ماوەیەکە لێرەو لەوێ، تیرو توانج و ڕەخنەو وەڵام لەنێوان خەڵک و پەرلەمانتارو کەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بە ئەحزابی سوڵتە، ئەم بەرو ئەوبەر ئەکات، ناچاربووین لەسەر ئەو پڕۆژەیەش چوار کەلیمە بڵێین.
عەرەب ئەڵێت؛ "إسم علی مسمی"
ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، بەهەق پڕۆژەی ڕووناکییە!
چونکە ئەگەر هاونیشتمانی بییەوێت، دەرهەق بە گیرفان و مووچە وەرزییەکەی بەغدا، پێی بەقەدەر بەڕەکەی درێژکات، ئەبێت تەنهاو تەنها بۆ ڕووناکی چەند گڵۆپێکی لید بەکاری بەرێت!
پرسیارگەلێک ئەکەین؛
* کێ هەیە پێویستی بەجلشۆرو قاپشۆرو فێنککەرەوەو گەرمکەرەوەو فڕنی کارەباو بەفرگرو وئاوساردکەر و ئاو گەرمکەر نەبێت؟ بەدائیلەکانتان چییە؟
* ئەگەر هاونیشتمانییەک، بیەوێت پشت بەسەرچاوەی ووزەی تر ببەستێت، چیبکات؟
هەر ماڵێک موەلیدەیەک، یان پشت بە ووزەی خۆر، کەمەسرەفێکی گەورەی ئەبێت، هیچ پاڵپشتێکی داراییشی نابێت.
* باشە کرێی کارەبا بۆچی چەند بەرابەر ئەکەن، لەکاتێکدا کارو کاسبی، دامەزراندن و مووچە نییە، سەرچاوەی تری داهات کوێ شک ببەن، چۆن پاکتاوی کرێی کارەباتان بۆ بکەن، ئەگەر نەشیکەن بەیەک کلیک لەسەنتەرەوە کارەبایان لێ ئەبڕن، خەڵک لەکوێی بێنێ؟
* حکومەت هەستناکات، چاوی لەو دوو پوولەی گیرفانی مووچەخۆرانەو داهێنان ئەکات، لەچەندین ڕێگەوە، بۆ لێسەندنەوەیان هەر لەسەر شەقامەکانەوە تا ئەگەڕێنەوە ناو ژووری نووستنەکانیان؟
* سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی تا بەڕێوەبەرەکان، سەڕی ڕەش و دەباشان، هەمووتان لەماڵ و ئۆفیس و بارەگاکانتان، پارەی کارەبا ئەدەن و بەهەمان سیستم؟
* بەنداوەکەی "بێخمە" کە سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی کارەبای کەهرۆئاویی ئەبوو، وەک خۆی کە پێشنیارو بڕیاری لەسەر درابوو، بۆچی ڕێگرییتان لێ کرد.. ؟
ئێستە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوو کارەباو داهاتیش ئەبوو.. بۆ نەتان هێشت تەواو بکرێت؟
لەبیرمە؛
لەناوەڕاستی هەشتاکاندا، جەنگی هەشت ساڵە بوو ، پیاوێکی عەشایەر، لەکاتی وەرگرتنی ئازووقەی کۆبۆنی حکومەت، بۆ هەر سەر خێزانێک بڕی 100غرام چای ووشکیان پێدابوو، کە چوار سەر خێزان مابوونەوە، وتی؛ شەوان ماڵم پڕە لە میوان بەدەمی کێیدا بسووم؟
باوکی ڕەحمەتیم دەستی خستبووە سەرشانی و پێی ووتبوو؛ بەشی 100 ساڵت ئەکات، بەو مەرجەی "نەیخۆیت"..
ئێستەش بەدڵنیاییەو؛
ئەو کارەبایەی تەنها لە پڕۆژەکانی دووکان و دەربەندیخان بەرهەمدێت، بەگەرنتی بەشی هەموو عیراق ئەکات!
بەڵام بەو مەرجەی کەس بەکاری نەهێنێت..
جیهان پێی ناوەتە سەردەمی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد"، ئێوە کوردستان ئەگێڕنەوە بۆ سەردەمی بەکارهێنانی "قوتیلە"…!؟
دەوڵەتداریی؛
بەڕێوەبردنی دیوەخان نییە، زانست و سەلیقەو هونەرو فەلسەفەو بیرکردنەوەیە بۆ باشتر ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ژیان و کۆمەڵگە..