رۆژنامەنووسێک باسی ژیانی کولەمەرگی ئەو گەنجە دەکات لە خۆپیشاندانەکەی چەمچەماڵ کوژرا

رۆژنامەنووسی عارف قوربانی کە لەنزیکەوە ( ئادەم یەحیا ) ئەو گەنجە دەناسێت کە لە خۆپیشاندانەکەی چەمچەماڵدا کوژرا، باسی کوولەمەرگی ژیانی دەکات.

 
عارف قوربانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی " ئادەم یەحیا ، خزم و لەهەمانکاتدا خەڵکی یەک گوندین، من دەزانم بەچی دەردەسەرییەک و بەچی کوێرەوەرێک ئەو دایک و باوکەت ئێوەیان گەورەکرد".

 


لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت " تائێستاش هەر لەئاوایی دەژیان گوندێکی بێ قوتابخانەو بێڕێگاوبان و تا سێ ساڵ پێش ئێستا، بێ کارەبا".

 

 
 
ئەو زیاتر باسی ژیانی دەکات و دەڵێت " ئێوە بەو ژیانە سادەیەی خۆتان و بەشوانی و جوتیاریی رازی بوون، بەڵام ئەو ژیانەشیان پێ ڕەوانەبینیت."

 


لە کۆتاییدا عارف قوربانی دەڵێت "سەرەتای بەهاری تەمەنت بوو، ئەفسوس بەناهەق خوێنیان ڕشتی.یەحیا گیان خوا ئارامیت پێببەخشێ، بەڕاستی کۆستێکی گرانە.  پورە نەهێ بەدوچاوی نابیناوە ئیتر کێ دەستی بگرێ".

 

 
ئەو گەنجە ئەمڕۆ دوو شەممە لە کاتی خۆپیشاندانەکەی چەمچەماڵدا گیانی سپارد.

 


PM:06:57:07/12/2020