لەگەڵ هەولی دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم
هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات

لە کاتێکدا ئەمشەو ١٤ ی تشرینی دووەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کرد، بڕیارە لاهوری شێخ جەنگی سەردانی بەغدا بکات.

 

هەرچەندە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە راگەیاندنەکەیدا ئەو وێنەیە دەدات بەرای گشتی کە لەبەر پاراستنی کۆدەنگی هێزە کوردیەکان داوای دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەیان کردووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست " سپی " کەوتووە ئەو هەڵوێستەی یەکێتی بۆ زیاتر درووستکردنی فشارە لە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان.

 

بەپێی ئەو زانیاریانە بڕیارە لاهوری شێخ جەنگی سەردانی بەغدا بکات و گەورە بەرپرسانی حکومەت و قەوارە سیاسیەکان کۆببێتەوە.

 

دەربارەی ئەم سەردانەی لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ بەغدا لەم کاتەدا دوو شیکردنەوەی بۆ دەکرێت، شیکردنەوەیەکیان وەک گوشارێک لەسەر پارتی تا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دانە بەهاوسەرۆکی یەکێتی لاهوری شێخ جەنگیدا بنێت و لەگەڵیدا کۆبێتەوە. شیکردنەوەکەی تریش بەو شێوەیە کە یەکێتی هەوڵبدات بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ لەمەودوا لە ژێر چنگی پارتی دەربکات و چیتر پارتی تاکە هێز نەبێت بڕیاری ستراتیژیەکان لەهەرێمدا بەتەنها بدات.

 

ئەوە لە کاتێکدایە سەرباری داواکەی یەکێتی کە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم دوابخرێت، بەلآم " سپی " لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە هەولێر زانیوویەتی کە سبەی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوە دەچێت.

 

 



AM:12:44:15/11/2020