د. سهردار عهزیز
با سەرەتا سکێچی وێناکە بکێشین. کاتێک ئێرانییەکان خۆپێشاندانیان دژ بە ڕژێمەکەیان دەکرد لە سەرەتای ئەمساڵدا، لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، دۆناڵد ترەمپ داوای لێکردن کە بدەن بە سەر دەزگا و ناوەندە حکومییەکاندا و ناوی بکوژەکان بنوسن و هاوکاریی بەڕێوەیە.
President Trump promises 'help is on its way' for Iranian protestors
ئەم دەربڕینی هاوکاریی بەڕێوەیە بۆ ترەمپ بوو بە کێشە، چونکە کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی زۆر خۆپێشاندەری کوشت، بەڵام هاوکاریی ترەمپ لە هیچ کوێ دیارنەبوو.
مانگێک لەمەوپێش ترەمپ ووتی کە چەکی داوە بە کورد هەتا بیدەن بە خۆپێشاندەرە ئێرانییەکان بەڵام چەکەکان نەگەیشتوە.
لە دید ترەمپەوە، ووتنی ئەم قسەیە بۆ ئەوەبوو کە کێشەی هاوکاریی نەکردنی خۆپێشاندەرانی ئێران کۆتایی پێبهێنت، گوایە کە هاوکاری کردوە بەڵام هاوکاریییەکان نەگەیشتوە بۆیە خەتای ئەو نیە. کێش لە کورد ئاسانترە هەتا دەستی چەوری خۆتی پیا بسڕیت؟
دیارە دەربڕینی چەک بۆ خۆپێشاندەر قسەیەکی زۆر ئاڵۆزە بەڵام ترەمپ ئەوەندە توانای بیرکردنەوەی نیە لێی تێبگات. ناردنی چەک یانی هاندانی شەڕی ناوخۆ لە ئێران. بەڵام ئەم ئیدارەیە لە هیچ ڕویەکەوە ئەم ستراتیژەی نیە. هاندانی شەڕی ناوخۆ یەکێکە لە تەکنیکەکانی سی ئای ئەی، بەڵام ئەم ئیدارەیە ڕقی لە سی ئای ئەیە.
ئەوەی ئەم ئیدارەیە دەخوازێ ئەوەیە کە سەرۆکێک لابەن و یەکێکی تر بخەنە جێگای.
بەڵام کێشەکە وەک زۆر کێشەی تر لای کورد خۆیەتی. کوردی عێراق کە هێشتا لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدان، توانای عەقڵی و سیاسییان نیە لێی دەربازبن، هاتن ئەم چیرۆکەی ترەمپیان لەناوخۆیاندا بەرهەم هێنانەوە، بەوەی ئایا چەکەکان بە کێ دراوەوە کێ دزە.
دیارە کەس ناوێرێت ڕاشکاوانە بڵێت ترەمپ درۆ دەکات.
سەرەتا یەکێتی خستیە پاڵ پارتی، پاشان پارتی خستیە پاڵ سلێمانی، ئێستا هەتابێت زیاتر و زیاتر دەڕێسرێت.
خراپی ئەم چیرۆکە چیە؟
یەکەم، یەکێتی و پارتی تێناگەن بەوەی کە کاتێک باسی چەکەکان دەکرێت باسی کورد دەکرێت نەک یەکێتی و پارتی. بەو مانایە ئەوە کوردە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا وەک چەک وەرگر و وەک دز و وەک فێڵکەر لە ئەمریکا دەردەکەوێت.
لە هەمانکاتدا کورد خۆشی، بە زیاتر وروژان و جەختکردنەوە لە سەر ئەم چیرۆکە، دزبون و پەرتبون و ڕاستیی ئەم چیرۆکە دوپات دەکاتەوە.
لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی دەخوازن یەکتر ناشیرین بکەن، بەڵام هەردوکیان کورد ناشیرین دەکەن.
دیارە وێنا و چیرۆک و نەرەتیڤ بەشێکی گەورەی شەڕە.
لە مێژودا وێنەی کورد هەمیشە خراپ بوە لە ئاگایی ڕۆژئاوادا. مارکۆ پۆلۆ وەک دز و چەتە دەیانناسێنێت.
ئێستا کورد گەر بیەوێت وجودێکی هەبێت لە هەناو کایەی سیاسی ئەم دونیایە، ناتوانێت وەک دز و جەردە و چەتە و فێڵباز بێت.
هەتا ئێستا یەکێتی و پارتی لە ڕێگای ئامرازەکانیانەوە شکستیان هێناوە لەوەی ئەمریکا وەها لێبکەن بڵێت لایەکیان چەکەکانی دزیوە، بۆ ئەوەی لایەکەی تر دەست بکات بە تەقەی خۆشی و سەرکەوتنی ئەزەلی ڕابگەیەنێت.
دیارە ئەم پرسە ماوەیەکی تر دادەمرکێتەوە. بەڵام ئەم وێنایە دەچێت سەر ئەو کەلەپورە زۆر و ناشیرینەی کە بۆ کورد هەیە لە دونیادا.
لە کاتێکدا کورد دەبوو چیرۆکی بێ دەوڵەتی و بێ مافی و بێ ئاسایشیی هەبێت لە دونیادا. خەریکی چیرۆکی دزبوونە.