لەدوای ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی، وێڕای خواستی کورد بۆ دەستەبەری ئاشتی و خەباتی دیموکراتی، بەڵام هەنگاوەکانی تورکیا بۆ ئامادەکاری زەمینەی یاسایی و سیاسی هیچ بەگوێرەی خواستی کورد و لە ئاست پێویستی قۆناغەکە نین، بۆیە ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەکرێت، مەترسیە لە هەنگاونان بەرە و دواوە، گەروا بڕوات دوابزمار لە تابووتی پرۆسەیەک دەدرێت بەناوی پرۆسەی ئاشتی. هەرچەندە ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە بە پێی زانیاریەکانم سەرکردەیەکی باڵای پە-کە-کە سەردانی ئیمڕاڵی کردووە، بەڵام بنیادی هەنگاوە کرداری و گەورەکانی پرۆسەی ئاشتی زۆر پشت بە کرداری تەکنیکی نابەستن و پیویستیان بە زەمینە سازی واقعی هەیە.
شەڕ لە ئێران و گەرەنتی ئاشتی لە تورکیا، تورکیا لەو ڕاستیە گەشتبوو، کە بە کۆتایی هاتنی دەوڵەتی مەزهەبگەرایی شیعە لە ئێران و گۆڕینی سیستەمی سیاسیەکەی، چارەسەر تەنها خۆگونجاندن و ڕێککەوتنیانە لەگەڵ کورد و جێبەجێکردنی خواستی کوردە، ئەویش بە ڕەخساندنی زەمینەی خەباتی سیاسی و یاسایی بوو بۆ کورد، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و کەلتوریەکانیان لە تورکیادا، بەڵام پێدەچێت بەلێتێگەشتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران، ئاسان نەبێت تورکیا بچێتە ژێر باری ئەو خواستانەی کورد لەم قۆناغەدا هەیەتی، بۆیە مەترسی هەیە هێواش هێواش پاشەکشە لە پرۆسەکە بکات و کورد ناچار و پەلکێشی شەڕێک بکاتەوە کە هەرگیز خواستی نەبووە.
لیکتێگەشتنی نیوان ئەمەریکا و ئیران و کاریگەری بەسەر پرۆسەکەوە
لیکتێگەشتن لە نێوان ئەمەریکاو ئێران بە تەواوی دەرهاویشتەی خواستی هاوبەشی هەردوو وڵات نییە، بەڵکو فاکتەرە ناوچەیی و دەرەکیەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر پەیوەست بوون بە پرۆسەکەوە هەیە، بەنموونە پرسی حزبوڵاو دەستێوەردانە ناوچەییەکانی ئێران لە لایەک و خواستەکانی ئیسرائیل لەلایەکی تر، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بەکرداری بوونی پرۆسەکە هەیە، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دوای ئاگربەست وا پێدەچێت لێکتێگەشتنیش کارتێکی سوتاوی هەردوو وڵات بێت لە پێناو کۆمەڵێک بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولادا، بە تایبەت لە پرسی نەوت و وزەدا. بۆیە واقع پێمان دەڵێت، ئەوەی ئیستا دەگوزەرێت ڕەنگە هێوربوونەوەیەکی کاتی بێت، بۆیە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە، لەم ئەگەرەشدا پێدەچێت کورد سودمەندی سەرەکی بێت، لەلایەکەوە تورکیا ناچار بە ڕێککەوتن لەگەڵ کوردا دەبێت و پرۆسەی ئاشتی دەبێتە واقعێکی دانپیانراو لەلایەن تورکیاوە. لەلایەکی تریش بە لاوازبوون یان هەر گۆڕانگاریەک لە پرۆسەی سیاسی ئێران دەکرێت زەمینەی خەباتی مەدەنی بۆ بزووتنەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژەهەڵات بڕەخسێت. بۆیە بە هەموو پیوەرەکان دەکرێت بڵێین دووکەڵ لە تاران ئاشتیە بۆ کوردستان.
ئەوەی پێویستە لەم قۆناغەدا کورد خۆی بۆ هەموو ئەگەرە کراوەکان ئامادە بکات، گرنگتر لەوەش پشبەستنیەتی بە هێزی ناوەکی و خۆ بەدووەگرتن لە بەڵێنی درۆینەی سیستەمی سیاسی جیهانی و خڵەتاندنی کورد لە ژێر ناوی دەستەبەرکردنی مافەکانیدا ..