کۆبوونەوەی ئەمریکاو ئێران ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەتی عومان، ئەبەسترێت.
وەفدی هەردوولا باڵان، بەڵام خاوەن بڕیار نین، چەند وەرەقەیەک هاتن و چوونی کردووە لەنێوان هەردوو جەمسەر.
ئەمڕۆ تێڕوانینی فەرمی هەردوولا بۆ دۆسییەی ئەتۆمی تاران یەکلا ئەکرێتەوە.
ئەوروپییەکان و ئەمریکاو ئیسرائیل و هەموو وڵاتانی هەرێمیی کۆکن لەسەر مەترسیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، کە ئاژانسی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی شەفافییەت و مەترسییەکان لەبەدەستهێنانی تاران بۆ چەکی ئەتۆمیی بسەلمێنێت، بچەسپێنێت.
ئێران، توانی دۆسییەکە جیابکاتەوە لە دۆسییەی میلیشیاکان و بریکارەکانی، بەڵام نەیتوانی لەسزا ئابووریەکان جیای بکاتەوە، نەیتوانی پشتیوانی چین و ڕووس و کۆریای باکوور بکاتە کارتی فشار بۆ خۆی.
نەخشەی سیاسیی و سەربازی لە هاوکێشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئیسرائیل و ئەمریکا سپۆنسەری ئەکەن بە تەمویلی قەتەرو سعودییەو ئیمارات، دۆسییە جۆراوجۆرەکانی ئاڵۆزکاندووە وەک تەونی جاڵجاڵۆکە.
ئەگەر ئەمڕۆ ڕێکبکەون و بگەنە دیدو خاڵی هاوبەش لەمەسقەت، ئەوا دۆسییەکانی؛ غەززە، بەیروت و دیمەشق کەبەڕێژەیی تا ئاستێکی بەرز لە زیانی ئێران یەکلا بوونەتەوەو تەنها دۆسییەی سەنعاو بەغدا ماون کەئەوانیش ڕەنگی دۆڕاندنی ئێرانیان گرتووە، بۆ بەرژەوندی بەرەی دژە ئێران ساغ ئەبنەوە.
چونکە، مەرجی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، ڕاگرتنی پڕچەککردن و پارەدارکردنی ئێرانە بۆ بریکارەکانی لەدەرەوەی سنوورەکانی.
دەرهاویشتەی ئەوەش ، ئەمریکاو ئیسرائیل دەستکراوە ئەکات بۆ کۆتایی هێنان بە هەژموونی بریکارەکانی تاران لەدەرەوەی سنوورەکانی ئێران.
دۆخێکی وەها، کێشەکان ئەخاتەوە ناو ئێران و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەناوخۆ ئەشڵەقێنێت، کەبە کۆتاییهاتنی سیستمی سیاسیی و دەسەڵاتی مەلاکان کۆتایی دێت، سەرباری ڕێککەوتنی ستراتیژی نوێی تاران لەگەڵ مۆسکۆ.
ئەمڕۆ لەئەگەری ڕێکنەکەوتندا، بەرەی دژە ئێران کە واشنتۆن و تەلئەبیب، رابەرایەتیان ئەکەن، بەپێی تەرازووی هێز، کۆتایی بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دێنن.. وەک "تحصیل حاصل"، هەموو دۆسییەکانی تریش، بۆ بەرژەوەندی خۆیان حەسم ئەبێت، هەمان چارەنووس وەک دەرهاویشتە، چاوەڕێیە بۆ ئایندەی تاران، چ لەناوخۆ چ لەدەرەوەی سنوورەکان.
دوا ئەنجام؛
دۆخێکی نوێ، هاوکێشەیەکی سیاسی نوێ، لەبەردەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە، ئەگەری هەیە، هەندێک لەنەخشە جوگرافییەکانیش بگۆڕدرێت ، بەپێی پێویستی پلان و نەخشەی ئابووری و بازرگانیی و نەوت و گاز، لەبەرژەوەندی زلهێزەکان و بازاڕەکانی ئەوروپاو ئەمریکاو کەنداو، ئەمەش وەک ئامادەسازیی، بۆ قۆناغی ئاییندە، لەجەنگێکی ساردی ئابووری، لەسەر حیسابی چین و ڕووسیاو هاوپەیمانەکانیان.