قسەی یەكەم
دۆخی حیزبایەتی پارتی
و یەكێتی پەیوەندی بە ئێمەوە نیەو ناتوانین قسە لەسەر ئەو دوو حیزبە بكەین، چونكە جۆرو
شێوەو سیاسەتی ئەم دوو حیزبە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیەو كادیرو ئەندامی خۆیان حەقی
ئەوەیان هەیە قسە بكەن. بەڵام لە دۆخی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان و ژیانی
سیاسی و كارگێڕی و دارایی و ئەمنی و ...هتد پەیوەندی بەهەموومانەوە هەیەو حەقی دەربڕینی
رای خۆمان هەیە. چونكە پەیوەستە بە ژیان و كاری هەمومانەوە.
كارێكی ئاساییەو
كێشە نیە
دوای راگەیاندنی
ئەنجامی هەڵبژاردن، ئەو پارت و لیست و لایەنانەی كە براوەی هەڵبژاردنن ئەجێنداو بەرنامەو
داواكاری خۆیان هەیە، هەندێكجار ئەم داواكاری و ئەجێندایە لەیەكتر دوورن و براوەكانی
هەڵبژاردن لەبری نزیك بوونەوە لەیەكتر، توشی بنبەست و ناكۆكی دەبن، ئەمەش وا دەكات
پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت گرێكوێرەی بۆ دروست بێت و لەناو كایەی سیاسی و حكومەتدارییدا
دۆخێكی سیاسی سروشتیەو ئاساییە، چونكە بیروباوەڕو كاركردن و بەرنامەی پارت و لایەنەكان
وەكو یەك نیە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیەو نابێت رووبدات بەردەوامی ناكۆكی و بن بەستەكەیە،
نەگەیشتنە بە چارەسەرێك، ئەوەی ئێستا لە كوردستان روودەدات لە دۆخی ئاسایی و سروشتی
تێپەڕیوەو ئیدی دەبێت چارەسەرێك بدۆزرێتەوە، چونكە مانایەك بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان
نەماوەتەوە.
ناوەندگەرایی
سروشتی پارتی لەو
جۆرە حیزبانەیە باوەڕی بە ناوەندگەری حیزبی و ئۆرگانیە، فرە باڵا و فرە سەركردەو فرە
مینبەرو ئاراستەی جیاواز لەناو پارتەكەدا قبوڵ ناكات، ئەمەش جۆرێكی حیزبایەتیكردنەو
نە كەموكورتیەو نە كارێكی نامۆیە، لە جیهاندا ئەم حیزبانە زۆرن كە ناوەندگەرین(مەركەزین),
حیزبی دایكن و خۆیان بە پارتی پێشڕەو دەزانن. بەڵام ئەم ناوەندگەرییە لە حیزبایەتی
هەندێك كێشەیان بۆ دەرەوەی خۆیان بۆ دروست دەكات: هەمیشە وەك چۆن لەناوەوەی خۆیان رەفتار
دەكەن بەهەمان شێوە لەگەڵ پارت و لایەنی دیكەش رەفتار دەكەن. چۆن لەناو ئۆرگانی حیزبی
خۆیان كار دەكەن هەمان شێوە لەناو دائیرەو حوكمڕانیدا مامەڵە دەكەن. چۆن لە بڕیاری
خۆیاندا ناوەندگیرین بەهەمان شێوە دەیانەوێت لەناو حكومەتیشدا ناوەندگیربن. كاتێك حكومەت
دەگرنە دەست ناوەندگیری حیزبیان دەگوازنەوە بۆ ناو هەرەمی حكومەت. ئەم بابەتە لایەنی
باشی هەیەو مەرج نیە بەتەواوی رەتكراوە بێت، بەڵام بۆ دۆخی سیاسی و بونیادی حكومەتی
هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نیە كە روونی دەكەینەوە.
فرە حكومەت
لەیەكەم رۆژی دروستبوونی
حكومەتی هەرێمی كوردستان فرە سیاسی و حیزبی و جیاواز بووە، واتە ناوەندگەری نەبووە.
ئەم دۆخە بۆتە كولتورو بونیادو پێكهاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەیری پێكهاتەی یەكەم
كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن دوو پارت و سێ پارت بەشدارن و جیاوازی و فرە
مینبەری تێدایە، بۆیە كاتێك پارتی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و وەزارەتە سیادیەكان
و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمانەی هەموو دەكەوێتە دەست، هەر زوو كولتوری ناوەندگەرایی حیزبی
خۆی گواستەوە ناو ئەم دامودەزگایانەو لەگەڵ حیزبە بەشدارەكانی ناو كابینەكە ئەم جۆرە
لە ناوەندگەرایی بە پارتیەوە دیارە. بۆ نمونەش زۆرینەی رەهای كۆبونەوە گرنگەكان سەردان
و شاندە فەرمیەكان هەمویان پارتی بوونە، سەیری ئەرشیف بكەن سەردانی سەرۆكی هەرێم و
حكومەت بۆ وڵاتان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكەكان زۆر بە دەگمەن بەرپرس و جێگرو وەزیرو
كاربەدەستانی حیزبەكانی دەرەوەی پارتی تێدایە. ئەمە ئەم دۆخە ناوەندگیریەیە كە لەرووی
حیزبایەتی پارتی كاری لەسەر دەكات. ئەمەش كەموكورتی و كێشە نیە چونكە خۆی جۆری سیاسەتكردنی
پارتەكە وایە، یان دەبێت رازی بیت یان ئەوەتە دەتوانیت لەدەرەوەی حكومەت و كاركردن
بیت لەگەڵ ئەم پارتە. واتە پارتی هیچ دووڕوویەكی نیە لە سیاسەتكردن و راستگۆیانە تەعبیر
لە جۆری بونیادی سیاسی خۆی دەكات، كاتێكیش تۆ پێی رازی نیت دەتوانیت كار لەگەڵ پارتی
نەكەیت.
چارەسەری نیە
ئەم دۆخە چارەسەری
نیە، حكومەت پێك بێت یان بەمجۆرە بێت هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە كوردستان بە كردارەكی
دابەش بووە، هەرێمی كوردستان چوار پارێزگاو چوار ئیدارەی سەربەخۆیە(هەڵەبجەو سلێمانی
و گەرمیان و راپەڕین) بە رەهایی لە دەست یەكێتیەو پارتی بڕیاری پۆلیسێكی بەدەست نیە.(هەولێرو
دهۆك و سۆران و زاخۆ) بەرەهایی لە دەست پارتیەو یەكێتی بڕیاری پۆلیسێكی لە دەست نیە.
بە رێكی و خەتێكی راست و دروست ئیدارەی هەرێمی كوردستان كراوەتە دوو كەرتی وەكو یەك
و هەر حیزبە حاكمی رەهای كەرت و زۆنی خۆیەتی.
چارەسەری دیكە بەڵام
بۆ دۆخی كوردستان دوورن، لەوانە: ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و دۆڕانی ئەم دوو پارتەو
هاتنە پێشەوەی لیست و قەوارەی تر، ئەمەش ناكرێت، چونكە خەڵك لە پارتی و یەكێتی تووڕەیە
بەڵام لە هێزەكانی دەرەوەی ئەم دوو حیزبە نائومێدە، تووڕەیی چارەسەر دەكرێت، بەڵام
نائومێدی برینە.
یان خۆپیشاندان و
مانگرتنی سەرتاسەری بكرێت و ئەم دوو پارتە ناچار بكرێن تەنازوول بكەن، ئەمەش ناكرێت،
چونكە رۆحی مانگرتن و خۆپیشاندانیان كوشت، لەوانەیە بە گروپی بچوك بچوك بكرێت بەڵام
ناتوانێت رای گشتی دروست بكات. پاشەكشەی بزووتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنەكانی دوای ئەو،
زەبرێكی زۆر گەورەی لەئیرادەی گۆڕانكاری سیاسی داو ئاسان دروست نابێتەوە.
كاریگەری دەرەكی
فشاری ئەمریكاو وڵاتانی
رۆژئاوا دەتوانێت پارتی و یەكێتی بترسێنێت، بەلام ناتوانێت بونیادی بیركردنەوەی حیزبیان
بگۆڕێت، ئەمە كولتورێكی دێرینەی ناو ئۆرگانی خۆیانەو ئاسان ناگۆڕێت، یەكێتی فێری قبوڵكردنی
ئەم ناوەندگیریە نیەو دەبێت پارتی ئەوە بزانێت یەكێتیەكان و حیزبەكانی دیكەی كوردستان
فێری جیاوازی و بڕیاری خۆیان و مامەڵەی تایبەتی خۆیانن، ئاسان نیە بەم كولتورە ناوەندگەرییە
رازی بن، بەرامبەرەكەش راستە واتە ناشكرێت داوا لە پارتی بكەیت وەك تۆ حیزبایەتی بكات
كە را نەهاتووە لەسەری و فۆرمی خۆی هەیە. بۆیە تەنازولی دوولایەنە بۆ لەیەك نزیكبونەوە
گرنگە بۆ ناوەوەی حكومەت، نەك ناوەوەی حیزب، چونكە كاری حیزبی پەیوەندی بەخۆیانەوە
هەیەو ئێمە ئەو مافەمان نیە تەداخول بكەین.
توركیاو ئێران و
دۆخی ناوخۆی عێراق و ئەم دابەشكارییە هەرێمیە، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر سیاسەتی ئەم
دوو حیزبە هەیە، پارتی پێی وایە ئێران لە پشتی یەكێتیە بۆ داواكاریەكانی و شیعەو بەرەی
مقاوەمە دەیانەوێت هەژمون لەسەر هەولێر دروست بكەن. یەكێتیش پێی وایە توركیا لە پشت
پارتیەو نایەوێت فرەیی سیاسی و كابینەیەكی هاوسەنگ و بەهێز دروست بكرێت و توركیا وای
دەبینێت بەرەی ئێران نزیكە لە پەكەكەو نەیارەكانی توركیاو نایەوێت لەهەولێر هەژمون
پەیدا بكەن.
بێگومان ئەم جۆرە
سیاسەت و ئاراستەیە لە دەوڵەتە هەرێمایەتیەكان هەیەو نایشارنەوە، بەڵام دەبێت پارتی
و یەكێتی بە توندی روبەڕووی ئەم جۆرە تەداخولانە ببنەوە، بەس راستیەك هەیە نابێت نادیدەی
بگرین، ئێران و توركیا دراوسێی هەمیشەیی ئێمەن و زلهێزی ناوچەكەن كورت بینی و خراپە
حساب بۆ پێگەو رۆڵ و جوگرافیای سیاسیان نەكەین. بۆ پێكهێنانی حكومەت كوردستانی بیربكەینەوەو
دبلۆماسیانەو هاوسەنگ رەفتاری عێراقی و هەرێمایەتی بكەین!.
كۆتایی
ئەم دۆخەی كوردستان
ئاوا دەبێت، پێكهێنانی حكومەتیش برینەكە چارەسەر ناكات، چونكە بەكردەوە هەرێمی كوردستان
دوو ئیدارەییەو عەقڵیەتی پارتی و یەكێتی لەجۆری بەڕێوەبردنی كوردستان لەیەكتر جیاوازە،
بەڵام دەكرێت لە پرسی نیشتمانی و كاراكردنی دامەزراوە نیشتمانیەكانی وەك پەرلەمان و
سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت نەرمی و تەنازوول بۆ یەكتر بكەن و تا هەڵبژاردنی
داهاتوو لەسەرەوە پێكەوەبن و لەخوارەوەش دوو ئیدارەو دوو هەرێم و دوو حكومەت.
ئهمه خواستى
گشتى نيه, بهڵام حهقيقهتى مهيدانى ناو كوردستان ئهوهيهو تهواو.