سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئەمڕۆ سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە دەیانویست چوار کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری شیشە لە قەڵادزێوە بۆ سۆران بگوازنەوە.

 

لە راگەیەبدراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند" لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بنبڕکردنی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان ئەمڕۆ رێکەوتی 10/ 12/ 2020 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە پردی حافز  توانرا دەستبگیرێت بە سەر بڕی چوار کیلۆ مادەی هۆشبەر لە جۆری (شیشە)، هەروەها سێ تۆمەتباریش دەستتگیرکراون".

ئاماژە بەوەشکراوە، هەرسێکیان خەڵکی پشدەرن و مادە هۆشبەرەکەیان لە شارۆچکەی قەڵادزێ هێنابوو لەناو پیکابێك شاردبوویانەوە و  بۆ ئەوەی هیچ گومانێکیان لێنەکرێت گوێدرێژێکیان لە پیکابەکە بارکردبوو دەیان ویست مادە هۆشبەرەکە بگەیەننە شارۆچکەی سۆران. 

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کران. 



PM:07:21:10/12/2020