گەندەڵی دارایی و ئیداری یەكێكە لە گەورەترین كێشەكانی دەوڵەتە نوێیەكانە، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی كە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و ئابووری تێدەپەڕێنن. عێراق و هەرێمی كوردستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی تۆمەت و گومانە زۆرەكان بوونەتەوە سەبارەت بە گواستنەوە و شاردنەوەی سامانی گشتی و بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی لەلایەن هەندێك بەرپرسی حكومی و خاوەن پلە و پۆستەوە.
-سپیكردنەوەی پارە بریتییە ؛ لە كۆمەڵێك كردەوەی دارایی و یاسایی كە ئامانجیان شاردنەوەی سەرچاوەی نایاسایی پارەیە و پیشاندانی وەك پارەیەكی یاسایی. ئەم تاوانە زۆرجار بە تاوانە سەرەكییەكانی وەك ڕەشوە، دەستدرێژیكردن بۆ سامانی گشتی، فێڵكردن لە گرێبەستە حكومییەكان و دەستكەوتی نایاسایی پەیوەست دەبێت.
یەكەم: پێناسەی یاسایی سپیكردنەوەی پارە
یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆریزم ژمارە (39) ساڵی 2015 لە مادەی (2) دا دیاری دەكات كە هەر كەسێك بە ئەنقەست پارە یان سامانێك بگوازێتەوە، بگۆڕێت یان بیشارێتەوە و بزانێت كە لە تاوانێكەوە بەدەستهاتووە، ئەوا كردەوەكەی تاوانی سپیكردنەوەی پارە پێكدەهێنێت.
ئەم پێناسەیە هاوتەریبە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و بە تایبەتی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی (UNCAC).
دووەم: بەرپرسانی حكومی و مەترسیی سپیكردنەوەی پارە
بەرپرسانی حكومی بەهۆی دەسەڵاتیان لە بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و گرێبەستەكان، زیاتر لە كەسانی ئاسایی لە مەترسیی تێوەگلان لە تاوانی سپیكردنەوەی پارەدان. بۆیە ڕێكخراوی FATF ئەم كەسانەی بە Politically Exposed Persons (PEPs) ناساندووە و داوای چاودێریی زیاتر لە مامەڵە بانكی و داراییەكانیان كردووە.
لە عێراقدا ئەگەر بەرپرسێك پارەی بەدەستهاتوو لە ڕشوە یان دەستدرێژیكردن بۆ سامانی گشتی بخاتە ناو سیستەمی بانكی، یان بە ناوی كەسانی تر موڵك و كۆمپانیا بكڕێت، ئەوا تووشی تاوانی سپیكردنەوەی پارە دەبێت.
سێیەم: بنەمای یاسایی لێپرسینەوە لە بەرپرسان
یاسای ژمارە (39) ساڵی 2015 جیاوازی لەنێوان بەرپرس و هاوڵاتی ئاسایی ناكات. بنەمای دەستووری «یەكسانی لەبەردەم یاسادا» وا دەخوازێت هەموو كەسێك بەرامبەر یاسا بەرپرس بێت.
هەروەها یاسای دەستكەوتی نایاسایی و یاساكانی دەستەی نزاهە ڕێگە دەدەن بە لێكۆڵەرەوەكان سەرچاوەی سامانی بەرپرسان بپشكنن و لە كاتی نالێكچوونی سامانیان لەگەڵ داهاتی یاسایی، لێپرسینەوەیان لێ بكرێت.
لە هەمان كاتدا، پێویستە بنەمای دەستووری «لا جریمە ولا عقوبە إلا بنص» ڕەچاوبكرێت، كە لە مادەی (19/دووەم) دەستوری عێراق هاتووە. بەپێی ئەم بنەمایە هیچ كەسێك بە تاوانبار دانانرێت و هیچ سزایەكی لێ نادرێت مەگەر بە دەقی یاسا و بەڵگەی یاسایی و بڕیاری دادگایی. هەروەها تۆمەتبار بێتاوان دادەنرێت تا تاوانباربوونی بە حوكمێكی بات بسەلمێندرێت.
چوارەم: نموونەی «دزی سەدە» و پەیوەندییەكەی بە سپیكردنەوەی پارە
یەكێك لە گەورەترین كەیسەكانی گەندەڵی دارایی لە عێراق ئەو كەیسەیە بوو كە بە ناوی «دزی سەدە» ناسرا. لەو كەیسەدا بڕێكی زۆر لە پارەی گشتی لە ڕێگەی كۆمەڵێك مامەڵە و كۆمپانیای ناوەڕاستەوە لە خەزێنەی دەوڵەت دەرهێنرا.
لە ڕوانگەی یاساییەوە، خو دزینەوە یان دەستدرێژیكردن بۆ سامانی گشتی تاوانی سەرەكی (Predicate Offence) پێكدەهێنێت، بەڵام ئەگەر پارەكان دوای بەدەستهێنان بگوازرێنەوە، لە هەژمارە بانكییەكاندا بشاردرێنەوە، یان بە موڵك و كۆمپانیا وەبەرهێنرێن بۆ شاردنەوەی سەرچاوەكەیان، ئەوا ئەو كردەوانە دەكەونە خانەی تاوانی سپیكردنەوەی پارە لە پێناسی مادەی (2) یاسای ژمارە (39) ساڵی 2015.
پێنجەم: ئاستەنگەكانی جێبەجێكردنی یاسا
1- كەمبوونی ئاشكرایی لە ئیقراری دارایی بەرپرسان.
2- كاریگەریی هێزی سیاسی لەسەر هەندێك لێكۆڵینەوە.
3- لاوازی هەماهەنگی نێوان دەزگا چاودێرییەكان.
4- گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات و بەكارھێنانی ناوەندە داراییەكانی دەرەوە.
شەشەم: چارەسەرە یاساییە پێشنیاركراوەكان
• بەهێزكردنی سیستەمی ئیقرارنامەی دارایی بەرپرسان.
• سەربەخۆیی زیاتر بۆ دادوەری و دەستەی نزاهە.
• جێبەجێكردنی ڕاسپاردەكانی FATF.
• فراوانكردنی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی سامانە دزراوەكان.
• بەهێزكردنی سیستەمی چاودێریی بانكی و ڕاگەیاندنی مامەڵە گومانلێكراوەكان.
-ئەنجام
سپیكردنەوەی پارە لەلایەن بەرپرسانی حكومی تاوانێكی دارایی تەنها نییە، بەڵكو هەڕەشەیەكە بۆ حاكمیەتی یاسا و متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت. یاسای ژمارە (39) ساڵی 2015 چوارچێوەیەكی یاسایی گونجاوی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە داناوە، بەڵام سەركەوتنی لەسەر دۆخێكی فەرزكراو پێویستی بە ئیرادەی سیاسی، دادوەرییەكی سەربەخۆ و چاودێرییەكی كارا هەیە.
•سەرچاوە یاسایی و ئەکادیمییە پێشنیارکراوەکان:
•یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریزم ژمارە (39) ساڵی 2015.
•دەستوری کۆماری عێراقی ساڵی 2005.
•ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوی کاری دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریزم (FATF).
•پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی (UNCAC)، 2003.
•یاسای دەستەی نزاهە و دەستکەوتی نایاسایی لە عێراق