بلاسخارت: چاومان لەسەرئەوەیە هەرێم و بەغدا شەفافانەو بەرپرسانە مامەڵە بکەن

نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جێنین پلاسخارت لە راپۆرتی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی پەیوەندی هەرێم و بەغدا وتی " "ھەرچەندە لە دەنگدانەکەی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق بۆ وەرگرتنی قەرز سەلماندی کە ئەو پەیوەندییە چەندە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و لەھەمانگاتدا سستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چاومان لەوەیە ھەردولا زۆر شەفاف و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن لە ھەمو بوارەکاندا".


لەمیانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جێنین ھێنس پلاسخارت، نێردەی تایبه‌تی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ عێراق رایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند" نابێت موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تێکەڵی کێشە سیاسیەکان بکرێت و دەبێت بەزوترین کات ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت. 




نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بەشێکی بەرچاوی راپۆرتی ئەمجارەی بۆ پەیوەندنی نێووان هەرێم و بەغدا تەرخانکردبوو وتیشی " تا ھەولێر و بەغدا چارەسەرێکی ریشەیی نەدۆزنەوە پەیوەندییەکانیان لەوەی ئیستا ھەیە باشتر نابێت."


ئەو تارەی پلاسخارت کە بە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس پێشکەشکرا وتی " ھەمومان لەسەر ئەوە کۆکین کە بوونی پەیوەندییەکی ئەرێنی و بنیادنەر لەنێوان حکومەتی فێدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان کلیلی سەقامگیرییە بۆ ھەمو عێراق".



لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئه‌گه‌ر بەڕوونی بڵێم، فەرمانبەرانی ھەرێم تەنھا فەرمانبەری حکومەتی ھەرێم نین، بەڵکو ئەوانیش ھاوڵاتی عێراقین و مووچەی فەرمانبەرانیش نابێت بکەوێته‌ ناو کێشە و ناکۆکییە سیاسیەکانەوە، دەبێت بەزویی چارسەری بۆ بدۆزرێتەوە، وەك پێشریش باسم کرد، پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا لە کێشەدایە، ئەویش بەھۆی نەبونی رێبەریەکی دەستوری رون و راشکاو، ئەم نارونیەش بەداخەوە بوەتە کێشە و گرفت ".




دەربارەی پەیوەندی مێژووی نێوان هەرێم و بەغدا و لە کیسدانی دەرفەتەکانی رێککەوتن وتی " لە پانزە ساڵی رابردودا ھەمو دەرفەتەکان بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی گونجاو لەکیس چون، بەڵام ئێستا دەبێ بەزویی رێکەوتن لەسەر ئەوە بکرێت، کە سیستمی فێدراڵی چۆنە و چۆن کاری پێدەکرێت و پیش بخرێت، راستیەکەش ئەوەیە تا چارەسەرێکی ریشەیی نەدۆزرێتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەمەی کە ھەیە باشتر نابێت".
 


PM:09:32:24/11/2020