هەڵەبجەش كۆمانناكاتەوە

لەتیف فاتیح

برینی هەڵەبجە گەورە ترین برینی مێژوی سەت ساڵی سەدەی بیستە دوای كوشت و بڕی هۆلۆكۆست و ئەرمەن و ستەمكاریەكەی هێرۆشیماو ناكازاكی ، ڕوداوە خوێناویەكانی سەدەی بیست بە هەردوو شەڕی گەورەی یەك و دوی جیهانی و كۆی شەڕەكانی دیكەوە ، ئەو سەدەیەی وەك خوێناوی ترین سەدەناساندوە، لە گەڵ ئەوەشدا هەمان ئەو سەدەیە سەدەی گەشەكردنی بیری مرۆڤ و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو گۆڕانكاری گەورە بوو، كورد سەدەی بیستی بە خراپترین شێوە تێپەڕاند ، سەرەتای سەدەكە خاك و گەلی كوردستان لە سەر سینی سایكس بیكۆ پێشكەش بە عێراق و توركیاو سوریا كرا ، چەند جارێك كورد لەو سەدەیەدا جینۆساید كرا لە جینۆسایدی دەرسیم و ئێزدیەكانەوە تا ئەنفال و هەڵەبجە، لە كۆتای سەدەكەشدا ڕێبەرێكی دیاری كورد بە پیلانێكی نێو دەوڵەتی گیراو تا ئێستاش لە زیندانی ئیمرالیە، ئەوەشمان بیر نەچێت لە هەمان سەدە لە باشوری كوردستان  پارلەمان وحكومەتی هەرێم  چێكراو دوای كەوتنی سلێمانی لە سەرەتای هەمان سەدەو كەوتنی كۆماری كوردستان لە ناوەڕاستی ئەو سەدەیە، جارێكی تر كورد خۆخاوەنی خۆی ڕاگەیاند ، گەرچی ئەو خۆخاوەنیە هەزارو یەك كێماسی هەیە.

لە نوسینێكا وتم سەدەی بیست و یەك سەدەی كورد دەبێت ، دۆستێك بۆی نوسیبوم ساڵێكیشمان هەبێت لە سەدەیەكدا سوپاسگوزارین، بە هەموو ناخۆشیەكیەوە تا ئێستا ئەم سەدەیە بە ڕوی ئێمەدا كراوەترو گەشترە، بەڵام هێشتا زۆرمان ماوە ، بە تایبەت لە هەرێمی كوردستان كە دوو حزبی پارتی و یەكێتی وێڕای دابەشكردنی كوردستان بە سەر دوو زۆندا ، كەچی هێشتا شیرو تیر لە یەك دەسون و لە ڕێگەی میدیاو پڕوپاگەندەی میدیاییەوەئێسك و پروسكی یەكتر دەهاڕن ،  تازە لە كۆن خراپتر یانی نەوە لە باوك توندتر، ئێستا ئێمە لە نێو یادكردنەوەی هەڵەبجەداین و چەند رۆژی تردەچینە نەورۆزەوە، بۆنەیەكی ئاینی و جەژنی ڕەمەزانیش ئاوێتەی نەورۆزە، كەمن لام وایە ئەم نەورۆزە لە هەموو نەورۆزێكی دیكە جیاوازە، كەچی لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا میلەت بارمتەی دەستی حكومەتی ماوە بەسەر چوو حزبە ، پەرلەمان پەكی خراوەو شكۆی شكێنراوە ، حزب حاكمەو بەزمانی خۆیان دەڵێن حزب قانونەو دادوەرو یاسا لە دەستی حزبدان .

ئێمە تا ئێستا پێمان وایە ئەم دوو حزبە دەكرێت بە هۆش بێنەوەو گۆڕانكاریەكی ئەرێنی بئەفرێنن، لەم ڕۆژانە بینیم قوباد تاڵەبانی چەند سەركرداو سەردارێكی دێرینی یەكێتی بەسەركردەوە، وتم خۆزگا هەر لەو ڕێگایەوە بڕۆیشتایە سەردانێكی شێخ لاهوری ئامۆزایشی بكردایەو بە یەكجاری دۆسیەی لالەزار دابخرایەو كوردیش قۆناغی شەڕی براو ئامۆزاو خۆ كوژی تێپەڕاندایە، من دەمەوێت یەك شت بیری قوبادتاڵەبانی بخەمەوە، مام جەلال ئامادە نەبوو واژوی لە دار دانی سەدام بكات ، لە كاتێكا سەدام گەورەترین دوژمنی كورد بوو لە ڕۆژگاری خۆیدا، ئایە هەڵەبجە بای ئەوە نیەببێتە دەرچەیەك بۆ ئەوەی یەكێتی پارتی هەر ئێستا پارلەمان كارابكەنەوە، لێبوردنی گشتی دەربكەن ، حكومەتی نوێ‌ پێكبێن، هەنگاو بۆ ئەوەش بنەن ئەوەندە شكۆی مرۆڤی كورد لە بەردەم بەغدا بۆ موچە نەشكێنن، ئەرێ‌ كەس هەیە بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڵێت نهێنی تا ئێستا مانەوەی شێروان شێروانی لە زیندان چیە ، ئایە شێروان بە تاپڕێكەوە دەیتوانی حكومەت بڕوخێنێت ، یان هۆگەلی دیكە هەن ، دڵنیام ئێستا مەسرور بارزانی دەتوانێت بە یەك بڕیار شێروان بنێرێتەوە بۆ لای هاوسەرو مناڵەكانی.

لە ناو یادی هەڵەبجەداین ، هەڵەبجەی ئەحمەد موختارو تایربەگ و گۆران و گۆریان و عومەر عەبدل و هۆرامی و یارسان وئاراس عابدو ئاسۆو ئاری مامۆستا لەتیف و سەباوو زۆری تر كە ئاشناو دۆست و ئازیزی منن، دڵنیام ئێستا دڵی ئەوان ، ویستی ئەوان سەرەڕای یادئاوەری خەم و كۆستەكە لە گەڵ ئەوەیە سبەینێی كورد لە ئەمڕۆی باشتر بێت و هەڵەبجە كۆكەرەوەمان بیت ، هەڵەبجەی شیعرو هونەرو جوانی.

15/03/2026




وتارەکانی تری نوسەر