نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا: عیراق ٣٢٠ ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت

سەرۆکی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت" لە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی بەغدا حکومەتی عیراق پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت".

 

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە‌غدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە، دوای دابەشکردنی مووچە بڕیارە بەغدا ٣٢٠ ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت". 

فارس عیسا ڕاشیگەیاند" لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەردانی بەغدا دەکات". 

هاوکات لاى خۆشیەوە جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی عیراق بۆ ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم خۆشحاڵانەیە و ئەگەر بەغدا بینێرێت ئەوا دەست بە دابەشکردنى موچە دەکەن".

 

شەوی ڕابردوو ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەکەناڵی عێراقییەی راگەیاند" حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ناردنى بڕى ٣٢٠ ملیار دینار بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێم ریککەوتنێکیان هەیە، بەگوێرەى رێککەوتنەکە دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەو قەرزەی، کە پەرلەمان رێگەیداوە ئەنجامی بدەن دەتوانن تا کۆتایی ئەمساڵ موچە بدەن. 

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشیکردەوە، حكومەتی فیدراڵ قبوڵی ناكات زیان بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگەیەندرێت بەهۆی ناكۆكیە سیاسیەكانەوە. 

 

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عیراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسه‌ندکرد.



PM:12:57:16/11/2020