ئەنجومەنی باڵای ئابوری لەسەر ئامادەکردنی بودجە کۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە، داوادەکەن پرۆژە یاسایەکی بودجەی شەفاف و واقیعی بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئامادە بکرێت.  


دەقی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان:



‎ئەمڕۆ سێشەممە 2021/11/12 ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .


‎لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازی کرا.


‎هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب و پلاندان دارا ڕەشید ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و  ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو.


سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا ، کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕووتین لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان. 


جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم .


‎سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی،  هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە ، بۆیە دەبێ


‎دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابین بکات .


‎لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون  عەبدولحەکیم خسرۆ ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئابووری خستەڕوو .


بڕیارە دەرئەنجامی کۆبونەوەکە سەبارەت بە ھێڵە گشتیەکانی ڕەشنووسی بودجەی ھەرێم، سبەی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتەڕوو.  
 


PM:05:34:12/01/2021