چەمکی نێرسالاری جیایە لەگەڵ پیاوسالاری ، پیاو هێمای پیاوەتی و شەهامەت و داکۆکیکردن لە کەسانی لاواز و دادپەروەریە ، نێرسالاری واتە پێدانی سەڵاحیاتی« قەدەغەکراو » و « تاوانبار » بەرانبەر بە ژن و ، پەروەدەکردنی منداڵ بەوەی لەڕووی بایەلۆژیەوە باڵادەستن بەسەر مێینە لەڕووی جەستە و عەقل و دەروونەوە ، فاشیزمی نێرسالاری و ، فاشیزمی ئایینی جمکن و لەناو یەک هێلەکەداندان و لەیەک مەمکە پیسەکە شیر دەخۆن ، لاوازی یەکیان لاوازی ئەوی ترە و بەهێزی یەکیان بەهێزی ئەوەی ترە.
ئەگەر ئێمە وەک گەلی کوردستان بەسەر فاشیزمی سیاسی وەک تەوژمێکی سیاسی و هزری سەرکەوتبین ، بەڵام نەمانتوانیوە بەسەر فاشیزمی نێرسالاری سەرکەوین کە هەروا لە برەودایە ، کوردستان پێویستی بە « شۆڕشێکی ڕۆشنبیری » هەیە بۆئەوەی ڕۆشنبیری نێرسالاری نەهێڵێت کە کۆنتڕۆلی عەقل و بیروهزر و سۆزی کردووین ، سەیری هەندێک سەکۆی ئەلکترۆنی دەکەیت کە پڕە لە فەتوا دژی ژن ،دژی جلەبەرگی ، دژی خۆڕازاندنەوەی ، دژی بۆن و بەرامی دژی دەرچوونی لە ماڵ ، هەمووی بە حەرام دادەنێن ، بەڵام لەکن ئەوان دووژن و سێ و چوار ژن کە وەک کۆیلە مامڵەی لەگەڵ دەکرێت حەرام نیە و ئاساییە.
ئەوەی جێگیرە دەروازە فقهیەکان ، بەتایبەتی سەلەفیەت ، وازیان لە خولیای نێرایەتی بەرانبەر ژن نەهێناوە و ، ژن لەکن ئەوان ئامرازێکە بۆ تێرکردنی شەهوەت و کپکردنی غەریزە شەڕانگیزیەکان بۆیە بە یەک ژن و دوو و سێ و زیاتر ناوەستن و تا دەگاتە وەسوەسەی قەهری و شزوزێک کە دەبێتە حالەتی نەخۆشی لێیان و ، لە کۆمەڵگای ئێمەی نێرسالاری و هەنگاونان بەرەو فاشیزمی نێرسالاری ، نەخشەی « ڕەوشت » بە « حەلال » و « حەرام » رەسمدەکرێت ، بە دەستەواژەی مەوروسی ئایینی و لە ئەلفەوە تا یاو موقەدەسە و نیشانەی سەرسوڕمان و ئیستیفهام قبوڵ ناکات ، ڕەوشت ئەوە نیە تۆ گێچەڵ بە کچ بکەیت و پلە و پایە و مامۆستایەتی بقۆزیتەوە بۆ گێچەڵکردن بە مێیە وەک ئەوەی لە هەندێک کورتە ڤیدۆ دەیبینین ، مایەپووچ ئەو کەسە نیە پارە لەدەست بدات یان لە بازرگانی زەرەر بکات.
بەتەئکید ئەو زەرەرانە تاڵ و ناخۆشن ، بەڵام مایەپوچی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ئەخلاق لەدەست دەدات ، مایەپوچی ئەخلاقی بەرەو مایەپووچی روحیت دەبات ، گەلی کوردستان هەر لەسەرەتاوە خاوەن کۆمەڵێک بەهای ئەخلاقی واتە پیاوەتی بەرز وەکو سوارچاکی و شەهامەت و ڕێزگرتن و کەڕەم و یارمەتیدان….تاد بووە و ڕووت نەبووە لە ئەخلاق کە خەریکە ئەوانەش لەدەستدەدات ، وەکو ئەوەی ئێستا لە هەندێک کەسایەتی گشتی ئایینی دەیبینیت کە داچۆڕانی ڕەوشتە ، سەیرکردنی ژن و مامڵەکردن لەگەڵی وەک بوونەوەرێکی نزم و فرەژنی و هەر تەنها بۆ تێربوون لەو سەردەمە لەڕووی ڕەوشتیەوە قبوڵکراونیە ، لەو جیهانە ملیۆنەها کەس هەن هیچ ئاینێکیان نیە ، بەڵام لووتکەی ئەخلاقن و وێژدانێکی ئازاد و مرۆییان هەیە و زۆریش پێشکەوتوو و هاوچەرخن و ، هەر ئەو وڵاتەن کە ژنە موسڵمان و موسڵمان هەڵدێن و دەچنە ئەوێ و ، چێژ لە ماف و ئازادیە مرۆییەکان وەردەگرن کە لە وڵاتەکەی خۆیان لەباربراوە .