شێتێكی سعودیی كڵاو دەنێتە سەر هەزاران كورد لە كوردستان

عەلی سیرینی



لە سەرەتای چلەكانی سەدەی هەژدەم، لە نیمچە دورگەی عەڕەبیی (سعودیەی ئێستا)، پیاوێكی توندوتیژ و سەرشێت و نیو خوێندەوار، دەستیكرد بە ئاژاوە نانەوە و ڕاكێشانی سەرنجی خەڵك بۆ لای خۆی. ئەم كەسە ناوی محەممەد بن عەبدولوەهابە، لە ساڵی 1703 لە شارۆچكەی عویەینە لە دایك بووە و ساڵی 1792 مردووە (بۆ كورتكردنەوە، لەمەودوا بە بن عەبۆ ناوی دێنم). ئەم كابرایە نیو خوێندەوارە، هەڵسا بە بەخشینەوەی تۆمەتی كوفر و شیرك بۆ دەوروبەری خۆی و كەس لە دەستی ساغ دەرنەدەچوو و بزوتنەوەی وەهابیەتی دروستكرد. پێی وا بوو مسوڵمانان كافر بوونەتەوە و بوونەتە موشریك، پێویستە سەر لە نوێ ببنەوە بە مسوڵمان. بن عەبۆ هەڵسا گەڕا بە نێو زانایان و فوقەها و میرەكانی نیمچە دورگەی عەرەبیی و ئەم قسە هەڵەقومەلەقانەی لە مەجلیسەكاندا دەكردن، بەڵام هەر هەموویان دەمكوتیان دەكرد و فڕییان دەدایە دەرەوە. بۆ هەر كوێ دەچوو، دەست بە ڕوویەوە دەنرا و بە بێزەوە دوور دەخرایەوە. باوكی بن عەبۆ كە ناوی شێخ عەبدولوهابە، زانایەكی حەنبەلی بوو و لە عویەینە قازی بوو. دواتر چوو بۆ حورەیمولا‌و و لەوێ بوو بە قازی. كە شێخ عەبدولوەهاب مرد، بن عەبۆ گەڕایەوە حوڕەیمولا‌و و دەستی كرد بە بانگەواز بۆ "ئیسلامكردنەوەی مسوڵمانان"، بەڵام هەر زوو خەڵك لێی هاتە دەنگ و هەوڵی كوشتنیان دا، كەچی سەركەوتوو نەبوون و ڕایكرد بۆ شوێنی لە دایكبوونی خۆی عویەینە. عوسمان بن موعەممەر ئەمیری عویەینە بوو پشتیوانی خۆی بۆ بن عەبۆ دەربڕی و دەستیان كرد بە تەختكردنی مەرقەد و شوێنەوارەكانی پێغەمبەر (د.خ) لە گەڵ سەحابە و پیاوچاكان، وێڕای جێبەجێكردنی سزا بە سەر خەڵك وەك بەردباران كردن و جەلدكردن و هتد. سەرەنجام، بە هۆی بێزاریی خەڵك، ئەمیری ئیحسا‌و هەڕەشەی لە بن موعەممەر كرد كە بن عەبۆ دەربكا و ئەویش بۆ دەڕعیە ڕایكرد، كە نیمچە ئەماڕەتێكی بچوك و پشتگوێ خراو و هەژار بوو لە نێو بیابانی وشكی ناوچەكە. محەممەد بن سەعود وەك ڕیشسپی دەڕعیە بوو. كاتێك بن عەبۆ گەیشتە دەڕعیە چوو بۆ مالی شێخ عەبدوڵلا بن سوەبلم بەڵام ڕازی نەبوو میوانداری بكات. بەڵام برا بچوكەكەی كە مێردمنداڵێكی هەرزە بوو، میوانداری كرد.

لە دڕعیە، بن عەبۆ چوو بۆ لای بن سەعود كە ئەمیری ئەم ناوچە هەژار و برسیە بوو، سەرانەی لە خەڵك دەستاند بۆ بژێوی ژیان، كە لە شەرعدا حەڕامە. بن عەبۆ بیرۆكەكانی خۆی پێ گوت، بەڵێنیشی پێدا لە ڕێی هێرشكردن بۆ سەر شار و شارۆچكەكانی دەوروبەر، دەتوانن غەنیمە و تاڵانی زۆریان دەستبكەوێت، پێویستیان بە سەرانە نەمێنێت. بەڵام بن سەعود دوودڵ بوو و گومان و ترسی زۆری بۆ پەیدا بوو. ژنەكەی بن سەعود تەماع گرتی، بە مێردەكەی وت، لەوانەیە ئەم كابرایە خودا بۆتۆی هێنابێتە ئێرە، بۆ ئەوەی هێز پەیدا بكەی، لەم برسیەتیی و هەژارییە ڕزگارت بێت. سەرەنجام بن سەعود بە دڵەڕاوكێیەكی زۆرەوە بن عەبۆی قەبول كرد، واژۆی پەیمانێكی هەرە مەترسیداریان كرد لە ساڵی 1744، تیایدا سەركردایەتی سیاسیی بۆ بن سەعود و وەچەكانی بێت، سەركردایەتی ئایینیش بۆ بن عەبۆ و وەچەكانی بێت، كە تا ئێستا لە سعودیە پەیڕەوكراوە. بن عەبۆ هەڵسا نامەیەكی بۆ برا گەورەی خۆی نوسی، شێخ سولەیمان، كە زانا و قازی شەرع بوو لە عویەینە، بۆ ئەوەی پاڵپشتی بكات. شێخ سولەیمانیش هەڵسا بە 70 لاپەڕە وەڵامی دایەوە. لەم هەفتا لاپەڕەیە بە تێروتەسەلیی، شێخ سولەیمان ڕوونی كردووەتەوە كە بن عەبۆ كەسێكی گومڕاو و لە شەرع لادەرە، دژ بە ئیجماعی ئوممەتی ئیسلامە لە پێغەمبەرەوە تا هەنوكە. وەڵامەكە شەرحكردنی شەرعی ئیسلام بوو، بە بەڵگەی قوڕئان و سوننەی پێغەمبەر. كە نامەكە گەیشتە بن عەبۆ، هەر دەست بەجێ، هەڵگری نامەكەی كوشت. جگە لە شێخ سولەیمان، كە فەقیهێكی حەنبەلیی و قازی شەرع بوو، سەدان زانا و فوقەهای نیمچە دورگەی عەرەب كتێب و نامیلكەیان نوسی كە تیایاندا ڕوونیان كردووەتەوە ئەم بن عەبۆیە كەسێكی دەچووە لە ئیسلام و تاوانبارە، لە ڕێی شەرع لادەرە. سەرجەم زانایانی هەر چوار مەزهەبەكە بە تێروتەسەلی، گومڕایی ئەم كابرایەیان ئاشكرا كرد. بەڵام بەهۆی دروستبوونی كاكڵەی ئەمارەتێكی بچوك لە بیابانێكی هەژار و برسی، هەروەها تەماعی دونیا و زەعامەت، بن عەبۆ و بن سەعود لە هاوپەیمانیەكەیان پاشگەز نەبوونەوە، دەستیان كرد بە سەربڕین و كوشتن و قات و قڕكردنی خەڵك، وەك ئەوەی داعش لە سەردەمی ئێمە كردی.

هەندێك لە تاوانەكانی بن عەبۆ

حوسێن بن غەننام، قوتابیەكی بن عەبۆ بوو، لە كتێبەكەی بە ناوی (تاریخ نجد) لە بابەتی (غەزەوات) لە لاپەڕە 95 بە دواوە، باسی ئەو تاوانە قێزەونانەی تۆمار كردووە كە بن عەبۆ و بن سەعود دژ بە مسوڵمانان ئەنجامیان داوە. بۆ نمونە:

لە لاپەڕە 101، ئیبن غەننام دەڵێ: سوپای بن عەبۆ و بن سەعود بە سەركردایەتیی عوسمان بن موعەممەر هێرشیان بردە سەر شارۆچكەی (تەرمەدا) و 70 كەسیان لێ كوشتن و خەڵكەكە ڕایكرد، بەڵام لە هەمان ساڵدا دیسانەوە غەزوەیەكی تریان بۆ سەر هەمان شارۆچكە كرد و خەڵك نەوێرا بەرگریی بكەن، سوپای وەهابیی هەرچی كێڵگە و بێستان و سەوزایی بوو سوتاندیان و بە سەركەوتوویی گەڕانەوە! كاتێك عوسمان بن موعەممەر بۆی ڕوون بوویەوە ئەم كۆمەڵە جگە لە چەتە و ڕێگڕ و دڕندە شتێكی تر نین، تۆبەی كرد. كە ئاشكرا بوو بن موعەممەڕ پەشیمان بووەتەوە، بن عەبۆ سێ كەسی بۆ نارد لە ناو مزگەوت لە كاتی نوێژكردن كوشتیان (لاپەڕە 103). بە هۆی ئەوەی شێخ سولەیمان برای ئەم سەر لێشێواوە بوو، دینەكەی بۆ خەڵك ڕوون دەكردەوە، ئەو خەڵكانەی كەوتبوونە دوای ئەم گومڕایە وازیان دەهێنا. لە بەر ئەمە ئیبن غەننام لە لاپەڕە 109 دەڵێ شێخ سولەیمان لە ئیسلام هەڵگەڕایەوە و موڕتەد بوو. لە لاپەڕە 114 باسی چەكدارانی بن عەبۆ دەكات چۆن لە شارۆچكەی مەنفوحە كێڵگە و سەوزاییان سوتاندووە و مەڕوماڵاتیان بە تاڵان بردووە چەندین كەسیشیان كوشتووە. سەروبوردەی سوتاندنی كێڵگە و بێستان و سەوزایی زۆرە لەم كتێبەدا. لە لاپەڕە 119، چەتەكانی وەهابیی هێرش دەكەنە سەر ناوچەیەك بە ناوی ئەلعەتك لەوێ چەندین خەڵك دەكوژن یەكێك لەوانە كەسێك بە ناوی سەعد قورەوی و منداڵەكانی و هەرچی مەڕوماڵات و حوشتر و زەخیرە و موڵكە بە غەنیمەت دەیبەن. لە لاپەڕە 120 هێرش دەكەنە سەر شوێنێك بە ناوی خەرج، چەندین كەس دەكوژن و چەند دار خورمایەكیش دەبڕن. كاتێك خەڵك دەیبینی ئەمانە چ دڕندەیەكن بە ناوی دینەوە بەردەبنە گیانی بێتاوانان و تاڵانیان دەكەن، بەردەوام لێیان جودا دەبوونەوە. لە بەرامبەردا، زۆر وەحشیگەرانە، بن عەبۆ و چەتەكانی سزایان دەدان. لە لاپەڕە 123 دا، بن غەننام دەڵێت، كاتێك خەڵكی سەبیع وازیان لە وەهابییەت هێنا، سوپاكەی ناردە سەریان و سەركەوت بە سەریان، 200 حوشتری لێ بە غەنیمەت گرتن. لە شوێنێك بە ناوی قەدلە، كاروانێكی خەڵكی یەمەن كە پێدەچێت بۆ حەج و عەمرە هاتبن، لە كاتی پشودانیان، هێرشیان دەكەنە سەر، 50 كەسیان لێدەكوژن، 240 كەسیشیان بە دیل دەگرن، هەرچی وڵاخ و مەڕوماڵاتیشە بە تاڵان دەیبەن (لاپەڕە 124). كە حوڕەیمولا‌و لە ساڵی 1755 كەوتە دەست بن عەبۆ و چەتەكانی، بە پێی ڕیوایەتێك چەند كەسێكی نارد برای خۆی، شێخ سولەیمان، لە ناو مزگەوت لە كاتی نوێژ بكوژن بەڵام شێخ پێی دەزانێ و دەرباز دەبێت. ئەوەی سەیرە، ئیبن غەننام، قوتابی بن عەبۆ، لە گێڕانەوەكانی هەمیشە بن عەبۆ و چەكدارەكانی بە مسوڵمانان ناو دەهێنێت بو خەڵكی تریش بە كافر و موڕتەد دەناسێنێت. تا بن عەبۆ مرد و دوای مردنیشی، لە ساڵی 1792، هێرشكردنە سەر گوند و دێهات و شار و شارۆچكەی ناوچەكە بەردەوام بوو. كوشتن و بڕین و قات و قڕیی، پیشەی ڕۆژانەیان بوو تا ساڵی 1818، دەوڵەتی عوسمانیی، ئیبڕاهیمی كوڕی محەممەد عەلی پاشایان نارد و ئەم دڕندانەی لە ڕەگەوە هەڵتەكاند، دەوڵەتی یەكەمی وەهابیەكان كۆتایی پێهات. لەم نێوەدا. دەیان هەزار خەڵك كوژران و دەربەدەر كران، جگە لە زەرەر و زیانی جۆراوجۆر و سوتاندن و تێكدان و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی خەڵك لە ناوچەكە بەگشتیی و دەردە سەری ماڵوێرانكردن و قات و قڕیكردن. جگە لە مەش، ئەم دەردەسەریی و نەهامەتیی و كوشتن و بڕینە، لە لایەن ئەم گروپ و تاقمانەی تا ئەمڕۆش دروست دەبن، لە سەر ڕێچكەی بن عەبۆ، وەكو قاعیدە و داعش، بە هەمان شێوە بەردەوامن لە بە كافر زانینی مسوڵمانان و كوشتن و بڕینیان.

لەمە هەمووی سەیرتر ئەوەیە، لە شوێنێكی وەكو كوردستان، كە خاكێكە سەدان زانا و فوقەهای مەزن، بە درێژای مێژوو زانست و خێر و بەرەكەتیان بەخشیووەتەوە، نەك تەنها بۆ خەڵكی كورد، بەڵكو بەروبومیان گەیشتووە بە هەموو شوێنێكی جیهان، كەچی لە جیاتی شوێن میراتی ئەم زانا و فوقەهایانە بكەون، خەڵكانێك هەن ئەمڕۆ لە كوردستان بە ناوی سەلەفیەتەوە كەوتووونەتە شوێن بن عەبۆ. ئنجا هەر چەندە بن عەبۆ كە نیوە خوێندەوار بوو، بە زانا حسێبی بۆ نەكراوە، بە نیوە مێشكێكی پڕ لە نەفامیی و دەرونێكی نەخۆش، بە هەڵسوكەوتیش وەكو مەنگۆڵیەكان بوو، كەچی لەم سەدەی بیسویەكەدا، بە ناوی عەقیدە، توانیوویەتی كڵاو بخاتە سەر هەزاران كەس لە كوردستان. ئەمە لە كاتێكدایە، بن عەبۆ بە ناوی عەقیدەی ڕاست، بزوتنەوەكەی دەستپێكرد و سەرجەم مسوڵمانانی بە كافر و موشریك ناساند، كەچی خۆی باوەڕی وایە خودای گەورە دوو چاوی ڕاستەقینەی هەیە، قاچی هەیە، دوو دەستی هەیە و لە شوێنێكەوە دەچێتە شوێنێكی تر، زاتی خۆیشی لە ئاسمانە، قەبارە و كێشی هەیە، زەوی لێی خاڵیە، كاتێكیش لە سەر عەڕشەكەی دادەنیشێت، لە كاتی دانیشتنەكەی دەنگی تەقە تەق دێت. جیاوازی نێوان خودا، مرۆڤ و جانەوەر بە لای بن عەبۆ و وەهابییەكان، تەنها لە چۆنیەتیدایە. چۆن دەستی مرۆڤ جیاوازە لە دەستی هەر گیانەوەرێكی تر، دەستی خوداش ئاوا جیاوازە لە دەستی مرۆڤ و ئاژەڵەكان.

ئەوانەی پێیان دەڵێن ئیسلامیی، لە ڕۆژگاری ئەم سەردەمەدا، یان شوێنكەوتەی بن عەبۆن، یان شوێنكەوتەی حەسەن بەننان، یان هەردووكیان پێكەوە. كاك حەسەنیش بۆ خۆی بەزمێكی ترە، كە گەنجێكی 22 ساڵان بوو، دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایان بوو لە بەشی زمانی عەرەبیی، هەڵوەدای زەعامەت و ناو و دەنگ بوو. نە فەقیهو نە زانا بوو. ڕۆحی عروبەت لە ناویا بڵیسەی دەدا، قوتابی شێخ محەممەد عەبدۆ بوو، كە ئەویش قوتابیەكی ملكەچی جەمالەدین ئەفغانی بوو. هەردووكیشیان ماسۆنیی بوون. ئەفغانی دامەزرێنەری مەحفەلی ماسۆنی كەوكەبولشەرق بوو. لە وتارەكانی ڕابردوو باسی ئەم بابەتەم كردووە.




15/06/2026




وتارەکانی تری نوسەر