پۆلیسی ڕاپەڕین پەیامێك ئاڕاستەی خۆپیشاندەران دەكات

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت" گەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان بەشێوەی هێمنانە ئەنجام بدرێت ، وەك هەمووتان پشتیوانی داواكاریەكان دەكەین، كە لەكاتێكدا بنەبڕ كردنی قەیرانەكان داوای ڕەوای هەمووانە و ئێمەش وەك هێزی ئەمنی سنورەكە بێبەش نەبووین لەم قەیرانە بەتایبەت بە بڕینی مووچە و پێنەدانی لەكاتی خۆیدا".

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، لەو چەند ڕۆژەدا خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیانی  پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دەستی پێکردووە بەمەبەستی داوای چاکسازی لە حکومەت بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان و پێدانی موچەی تەواوی فەرمانبەران بۆ هەموو مانگێک. ئەگەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بەشێوەی هێمنانە ئەنجام بدرێت، ئێمەش وەک هەمووتان پشتیوانی داواکاریەکان دەکەین کە لەکاتێکدا بنەبڕ کردنی قەیرانەکان داوای ڕەوای هەمووانە و ئێمەش وەک هێزی ئەمنی سنورەکە بێبەش نەبووین لەم قەیرانە بەتایبەت بە بڕینی موچە و پێنەدانی لەکاتی خۆیدا. 

ئەوەش هاتووە" زیان گەیاندن بە شوێنە گشتیەکان و تایبەتەکان، وە سوتاندن و شکاندنی ترافیک لایت و هێماکانی هاتوچۆ و کابینەی پۆلیسی هاتوچۆ کارێکە زیان بە موڵکی گشتی دەگەیەنێت کە لە کاتێکدا ئەمانە بۆ خزمەتی گشتی بەکار دێن و موڵکی هەمووانە، بۆ ئەو مەبەستە داوا لەسەرجەم هاوڵاتیانی سنورەکەمان دەکەین بۆ داواکردنی مافەکان تکایە بە شێوەی هێمنانە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن تاکو دوور لە ئاژاوە و تێکدانی باری ئارامی و ئاسایشی سنورەکە داواکاریەکان بگات بە شوێنی خۆی. داواکارین خۆپیشاندەران زیاتر ئارام بگرن و ڕێز لە هێزە ئەمنیەکان بگرن چونکە ئێمە کوڕ و کەس و کاری ئێوەین و ئێوەش کەس و کاری ئێمەن وە بۆ خزمەتی ئێوە شەو و ڕۆژمان خستوەتە سەریەک تاکو خوێن لە ڕۆڵەی هیچ لایەکمان نەڕژێت و هەموو لایەکمان سەلامەت بین. هەرچەندە ٣٨ ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانمان بریندار بوون، بەڵام هەر چاوتان ماچ دەکەین".

پۆلیسی راپەڕین لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، داواکارن لەسەرجەم هێزە ئەمنیەکان کە هەر وەک چۆن خۆنەویستانە پارێزگاریتان لە سەقامگیری کۆمەڵگا و پاراستنی یاسا کردووە زیاتریش ئارام بگرن بۆ سەرخستنی یاسا و پێداگیری لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنورەکە. سەرەڕای ئەوەی کە تاکو ئێستا هێزەکان بەردەوام لە ئەرک دابوون بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنورەکە، جێگای شانازیە بۆ هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەرانی سنورەکە کە تاکو ئێستا هیچ کەسێک بە چەک بریندار نەبوو و هیچ فەرمانگەیەک نەسوتێنراوە، کە ئەمەش بەهەوڵی هەموو لایەکمان و بە ئارامی ئێوە و هێزە ئەمنیەکان بووە. 



PM:08:40:12/12/2020