راگەیاندن لە نێوان پەیام و بەرپرسیاریەتیدا

نزار گزالی
راگەیاندن بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی بنیاتنانی هۆشیاریی گشتی و داڕشتنی بەها و ئاراستە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت، لەبەر ئەوە بەرپرسیاریەتییەکەی سنووری گواستنەوەی هەواڵ و بەدەستهێنانی رێژەی بینەر دەبەزێنێت و دەبێتە هۆی بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی فیکری، کولتووری و خێزانیی کۆمەڵگەدا. میدیا لە جەوهەری خۆیدا، پەیامێکی پەروەردەیی و کولتوورییە پێش ئەوەی پیشەسازییەکی بازرگانی یان ئامرازێک بێت بۆ بانگەشە و کۆکردنەوەی لایک و بینەر.

بەڵام بینەری دۆخی میدیای کوردی تێبینی گۆڕانکاریی نالۆژیکی و نیگەرانکار دەکات لە ئەدای هەندێک لە دامەزراوە میدیاییەکاندا، چ ئەو کەناڵە ئاسمانییانەی کە توانایەکی دارایی گەورەیان هەیە یان ئەو سەکۆ میدیاییە دیجیتاڵییانەی لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە چالاکن. لە زۆر حاڵەتدا پێوەری سەرکەوتنی میدیایی چیتر بە کوالێتی زانیارییەکە یان کاریگەرییە هۆشیارییەکەیەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو بە توانای دروستکردنی مشتومڕ، راکێشانی سەرنج و بەدەستهێنانی بەرزترین رێژەی کارلێک، هەندێک جاریش بەهەرمێنکردنی پوچگەرایی دەپێورێت.

بۆ نموونە، هەندێک کەناڵ لە ماوەی زەمەنیی نزیک لە یەکدا، ناوەڕۆکێک بڵاودەکەنەوە کە تیشک دەخاتە سەر بابەتە مشتومڕاوییەکان، وەک فرەژنی یان پەیوەندییە کەسییەکان،. پاشان بەرنامەگەلێک پێشکەش دەکەن کە گوایە هۆشیاری یان پزیشکین، بەڵام شێوازی پێشکەشکردنەکەیان لەگەڵ سروشتی پەیامی ئامانجمەندی راگەیاندندا ناگونجێت زۆرجار کێشەکە لە خودی بابەتی بەرنامەکەدا نییە، بەڵکو لەو شێوازەدایە کە پێشکەش دەکرێت؛ چونکە هەندێک جار شێوازی بینراو و دەرهێنانێک بەکاردەهێنرێت کە زیاتر تیشک دەخاتە سەر کەسەکان نەک زانیارییەکە، و سەرنج دەخاتە سەر وروژاندن نەک بەهای مەعریفی، بەمەش ناوەڕۆکەکە لە ئامرازێکی رۆشنبیرییەوە دەگۆڕێت بۆ هۆکارێک بۆ راکێشانی سەرنج. بەرنامەیەکی ئەم دواییەی یەکێک لەکەناڵە بەناو پرۆفیشناڵەکان، کاتێک جەستەی ژنی بە جۆرەکانی میوە بەراورد دەکرد زیاتر هاندەربوو بۆ نوسینی ئەم بابەتە.

له‌ڕوانگەی دەروونزانی میدیاوە (Media Psychology)، ئەم کارانە تەنها هەڵەی سەرپێیی پەخش و راگوزەر نین، بەڵکو دەچنە چوارچێوەی میکانیزمەکانی کاریگەریی دەروونی کە سەرنج، درکپێکردن (الإدراك) و یادگە دەکەنە ئامانج. عەقڵی مرۆڤ سروشتیانە مەیلی هەیە بکەوێتە ژێر کاریگەری وروژێنەرە سۆزداری و بینراوەکان زێتر لە کاریگەربوونی بە زانیارییە ئاساییەکان. کاتێک ناوەڕۆک بەم شێوازە و بە شێوەیەکی دووبارەبووەوە پێشکەش دەکرێتەوە، وەرگر (بینەر) بە تێپەڕبوونی کات دەست دەکات بە بەستنەوەی میدیا بە وروژاندن و هەڵچوونەوە لەبری مەعریفە و بیرکردنەوەی رەخنەیی.

دواتر و لەگەڵ کاتدا، دۆخێک دروست دەبێت کە دەکرێت بە "ئاڵودەبوونی وروژاندنی میدیایی" وەسف بکرێت، کە تێیدا جەماوەر گرنگیپێدانی خۆی بە ناوەڕۆکی متمانەپێکراو و هاوسەنگ لەدەست دەدات، و زیاتر مەیلی بەرەو بەدواداچوونی ئەو ناوەڕۆکانە دەبێت کە وروژێنەرن، مشتومڕ یان شۆک دروست دەکەن. لێرەشدا کاریگەرییەکە تەنها لەسەر زەوقی میدیایی ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەولەویەت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، بەشێوەیەک کە ناوبانگ و کارلێک و بینەر پەیدارکردن دەبنە ئامانج، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی کوالێتی یان بەرپرسیاریەتیش بێت.

ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی روونتر لە هەندێک لە سەکۆکانی "وێب میدیا"دا دەردەکەوێت کە پشت بە پەیامنێرانی بێ ئەزموون دەبەستن کە هەندێک جار کێشەیان نەبوونی ئەو راهێنانە پیشەیی و ئیتیکیانەیە کە بۆ کاری میدیایی پێویستە. لە زۆرێک لە بۆنە گشتییەکان، فێستیڤاڵ و چالاکییە جەماوەرییەکاندا، کامێرا لەبری فۆکەس خستنە سەر روداوەکە یان شیکردنەوەی رەهەندە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی، دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ گەڕان بەدوای دیمەنە وروژێنەرەکاندا. زۆرجار پرسیاری کەسی یان سۆزداری ئاراستە دەکرێت کە هیچ بەهایەکی راستەقینەی هەواڵییان نییە، بەڵکو تەنها ئامانجیان وروژاندنی خولیای جەماوەر و بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت و بینەرە.
لە چەندین بۆنەدا تێبینی کراوە کە هەندێک لەبەناو راگەیاندنەکان تیشک دەخەنە سەر ژنان، بەساڵاچووان یان کەسانی چینە سادەکانی کۆمەڵگە، و پرسیاری تایبەت بە مێژووی سۆزداری یان وردەکارییەکانی ژیانی تایبەتیان ئاراستە دەکەن، بەبێ رەچاوکردنی ئەو شوێنەوارە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی کە لێی دەکەوێتەوە. ئەو کەسەی کە لەبەردەم کامێراو بە شێوەیەکی خۆرسک (سادە) قسە دەکات، رەنگە درک بە قەبارەی ئەو بڵاوبوونەوەیە نەکات کە گرتە ڤیدیۆییەکە دواتر بەدەستی دەهێنێت، و قەبارەی ئەو کۆمێنت و حوکمە کۆمەڵایەتییانەی کە رەنگە خۆی یان ئەندامانی خێزانەکەی روبەڕووی ببنەوە.

لەڕوانگەی دەروونییەوە، ئەم جۆرە رەفتارانە رەنگە ببنە هۆی بەرهەمهێنانی ئەوەی کە بە مۆرک یان "پەڵەی کۆمەڵایەتی" (الوصمە الاجتماعیە) ناسراوە، کە تێیدا تاک دەگۆڕێت بۆ بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن، گاڵتەپێکردن یان پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای لێدوانێکی کاتی یان هەڵوێستێکی خۆرسک. هەروەها زیانەکە تەنها بەر کەسی بەئامانجگیراو ناکەوێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ چواردەورە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکەی، ئەمەش رەنگە بە شێوەی فشاری دەروونی، هەستکردن بە شەرمەزاری یان پاشەکشە لە هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی شوێنەوارو کاریگەرییەکانی دەرکەوێت.
تیۆرییەکانی فێربوونی کۆمەڵایەتی (Social Learning Theories) ئاماژە بەوە دەکەن کە تاکەکان بەها و رەفتارەکان تەنها لەڕێگەی رێنمایی راستەوخۆوە بەدەست ناهێنن، بەڵکو لەڕێگەی تێبینی و دووبارەکردنەوەوە فێردەبن. بۆیە بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ ناوەڕۆکێک کە لەسەر بنەمای قۆستنەوەی تایبەتمەندییەکان، وروژاندن، پوچگەرایی، رەچاونەکردنی ئاسایشی هزری و نەتەوەیی و تاد..  وەک پێوەرێک بۆ سەرکەوتنی میدیایی کاردەکات، هێدی هێدی دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی ئەم رەفتارانە (تگبیع) لە ناو هۆشیاریی گشتیدا، تا دەگاتە ئەو رادەیەی ببنە شتی باو لە کاتێکدا پێشتر کاری ناپەسند و رەتکراوە بوون.

هەروەها بەکارهێنانی ئاماژەی سێکسی یان وشەی نەشیاو لە لایەن هەندێک پێشکەشکار، هەندێک بەرنامە یان بڕگە میدیاییەکاندا ناتوانرێت وەک تەنها شێوازێکی کات بەسەربردن و خۆشباری سەیر بکرێت، بەڵکو بەشێکە لە پڕۆسەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێوەرە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان لە رێگەی دووبارەکردنەوەوە. توێژینەوە دەروونییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەیامە میدیاییە دووبارەبووەوەکان بەشدارن لە بنیاتنانی وێناکردنە هزری و ئاراستەکردنی هەڵوێست و رەفتارەکان، بەتایبەتی لەلایەن توێژی گەنجان و مێرمنداڵان کە هێشتا سیستەمی بەهاکانیان لە قۆناغی گەشەکردن دایە.
مەترسییە راستەقینەکە لە بەرنامەیەک یان راپۆرتی دیاریکراو و جیاوازدا نیە، بەڵکو لە کەڵەکەبوون و بەردەوامی ئەم پەیامانەدایە. کاتێک وروژاندن دەبێتە جێگرەوەی پیشەییبوون، و خولیای پوچگەرایی دەبێتە جێگرەوەی مەعریفە، و دەرکەوتن و لایک و بینەر پەیداکردن دەبێتە جێگرەوەی بەرپرسیاریەتی، میدیا لە ئامرازێک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە دەگۆڕێت بۆ هۆکارێک کە بەشدارە لە لاوازکردنی سیستمی بەرگری فیکری، کولتووری و دەروونی کۆمەڵگەدا.
لەبەر ئەوە، چەمکی ئاسایشی فیکری تەنها لە روبەڕوبوونەوەی بیرۆکە توندڕەوەکان یان گوتارە توندوتیژەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو پاراستنی کۆمەڵگەش دەگرێتەوە لەو ناوەڕۆکەی کە هۆشیاری دەشێوێنێت و پێوەرە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی پلەبەندی لاواز دەکات. کۆمەڵگەکان تووشی گۆڕانی لەناکاو نابن، بەقەد ئەوەی تووشی گۆڕانکاریی بێدەنگ و کەڵەکەبوو دەبن لەڕێگەی ئەو پەیام، وێنە و هێمایانەوە کە رۆژانە لەبەردەم جەماوەردا دووبارە دەبنەوەو پێیەوە سەرقاڵ دەکرێن.

پاراستنی خێزانی کوردی و ئەزموونی کوردی پێویستی بە میدیایەکی پیشەیی هەیە کە درک بە قەبارەی کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بکات، هەروەها پێویستی بە هەبوونی پەیماننامەی ئەخلاقی و دەستەی پیشەیی سەربەخۆ هەیە کە رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و تایبەتمەندییەکانی مسۆگەر بکات. ئازادیی میدیا بەواتای رزگاربوون لە بەرپرسیاریەتی نایەت، و ئازادیی رادەربڕینیش بەواتای گۆڕینی مرۆڤ بۆ ماددەیەکی بەکاربردن یان ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی کارلێکی دیجیتاڵی نایەت.

لە کۆتاییدا، داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەک بەستراوەتەوە بە جۆری ئەو گوتارەی کە بەرهەمی دەهێنێت و بەکاری دەهێنێت. هەرچەندە پیشەییبوونی میدیا بەرزبێتەوەو کاری بۆ بکرێت، ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیش بەرزدەبێتەوە، و هەرچەندە بەرپرسیاریەتی میدیایی پاشەکشە بکات، مەودای نێوان پەیامی راستەقینەی میدیا و پێداویستییەکانی بازاڕی دیجیتاڵی لەرووی لایک و ڤیوەر پەیداکردن فراوانتر دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، چاکسازی لە گوتاری میدیاییدا چیتر تەنها کێشەیەکی پیشەیی نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەکی دەروونی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و نەتەوەیی بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتوو و بەهێزکردنی یەکگرتوویی، سەقامگیری و ناسنامەی کۆمەڵگە.
بەرێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە EPU

08/06/2026




وتارەکانی تری نوسەر