بڕوانامە و نازناوی باڵا(ماستەر و دکتۆرا، مامۆستا، یاریدەدەری پڕۆفیسۆر، پڕۆفیسۆر) لە سەرەتای ڕاپەڕین دەگمەن بوون، نەک تەنها لە ڕووی چۆنیەتییەوە، لەڕویی چەندێتییەوە زۆر کەمبوون. لە دوای پڕۆسەی ئازادیی ئێراق(٢٠٠٣) سیستمی موچە، پارەیەکی باشی بۆ خاوەن بڕوانامەی بەرز و نازناوە زانستییەکان بڕییوە. لەلایەکی تریشەوە، زۆربوونی زانکۆ میری و تایبەتەکان لە هەرێم(ئەمە بۆ ئێراقیش ڕاستە)، دەرگای بەڕووی بازاڕی بڕوانامە و نازناوی بەرزدا کردەوە.
لە ئێستادا لێشاوێک لە خاوەن بڕوانامەی بەرز لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان مۆنجیان خواردوەتەوە، نەک هەر لەوێ، بەڵکو شەپۆلی ئەم جۆرە کادیرانە وەزارەتەکانی تریشی تەنیوەتەوە، بەشێوەیەک وەزارەتەکانی تریش پڕبوون لە بڕوانامە و نازناوی بەرز. لە ئێستادا بن-بەردێکی هەر زانکۆیەک هەڵدەدەیتەوە، لە سێبەرەکەیدا چەندین خاوەن بڕوانامەی بێدید و بێتفاقی مەعرفی پاڵیانلێداوەتەوە و زەمی یەکتردەکەن، تەکەتول درووستدەکەن، لەبەردەم سێبەری بەر ئەشکەوتی زانکۆدا پاشقول لە یەکترییدەدەن.
لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت ئەمە بەرهەمهێنانی کادر و هزری زانستییە، بەڵام لە ڕاستیدا بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک مرۆڤە کە بڕوانامە وەک شانسی ژیانی باش و وەک ئاست و پلەی کۆمەڵایەتیی بەرز لێیتێگەشتوون، ئەم توێژە کادیرە هەڵتۆقیووە، بەرهەمی گەشەکردنی ئاگایی و هۆشوگۆشی زیندوی زانستیی نین، بەڵکو بەرهەمی ئەو کۆپیپێست(copy-paste) و قۆپییەن کە بەناوی (نامە و تێز و توێژینەوەی زانستی)ـییەوە بەرهەمدێن، بەرهەمدێن و هێند لاواز و چەنپاتبووە و بێفەڕن، ڕووی مەجلیسی زانستییان نییە. ڕێک ئەمە بەشێکە لە بەرهەمی گەندەڵی و دەسپیسیی سیاسیی کە هاتووەتەناو دامودەزگای زانکۆکانیشەوە.
ئەم لێشاوە لە بڕوانامە، بەرهەمی مۆدێلێکی پەروەردەییە کە تەنها زانیاری لە مێشکی خوێندکاردا کۆگادەکات، بێ ئەوەی هۆشیاریی ڕەخنەیی و داهێنانی تێدا دروستبکات. بۆیە دەرچووەکانیش تەنها دەبنە "کۆپێکەر"، نەک بەرهەمهێنی مەعریفە.
چەمکێک لەناو هزری کشتوکاڵیی ئێمەدا هەیە دەمەوێت بۆ ڕوونکردنەوەی بەدەستهێنانی بڕوانامە و نازناوەکان بەکاریبهێنم، ئەویش چەمکی "دەستەوام"ـە، دەستەوام لەناو ئابووریی کشتوکاڵیی لادێی ئێمەدا مانایەکی کارا و جوانی هەبووە، لەناو ژینگەی ڕەسەنی خۆیدا جۆرێکی تری کاری هەرەوەزیی بووە، ئەو هەرەوەزییەی ئەگەر نەبووایە، ژیان و بەرهەمی کشتوکاڵیی مەحاڵ دەبوو، هۆکارێکی مانەوە و گەشەی ئابووریی کۆمەڵ بووە. تۆ ئەمڕۆ وەرە و گەنمەکەم لەگەڵ بدورەوە، منیش سبەی دەستەوامەکەت دەدەمەوە و (پەڕشە)ـکەت لەگەڵ دەدورمەوە، ئیتر بەرهەمهێنان بە دەستەوامیی هارکاریی و کاری پێکەوەیی بووە و بەبەرهەم و بەبڕشت بووە.
ئەم چەمەکەی ناو بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی، بەهەمان هامڕاز، بەڵام بە ئەنجامێکی زۆر خراپ لەناو ئەکادیمیای ئێمەدا ڕەنگیداوەتەوە. بۆ نموونە: تۆ ئەمڕۆ خوێندکارەکەی من لە گفتوگۆی (نامە، تێز)ـەکەیدا ڕەفزمەکە و نمرەی باشی بدەرێ، منیش سبەی خوێندکارەکەی تۆ لە هەمان گفتوگۆدا سەردەخەم، تۆ پلەی "نایاب"ـی بدەرێ، منیش هەروا، تۆ من بۆ گفتوگۆی خوێندکارەکەت داوەتبکە و بمکە بە ئەندامی لیژنەی گفتوگۆ، منیش دەستەوامەکەت دەدەمەوە و داوەتتدەکەم و پاداشتت دەدەمەوە و دەتکەم بە ئەندامی لیژنەی گفتوگۆ. ئیتر ئاوەزمەندیی-مێنتاڵتی "دەستەوام" دێت و جارێکی تر لەناو ئەکادیمیادا ناشیرین دەکرێت و ئەکادیمیاش دەکاتە دەستەگەریی و باند، نەک کاری هاوبەش و پێکەوەیی و ڕۆحی هەرەوەزیی ئابووریی کشتوکاڵی، نەک شوێنێک بۆ بەرهەمهێنانی ئەقڵی بیرکەرەوە و یاسادۆز و ڕەخنەگر و داهێنەر. کاتێک ئەم چەمکە"دەستەوام" دێتەناو زانکۆوە، ڕۆحی سەردەمییانەی زانکۆ لەناودەبات، چەمکی "دەستەوام"ـیش لەکەداردەکات و لە ژینگە ناسروشتییەکەدا دەبێتە لەمپەری پێشکەوتن. "دەستەوام" لە گونددا، کە ژینگەی سرووشتیی خۆیەتی، ڕەفتارێکی "بەرهەمهێن و ئەرێنی بووە (بۆ درووستکردنی یەکێتیی هێز بووە)، کاتێک دەگوازرێتەوە بۆ ناو زانکۆ(ژینگە دەستکردەکەی) دەبێتە ڕەفتارێکی "تێکدەر"، لێرەدا "دەستەوام" ناگۆڕێت بۆ هاوکاریی زانستی، بەڵکو دەبێتە "پشک-پشکێنە" و پاراستنی بەرژەوەندیی گروپەکان (تەکەتول و باندگەریی) درووستدەکات.
زۆربوونی هەڵگرانی بڕوانامە و نازناو، لە ئێستادا وەک "وەجاغزادە و نەجیبزادە و بەگزادە"ـەی جاران توێژێکی درووستکردووە، لوتبەرز و ئیگۆبەرز، خۆبەشتزان، کە دکتۆرای بوو دەبێت دالێکی قەڵەو بە ناوەکەیەوە بلکێنین، لە بانگکردندا دەبێت نەک دکتۆر، بۆ نێرەکان بڵێیت (کاک دکتۆر، جەنابی ڕاگر کاک دکتۆر...)، بۆ مێکان، بە تای تەئنیسی عەرەبی دەبێت بڵێی (دکتۆرە...، جەنابی ڕاگر دکتۆرە...)، هەر وەک پێشناوەکانی (جەنابی حاجی کاکەشێخی...). جا لە ئێستادا ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ ئیگۆیان بکەین، کە ئەم پێشاناوانە بەکاردەهێنیت ڕەنگە "دۆپامین" بڕێژن و هەستبکەن بەپێشناوی شیاوی خۆیانەوە بانگتکردوون و دۆپامینی شادیی دەڕێژن، خۆ ئەگەر نەڵێیت (دکتۆرە و کاک دکتۆر، جەنابی سەرۆک بەش...) هەستی ئەوەیان بۆ درووستدەبێت کە تۆ ڕێزت لێنەگرتوون و بەکەم لێتڕوانیوون، پێشناوی شیاوی خۆیت بۆ بەکارنەهێناون، بۆیە هەستدەکەن تۆ سوکایەتییان پێدەکەیت و ڕانکە کۆمەڵایەتییەکەیان دەخەیتەبەر هەڕەشە. ئەوەی ئەم وتارە دەخوێنێتەوە، ڕەنگە زۆر ئاسایی درکی بەوە کردبێت ڕۆژیک لەڕۆژان، لەبەردەم خاوەن دالەکاندا توشی ئەو حاڵەتە بووبێت.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئاوەزمەندیی دەرەبەگایەتی تێیدا مابێت، پێشناوی ئەکادیمی شوێنی نازناوەکانی وەک (بەگ، ئاغا، شێخ...) دەگرێتەوە، هەمان ئاوەزمەندی و هەمان تاسوحەمام، زمان لێرەدا زمانی ئەکادیمیا نییە، زمانی چینایەتی و توێژگەریی و خێڵگەرییە. ئەم "پێشناوانە" لە ڕاستیدا وەک "سەرمایەی ڕەمزیی"(Symbolic Capital)" بەکاردێن. لەبەر ئەوەی زانکۆ نەبووەتە ناوەندی بەرهەمهێنانی مەعریفەی ڕاستەقینە، خاوەن بڕوانامە ناچارە بۆشایی مەعریفیی خۆی بە "پێشناوی گەورە"، وەک نازناوی کۆمەڵایەتی پڕبکاتەوە.
خاوەن بڕوانامەکان لە جیاتی ئەوەی ببنە "ڕۆشنبیرانی ڕەخنەیی" یان "ئۆرگانیک" کە خەمەکانی کۆمەڵگە چارەسەربکەن، خەمیی زانستییان هەبێت، بوونەتە توێژێکی "لوتبەرز و خانەدان" کە تەنها لە هۆڵی داخراودا زەمی یەکتردەکەن، بوونەتە بار و وەک پلەتایبەت مووچەی بێبەرهەم حەپەلوشدەکەن. هەمان ئەو زەمەی کە پیاوان لەسەر حەوزی مزگەوت نزیکەکانیان لێزمەدەکرد، هەمان ئەو زەمەی کە پیاوان لە چایخانەکاندا زەمی یەکتریان پێدەکرد، هەمان ئەو زەمەی کە ژنان لە بەردەرگادا دەیانکرد، هەمان ئەو زەمەی کە ژنان جاران لەسەر تەنوور و کانیی ژنان زەمیی یەکتر و دراوسێکانیان دەکرد، هەمان ئاوەزمەندیی لەناو زانکۆدا کاری خۆی دەکات و بەردەوامە.
لە ئێستادا گەر سەندنەوەی جیاوک و ئیمتیازاتی مادیی لە پێواژۆی (خوێندنی بڕوانامەی بەرز و نازناوەکان) جێبەجێبکرێت، ئیتر ئەو لێشاوە کەمدەبێتەوە و ئەوانەی شەیدای بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفەن سەردەکەنە خوێندن، خاوەن دیوەخانەکانی ناو زانکۆ و فەرمانگەکان بلێشاو لە توێژینەوە و ئامادەیی کۆنفڕانسەکان دەکشێنەوە.
سەرنج:
(١)خۆم یەکێکم لە خاوەن بڕوانامە بەرزەکان، گفتوگۆیەکی بێڕەتوش و گەرممان لە ڕۆژی هەڵسەنگاندنی دکتۆراکەمدا کرد، دوو وێنەی ئەو ڕۆژەم داناوە.
(٢)دەبێت زانکۆ بکوتین، لە خەوی غەفڵەت هەڵیبسێنین، لە پەرۆشییەوە بۆ ئەم پرسە دەنووسم.
(٣)ئەم نووسینە ڕووی دەمی لەو زۆرینە خاوەن بڕوانامە و نازناوانەیە کە خەریکی خۆلێسانەوەی چەوریی جەستەی بڕوانامە و نازناوەکەیانن و هیچ نیگەرانییەکی مەعریفییان نییە، هەرگیز ڕووی لەو خاوەن بڕوانامە و نازناوانە نییە کە خەونیان بەرهەمهێنانی زانیاریی و ڕەخنەگرتنە لەو سیستمە داوەشاوەی دەبێت سەرلەنوێ تێکبدرێت و درووستبکرێتەوە. خودا ئاگاداری نییەتەکانە