جاران لە کوردستاندا، ساڵ گۆڕین تەنها بە پیرۆزباییەکی زارەکی یان بە کارتێکی ڕازاوە و ئاوات خواستنێکی گشتی بۆ یەکتری، بەڕێ دەخرا. وەکو ئەوەی بە یەکتریمان دەگووت: هیوادارم ساڵی ڕابردوو ساڵی لە گۆڕنانی هەموو کێشەکانت و ساڵی داهاتووش ساڵی هاتنەدی سەرجەم ئاواتەکانت بێ. ئەم وتە نەریتییە زۆر باو بوو.
بەڵام ئەمڕۆ بە هۆی فراوانی تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیاڵ مێدیاوە، داب و نەریتەکان زوو بە زوو کۆپی دەکرێن و نوێ ئەکرێنەوە.
ئەمڕۆ لە کوردستانیش بە هەمان شێوەی وڵاتانی ئەوروپا داری کریسمس و بازاڕی کریسمس و دیاری کڕین و دیاری گۆڕینەوەش بووە بە دیاردە. تەنانەت نەک لە کوردستان بگرە دیمەنی بازاڕی کریسمسی شاری شیعەنشینی بەسراشم بینی، نە داری کریسمسەکەی زۆر لەوانەی هەندێک شاری ئەوروپا بچووکتر بوو، نە ژمارەی گلۆپی ڕەنگاوڕەنگ و تۆپە ئاڵ و واڵە هەڵواسراوەکانی درەختەکەش ژمارەیان کەمتر و کەمتر ڕەنگاڵەش بوون.
لە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی، مانگی دوانزە تەواوی خەڵکی سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنن بۆ پێشوازی لە جەژنی لە دایک بوونی مەسیح و جەژنەکانی سەری ساڵ. ئەوەی لە نێو هەموو ئەم سەرقاڵی و بابەتە جیاوازانەی پەیوەست بەم بۆنەیەشەوە، کە زیاتر دەبێتە وێردی سەر زمان ئاوات و خواستەکانی مرۆڤەکانن بۆ ساڵی داهاتوو.
نەوەدەکان کاتێک خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بووم، کوڕ و کچ لەم کاتەدا لە بارودۆخی قات و قڕی دوای ڕاپەڕین، گەلێ ئاواتمان بە بەرچاومانەوە هەڵئەوەرین و بۆ گەلێکی دیکەش ساڵمان دەدایە دەست ساڵێکی تر بە هیوای پێ گەیشتنیان. ئەو کات هەمووان سەرقاڵی بورجەکان بووین. هەمیشە لەم کاتانەدا چاوەڕوانی ماجد سەرحانی بەرنامەی بورجەکانی دەنگی ئێزگەی ئۆرشەلیم بووین،کە بە زمانی عەرەبی پەخش دەکرا. تا وەکوپەردە لە سەر پێشبینییەکانی ساڵی نوێمان بۆ هەڵبداتەوە.
بەڵام کە ئێستا ئەبینم دونیا وەها گۆڕاوە هەم خواستە مادییەکان تا ڕادەیەک ئەتوانن بە دەست بخرێن و هەم بۆ بەدەست هێنانی ئارەزووە سۆزدارییەکانیش پێویستمان بە پێشبینی بورجەکان و فاڵگرتنەوەکانی ماجد سەرحان نەماوە.
بەڵام لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا خواستەکان جۆراو جۆرن. خواست هەیە خۆی تەنها لە دیارییەکی سەری ساڵدا دەبینێتەوە کە ئاسانە بە دەست بێت و خواستیش هەیە ئەکرێ کەمێک بەخت یاوەری یان ڕێکەوت و کەمێکیش هەوڵ و کۆششی بوێ بۆ بەدیهاتنیان. بەڵام هەندێک خواستیش هەن لە دەستمان چوون و تازە هەرگیز نایەنە دی و کەچی ناتوانین ساڵ دوای ساڵیش لە بیریان بکەین.
لەم ڕۆژانەدا و لە میانی بازاڕی کردن بۆ سەری ساڵ، خۆمان کرد بە دوکانێکی جل و بەرگ فرۆشی لە شاری ئۆسلۆدا. بینیم لە سووچێکی دوکانەکەدا درەختێکی کریسمس دانرا بوو و بە سەددان دڵی لە کارتۆن دروستکراوی بە قردێلەوە پێوە هەڵواسرابوو. هەریەکێک لەو دڵ و ئەستێرە لە کارتۆن دروستکراوانەدا، بە دەست و خەتێکی جیاواز ئاواتێکی لە سەر نووسرا بوو. لە تەنیشت درەختەکەشدا سەبەتەیەک لەو ئەستێرەو دڵە کاغەز و قردێلانە دانرابوون بۆ ئەوەی کڕیارەکان ئارەزووەکانی خۆیانی لە سەر بنووسن و بە درەختەکەوەی هەڵواسن. لە سەر سەبەتەکە نووسرابوو ئارەزووی خۆت بۆ ساڵی داهاتوو بنووسە!
هەتا هاوبازاڕییەکانم خەریکی سەودای جل و بەرگ بوون، من خەریکی خوێندنەوەی هەندێک لەو ئارەزووە هەڵواسراوانە بووم، بەم جۆرە.
بە خەتێکی جوان بەڵام پڕ فرمێسک، نووسرابوو: خۆزگە ئەم سەری ساڵە دایکم لە گەڵ ئەبوو!
بە خەتێکی تێکەڵ و شپرزەش نووسرابوو: خۆزگە ساڵی داهاتوو ئاشتی لە سەرانسەری جیهان بەرپا ئەبوو!
بە خەتێکی خێراش نووسرا بوو خۆزگە ئۆتۆمبێلی دڵخوازی خۆم ئەکڕی!
بە خەتێکی نەخۆشیش ..خۆزگە زاڵ ئەبووم بە سەر شێرپەنجەدا!
بە خەتێکی غەمناکیش.. خۆزگە باوکم چاک ئەبووەوە!
بە خەتێکی تەنیاش ..خۆزگە خۆشەویستێکم دەست ئەکەوت!
بە خەتێکی ڕەش و ڕووتیش ...تۆ بڵێ ساڵی داهاتوو خانوو بکڕم؟
وە بە خەتێکی خواروخێچ وبێ تاوانیش نووسرابوو: خۆزگە ساڵی داهاتوو لە لای فڵانە کەسەوە لە پۆلدا دائەنیشتم! ....زۆری دیکەشم خوێندەوە.
منیش وەکو هەر مرۆڤێک لەم دونیایەدا و لەو چرکە ساتەدا ویستم خۆزگەیەکی کەسی بنووسم و هەڵیواسم. دانەیەکم هەڵگرت بۆ ئاواتێکی خۆم و خەیاڵ بردمی بۆ کوردستان، جا دانەیەکیش بۆ ئاواتێکی نەتەوەکەم هەڵگرت و خەیاڵ بردمی بۆ مرۆڤایەتی و جا دانەیەکیش بۆ چاکەی گشتی و دانەیەکیش بۆ هەژاران و دەردەداران و ...زۆرم هەڵگرت. بۆ پێنووسێک ئەگەڕام... لە پڕ دەنگێک بانکی کردم و وتی: ئەوە هەر لێرەی؟ با بڕۆین. باشە باشە ..منیش هاتمەوە و هیچ ئاواتێکیشم بە درەختەکەی سەری ساڵەوە هەڵنەواسی.