ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر رێگا نادات کە ئاهەنگی سەری ساڵ ئەنجامبدرێت و هەر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایەک یان ڕێستورانتێک، یان یانەیەکی شەوانە یان یانەیەکی وەرزشی و سەنتەرەکۆمەڵایەتییەکان و مۆڵەکان و هەرشوێنێکی تری هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگ گێڕان ئامادەکرابێت، سزا دەدرێت.
دەقی بڕیارەکانی ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای ههولێر:
یەکەم: ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ویڕای پابەندبونی بەسەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەیانی ژمارە(57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و ستایشی هاوڵاتییانی شاری هەولێر دەکات بەپابەندبونیان بەبڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، هەروەها سوپاس و ستایشی یەکەکارگێڕییەکان، تیمەکانی تەندروستیی، شارەوانییەکان، هێزەکانی(پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتوچۆ) دەکەین، کە جوامێرانە لەپێناو سەقامگیری ئاسایشی شارەکەمان و تەندروستی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی شارەکەمان ئەرکەکانی خۆیان بەوپەڕی دڵسۆزی و بەسەرکەوتوی ئەنجامدەدەن.
دوەم: سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغەیە و هەر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایەک یان ڕێستورانتێک، یان یانەیەکی شەوانە یان یانەیەکی وەرزشی و سەنتەرەکۆمەڵایەتییەکان و مۆڵەکان و هەرشوێنێکی تری هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگ گێڕان ئامادەکرابێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
سێیەم: داوا لەهاوڵاتییانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەین، بەو پەڕی هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی لەم بارودۆخەدا، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک ڕەچاوی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
چوارەم: هەمو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانیەکان، بازار، چێشتخانه)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دوری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشیرەی مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ههرشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی(دەمامک)جێبهجێنهكات، لێژنەی قایمقامیەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، دهستبهجێ شوێنەکە دادەخەن.
پێنجەم: هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، تایبەت، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژاردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.
شەشەم: ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:- (هۆڵهكانی بوك گواستنهوه، ههمو جۆرە گردبونەوە و کۆنفرانس و کۆبونەوەیەک).
حەوتەم: (پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
هەشتەم: سهرجهم فهرمانبهرانی فهرمانگهكان لەکاتی دەوام دهبێت (دهمامك) ببهستن، بەپێچەوانەوە رێكاری كارگێریان لەبهرامبهردا دهگیرێته بهر، هیچ هاوڵاتییهك و موراجعێك بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان بهبێ بهستنی (دهمامك) بۆی نییه بچێته ناو هیچ فهرمانگهیهك، بە پێچەوانەوە بەرپرسی فەرمانگەکە ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.