پاداشتی ڕەخنە و ستایش لە نێوان دوو ئاسۆدا

دلێر محەمەد
ئەم وتارە بۆ کێ و کام لایە نووسراوە؟

ئەم وتارە تایبەت بە لایەک نییە و لایەکەی دیکە نەگرێتەوە. تایبەت بە زیندانێک نییە و زیندانەکەی تر لەبیر بکات. تایبەت بە دەسەڵاتێکیش نییە و دەسەڵاتەکەی تر ببوێرێ.

مرۆڤ گەر لە گەردنەوە بخنکێندرێ یان پیاوەتی-یان بخنکێنن، هەر یەکە و خنکاندنە! کوشتن کوشتنە، چ لە نێو ژوورە تاریکەکانی زینداندا بن یان لە بەردەم بارەگا حزبییەکاندا بکرێن بە خەڵوز، یاخود لە گوند و ناوچەکانی خۆیاندا گەمارۆ بدرێن و بکوژرێن، یاخود لە بەردەمی زانکۆدا یان لە نێو خۆپیشانداندا تیرۆر بکرێن. پڕۆسەکە هەر کوشتنە و کوشتنەکانیش هەر ناڕەوان و بکەرەکانیش بکوژ و تیرۆریستن. جا با بە ڕەنگ و دەنگی جیاواز و سەر بە جوگرافیای جیاوازیش بن.

ئاسۆی سزا و ئاسۆی پاداشت!

تۆ هەر کەسێک بیت و با ناویشت ئاسۆ بێ، جا خۆت حاجی بی یان باوکت، خەباتکار بووبی یان نا، ئەوە کردەوەکانی ئەمڕۆتە تۆ ئەباتە کەشکەڵانی فەلەک و هەزاران پەتی ڕزگارکەرت دەداتە دەست، وەکو پەتی پارە و پەتی دەسەڵات و پەتی ڕێز و پەتی بڕوانامە، یاخود یەک پەت ئەخاتە ملت و ئەتخنکێنێت. هەمیشە ئاسۆی ستایش وەکو پیاوی کوردپەروەر و باش و ئاسۆی ڕەخنەش بە جاش و خۆفرۆش دەناسرێن. وەرن پێم بڵێن کام ئاسۆی ستایش، گیرفانی بەتاڵی بە خۆیەوە دیوە، لەسەر کرێی خانوو پەکی کەوتووە، یاخود بۆ بژێوی لە دوای دەوام دەستی بردبێ بۆ کۆتر یان کۆنەفرۆشی؟ ئەدی چەند ئاسۆی ڕەخنەتان دیوە ژیانێکی شایستەی هەبێ، ئەمە ئەگەر نەگیرابێ و نەکوژرابێ؟

لە نێوان کۆمێنتێکی ڕەخنەگر و هەزاران وتاری پیاهەڵداندا، ژیان و مەرگ دیاری دەکرێت! یەک کۆمێنتی چەند ڕستەیی ئەتوانێ ببێ بە پەتێک و بئاڵێ لە گەردنتەوە، وتارێکی پیاهەڵدانیش ئەتوانێ ببێ بە سەفتەیەک پارە و بجێتە گیرفانتەوە.

دەبەنگی دەسەڵات لەوەدایە دڵی بە ستایشێک خۆشە ختووکەی بات، گەر سووریش بزانێ ئەوە درۆیە، و ڕقی لە ڕەخنەیەکیش دەبێتەوە کە بیگرێنێت، گەر سووریش بزانێ کە حەقیقەتە!

بۆ دەسەڵاتێک کە هێشتا کامۆی نەخوێندۆتەوە!

کامۆ لە کتێبێکی شیکاری و لێکۆڵینەوەدا بە ناوی «المقصلە»دا، کە بە مانای سەرپەڕێنەر دێت، باس لە سزای سەرپەڕاندن دەکات، کە جاران بە هۆی ئامێرێکەوە ئەو سزایە دەدرایە پاڵ تاوانباران لە دیدی دەسەڵاتدارانەوە.

لە دێڕێکی سەرنجڕاکێشدا کامۆ دەڵێت: سزای سەرپەڕاندن یەکێکە لە بڵاوترین جۆرەکانی کوشتن کە بە پیلانی پێشوەختە و سووربوون، ئەنجام دەدرێ!

ئەگەر کامۆ سزای مەرگی یاسایی، بە بەئەنقەست و پلان بۆ دانراوترین شێوەی کوشتن دابنێت، ئاخۆ مردنی لە ژێر ئەشکەنجە و لە ناو زینداندا، چ ڕووخسارێکی تاریکتر و ترسناکتری دەبوو بە لای کامۆوە.

لێرەدا مرۆڤ بە ناوی یاسا ناکوژرێت، بەڵکو لە دەرەوەی یاسا دەکوژرێت، پاشان داوا لە کۆمەڵگا دەکرێت کە باوەڕ بە چیرۆکێکی هەڵبەستراوی «خۆکوژی» بکەن. دەسەڵاتێک کە مافی لێکۆڵینەوە لە تاوان بە تەنها بۆ خۆی قۆڕخ دەکات و ڕوایەتی بە تاوانێک دەدات، کە خودی خۆی تۆمەتباری ئەنجامدانی تاوانەکەیە. ئیتر لێرەوە قوربانی تەنها مرۆڤەکان نین، بگرە خودی حەقیقەت گەورەترین قوربانییە.

کامۆ هەمیشە لەو کتێبەدا ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە هیچ دەسەڵاتێک بە تەنها مافی ڕەهای بڕیاردان لەسەر ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان نییە، چونکە هەڵەبڕیاردان و ستەمکاری، بەشێکن لە سروشتی مرۆڤەکان. کاتێک زیندانییەکی سیاسی لە ژێر ئەشکەنجەدا، لە ناو زیندانەکەیدا دەمرێت، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە «چۆن مرد؟»؛ بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن دەسەڵاتێک گەیشتووە بەو باوەڕەی کە دەتوانێت کۆنترۆڵی ژیان و مردنی مرۆڤ بکات و لە هەمان کاتدا دوا چیرۆکیش بۆ کۆتایی ژیانیان بە دوو وشە بنووسێتەوە: «خۆی کوشت»!

کەرامەتی مرۆڤەکان بەو شێوازە پێوانە ناکرێت کاتێک مرۆڤە ئازادەکان مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا پێ دەکەن! وەکو مامەڵەی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازی لەگەڵ ئەوی تردا لەسەر شەقامێک یان جێگەیەکی گشتیدا. بەڵکو کەرامەتی مرۆڤ بەو شێوازە پێوانە دەکرێت کاتێک دەکەونە ژێر دەستی دەسەڵاتدار. وەکو ئەو دیمەنانەی مامەڵەی کچە شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوا دەرهەق بە داعشە تەعداکەرە بریندارە دیلەکان، ئەنجامیان دەدا.

کاتێکیش زیندان لە شوێنی زیندانی کردن یان ڕاگرتنەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنی مەرگ و کوشتن، لێرەوە کەیسەکە لە کەیسی تاکە زیندانییەکەوە دەگۆڕێت بۆ کەیسێکی گشتی، خودی دادپەروەری خۆی. چونکە لێرە بەدوای دەشێ کۆتایی هەر یەکێک لە ئێمە چیرۆکی ئامادەکراوی خۆکوشتن بێت.

*ئەلبێرت کامۆ: ئەو نووسەر و فەیلەسوف و ڕۆژنامەنووسە فەرەنسییە جەزائیرییە بوو کە یەکێک بوو لە هەرە بیردۆزە دیارەکانی سەدەی بیستەم. بە ئاسۆی ستایش بڵێن با بۆتان باس بکات!

08/06/2026




وتارەکانی تری نوسەر