە وێڕای ئەوەی یادی پڕشکۆی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد)(د. خ) بەرز و پیرۆز نرخاند، تەئکیدی لەوەکردەوە کە هەولێری پایتەخت ساڵانە بەجیاواز لەهەموو جیهان، پێشەنگ بووە لە پێشوازيی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، (محەمەد) دروودی خوای لێبێت و بەشانازییەوە ئەو یادە مەزن و پڕشکۆیەی بەڕێورەسم و شێوە و شێوازێک کردۆتەوە کە لەئاست گەورەیی یادەکە بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بەپشت بەستن بە فەتوای لێژنەی باڵای فەتوا لەهەرێمی کوردستان، داوا لەهاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، تەنها بە ڕازاندنەوە و دروشم و پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە بەرزڕابگرن، هەموو جۆرە گردبوونە و کۆبوونەوەیەکی فراوان و رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولوود لە(مزگەوت، تەکیە، ناوسەنتەری شار، ژێر قەلات)و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەناچێت و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەبۆنەیەوە ئەنجامنادرێت.

شەشەم/ سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ئاگادار دەکەینەوە دەبێت (دەمامک) ببەستن، هەرفەرمانبەرێک لەکاتی دەوام (دەمامک) نەبەستبێت رێکاری کارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاوڵاتییەک بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.

حەوتەم/ داوا لەسەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنووری پارێزگاکەمان و کەس و کارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەکانیان، لەکاتی چوونی ڕۆڵەکانیان بۆ قوتابخانە و خوێندنگاکان، ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن.

هەشتەم/ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ژمارەی گیان لەدەستدانی ئازیزان و مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لەزیادبووندایە، بۆیە ئەگەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکرێت، دۆخەکە لەوەی کە هەیە سەختر دەبێت، ئەوکات بەناچارییەوە دەبێت بیر لەڕێگای توندتری دیکەی خۆپارێزی بکەینەوە.



PM:07:54:19/10/2020