- نەوەی نوێ دڕدۆنگەو رەنگە خاوەخاوی لەریككەوتنی لەگەڵ یەكێتییدا بكات
- توركیا نیوانگیریی دەكات و پارتی و یەكێتیی و نەوەی نوێی بینیوە
- یەكێتیی و پارتی دوور لەچاوی میدیا پەیوەندیان بەیەكەوە كردووە
- پرسی پێشمەرگە زۆر مەترسیدارە بۆ كوردو ئەمجارە دێتەگۆڕێ
- ئەگەر بەمزوانە پارتی و یەكێتیی رێكنەكەون، هەرێم زۆر لاوازتر دەبێت
سبەی تۆم باراك دێتە عیراق و كوردستان، گوایە پلانێكی روونی پێیە بۆ دووبارە رێكخستنەوەی عیراق لەچوارچێوەی بەرژەوەندی ئەمریكا. یەكێك لەپرسە هەرە دیارەكان هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی عیراقە. لەهەرێمی كوردستانیش ترسێكی زۆر هەیە لەچوارچێوەی سیاسەتی نوێی ئەمریكا كە مەیلی رۆڵپێدانی ناوەندێتیی عیراق یان بەمەركەزتكردنی عیراقی هەیە، دەست بۆ هێزی پێشمەرگە ببرێت و داوای بەستنەوەی بەسوپای عیراقی بكرێت. ئەمەش ناڕەزایەتی و ترسی زۆر لای دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستكردووە. رەنگە ئەمریكا پشتیوانیی بەغدا بكات جگە لەپرسی پێشمەرگە، ئەو دەسەڵاتەكانی هەرێم بەسەر دەروازەكان و نەوت سنورداربكات.
بڕیارە بەم نزیكانە ئەحمەد شەرع حاكمی نوێی سوریا بۆجاری دووەم سەردانی واشنتۆن بكات، بەدوای ئەویشدا عەلی زەیدی سەرۆكی وەزیرانی عیراق دەچێتە واشنتۆن، دەیەوێت بەرپرسانی هەردوو وڵات وەك دوو حاكمی گوێڕایەڵ بانگ بكات و ئەوەی دەیەوێت پێیان جێبەجێبكات!
بەم بارودۆخە ئاڵۆزەی كوردستان كە پەرلەمان پەكیكەوتووەو حكومەت دروستنەكراوەو هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو و هاوكات سازان نییە، قەوارەی هەرێم دەكەوێتە ژێر فشارێكی گەورەو دەرگای زیاتری لێ دادەخرێ و زیاتر لەچوارچێوە دەدرێت. بەرپرسی یەكەمی ئەم بارودۆخەش حوكمڕانانی هەرێمن. ئۆباڵەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان كە لەروانگەی بەرژەوەندی حزبییەوە دەڕواننە پێكهێنانی حكومەت و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنیەكان. بەپێی مەنتقی سیاسی و ئەو بارودۆخەی دەبینرێت، ئەگەر پارتی و یەكێتیی بەخێرایی رێكنەكەون، ناتوانن بەر لەفشاری لاوازبوونی هەرێم بگرن، بۆیە هەقە دۆخی نوێ هاندەربێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئاڵۆزیی نێوان هەردوولا زۆرەو ئاسان نییە ریككەوتنیان.
بەپێی زانیاریی نوێ، هاتنی تۆم باراك كەمێك فشاری لەسەر هەردوولا دروستكردووە بۆ دانوستان، بۆیە كاك مەسعود بارزانی یدەستپێشخەرییەكی نوێی بۆ پێكهێنانی حكومەت راگەیاندووە. یەكێتیی و پارتی نامەگۆڕینەوەو پەیوەندی تلفۆنیان دوور لەچاوی میدیاكانەوە هەبووە، هاوكات باس لەوەدەكرێت پارتی پەیوەندی بە نەوەی نوێوە كردووە و ئۆفەریشی بۆ پێشنیاركردوون، ئەویش بەشداریكردن لەحكومەت بەشی خۆیان وەرگرن بەدەر لەهاوپەیمانێتی یەكێتیی.
لەلایەكی دیكە توركیا كەوتۆتە جموجۆڵ بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی پارتی و یەكێتیی، هاوكات توركەكان نەوەی نوێشیان بینیوەو داوای دەست سوككردنیان لێكردوون لەگەڵ پارتی، لایەنیكەم دواخستنی ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی یاخود خۆ بێلایەنكردن لەململانێی نێوان یەكێتیی و پارتی، بەڵام هیچ كام لەو پێشنیارانە بۆ نەوەی نوێ ئاسان نییە.
لێدوانەكەی دوێنێی كاك شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جولانەوەی نەوەی نوێ كە لەلایەك گوتی "ئەم حكومەتە دزە" دواتر گوتی "ئەگەر هەوڵی رێككەوتنێكمان دابێت یان شتێك هەبوبێت لەئارایە ئامانجمان تەنها مەسەلەكە ئەوەبووە كە ویستومانە فشارێك بكەین گوتیشی لەجاران بوێرانەتر پێویست بكات دیفاع لەخەڵك دەكەین".
ئەم لێدوانە وا لێكدەدرێتەوە كە نەوەی نوێ فشاری لەسەرەو لەوانەیە دڕدۆنگ و قەلەق بێت، رەنگە حەزبكات خاوەخاو بكات لەئیمزاكردنی رێككەوتنەكەی لەیەكێتیی، ئینجا بەهۆی ئۆفەرەكەی پارتیەوە بێت یان فشاری توركیا یانیش ترس لەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتیی بەبێ نەوەی نوێ. هەروەك ئەو لێكدانەوەیشی بۆ دەكرێت كە پێشبینی دەكەن هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێتەوە (هەرچەندە من بەدووری دەزانم) بۆیە هەوڵدەدەن پێشوەختە رایبگەینن كە ناچنە حكومەت و دەیانەوێ دەست بەهەڵمەتی راگەیاندن بكەن وەك ئۆپۆزسیۆن.
لەپاڵ ئەم خوێندنەوەیە، نەوەی نوێ گرفتی هەیە ئەویش لەچوارچێوەی رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتیی، پێشوەختە بەسێ ئەندامی پەرلەمانەوە لەبەغدا پشكی خۆی وەرگرتووە، ئەویش وەزارەتی ژینگەیە، ئاسان نییە پاشەكشەكردنی، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لەرێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتیی گرفتە بۆ ئەو حزبە، بەڵام دڕدۆنگیی و قەلەقی بەو حزبەوە دیارە، بڕیاربوو سبەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سیاسی یان سەركردایەتی ئەو حزبە كۆببێتەوە، بەڵام پێناچێت بكرێت.