گەورەیی رووداوی هێرشکردنە سەر گەشتیاری عەرەب لەهەولێر ئاشکرا دەبێت

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بەسەر رووداوی هێرشکردنە سەر گەشتیارانی عەرەب لەلایەن ژمارەیەک گەنجی ئەو شارەوە، قەوارەی گەورەی ئەو رووداوە دەردەکەوێت و ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە هێرشکراوەتە سەر ٢٥ ئۆتۆمبیلی گەشتیاران و ١٦ گەنجیش دەستگیرکراون.

 

ئەمشەو تەلەفزیۆنی رووداو لە میانەی هەواڵەکانی هەشتی شەودا رایگەیاند کە ١٦ مێرمنداڵ و گەنج هێرشیان کردۆتە سەر ٢٥ ئۆتۆمبیل و پاسی گەشتیارانی عەرەب کە بۆ گەشت سەری ساڵ هاتبوونە هەولێر.

 

هەرچەندە سەرەتای بڵاوبوونەوەی هێرشکردنە سەر گەشتیاران تەنها پاسێکی گەشتیاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە بەپێ لەقە هێرشدەکرایە سەری، بەلآم ئەمڕۆ زیاتر لە میدیاکانی نزیک پارتی گەورەیی ئەو رووداوە دەرکەوت کە هێرشکراوەتە سەر ٢٥ ئۆتۆمبیل و پاسی گەشتیاران.

 

رۆژێک دوای رووداوەکان چەند پەرلەمانتارێکی عێراقی لە لێدوانەکانیاندا داوایان لە گەشتیارانی عەرەب کرد کە سەردانی هەرێمی کوردستان نەکەن، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هێرشکردن و ئازاردان نەبنەوە، وەک ئەوەی لەشەوی سەری ساڵدا لە هەولێر روویداوە.

 

دوای رۆژێک لە رووداوەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، لە پەیامێکدا رایگەیاند " چەند ڕووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان".


هەروەها لەو پەیامەدا وتیشی " ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان. هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوەبووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان ، هەروەها بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتییار، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە".


چاودێڕێکی سیاسی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە " سپی " راگەیاند" دوو هۆکار لەپشت ئەم هێرشانەوە بەدیدەکرێت، یەکێکیان قوڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، دووەمیشیان میدیا کوردی و بەتایبەتی میدیای پارتییە کە لە گەڵ قوڵبوونەوەی کێشە سیاسیەکان، گوتاری رقبوونەوە بەرامبەر عەرەب و بەغدا لەو میدیایانەوە بەدیدەکرێت و کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر گەنجان.

 

ئەو چاودێرە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە کاتێکدا کە دۆخی ئابوریی هەرێمی کوردستان زۆر خراپەو ئەو گەشتیارانە دەبنە داهاتێک بۆ بازاڕی هەرێم، بەلآم بەم رەفتارانە ئەو دەروازەیەش کەمدەبێتەوە. 

 

 



PM:09:48:03/01/2021