"باوەشکردن... سادەترین و بەهێزترین فۆڕمی پشتگیری دەروونی"
عێراق و هەرێمی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە رووداو و شەڕی دڵتەزێنیان هەیە. زۆرجار لەنێو گەورەساڵانی کۆمەڵگای ئێمەدا دەوترێت کە جۆرێک لە "بەرگری دەروونی"یان بەدەستهێناوە بەرامبەر بە قەیرانە دووبارەبووەکان. بەڵام واقیعی دەروونی ئاماژە بەوە دەکات کە زەبر و زەنگەکان بە سادەیی تێناپەڕن؛ هەموو ئەزموونێکی سەخت جێپەنجە لەسەر دەروونمان بەجێدەهێڵێت و نیشانەکانی رەنگە بۆ چەندین ساڵ بمێننەوە، هەندێکجار بەدرێژایی تەمەنیشمان.
رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کە لە ئەنجامی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە هەبووە، دیارترینیان عێراق و هەرێمی کوردستانە. بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەئامانجگرتنی بەشێک لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەولێر و سلێمانی دۆخێکی دڵەڕاوکێ و ترسی لای زۆرێک لە هاووڵاتیان دروستکردووە.
بەهۆی پسپۆریەکەم وەک دەرونزانێک لەهەولێر، سەرنجم داوە کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو خەڵکێکی زۆر پرسیار لە کلینیکەکانی تەندروستی دەروونی دەکەن. ژمارەیەکی بەرچاو لەو حاڵەتانە بریتی بوون لە منداڵان کە نیشانەکانی زەبری دەروونییان لەسەر دەرکەوتووە لە ئەنجامی لێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەنگی تەقینەوەکان کە لە کاتی بەئامانجگرتنی هەولێر بیستراون. هەروەها چەندین پەیوەندیم لە هاوڕێ و خزمەکانمەوە پێگەیشتووە کە پرسیاریان کردووە دەربارەی باشترین رێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان لەم جۆرە بارودۆخانەدا. ئەم ئەزموونانە، تەنانەت ئەگەر بەلای گەورەکانەوە تارادەیەک زوو تێپەڕتربن، دەتوانن کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دەروونی منداڵ هەبێت، پەڵەی دەروونی بۆ منداڵان دروست بکەن هەموو ئەمانە پێویستیان بە تێگەیشتن و پشتگیری هەیە. لە سەردەمی شەڕ و قەیرانە گەورەکاندا، زۆرترین ئاستەنگ و زەبری دەروونی بەر منداڵان دەکەوێت. و چەندین کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بەسەردا جێدەهێلێت ئەگەر پاڵپشتیەکی گونجاویان بۆ نەکرێت، ئەم کاریگەریانە بۆی هەیە تەمەنێک بەردەوام ببن. بۆیە دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پاڵپشت بۆ منداڵان لەم جۆرە بارودۆخانەدا زۆر گرنگە بۆ پاراستنیان لە تێکچوونی دەروونی و بەرزکردنەوەی توانای خۆڕاگرییان.
راستگۆ بوون لەگەڵ منداڵان... بەڵام بە شێوەیەکی دڵنیاکەرەوە.
یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێی منداڵان ئەوەیە کە بە ڕاستگۆیانە وەڵامی پرسیارەکانیان بدەیتەوە. راستگۆیی لەگەڵ منداڵان وەک رێسایەکی بنەڕەتی دەمێنێتەوە، بەڵام گرنگە بە شێوەیەک پێشکەشی بکرێت کە لەگەڵ تەمەن و تێگەیشتنیان بگونجێت.لەبری ئەوەی راستییەکان بشاریتەوە یان وردەکاری ترسناکیان لەگەڵدا باس بکەی کە رەنگە سەریان لێ بشێوێنێت و تەنگەژەیان بۆ دروست بکات، دەستەواژەی سادە و دڵنیاکەرەوە بەکاربهێنە، وەک:"ناکۆکییەک لە ئارادایە، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی باش بین."ئەگەر پێویست بوو شوێنی خەوتن بگۆڕیت، لە پەنجەرەکان دوور بکەویتەوە، یان بۆ ماوەیەکی کاتی بگوازیتەوە بۆ ژوورێکی تر، بە سادەیی بەم شێوەیە روونی بکەرەوە: "پێمان خۆشە لە یەکتر نزیک بین، بۆیە بڕیارماندا هەموومان بۆ ماوەیەکی کاتی ژوورێکی سەلامەتتر هەڵبژێرین و بەیەکەوە بین."ئەم شێوازە یارمەتی منداڵان دەدات وردە وردە لە دۆخەکە تێبگەن و پرۆسێسی بکەن بەبێ ئەوەی ترس و تۆقان بەسەریاندا زاڵبێت. بە پێچەوانەوە شاردنەوەی راستییەکان وادەکات متمانەی منداڵ بە گەورەکان بهەژێنێت یان دڵەڕاوکێی زیاتر بکات.
کەمکردنەوەی بەرکەوتنی میدیای گوشارئامێز
لە کاتی قەیرانەکاندا، میدیاکان دەبنە سەرچاوەیەکی بەردەوامی وێنەو دەنگی نائارامکار وەک: وێنەی وێرانکاری، دەنگی بۆمب و تەقینەوەكان، و ئاگادارکەرەوەی ئەمبولانس لە کاتی پەخشی راستەوخۆدا. سەیرکردنی ئەم دیمەنانە دڵەڕاوکێ لە منداڵاندا زیاد دەکات. بۆیە گرنگە بەرکەوتنیان بە دیمەنە توندوتیژەکان یان وێنەی شێواو و کارەساتبار سنووردار بکرێت، هەروەها تا دەتوانرێت لە بانگەشەی میدیاکان بیانپارێزین. بەڵکو دەکرێت کات لە چالاکییە ئەرێنییەکانی خێزان وەک خوێندنەوە، یاریکردن بەیەکەوە، یان هاوبەشکردنی چیرۆکی ژیان کە پەیامی هیوا و هاوکاری دەگەیەنن، وەبەربهێنرێت.
ئارامی گەورەساڵان دڵنیایی بۆ منداڵان دروست دەکات
منداڵان بەردەوام چاودێری کاردانەوەی گەورەکان دەکەن و زۆرجار هەستی ئاسایشی خۆیان لە چۆنیەتی هەڵسوکەوتی دایک و باوکیانەوە وەردەگرن. بۆیە زیادەڕەویکردن لە نیگەرانییەکان یان هەستیارکردنی رووداوەکان لەبەردەم منداڵدا دەتوانێت ترسیان زیاتر بکات.
تەنانەت لەگەڵ راگەیاندنی داخستنی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان، گرنگە ئەمە وەک دەرفەتێک بۆ پشوودان و ئیسراحەت پێشکەشی منداڵان بکرێت نەک وەک نیشانەی مەترسی. هەوڵدان بۆ پاراستنی هەندێک رۆتینی ڕۆژانە هەستێکی سەقامگیری بە منداڵان دەبەخشێت، وەک خوێندنەوەی چیرۆکێک پێش خەوتن یان دانانی کاتێکی دیاریکراو و رێکخراو بۆ یاریکردن. هەروەها پێدانی هەڵبژاردەی بچووک بە منداڵان- وەک هەڵبژاردنی چیرۆکێک یان بڕیاردان لەسەر یارییەکی ئێواران, هەستی کۆنترۆڵکردنیان بەهێزتر دەکات لە کاتێکدا کە زۆر شت لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان دەردەکەون.
بەشداریکردنی منداڵان بۆ کەمکردنەوەی هەستکردن بە بێدەسەڵاتی
گرنگ و بە سوودە کە منداڵان بەشداربن لە کارە سادە و گونجاوەکانی ماڵەوە کە لەگەڵ تەمەنیاندا بگونجێت، وەک رێکخستنی یارییەکانیان و ژوری نوستنیان یان یارمەتیدان لە کارە بچووکەکاندا. ئەم چالاکییانە یارمەتیان دەدەن هەست بە بەشداریکردن بکەن و هەستکردن بە بێدەسەڵاتی کەم بکەنەوە. هەروەها دەتوانیت چەند راهێنانێکی هەناسەدانی قووڵیان فێربکەیت کە یارمەتی هێورکردنەوەی جەستە و کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ دەدات.
شاشەکان جێگرەوەی ئاسایشی دەروونی نین.
سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئێستا و داخستنی قوتابخانەکان، ڕەنگە هەندێک لە دایک و باوکان پەنا بۆ جێهێشتنی منداڵەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەم ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان ببەن وەک ڕێگەیەک بۆ سەرقاڵکردن یان هێورکردنەوەیان. بەڵام زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی ئایپاد و تابلێت و مۆبایل و یارییە دیجیتاڵییەکان چارەسەرێکی گونجاو نییە و ناتوانێت جێگەی کارلێکی راستەقینەی مرۆڤ بگرێتەوە. ئالوودەبوون بە شاشە پەیوەستە بە چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان، لەوانە زیادبوونی فشار و دڵەڕاوکێ، تێکچوونی خەو، خراپی تەرکیز و دابڕانی کۆمەڵایەتی. بۆیە گرنگە هانی منداڵان بدرێت بۆ بەشداریکردن لە بژاردەی تەندروستتر و هاوسەنگتر، وەک ئەنجامدانی سەردانی سادەی خێزانی کە برەو بە هەستکردن بە ئینتما و ئاسایش دەدات لای منداڵ، رەخساندنی دەرفەتی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ منداڵانی دیکە، چالاکییە دەستییەکانی وەک وێنەکێشان یان کاری دەستی، هەروەها وەرزش یان یارییە جەستەییەکان لە ماڵەوە یان لە شوێنە سەلامەتەکاندا. ئەم جۆرە چالاکییانە نەک تەنها یارمەتیدەرن بۆ پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکان بەڵکو بەشدارن لە کەمکردنەوەی فشار و بەرەوپێشبردنی باشی دەروونی منداڵان لە کاتی قەیرانەکاندا.
باوەشکردن... سادەترین و بەهێزترین فۆڕمی پشتگیری دەروونی
لە نێوان هەموو ئەم شێوازانەدا، باوەشکردن وەک یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی پاڵپشتی دەروونی بۆ منداڵان دەمێنێتەوە. کاتێک منداڵ هەست بە ترس دەکات، باوەشی دایک و باوک تەنها دەربڕینی خۆشەویستی نییە، بەڵکو پەیامێکی قووڵی دەروونی و جەستەییە بۆ هەستکردن بە ئاسایشی دەروونی. لەکاتی قەیرانەکاندت هەوڵدا لەمنداڵاکەت نزیک بیت، دەستبەسەریدا بێنە، سۆزی پێبەخشە. توێژینەوە دەروونییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرکەوتنی جەستەیی گەرموگوڕی دایباب لەگەڵ منداڵ، وەک باوەشکردن، یارمەتی دابەزاندنی ئاستی گوشاری دەروونی دەدات لە جەستەدا و هەستی ئاسایش و سەربەخۆیی منداڵ بەرز دەکاتەوە. لە ساتەکانی دڵەڕاوکێدا، باوەشی دایک یان باوک دەتوانێت کاریگەری زیاتری هەبێت لە دەربڕینی سەدان وشە. کاتێک کەمنداڵ لە جیهانی دەرەوە هەست بە نائارامی دەکات، باوەشی دایباب دەبێتە پەناگەیەکی سەلامەتی راستەقینە بۆ ئەوەی منداڵەکە ئارام بێتەوە و هاوسەنگی دەروونی خۆی بەدەستبهێنێتەوە.
کاریگەرییە دەروونییەکان ئەگەر لەکاتی قەیرانەکاندا بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا نەکرێت
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی چاودێرییەکی دروست بۆ منداڵان لە کاتی شەڕ و قەیرانەکاندا دەتوانێت پەڵەی دەروونی درێژخایەن بەجێبهێڵێت. زەبری دەروونی بەردەوام و درێژخایەنە دەتوانێت ببێتە هۆی دڵەڕاوکێی بەردەوام، یان سەرهەڵدانی نیشانەکانی دورەپەرێزی و رەفتاری شەڕانگێزی، ئەمەنە جگە لە چەندین نیشانەی جەستەییەکانی پەیوەست بە گوشار و تەنگەژەی دەروونی وەک سەرئێشە و ئازاری سنگ. هەندێک لە توێژینەوە دەرونیەکان باس لەوە دەکەن کە لە هەر سێ منداڵێک کە لە ناوچەکانی ململانێدان، یەکێکیان لەوانەیە تووشی تێکچون و تەنگەژە دەروونیەکانی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، یان نیشانەکانی دوای زەبری دەروونی بێت، ئەمەش وایکردووە پشتیوانی دەروونی بۆ منداڵان پێویست بێت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و گەراندنەوەی هەستکردن بە ئاسایشی دەروونی.
لە کۆتاییدا ڕەنگە دایک و باوک نەتوانن ئەو شتانە بگۆڕن کە لە جیهانی دەوروبەریاندا روودەدەن، بەڵام دەتوانن کەشێکی سەلامەت لەنێو ماڵەکەیاندا دروست بکەن. وشەیەکی دڵنیاکەرەوە، چەند ساتێک هاوبەشی لە یاریکردن، یان باوەشێکی گەرم... ئەمانە رەنگە وەک شتێکی بچووک دەرکەون، بەڵام کاریگەریی بەرچاوی دەروونیان هەیە.
کاتێک دڵەڕاوکێ لە دەوری دیواری دەرەوەدا زاڵ دەبێت، ماڵیکی ئارام و سەلامەت پەناگەو قەڵایە بۆ دەروونی منداڵ.
• پسپۆری دەروونی
• بەرێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە EPU