یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم دەکات

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمرۆیدا بڕیاری دەرکرد داوای دواکەوتنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە بکات کە بڕیارە سبەی یەک شەممە لە هەولێر بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێم بەڕێوە بچێت.

 

بەپێی زانیاریەکانی " سپی " جگە لەو داواکارییە، یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا داوای پەیڕەوکردنی تەوافق و بنەماکانی دەستور دەکرێت.

لەراگه‌یه‌ندراوێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی کە دوای کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی شەممە لە سلێمانیی سازکرا، هاتووە" ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌رپه‌رشتی لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆك، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسیه‌كان و به‌تایبه‌تی پرسی موچه‌ و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان كۆبوه‌وه"‌.



هەروەها هاتووە " له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و نوێنه‌ری تیمی گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ئاماده‌یبون، مه‌كته‌بی سیاسی پاراستنی ئه‌و یه‌كریزییه‌ی كه‌ له‌نێوان فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ سه‌ر یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی موچه‌ هاته‌ ئاراوه‌ به‌گرنگزانی و پێداگیری له‌سه‌ر پاراستنی ده‌كات، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان". 

یەکێتی دەشڵێت " بۆ ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌بار له‌پێناوی گفتوگۆ و گه‌یشتن به‌بڕیارێكی گونجاو، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكدا بێت و یه‌كریزی هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان پیشانبدات، به‌فه‌رمی داوا له‌هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، كه‌ كۆبونه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی سبه‌ی 15ی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2020 دوابخات بۆ كاتێكی دیكه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌مو حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، كه‌ نوێنه‌ریان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه‌ به‌شداربن. "

 

بەپێی راگەیاندنەکە‌، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رێگاچارە لەوەدا دەبینێتەوە، به‌رده‌وامیدان به‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق، له‌پێناوی  گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و موچه‌ و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باسی له‌وه‌كردوه‌، بۆ گه‌یشتن به‌رێككه‌وتنی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم  و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كان و حكومه‌تی فیدرالی عێراقیش پابه‌ندی بنه‌مای ته‌وافق و ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق بێت. 

 


لە کۆتاییدا هاتووە" یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هه‌وڵه‌كانی درێژه‌ پێده‌دات و خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌م پێناوه‌دا درێغی ناكات".

 


PM:10:04:14/11/2020