نە لەگەڵتم، نە دژتم!

ئیسماعیل نامق

مافی خۆتە ئەندامی ھەر حیزبێک بیت، سەر بەھەر ئایین و ئایدۆلۆژیایەک بی، بەڵام مافی ئەوەت نیە ناچارم بکەیت، کە لەگەڵت بم یان دژت بم، ئەکرێ لەگەڵت نەبم و دژیشت نەبم. کاتێک جۆرج  بۆشی کوڕ ووتی:" یان لەگەڵمی یان دژمی" نەیتوانی ئەم سیاسەتە جێبەجێ بکات،  بۆ نموونە بزوتنەوەی تالیبان کە کردی بە دژی خۆی، ئێستا ھەمان تالیبان نە لەگەڵێتی و نە دژێتی! زۆر دەوڵەتی دیکە توانیان وا بمێننەوە کە نە دژی بن و نە  لەگەڵیشی بن! بەکورتی بۆش شکستی ھێنا لەپیادەکردنی ئەم سیاسەتە!

من خۆم باوەڕم بەبێلایەنیی نیە، مرۆڤ ئەگەر ھیچ کێشەیەکی عەقڵیی نەبێت، لایەنگیریی یان تەرەفگیریی ھەر ئەکات، زۆر یان کەم، بەڵام باوەڕم بەوە ھەیە کە مومکینە، بەڵکو حاڵەتێکی نۆرماڵە کە مرۆڤ ئەندام و پشتیوانی ھیچ حیزبێک نەبێت.

من وەکو خۆم لەسەر بنەمای کاری باش لایەنگیریی ئەکەم، بەڵام وەلائم بۆ ھیچ حیزب و گروپێک نیە، ئەوەی بە باشم زانیووە، ووتومە باش و دەستخۆشیی، بەڵکو پشتگیرییم لێکردووە و ئەشیکەم. ئەمە وایکردووە ھەر رۆژە و بە ئەندامبوون لە حیزبێک تۆمەتبار بکرێم! 
مەرج نیە ئەوەی لەروداو و k24  قسەیکرد پارتی بێت، ھەروەکو چۆن مەرجیش نیە ئەوەی لە nrt و kurdsat و Gk دەرکەوت نەوەی نوێ یان یەکێتیی بێت! ئەوەش لەپەیام و سپێدە بوو بەیعەتی بە مامۆستا عەلی باپیر و مامۆستا صلاح الدین  دابێ!

مەرج نیە ئەوەی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بوو، خیانەتکار بێت، ئەوەش کە دژی بوو، کوردپەروەر و نەتەوە پەرست بێت!
مەرج نیە ئەوەی لەگەڵ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بوو، نەوەی نوێ بێت، ئەوەش دژی بڕگەی پارێزگای ناڕازیی بوو پارتی بێت!
تکایە بوارێک، فەزایەک بۆ ئەو کەسانە بھێڵنەوە، کە حیزبیی نین و ئەیانەوێت قسە بکەن، رایان ھەبێت، دەکرێت رای ئەم کەسانە بۆ ھەڵسەنگاندن و تەرجیح کردنی راو بڕیاری حیزبەکان سوودی لێوەربگیرێت.

بۆیە نە لەگەڵتم، نە دژتم، ئەکرێ ھاوڕات بم لەبابەتێکدا، لە بابەتێکی دیکەدا یان لەچەندانی دیکەدا ناکۆک بم لەگەڵت، من ماف ئەدەم بەتۆ کە تۆ خۆت بیت، تۆش مافم پێبدە کە بتوانم لەگەڵت نەبم و دژیشت نەبم.

12/06/2023




وتارەکانی تری نوسەر