گفتوگۆیەک لەگەڵ کاک ئەبوبەکر کاروانی( بەشی یەکەم )
مامۆستای هێژا، پاش بڵاوبوونەوەی بابەتێکم بەناونیشانی "لێدان لە برایەتی گەلان، لێدانە لە رۆژئاوا" بەڕێزتان لە وڵامی ئەو بابەتەدا زنجیرە وتارێکتان نووسی و تیایدا رەخنە و بۆچوونەکانی خۆتان سەبارەت بە چەمکی برایەتی گەلان، نەتەوەی دیمۆکراتی، بیر و بۆچوونەکانی رێبەر ئۆجەلان و هتد هێنایە سەر زمان. هەوڵدانی ئێوە بۆ وردبوونەوە لەو چەمکانە و خستنەرووی سەرنج و تێبینییەکانتان و هاوبەشی کردنیان لە گەڵ رای گشتی جێگای رێزە. زۆرم پێم خۆش بوو لە ناو سروشتە جوانەکەی قەندیلدا ببن بە میوانی گەریلا و لە لای یارانی ئەشکەوت بە دەم خواردنەوەی چەند چایەکی تام بە دووکەڵی سەر ئاگر، گفتوگۆمان لە سەر هەموو ئەو بابەتانە کردبایە کە جێگای سەرنجی ئێوەن. یان لە سلێمانی ببم بە مێوانی ئێوە و لەبەر دەرکی سەرا، یان لە سەهۆڵەکە، یان لە مزگەوتی گەورە و یان لە چایخانەی شەعب باسی اخوە الشعوب و بابەتی هاوشێوەمان کردبایە. بەڵام بە داخەوە دۆخی ئەمنی و هەلومەرجی تێکۆشانی ئازادیخوازی ئێستا دەرفەتی ئەوەمان پێنادات. هەربۆیە ناچار منیش هەرلەم رێگایەوە هەوڵ دەدەم سەرنج و بۆچوونەکانم بخەمە روو. هەڵبەت هەوڵدەدەم بابەتە تەنیا بە وەڵامدانەوەی ئێوە سنووردار نەکەم؛ لە هەمانکاتدا، وەڵامێکی گشتی بدەمەوە بۆ کۆی هەموو ئەو رەخنە، تانە و تەشەر و هێرشی ناڕەوایە کە بە شێوەیەکی رێکخراو و پلان بۆ داڕیژراو دەکرێتە سەر رێبەر ئۆجەلان و هەموو ئەو ئەزموونانەی کە مۆرکی فەلسەفەی رێبەر ئۆجەلانی پێوەیە. لە بەشی داهاتووی ئەم وتارەدا هەوڵدەدەم زیاتر تیشک بخەمە سەر تێڕوانین و سەرنجەکانی ئێوە.
بێگومان رەخنەگرتن و ئاڵۆگۆڕی بیر و ڕا پێشکەوتن و گۆڕانکاری لەگەڵ خۆی دەهێنێت. تەنیا بە رەخنەگرتنە کە مرۆڤ دەتوانێت کەموکورتییەکان تێپەڕینێت و لە داهاتوودا کاری باشتر بکات. هیچ مرۆڤێک و هیج تەڤگەرێکی سیاسی لە رخنە بەری نییە، بەتایبەت ئەگەر تەڤگەری ئاپۆیی بێت کە ٥٣ ساڵە ئەرکێکی مەزنی خستۆتە سەرشانی خۆی و بە بێ وچان خەبات و تێکۆشان دەکات. بێگومان لەم خەبات و تێکۆشانەدا زۆر جار کەموکورتی دێنە ئاراوە. کەسێک کە هیج کارێک نەکات، رەخنەشی لێی ناگیردرێت.
ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناو پەکەکەدا هاتوونەتە ئاراوە، هەموو لە سەر بنەمای رەخنەگرتن لە ستراتیژ، سیاسەت، تاکتیک و کار و کردەوەی رابردوو بووە. رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە بە پشتبەستن بە ئەم رەخنانە بەردەوام خۆیان نوێ دەکەنەوە. رێبەر ئۆجەلان بە رەخنەگرتن دەستیپێکرد و بە رەخنەگرتن تا رۆژئ ئەمڕۆ ئەم تەڤگەرەی هێناوە. رەخنە و خۆرەخنەیی کۆڵەکەی سەرەکی تەڤگەری ئاپۆیین. ئەم تەڤگەرە بەرلەوەی رەخنە لە دەرەوە بگرێت، رەخنە لە خۆی دەگرێت. چۆنکە دەیەوێت گۆڕانکاری لە خۆیەوە دەستپێبکات و پاشان دەوروبەر ناچاری گۆڕانکاری بکات. لە رەخنەگرتن دا تەنانەت بەزەیی بۆ خۆیشیدا نایەتەوە، جا چ بگاتە رەخنە لە لایەنی دەرەکی.
چ رەخنەلەخۆگرتنێک لەوە گەورەترە کە خۆت هەڵبوەشێنێتەوە؟! دونیای پیلان ئەوە نزیکەی ٥٠ ساڵە هەموو هێزیان کۆ کردۆتەوە کە کۆتایی بە پەکەکە بهێنن، گەلەکۆمە نەما لێی نەکەن، هەموو جۆرە هێرشێکی ناڕەوایان کردە سەری، چ سەربازی، چ ئایدیۆلۆژی و چ سیاسی، کە هەڵیبوەشێننەوە. بەڵام نەیانتوانی. پەکەکە هەر پتەوتر دەبوو. بەڵام هێزی خۆ رەخنەکردن لە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەدا ئەوەندە بەهێز بوو کە خۆی خۆی هەڵوەشاندەوە و گۆڕانکاری هێنایە ئاراوە. ئەم خۆهەڵودشاندنەوە لە پێناو سەرلەنوێ بونیادنانەوەیە. واتە تەڤگەری ئاپۆیی بە شێوەیەکی بونیادنەرانە رەخنە لە خۆی و لە دەوروبەریشی دەگرێت.
لەناو کورددا، زۆر کەس رەخنە لە بیر و بۆچوونەکان و ئەزموونەکانی رێبەر ئۆجەلان و ئەزموونی جێبەجێکردنیان لە هەر چواربەشی کوردستان دەگرن. بەر لەوەی باسی راستی یان دروستی ئەم رەخنانە بکەین، پێویستە بڵێین کە ئەم رەخنانە لە شێواز میتۆدۆلۆژیادا کێشەیان هەیە. رەخنە ئەگەر میتۆدەکەی راست بێت، ئەم رەخنە چەندەش توند و تیژ بێت، هەر بەرهەمدارە. رەخنە ئەگەر میتۆدەکەی راست نەبێت، چەندە نەرمیش بێت، ئەنجامی خوازراو و چارسەری لێناکەوێتەوە. ئەمە بۆ هەموو جۆرە رەخنەیەک وایە، بۆ رەخنە لە رێبەر ئۆجەلانیش وایە. ئەگەر کەسێک رێبەر ئۆجەلان وەک خۆی نەناسێت و لێی تێنەگات، ئەگەر بێت و رەخنەی لێی بگرێت یان تەنانەت پەسنیشی بدات، ئارمانجی خۆی ناپێکێت. گوتنێکی فەلسەفی هەیە کە دەڵێیت تێگەیشتن بنەمای دادپەروەرییە. هەربۆیە بۆ ئەوەی کە بتوانین رەخنەی دادپەروەرانە لە کەسێک بگرین پێویستە سەرەتا هەوڵ بدەین لێی تێبگەین.
ئێمەی کورد، ئێمەی مرۆڤ، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەمەلایەنانەی کە هێزی دەسەڵاتدار لەسەرمان پەیڕەوی دەکەن، فێرکراوین بە شێوەیەکی دیاریکراو ببینین، بە شێوەیەکی دیاریکراو ببیسین، و بە شێوەیەکی دیاریکراویش بیربکەینەوە. واتە، بێ ئەوەی ئاگامان لێی بێت مەنزوومەیەکی مەعریفیمان (epistemology) بۆ دروست کراوە. کاتێک کە کێشەیەک دەبینین هەوڵ دەدەین لەچوارچێوەی ئەو مەنزوومە مەعریفییەدا لە وڵامەکەی بگەڕێین. بەڵام ئاگامان لەوە نییە کە کێشەکە خودی مەنزوومە مەعریفیەکەی خۆمانە. پێویستە جۆرێک دی بیر بکەینەوە، ببینین، یان ببیستین بۆ ئەوەی کە کێشەکە چارەسەر بکەین. وەک فرۆغ فەڕۆخزاد دەڵێیت: "چشمها را باید شست، جور دیگر باید دید”.
رێبەر ئۆجەلان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مرۆڤایەتی، کێشەی کورد، کێشەی ژن، کێشەی ژینگە و هتد سەرەتا بەگژ مەنزوومەی مەعریفی باوی دونیادا دەچێتەوە، ئەو مەنزوومە مەعریفییەی کە زۆر کەس ئیمانی پێ هێناوە و پێی وایە راستە. رێبە ئۆجەلان بۆ دیتنەوەی چارەسەریش بە دوای مەنزوومەیەکی مەعریفی جیاوازدا دەگەڕێت. بۆ نموونە لە ناو مەنزوومەی مەعریفی پۆزیتیڤیزمدا (فلسفە الوچعیە) کە ئایدیۆلۆژیای نیولیبرالیزم و سیستەمی سەرمایەداری لێکەوتۆتەوە کەس ناتوانێت کێشەی ژینگە چارەسەر بکات. هەزاران کۆڕبەند و کۆنفرانس و کۆنگرە دروست بکە، بە هەزاران پرۆفیسۆر بانگهێشت بکە و بە هەزاران بڕیار وەربگرە، تا ئەو کاتەی کە لیبرالیزم و سەرمایەداری بە سەر دونیادا زاڵ بێت، کێشەی ژینگە چارەسەر ناکرێت و هەر خراپتر دەبێت. هۆکارەکەی چییە؟ هۆکار ئەوەیە کە لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزیتیڤیزمدایە. لەم مەنزوومە مەعریفییەدا، مرۆڤ بەشێک نییە لە ژینگە، مرۆڤ خاوەنی ژینگەیە و مافی هەموو جۆرە دەستێوەردان و تەسەڕوفێکی لە سەر ژینگە هەیە.
ئێستا لە سایەی ئەو هەموو زانکۆانەی کە دامەزرێنراون دونیا پڕ بووە لە دوکتۆر و پرۆفیسۆر، بەڵام کێشەکان هەر زیاد دەکەن. بۆ؟! چۆنکە ئەو هەموو دوکتۆر و پرۆفیسۆرە بە گوێرەی مەنزوومەیە مەعریفییەکی دیاریکراو پەروەردە کراون و لە کار و ژیانی خۆیاندا ئەم مەنزوومە مەعریفییە بەرهەم دەهێننەوە. تا ئەو کاتەی منداڵێک دەرنەکەوێت و راستییەکان نەڵێت، نەڵێت "پاشا رووتە"، کێشەکان ناکەونە سەر رێگای چارەسەری. رێبەر ئۆجەلان وەک کەسێک کە خیانەتی لە خەونی منداڵی خۆی نەکردووە، ئەو بوێریەی نیشانداوە کە راستییەکە بڵێت: "پاشا رووتە". هەربۆیە هەموو پاشاکانی جیهان گەلەکۆمەیان لێکرد و خستیانە زیندانەوە. رێبەر ئۆجەلان پێش زیندان و لە زیندانیشدا هەوڵی داوە کە مەنزوومەیەکی مەعریفی جیاواز بۆ مرۆڤایەتی، بۆ کورد، بۆ ژن بەرهەم بهێنێت. بۆ ئەمە کارە لە هەموو زانستی مرۆڤایەتی، لە ئەستێرەناسی و میتۆلۆژیاوە بگرە هەتا فیزیای کوانتۆم کەڵکی وەرگرتووە و ئەمە تا رادەیەکی زۆر گەیشتۆتە ئەنجام.
ئەگەر دەڵێین میتۆدۆلۆژیا رەخنەگرتن لە رێبەر ئۆجەلان هەڵەی تێدا هەیە، مەبەست کپ کردنی دەنگی رەخنە نییە، بەڵکۆ هەوڵدانێکە بۆ ئەوەی کە رەخنەکان بونیادنەر بن و ببنە هۆی پێشکەوتن. هەڵەکەش لەوەدایە کە بە پێی پێوانەکانی مەنزوومەیەکی مەعریفی(epistemology) یان پارادایمێکی دیاریکراو، رەخنە لە مەنزوومەیەکی مەعریفی بەتەواوی جیاواز دەگیردرێت. وەک ئەوەی بڵێین کەسێک بە پێی پێوانی فیزیای میکانیک، رەخنە لە فیزیای کۆانتۆم بگرێت. ئێستا مەنزوومەی مەعریفی (پارادایمی) باوی دونیا پۆزیتیڤیزمە(فلسفە الوچعیە). ئەم مەنزوومە مەعریفییە نکۆڵی لە ماورالگبیعە (میتافیزیک)، مانا، رۆح، هەست و شتی هاوشێوە دەکات، دیاردەکان پارچەپارچە دەکات و بە شێوەیەکی دابڕاو لە یەکدی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات، هەر شتێک کە بەرهەست (observable) نەبێت رەتی دەکاتەوە. ئەم مەنزوومە مەعریفییە پێوایە مافی ئەوەی هەیە هەموو دەستێوەردانێک لە سروشتدا بکات. کاتێک کە دێتە سەر بابەتی سیاسەت و کۆمەڵناسی، ئەمە مەنزوومە مەعریفییە کۆمەڵگا وەک دیاردەیەکی بێ گیان و بێ رۆح وەسف دەکات و یاساکانی زانستی سروشتی (علوم الگبیعی) بە سەر زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەسەپێنێت. خۆی لە سەرەوەی کۆمەڵگا دەبینێت و بە مافی خۆی دەزانێت کە هەرجۆرە دەستێوەردانێک لە کۆمەڵگادا بکات.
بۆ نموونە ئەو دەڵیت شتی بەرهەست و بینراو لە کۆمەڵگادا بەرژەوەندییە، بۆ بەرژەوەندی چی بکەیت حەڵاڵ و رێگەپێدراوە، ئەخلاق و مەعنەویات بۆ کۆمەڵگا پێویست ناکات، تەنیا حقوقێکی وشک و خالی هەبێت بەسە. ئەم جۆرە زیهنییەتە شۆڕ بۆتەوە بۆ هەموو کایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵاتی. هەموو زانکۆکانی دونیا ئەم رێبازە لە پەروەردەدا بەکار دەهێنن و زیهنییەتی قوتابییەکان لە سەر ئەم بنەمایە دادەڕێژن. دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی دونیا ئەم مەنزوومە مەعریفییە بە بنەما دەگرن. بۆ نموونە، ئێستا هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین بۆتە کۆگای باروت و تەقەمەنی. مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم هەیە. ئایا ئام هەموو زانکۆ، دوکتۆر و پرۆفیسورەی کە هەن، دەتوانن بە پشتبەستن بەو زانستەی کە هەیانە، پێش لە شەڕێکی ماڵوێرانکەر بگرن؟ ئایا لە خۆیان دەپرسن کە بۆ ئەم هەموو زانستەی مرۆڤایەتی و بڕیاری بەکارهێنانی زانستەکان کەوتۆتە دەست کابرایەکی عەقاراتچی کە رەنگە هەر نەزانێت زانستیش چییە؟ ئایا هیچ لە خۆیان دەپرسن ئاخۆ ئەم زانستەی ئێمە دەیزانین راستە یان نا؟! زانستە یان نا!؟ ئاخۆ جۆرێکی دیکە لە زانست مومکینە؟!
رێبەر ئۆجەلان گەیشتووتە ئەو قەناعەتەی کە لە رێگەی بە بنەماگرتنی پارادایمی پۆزیتیڤیزم و دەرهاوێشتەکانی کیشەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چارەسەر ناکرێن، چۆنکە سەرچاوەی کێشەکە پۆزەتیڤیزم خۆیەتی. ئاگر بە بەنزین ناکوژێتەوە. هەربۆیە دەستی کردووە بە داهێنانی مەنزوومەیەکی مەعریفی ئاڵتەرناتیف و لە چوارچێوەی ئەم مەنزوومەیەدا لە فیزیا و ئەستێرەناسیەوە بگرە تا میتۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی، تیۆلۆژی (ئیلاهیات) ئانسرپۆلۆژی، شوێنەوارناسی، مێژوو، فەلسەفە، ئەخلاق، جوانی (ئەستاتیکا)، سیاسەت، هونەر، کەلتوور و هتد، بۆ هەموو شتێت تێگەیشتن و شرۆڤەیەکی نوێ پێشکەش دەکات. رێبەر ئاپۆ بە رەنج و تێکۆشانێکی زۆرەوە مەعریفە بەرهەم دەهێنیت. لە مەنزوومەی مەعریفی رێبەر ئاپۆدا، حەقێقەت پارچە پارچە نابێت، حەقێقەت یەکپارچەیە، تەنیا رەنگدانەوەکانی جیاوازن.
زانست پێویستە رەنگدانەوەی حەقێقەت بێت. هەروەها رێبەر ئۆجەلان بۆ خۆی زانستی نوێ یان دیسیپلینی نوێ زانستی داهێناوە. تا ئێستا دوو جۆر زانست و مەعریفەی لە کۆی ئێپیستیمۆلۆژیای مرۆڤایەتی زیاد کردووە. یەکێکیان ژنۆلۆژییە و یەکێکیان سۆسیۆلۆژیای ئازادییە و بنەڕەتی مێژوویی هەردووی ئەم زانستانەشی باش داڕشتووە. رێبەر ئۆجەلان فەلسەفەی رۆژئاوا (غەرب) رەت ناکاتەوە، کەڵکی لێوەردەگرێت، بەڵام زیاتر فەلسەفەی شەرق بەبنەما دەگرێت. بە دوای حەقێقەتدا دەگەڕیت و پێ وایە دەنگ و رەنگی حەقێقەت زیاتر لە فەلسەفەی شەرقدا هەیە تا فەلسەفەی غەرب. دەنگی حەقێقەت لە پێغەمبەرەکاندا دەبینێتەوە، لە مەنسوری حەلاج و سوهرەوەردی و ابن سینا و فیلسۆفانی هاوشێوەدا دەبینێتەوە. پێی وایە کە سەرچاوەی فەلسەفە شەرقە نەک غەرب.
لە مەنزوەمەی مەعریفی رێبەر ئۆجەلاندا رەنگە هەندێک دەستەواژە وەک دەستەواژەکانی مەنزووەمەی مەعریفی پۆزەتیڤیزم بن، بەلام پێناسەکەیان جیاوازە. بۆ نموونە، دوو کەسی سەر بە دوو مەنزوومەی مەعریفی جیاواز دارێک دەبینن. هەردوویان بە کوردی بەم شتە پڕ پەلوپۆیە دەڵێن "دار". بەڵام تێگەیشتنیان بۆ دارەکە جیاوازە. یەکێکیان کە دارەکە دەبینێت تەوەرێک یان مۆتورێکی داربڕینی دێتە بەرچاو و بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن بیبڕێتەوە، بیفرۆشێت یان بیسووتێنیت. ئەوی تریان کە دارەکە دەبینێت دەڵێیت چەن خۆش دەبوو چەن دارێکی دی لەم سنوورە هەبان، مرۆڤ و ئاژەڵ لە خەیر و بەرەکەتەکەی کەڵکیان وەرگرتبا. یان ئەم دوو کەسە ئاژەڵێک دەبینن کە بە کوردی پێ دەڵێن "ئاسک"، ناوەکەی ئاسکە. یەکەم کەس کە دەیبینێت هەر زوو، تاقمە تفەنگ و چەکی بڕنەو و شیشی کەباب دێتە خەیاڵی.
کەسی دووەمیش لە سەیرکردنی ئاسکەکە تێر نابێت و هەوڵ دەدات وەک جوانییەکی سروشت بیپارێزێت. یەکێک سەیری چیای گۆیژە دەکات، خۆی بە خاوەنی چیاکە دەزانێت، هەڵیدەدڕێت و شوقە و تەلاری لەسەر دروست دەکات و ناوی ئەم کاولکارییە دەنێتە "وەبەرهێنان"، یەکێکی دیش ئەو چیایە وەک بەشێک لە هەبوون و کەسایەتی و مێژوو و بیرەوەی خۆی و گەل دەزانێت و پێخۆشە وەک بەشێک لە مێژوو، وەک جوانییەکی سروشتی و وەک سیمبۆلێک هەر بمێنێتەوە؛ هەر دەمە حەفارەیەک کە لە دڵی گویژە دەدرێت، برینێکی قووڵ لە ناخ و دڵ و دەروون ئەو کەسەدا دەکاتەوە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کەسی یەکەم کە دژومنی ئاژەڵ و دار و دەشت و چیایە، دەتوانێت بەو مەنزوومە مەعریفییەی کەهەیەتی بە ڕاستی کێشەی ژینگە چارەسەر بکات؟!
لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا "دیمۆکراسی" ئەوەیە کە مرۆڤەکان، هەموویان وەک تاک، هەر چوار ساڵ جارێک بچن دەنگ بدەن و حزبێک یان کەسێک هەڵبژێرن، ئێدی بۆ ماوەی چوار ساڵ هەموو بڕیاردانێک لە سەر هەموو رەهەندەکانی ژیانی خۆیان رادەستی ئەم کۆمەڵە کەسە بکەن کە هەلبژێردراون. لە مەنزوومەی مەعریفی رێبەر ئۆجەلاندا، دیمۆکراسی ئەوەیە کە مرۆڤەکان وەک کۆمەڵ بە شێوەیەکی هەرەوەزی هەموو رۆژێک، رۆژێک چەند جار، دیمۆکراسی ئەزموون بکەن، پێکەوە گفتوگۆ بکەن، بڕیار بگرن و کێشەکانی خۆیان بۆ خۆیان چارەسەر بکەن، چ لە گوند دەبێت، چ لە گەڕەک یان لە شار.
لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا "پاراستن" ئەرکی دەوڵەتە و پێویستە کۆمەلگا پاڵی لێبداتەوە و هەموو ئەرکی "پاراستن" رادەستی سوپا و پۆلیس بکات. بەڵام لە مەنزوومەی مەعریفی رێبەر ئۆجەلاندا کۆمەڵگا پێویستە پاراستنی خۆی بەتەواوی رادەستی دەوڵەت نەکات و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بتوانن خۆیان بپارێزن. سەبارەت بە بابەتەکانی وەک ژن، ئایین، عەشیرەت، دەوڵەت، نەتەوە، گەل، کەلتوور، هونەر، وەرزش، زانست، تەندروستی، هتد جیاوازی هاوشێوە هەن.
ئەو چەمکانەی کە رێبەر ئۆجەلان بەرهەمی هێناوە، تەواوکەری یەکدین. هەموو لە ناو یەک مەنزوومەدا واتا پەیدا دەکەن. تا ئەو کاتەی مرۆڤ لە کۆی مەنزوومە مەعریفییەکە تێنەگات، ناتوانێت لە چەمکەکان و پەیوەندی نێوان چەمکەکان تێبگات. بۆ نموونە، ئەگەر لە دەرەوەی مەنزوومە مەعریفییەکە لێی بڕوانیت، رێبەر ئۆجەلان دەوڵەت-نەتەوە رەت دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا باسی ئێنتگراسیۆن (یەکگرتنەوە، تێکەڵبوون) لەگەڵ دەوڵەت و هاوڵاتیبوونی دەوڵەت دەکات. رەخنە لە ژن دەگرێت، دەڵێت: " ژن کراوە بە کۆیلە"، دەڵیت:"بێ ژن ژیان نابێت و لەگەڵ ژنی هەییشدا ژیان نابێت"، بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا رۆڵی پێشەنگایەتی دەدات بە ژن. ئەگەر لە دەرەوەی مەنزوومەی مەعریفی ئۆجەلان لەمانە بڕوانی، هەمووی ئەمانە وەک ناکۆکی دەبینێت. بەڵام کە لە چوارچێوە مەعریفییەکەیدا تێگەیشتیان بۆ بکەی دەزانی کە هەمووی ئەم چەمکانە تەواوکەری یەکترین، لە ناو ئاهەنگێکدا و لە کارلێک لەگەڵ یەکتریدا گەشە دەکەن و هەموو رەنگدانەوەی یەک حەقێقەتن.
رێبەر ئاپۆ تەنیا بە داهێنانی مەنزوومە مەعریفییەکەی بەسەندەی نەکردووە، بەڵکۆ بەردەوام هەوڵی داوە کە لە ناو ژیاندا پێکی بێنێت. ئەم مەنزوومە مەعریفییە سەرەتا لە کەسایەتی خۆیدا پێک دێنێت و هەوڵدەدات کۆمەڵگا لەسەر ئەم بنەمایە رێکبخاتەوە. هێزی مەعنەوەی رێبەر ئۆجەلان لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەنجامەکەی لە هەموو کوردستاندا دەبینرێت. بێگومان ئەم تێکۆشانە ٥٣ ساڵە هەر لە یەکەم چرۆسک و یەکەم ساتەوە تا ئێستا بۆتە ئارمانجی هێرشی هەمەلایەنەی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، سەربازی و هتد. وێرای هەموو ئەم هێرشانە، گەلی کورد لە ئەم تێکۆشانە بە خاوەن دەرکەوتووە. گەل درک بەو حەقێقەتە دەکات کە رێبەر ئۆجەلان جگە لە بەرژەوەندی گەل، بە هێچ شێوەیەک هیچ بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی نییە. واتە، حەقێقەتی رێبەر ئۆجەلان لەگەڵ حەقێقەتی گەلدا یەکیگرتۆتەوە.
ژیان و بەسەرهاتی رێبەر ئۆجەلان رەنگدانەوەی ژیانی کوردە، تەنانەت زەحمەتتر و دژوارترە. بێگومان زۆرێک لە رۆشنبیران، نووسەران، رۆژنامەنووسان و هتد هەوڵدەدەن شیکردنەوە بۆ ئەم دۆخە بکەن و بەگوێرەی دونیابینی خۆیان هەڵویست دیار دەکەن. بە تایبەت لە گەڵ ئەزموونی رۆژئاوا هەوڵدان بۆ تێگەیشتن، بۆ بەشداربوون، بۆ رەخنەکردن و دژایەتی کردنی پارادایمی رێبەر ئۆجەلان ئاستێکی جیاوازی تۆمار کرد. مرۆڤ دەتوانێت ئەم هەوڵدان و هەڵوێستانە بۆ تێگەیشتن و بۆ رەخنەگرتن لە چوار خاڵدا کۆبکاتەوە.
یەکەم، ئەو بەشێکیی گرنگ لە رۆشنبیرانی کورد هێشتا لە هەست، رۆح و حەقێقەت دانەیڕاون، مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیست هێشتا بەتەواوی رۆحی ئەوانی داگیر نەکردووە. ئەم کەسانە هەم لە ناوخۆی وڵات، هەم لە دەرەوەی وڵات، وێرای هەموو زەختەکان، هەوڵ دەدەن کە وەک خۆی لە رێبەر ئۆجەلان تێبگەن. بەرهەمە فکرییەکان رێبەر ئۆجەلان دەخوێننەوە. لە کاتی پێویستدا رەخنەش دەگرن. بۆ نموونە رەوانشاد شێرکۆ بێکەس، وەک رۆشنبیرێک کە لە ناخی خۆیدا لە کۆمەڵگا دانەبڕابوو و خۆی لە گەڵ حەقێقەتی کۆمەڵگا کردبووە یەک، درکی بە حەقێقەتی رێبەر ئۆجەلان دەکرد. لە خۆیدا، ئەدەبیات و هونەر زمانی حەقێقەتن. هەربۆیە بەر لە هەموو کەسێک، ٢٧ ساڵ لەمەو پێش گوتی: "ئێمە هەموومان دڵنیاین لە بەردەمی بەربەرییەکانی تورکدا بەحری مەڕمەڕە ئەڵێ بەڵێ و بەڵام ئۆجەلان ئەڵێ نا".
پێشبینییەکەی وەک خۆی هاتە دی. رێبەر ئۆجەلان ٢٧ ساڵە هەموو چرکەیەک دەڵێیت نا. کاتێک کە رێبەر ئاپۆ بانگەوازییە مێژووییەکەی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتی" پێشکەش کرد، ئەم رۆشنبیرانە دەورێکی کاریگەرییان هەبوو لە روونکردنەوەی رای گشتی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
دووەم، ئەو رۆشنبیرانەن کە رێبەر ئۆجەلان دەخوێننەوە، بەڵام بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر زەختی سیستەمی دەسەلاتداری دونیاوە، راستەوخۆ باسی رێبەر ئۆجەلان و فەلسەفەکەی ناکەن. دەچن باسی هەندێک لەو کەسانە دەکەن کە پەیڕەوی رێبازی رێبەر ئۆجەلانن بەڵام ناوهێنانیان لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا قەدەخە و تاوان نییە. بۆ نموونە بە ئەرێنی باسی ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی باکوور دەکەن و ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دەهێنن، بەڵام مەبەستیان رێبەر ئۆجەلانە. پەسنی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان دەدەن و ناوی مەزڵۆم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد دەهێنن، بەڵام مەبەستیان رێبەر ئۆجەلانە. چۆنکە دەزانن ئەمانە هەموو قوتابی رێبەر ئۆجەلانن. ئەمە رەنگە وەک تاکتیکێکی کورتخایەن واتایەکی هەبێت، بەڵام لە درێژ-خایەن دا دەکەوێتە خانەی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی رێبەر ئۆجەلان لە کایەی مەعریفی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. لەبیرمان نەچێت کە ئارمانج لە گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئۆجەلان و گۆشەگیرکردنی ئەو بۆ ٢٧ ساڵ لە ئیمرالی سڕینەوەی ئەوە لە ناو کایەی سیاسی و مەعریفی و کۆمەڵایەتی کورددا. هەروەها دوژمن دەتوانێت لەم جۆرە هەڵوێستە سوود وەربگرێت بۆ ئەوەی کە دووبەرەکەی بخاتە ناو بزووتنەوەی ئاپۆچی.
گرۆپی سێیەم لە رۆشنبیران بە ئەرێنی، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە فەلسەفەی رێبەر ئۆجەلان دەکەن، بەڵام بە گێڕانەوەی گوتار و لێدوانی فەیلەسۆفە ناودارەکانی دونیا ئەم کارە دەکەن. واتە، ناڵێت کە ئۆجەلان فڵان شتی گوتووە، یان فڵان خاڵی وەها دەستنیشان کردووە. لە جیاتیدا دەڵێیت کە ژیژەک، یان چۆمسکی یان ئانتۆنیۆ نێگری، یان ئالان بادیۆ یان هەر رۆشنبیرێکی دی رۆژئاوایی سەبارەت بە ئۆجەلان وایان گوتووە. واتە لەسەر زمانی فەیلەسۆفێکی رۆژئاواییەوە ئۆجەڵان دەگێڕنەوە. خۆیان بەرهەمە فکرییەکان رێبەر ئۆجەلان ناخوێننەوە و نایگێڕنەوە، بەڵکۆ خوێندنەوە و گێڕانەوەی کەسی دی دەگوازنەوە. مرۆڤ دەتوانێت دەرونشیکارییەک بۆ ئەم دۆخە بکات. کورد لەبەر ئەوەی کە زیاتر لە سەدەیەکە دەچەوسێنرێتەوە، وەک تاک و وەک کۆمەڵگا تووشی جورێک لە گرێ خۆبەکەمزانین (inferiority complex) بۆتەوە. واتە، بڕوا ناکات کە کوردێک، بتوانێت فەیلەسۆفێکی جیهانی بێت. پێی وایە کورد پێویستە فەلسەفە لە جیهانی رۆژئاواوە، لە ئەمریکا و ئەوروپاوە فێر ببێت، نەک پێچەوانەکەی. ئەگەر سەرکەوتنی کوردێک لەبواری فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیدا گێڕانەوەی بۆ بکرێت، پێویستە ئەم گێڕانەوەیە لە زمانی یەکێکی رۆژئاواییەوە بێت بۆ ئەوەی میسداقیەتی هەبێت. ئەم هەڵوێستە لە هەمانکاتدا تەگبیرێکی پاراستنە.
ئەگەر دەزگایەکی ئەمنی گیری پێدا و پێی بڵێ بۆ پشتیوانی لە ئۆجەلان دەکەیت، لە وەڵامدا دەڵێت: وەڵا ئەوە قسەی من نییە، فڵان رۆشنبیری ئەوروپی وای گوتووە.
جێگای ئاماژەیە کە زۆر فیلسۆف و بیرمەندی هەرە مەزنی دونیا کە رەخنەگری دەسەڵاتی ئێستای دونیان کاتێک کە بیر لە کێشەکانی مرۆڤایەتی دەکەنەوە، لە ناو مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا رێگە چارەیەک نابینن. کاتێک کە رێبەر ئۆجەلان دەخوێننەوە، جۆرێک لە هیوایان بۆ دەگەڕێتەوە. دەیانەوێت بچن رێبەر ئۆجەلان ببینن و گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن. بە داخەوە رێگەیان پێنادریت. هەربۆیە دەچن بۆ ئەو شوێنانەی کە فەلسفەی رێبەر ئۆجەلانی تێدا ئەزموون دەکرێت و هەوڵ دەدەن شتی لێی فێر بن. نوام چۆمسکی رۆیشتە ئامەد و دەڵێت من گەورەترین وانەی خۆمم لە دایکانی ئاشتی ئامەدەوە وەرگرت، دەیڤید گرایبەر چووە رۆژئاوا. ساڵی پار فیلسۆفێکی بەتەمەنی ئەمریکی بەناوی جۆن هاڵۆوەی هاتە ئیستامبۆڵ و بەشداری کۆنفرانسێکی کرد کە پارێزەرانی رێبەر ئۆجەلان رێکیان خستبوو. گوتی: " من بەم تەمەنەوە ١١ هەزار کیلۆمەترم بڕیوە و هاتووم بۆ ئێرە. چۆنکە رووناکییەکم دیت. بەرەوە ئەو روناکییە هاتم”.
هەڵوێستی چوارەم سەبارەت بە رێبەر ئۆجەلان هەڵوێستی ئەو کەسانەیە کە لەسەر ناوی عیلمانییەت و چەپگر، یان ئایینپەرستی رادیکاڵ و ڕاستگر رەخنە دەگرن. ئەوانەی کە خۆیان بە دەمڕاستی عیلمانییەت دەزانن زۆربەیان بە پشتبەستن بەو شتانەی کە لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیستەوە فێر بوون، رەخنە دەگرن. ئەوانەش کە خۆیان بە دەمڕاستی ئایین دەزانن و لەسەر ئەم ناوە هێرش دەکەن، تەواوکەری عیلمانییەکانن. ئەم دوو گروپە چەندەش لە ناو خۆیاندا وەک ناکۆک دیار بکەون، خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئەویش ئەوەیە کە هەردووکیان، لە هەر چواربەشی کوردستان، بە شێوازی تایبەتی خۆیان، تەقدیسی دەسەڵات و تەکفیری ئۆجەلان دەکەن. یەکیان بە تەقدیس کردنی دەوڵەت-نەتەوە ئەم کارە دەکات و پێوایە کە ئۆجەلان خیانەتی لە مارکسیزم و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم و هەموو ئیزمەکانی دی کردووە یەکێکیشیان بە تەقدیس کردنی شرۆڤەیەکی تایبەت لە ئایین ئەم کارە دەکات و پێ وایە رێبەر ئۆجەلان بە پەیڕەو کردنی رێبازی ئازادی ژن گورزی لە ئیسلام وەشاندووە. ئەم هەر دوو گروپە تا رادەی هیستریا کین و تۆڕەیییان لەدژی ئۆجەلان هەیە.
ئایینپەرستەکان و ئەوانەی کە بازرگانی بە ئایینەوە دەکەن پێیان وایە ئەگەر کۆمەڵگای کوردی و تەنانەت هەموو ئۆممەتی ئیسلامیش لە سەر تێڕوانینی رێبەر ئۆجەلان سەبارەت بە فەلسەفەی ئایین و فەلسەفەی ئیسلام ببن بە خاوەن زانیاری، ئێدی ئەوان مەجبوورن دووکانەکانیان دابخەن و کەس گوێیان لێی ناگرێت. ئەوانەش کە خۆیان بە دەمڕاستی عیلمانییەت و چەپ دەزانن پێیان وایە ئەگەر کۆمەڵگای کوردی تێز و تێڕوانینەکانی رێبەر ئۆجەلان سەبارەت بە سۆسیالیزم، چەپ، کۆمەڵگا و کۆمۆنیزم بخوێننەوە، هەموو ئەو چەواشەکارییانەی کە ئەمانە تا ئێستا لەسەر ناوی چەپ و عیلمانییەت کردوویانە بۆ خەڵک ئاشکرا دەبێت و ئەوانیش مەجبور دوکانەکانیان دابخەن. وەک چۆن سپارتاکۆس ئاگری (ئاگر هێمای زانستە) لەدەستی دەسەڵاتداران دەرهێنا و دایە دەستی خەڵکی ئاسایی، رێبەر ئاپۆش تیۆر و مانا و مەعریفەی لە ژێر رەکیفی نوخبە و رۆشنبیری سەر بە دەسەڵات دەرهێناوە و کردوویە بە موڵکی هەموو مرۆڤێک، هەموو ژنێک، هەموو کۆمەڵگا.
هەروەها رێبەر ئۆجەلان واتا و فەلسەفەی راستەقینەی ئایینی لە دەستی ئایینپەرستان و بازرگانانانی ئایین دەرهێناوە و ئەو زەمینەیەی رەخساندووە کە تاک و کۆمەلگای کورد لە ناو سیاقی خۆیدا لە ئایین تێبگات و وەک رەنگدانەوەیەکی حەقێقەت بیکەن بە هەوێنی تێکۆشانی ئازادیخوازی.
پێویستە بگوترێت کە لە کوردستاندا وا نیشاندەدرێت کە لە نێوان عیلمانییەکان و سەلەفییەکاندا ناکۆکی هەیە. جار و بار لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان دیبەیتیش دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم دوو رەوتە تەواوکەری یەکدین. کۆڵەکەی چەپ و راستی دەسەڵاتن. لە یەک جێ نان و ئاویان دەستدەکەوێت و نووشی گیانی دەکەن. لە لای عیلمانییەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دەوڵەت-نەتەوە چی بکرێت رێگەپێدراو و حەڵاڵە. لە لای سەلەفییەکانیش پێویستە کەس رووبەڕووی دەسەڵاتی پێش-دەوڵەت-نەتەوە نەبێتەوە. یەکێکیان دەسەڵات دەکاتە مەرجەعی کورد و ئەویتریشیان بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات حەرام دەکات. یەکێکیان لەسەر ناوی عیلم و ئەویتریشیان لەسەر ناوی ئایین کەرەستە و ماددەی خامی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و مرۆیی بۆ دەسەڵات دابین دەکەن و خەڵک بەم ناکۆکییە لاوەکییانەوە خەریک دەکەن.
لایەنێکی دی هاوبەشی ئەم دوو گروپە ئەوەیە کە حەقێقەت لێڵ دەکەن، دەیشێوێنن، سەر لە خەڵکی دەشێوێنن و وادەکەن کە خەڵک گێژ بێت و کەس نەزانێت راستی بابەتەکان چییە و پێویستە چی بکات. لە جیاتی عەقڵانییەت حماسەت و پۆپیولیزم بە بنەما وەردەگرن. ئەم کەسانە خۆیان ئەرکیان ئەوەیە هانی خەڵک بدەن بە بێ ئەوەی کە کتێبەکانی رێبەر ئۆجەلان بخوێننەوە، حوکمی پێشوەختە لە سەری بدەن و بە پشتبەستن بەو هێزە میدیاییەی کە خراوەتە بەردەستیان ئەم حوکمە بگۆڕن بۆ قەناعەتێکی هاوبەشی رای گشتی دژ بە ئۆجەلان. لە ئەنجامدانی ئەم کارەدا ئامادەن بنەماکانی عیلمانییەت و بنەماکانی ئایینیش پێشێل بکەن.
مرۆڤی عیلمی و ئەکادیمی بەرلەوەی کە لە سەر تێڕوانینێک حوکم بدات، پێویستە سەرەتا لە سەر ئەو تێڕوانینە دیراسە بکات، سەرچاوەی ئەو تێڕوانینە بخوێنێتەوە و لێ تیبگات ئەمجا رەخنەی لێبگرێت. بەڵام لەلای ئەو کەسانەی کە خۆیان بە دەمڕاستی عیلمانی بوون دەزانن، کاتێک کە باس دێتە سەر رێبەر ئۆجەلان، بە بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک حوکم دەدەن. بۆ نموونە، یەکێک هەیە لە ئەوروپا خوێندوویەتی و پێم وایە لەوێ مامۆستایەتی زانکۆشی کردووە. ئەم بەڕێزە لە ساڵی ١٩٩٩، ئەو کاتەی کە رێبەر ئاپۆ هێشتا لە ئیتاڵیا بوو، خەریک کۆکردنەوەی واژۆ بوو بۆ ئەوەی کە ئەوروپا ئۆجەلان دەستگیر و زیندانی بکات. ئاواتەکەی بەدیهات و ئۆجەلان لە لایەن زاڵمەکانی دونیاوە دەستگیرکرا و دادگاییش کرا و ئەوە ٢٧ ساڵە لە ژێر دژوارترین گۆشەگیریدایە. بەڵام ئەم برادەرە هێشتا دەست بەرنادات، لە ئەوروپا بۆ رەشکردنی رێبەر ئۆجەکان کۆڕ و کۆبوونەوە دروست دەکات، وتار دەنووسێت، ڤیدیۆ دەکات، لە باشور نامیلکە و برۆشۆری لەسەر دەنووسێت. گرێیەکی دەروونی زۆر قووڵی سەبارەت بە رێبەر ئۆجەلان هەیە. بە گوێرەی مەنزووەمەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمیش بێت، ئەگەر یەکێک بیەوێت بەرهەمێک، کتێبێک رەخنە بکات، سەرەتا دەیخوێنێتەوە، ئەمە پێویستییەکی بوون بە مرۆڤی ئەکادیمییە. ئەم بەڕێزە هێندە خۆی بە مەزن دەبینێت، پێی وایە ئەگەر پارێزنامەیەکی ئۆجەلان بخوێنیتەوە کاتەکەی بە فیڕۆ دەچێت.
هەر بۆیە گووگڵ سێرچ دەکات و کام رۆژنامە و کام رۆژنامەنووس لە سەر ئۆجەلان چ شتێکی خراپی گوتبێت، وەک بەڵگەی "ئەکادیمی" پێشکەشی دەکات. ئێدی ئەم بەڕێزە نایەت کڵاوەکەی بکاتە حاکم، یان لانی کەم ئەو عیلمە پۆزەتیڤیستەی کە خوێندووەیەتی بکاتە حاکم، توێژینەوەیەکی بەراوردکاری (comparative study) لە نێوان خۆی و ئۆجەلاندا بکات. بزانیت ئۆجەلان لە ژێر ئەو هەموو زەخت و گوشارانەدا چەندە کاریگەری لە سەر سیاسەت هەیە، ئەم کەسە خۆی چەندە کاریگەری هەیە، بەو هەموو ئیمکانیاتەی کە لەبەردەستی دایە؟ ئەم هیستریایە بەرامبەر بە ئۆجەلان ئاوێتەیەکە کە گرێ خۆبەزلزانین، لە هەمانکاتیشدا خۆ بەکەمزانین و ئیرەیی بەرامبەر بە رۆڵ و کاریگەرییەکانی ئۆجەلان لە سەر هەر چواربەشی کوردستان.
ئەوانەشکە خۆیان بە دەمڕاستی ئایینپەرستەکان دەزانن، کاتێک کە رەخنە لە رێبەر ئۆجەلان دەگرن، بەرلە هەموو شتێک بنەماکانی ئایین پێشێل دەکەن. دادپەروەری، وێژدان و ئەخلاق لە بنەمای سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلامن. ئەوە چ دادپەروەرییەکە کە بە بێ ئەوەی کە دیراسەی بیرۆکەیەک بکەیت، ئەو بیرۆکەیە تەخوین بکەیت؟ یەکێک هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ئازادی گەلی چەوساوە و زوڵم لێکراوی کورد، بۆ خۆیشی ٢٧ ساڵە لەبەر چاوی هەموو دونیاوە زوڵمی لێدەکرێت، چ وێژدان و ئەخلاقێک رێگەدەدات کە لە سەر ناوی ئایین هێرشی بکرێتە سەر؟ مەگەر دین و ئایین بۆ پارێزگاری کردن لە زاڵمە یان لە مەزڵۆم؟ حەقێقەتی ئایین و پەیامی ئیسلام بۆ دژایەتی زاڵمان و داکۆکی کردنە لە مافی مەزڵۆمان. بەڵام بەداخەوە، ئەوانەی کە بەناوی ئایینەوە لە کوردستاندا تیجارەت دەکەن داکۆکی لە زاڵمان دەکەن و زوڵم لە مەزڵۆمان. لە زاڵم پارە وەردەگرن و لەمەزڵۆم دەدەن.
پێویستە بگوترێت کە هەموو ئایینەکان بە ئایینی ئیسلامیشەوە خاوەن گەوهەرێکی کۆمەڵایەتیین، واتە سۆسیالیستین. هەموو ئایینەکان لەدژی زوڵم و چەوسانەوە سەریان هەڵداوە. حەزرەتی محەمەد شۆڕشگێڕێکی سۆسیالیستی سەردەمی خۆیەتی. هەموو پێغەمبەرەکان وەهان، لە حەزرەتی ئیبراهیمەوە بگرە تا حەزرەتی عیسا. رەنگە ئێستا ئایینی ئیسلام بۆ رەوایەتیدان بە گوتاری راستگر و دەسەڵاتپەرست بەکار دەهێنرێت، بەڵام حەقێقەتی ئایینی ئیسلام وا نییە. مرۆڤێکی چەپ و سۆسیالیست هیچ کاتێک لەدژی گەوهەری راستەقینەی ئیسلام نییە. مرۆڤێکیش کە لە گەوهەری راستەقینیە ئیسلام تێگەیشتبێت، فکری چەپ و سۆسیالیستی بە دوژمنی خۆی نازانێت. ئامانجی هەر دوویان دادپەوەری، یەکسانی و ئازادییە. هەردوویان رەنگدانەوەی حەقێقەتی کۆمەڵگان. لەم واتایەدا لە کوردستاندا چەپگری راستەقینە و ئیسلامی راستەقینەش هەن. یەکدی رەت ناکەنەوە، پێکەوە دیالۆگ دەکەن. جا چ وک کەسایەتی چ وەک حزب و رێکخراو، ئەمانەن کە نوێنەرایەتی راستەقینەی کۆمەڵگا دەکەن. دەبن بە دەنگی شەقام و لە کاتی پێویستدا پیشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگا دەکەن. چ لە مزگەوت بن، چ لە زانکۆ، بە دوای حەقێقەت و دادپەروەریدا دەگەڕێن. لە خۆپشاندانەکان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان ئەم راستییە سەلمێنرا.
زۆر کەسایەتی ئایینی هەیە باشتر لە رێبەر ئۆجەلان تێدەگات، تا لە رۆشنبیری ژێر کاریگەری هزری پۆزیتیڤیستی رۆژئاوا. ئەمەش هۆکاری هەیە. رێبەر ئۆجەلان گەڕیدەی حەقێقەتە. ئایینیش بە دوای حەقێقەتدا دەگەڕێت. مەلای ئایینی ئەوە دەبینێت ئەوەی زاڵمانی دوێنێ بە سەر پێغەمبەرەکاندا هێناویانە، زاڵمانن ئەمرۆ بە سەر کورد و بەسەر رێبەر ئۆجەلاندا دەیهێنن. کاتێک کە کۆچ و ئاوارەبوونی رێبەر ئۆجەلان لەبەر زۆڵمی نەمرود و فیرعەونەکانی زەمەن بۆ فەلەستین و لوبنان و بیلادی شام دەبینن، کۆچی حەزرەتی ئیبراهیم و حەزرەتی موسایان دێتەوە بیر. کاتێک کە لە بە دەسیسەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئینگلیز لە خاچدانی رێبەر ئۆجەلان لە ئیمرالی دەبینن، لەخاچدانی حەزرەتی عیسا و خیانەتی یەهۆدا اسکاریۆتیان دێتەوە بیر. کاتێک کە گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان لە ناوەڕاستی دەریای مەڕمەڕە بۆ ٢٧ ساڵ دەبینن، نوقمبوونی حەزرەتی یۆنس لەناو دەریایان دێتەوە بیر. کاتێک کە کەمپی مەخموور دەبینن، "شەعب ابیگالب" یان دێتەوە بیر. هەربۆیە باشتر لە ئۆجەلان تێدەگات. بەڵام مەنزومەی مەعریفی پوزەتیڤیستی ئەوروپا چۆنکە حەقێقەت پارچە پارچە دەکات و نکۆڵی لە هەست دەکات، وەک پێویست لە ئۆجەلان تێناگات. کەسێک کە هەستی بەهێز نەبێت، لە ئۆجەلان تێناگات.
ئێستا لە مانگی پیرۆزی رەمەزانداین. فەلسەفەی بنەڕەتی ئەم مانگە ئەوەیە کە مرۆڤی ئیماندار لە حاڵی هەژاران تێبگات، هەستی پێبکات و ئەمە ببێتە هۆی جۆرێک لە دادپەورەری کۆمەڵایەتی. واتە مرۆڤی ئیماندار خۆی بۆ مانگێک بە برسی و تینو دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە حاڵی برسییەکان تێبگات. واتە بۆ تێگەیشتن لە کەسێک هەوڵ دەدات لە ساڵیکدا یەک مانگ وەک ئەو کەسە بژیت. مرۆڤی موسڵمان ئەگەر ئەم کارەی کرد ئەمجا ماف بە خۆی دەدات کە بڵێت من موسڵمانم و لە حاڵی هەژاران تێدەگەم و سەبارەت بە هەژاران حوکم دەدەم. رەنگە بۆ تێگەیشتن لە رێبەر ئۆجەلانیش دۆخێکی وەها پێویست بکات. ئەو کەسانەی کە ماف بە خۆیان دەدەن لە خۆشترین و ئەمنترین شوێندا و بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو دەرفەتەکانی راگەیاندن سەبارەت بە هزر و فکری رێبەر ئۆجەلان قسەبکەن و هێرشی بکەنە سەری و رەخنەی لێبگرن، ئەگەر دەیانەوێت لێی تێبگەن و خەڵکیش تێبگەینن، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی دادپەروەرانە هەبێت با ئەوانیش نەک ٢٧ ساڵ، بەڵکۆ ٢٧ رۆژ خۆیان لە ژوورێکدا گۆشەگیر بکەن، لەگەڵ کەس یەک کەلیمە قسە نەکەن، نە رادیۆیان هەبێت، نە تەلەفۆن، نە تەلەڤزیۆن نە پێنووس و نەش لێنووس. با گلۆپی ژوورەکەشیان ٢٤ سەعات داگرسابێت.
ئەگەر دەزانن ناتوانن ٢٧ رۆژ بەرگەر بگرن با بیکەن بە ٧ رۆژ. تەنانەت ئەگەر ئەمەش ناتوانن با بیکەن بە ٢٧ کاتژمێر. لە ژیانیاندا جارێک ئەمە تاقی بکەنەوە، ئەمجا هەوڵی تێگەیشتنێکی دادپەروەرانە لە ئۆجەلان بدەن کە چۆن تا ئێستا توانیوویەتی کە شەرت و مەرجێکی وەهادا بەرگە بگرێت و بەمەشەوە نەوەستێت رێبەرایەتی گەلێک و بزووتنەوەکەی بکات.
لە بەشی دووەم دا، زیاتر باسی دەوڵەت-نەتەوە، برایەتی گەلان، پێکەوە ژیان و کۆمەڵگای دیمۆکراتی دەکەین.