بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی لەبارەی رێكەوتنیان لەگەڵ پارتی هەڵوێستی ڕاگەیاند

فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند" بزوتنەوەی گۆڕان تەنها و تەنها بەمەبەستی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داهات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی ڕێكەوتنی ئەنجامداوە و بەشداری لە حكومەت كردووە". 

 

وەڵامێك بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان: 

دوێنێ دەرئەنجامی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە ئاڵۆزی لێكەوتەوە ، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وەك جۆرێك لە ھەڕەشە ڕایگەیاند كە داوا لە حزبەكەی دەكات بە رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بچێتەوە.

ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:

١- بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا و تەنھا بەمەبەستی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داھات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی ڕێكەوتنی ئەنجامداوە و بەشداری لەحكومەت كردووە.

٢-لە دروستبوونی ئەم حكومەتەوە ، بزوتنەوەی گۆڕان پشوودرێژانە شانی داوەتەبەر ھەموو ئەو نەھامەتییانەی كە حوكمڕانی كوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە بەرھەمی ھێناوە ، ھەموو ئەوەش لەپێناو چاکسازی ومانەوەی قەوارەی ھەرێم و دوبارەنەبوونەوەی ئەزمونی دووئیدارەیی بووە.

٣- ھەرچی پۆستی بزوتنەوەی گۆڕان ھەیە لە حكومەتدا ، مافی خۆیەتی نەك تەنھا وەك پشكی حزبیی ، بەڵكو گەر وەك ھاوڵاتیش كە ژمارەی ڕاستەقینەی زۆر زیاترە لەوەی كە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ڕاگەیەنراوە ، بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو مانەوەی ھەرێمدا بە ٪‏١٢ی پۆستەكان ڕازی بووە كە خودی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دەزانێت چی دزی و ساختەكارییەك لە ھەڵبژاردنەكاندا ئەنجامدراوە.

٤- لێرەوە بێمنەتانە ڕایدەگەیەنین فەرموون وەك فراكسیۆنی پارتی كۆی بەرنامەی حكومەتی پێكھێنراو لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بھێننە سەر مێزی گفتوگۆ و با لە پەرلەماندا شەفافانە بۆ ڕای گشی ڕایبگەیەنین و بزانین چەند خاڵ لەو كارنامەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵك جێبەجێ كراوە و كێ لایەنی كەمتەرخەم بووە؟.

٥- لە كۆتاییدا پێویستە ئەو ڕاستییەی حوكمڕانی بە بیر سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بھێنینەوە كە حوكمڕانی ئامانج لێی خزمەتكردنی خەڵكە ، چوونە حكومەت بەمانای بێدەنگبوون لە قوت و موچە و گەندەڵی نایەت ، بەتایبەت كە ئەركی سەرەکی پەرلەمان چاودێریكردنی حكومەت و لێپرسینەوەیە لێی وەك لە ڕێكەوتنی پێكھێنانی كابینەكەشدا ھاتوە ، تەنانەت كە ئەگەر پارتی بە تەنھا حكومەتی پێكبھێنایە ، بۆیە بە بەشداری لە حكومەت ، گۆڕان دەستەمۆ نابێت.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان 
١/١٢/٢٠٢٠



PM:04:50:01/12/2020