چاوپێکەوتنی دایکێک لە کەناڵێکی عێراقی، چەند رۆژێکە مشتومڕێکی بەرفراوانی لە سۆشیال میدیا دروستکردوە و هەستی زۆرێک لەو کەسانەی کە بینەری بوون وروژاندوە. لە چاوپێکەوتنەکەدا کاتێک دایکەکە قسە بۆ کەناڵەکە دەکات رەتیدەکاتەوە کچەکەی لەبەردەم کامێرادا دەربکەوێت، ئەمەش بە لێدوانێکی شۆککەر پاساو دەداتەوە و دەڵێت "کچەکەم بۆرە" لە من ناچێت! دەربڕینێک کە گوزارشت لە سووکایەتیکردن دەکات نەک وەسفکردن.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە پێشکەشکارەکە لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەیی دەستوەردان بکات یان ئەم بێرێزییە زارەکییە بوەستێنێت، کۆمێنتێکی ڕەگەزپەرستانە زیاد دەکات کاتێک دەڵێت: "نا، لە هیندییەک دەچێت!" ئەمەش دیمەنێکی میدیایی شێواو تەواو دەکات کە بریتیە لە ھەڵەیەکی ئازاربەخشی دایک، پێشێلکاری پیشەیی، قسەی ناشرین، روشاندنی کەسایەتی منداڵەکە و ئیستغلالکردنی دەروونی .
هەرچەندە زۆرێک لەو کۆمێنتانەی کە کارلێکیان لەگەڵ گرتە ڤیدیۆکەدا کردووە، هاوسۆزییان بۆ ئەو منداڵە دەربڕیوە، جەختیان لەسەر سیما جوانەکانی و بێتاوانییەکەی کردووەتەوە و تەنانەت تا ئەو شوێنەی ھەندێکیان پێشبینیان کردووە کە "رەنگە لە داهاتوودا ببێتە شاژنی جوانی"، بەڵام مەترسییە راستەقینەکە تەنها لەو وشانەدا نییە کە بەرانبەر بە منداڵەکە گوتراون، بەڵکو لەو کاریگەرییە دەروونییە قووڵەی کە ئەو ساتە دەتوانێت لەسەر داڕشتنی کەسایەتی ئەم منداڵە هەیبێت.
-روشاندنی کەسایەتی منداڵ و کاریگەرییە دەروونییە قووڵەکانی
لە روانگەی دەروونزانی گەشەکردنەوە، زەلیلکردنی منداڵ لەلایەن یەکێک لە دایباب (دایک و باوک)، بەتایبەتی لەبەردەم کەسانی دیکە یان لە میدیاکاندا، یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی زیانگەیاندن بە دەروونی. ئەم سوکایەتییە ھەر ئاوا تێناپەڕێت؛ پەڵەیەکی ناوەکی بەجێدەهێڵێت کە بۆ ساڵانی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە داڕشتنی وێنەی خودی منداڵەکە. رەنگە کاریگەرییەکانی لە رەفتارەکانی وەک شەرمنی زۆر، کەمی باوەڕبەخۆبوون، گۆشەگیری، یان تێکچوونی گوزارشت لەخود و هەستەکان دەربکەوێت.
ڤیدیۆی ئەم دواییە نموونەیەکی روونی خراپ بەکارهێنانە؛ پەیوەندی نێوان منداڵەکە و دایکی شێواندووە، دایکەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا بەشەیتان و کەسێکی بەد ناوبراوە. بەڵام واقیع لەوە ئاڵۆزترە. ئەو دایکە کە پێدەچێت هۆشیاری سنووردار بێت، دووجار کەوتۆتە داوی میدیاکانەوە: یەکەم، کاتێک لە کامێرادا بە شێوەیەکی زارەکی سووکایەتی بە کچەکەی کرد، دووەم، کاتێک کە دواتر خودی کچە منداڵەکەی بەکارهێنا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ رەفتارەکانی، ئەمەش تێکچوونی لە پەیوەندیی سۆزداری نێون دایک و منداڵ قووڵتر کردەوە کە دەبێت لەسەر بنەمای ئاسایشی دەرونی و پشتیوانی خۆشەویستی بێ مەرج بێت.
- کاتێک میدیا دەکەوێتە تەڵەی پێشێڵکاری دوو بەرانبەر یان سەرپێچیەکی زۆر زەق.
ئەوەی روویدا تەنها سەرپێچییەکی میدیایی نییە؛ پێشێلکردنی روونی ئەخلاقی رۆژنامەگەرییە(ئتیک)ه. دامەزراوە میدیاییە رەسەنەکان بە تەواوی ئاگادارن کە بەشداریکردنی منداڵان لە رووماڵکردنی میدیادا، پێویستی بە رەزامەندی ئاگادارانە لەلایەن ئەو کەسانەی کە پەیوەندیدارن، ئەم مەرجە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ناگرێتەوە. تەنانەت رەزامەندی دایک و باوکیش- ئەگەر هەبێت- رەوایەتی نادات و پاساو نیە کە منداڵێک بەرەوڕووی زەلیلکردن یان ئیستغلالکردن بکەوێت.
وێنەگرتنی منداڵەکە، لەلایەن کەناڵە عێراقیەکەوە، پاشان بڵاوکردنەوەی مادەکە بەبێ پێداچوونەوەی پێویست بە ناوەڕۆکەکەی و پاشان وروژاندنی بیروڕای گشتی لە دەوری، ناچێتە چوارچێوەی "گەیاندنی راستییەکان". بەڵکو جۆرێک لە چەواشەکاری کۆمەڵایەتی پێکدەهێنێت، تەنانەت رەنگە ببێتە هۆی مۆرکی شەرمەزاری "stigma”، بە تایبەت ئەگەر لە داهاتوودا کاتێک منداڵەکە گەورە دەبێت و درک بەوە دەکات کە چی لەبارەیەوە وتراوە و بەبێ پاراستنی کەسایەتی و ئەگەری دوبارە پەخش کردنەوەی یان لەدژ بەکارھێنانی.
- کێ بەرپرسیارە؟
لە کاتێکدا رەفتاری دایکەکە ئازاربەخش و شۆکھێنەر بوو، بەڵام تەنها ئەو دایکە بەرپرسیار نییە. ئەو دەزگای میدیاییەی کە ئەم ڤیدیۆیەی تۆمار کردووە و پەخشی کردووە و بانگەشەی بۆ کردووە، پشکێکی بەرچاوی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵگرتووە، بەو پێیەی وازی لە رۆڵی هۆشیارکردنەوەی خۆی هێناوە و بەشداری کردووە لە زیان گەیاندنی دەروونی منداڵێک کە تەنانەت توانای تێگەیشتنی ئەوەی نەبووە کە روودەدات.
لەکۆتاییدا
منداڵی دیمەنێکی تێپەڕ نییە لە بەرنامە هەستیارەکاندا، هەروەها مادەی خاو نییە بۆ تێرکردنی ئارەزووی پەیدا کردنی لایک و ڤیوەر، یان دروستکردنی بەرنیاز (ترێند). قۆناغێکی فۆرماتیڤە کە پێویستی بەڕێزگرتن و پاراستن و بەهێزکردن هەیە. ئەوەی لەم حاڵەتە پڕ لە ئازارەدا روویدا، داوای هەڵوێستێکی راستەقینەی دەزگاکانی راگەیاندن و کۆمەڵگا و دەزگا میری و چاودێرەکان دەکات بۆ پاراستنی منداڵان لە بوون بە قوربانی لە شانۆیەکدا کە بڕیارە بۆ هۆشیاری بێت نەک زەلیلکردن.
* دکتۆرا لە دەرونزانی