کاتێک هەژموون و سۆز تێکەڵ دەبن: خوێندنەوەیەکی دەروونی بۆ پەیوەندیی نێوان مامۆستا و فێرخواز لە زانکۆدا

نزار گزالی
تۆمەتبارکردنی یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان بە گێچەڵی سێکسی، جارێکی دیکە گەنگەشەیەکی ھەستیاری هێنایەوە بەرباس کە ساڵانێکە بوونی هەیە، بەڵام زۆربەی کات لە پشت دەرگا داخراوەکاندا مابووەوە: سنوورەکانی پەیوەندیی نێوان مامۆستا و فێرخواز، و چی رودەدات کاتێک دەسەڵاتی ئەکادیمی دەگۆڕێت بۆ فەزایەک کە تێیدا حەزە کەسییەکان لەگەڵ رۆڵ و پێگەی پیشەییدا تێکەڵ دەبن.

ئەم کەیسە نابێت تەنیا وەک روداوێکی تاکەکەسی و بەستراو بە کەسێک یان شوێنێکی دیاریکراوەوە بخوێندرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک دیاردەیەک سەیر بکرێت کە پێویستی بە گفتوگۆیەکی قووڵتر هەیە لەسەر سروشتی پەیوەندیی نێوان ئەو کەسەی خاوەنی دەسەڵاتە و ئەو کەسەی لە پێگەی وەرگرتن و ملکەچبووندایە بۆی.

چونکە زانکۆ شوێنێکی ئاسایی نییە کە تەنیا کەسانی پێگەیشتوو تێیدا کۆببنەوە، بەڵکو دامەزراوەیەکە کە خاوەنی پێگەو پێکھاتەیەکی بەهێزە. مامۆستا وەک تاکێکی ئاسایی نایەتە نێو ژیانی فێرخوازەوە، بەڵکو  کەرەستەی راستەقینەی کاریگەریی بەدەستەوەیە بریتیە لە: هەڵسەنگاندن، نمرەدانان، سەرپەرشتیکردن، راسپاردەکردن، و توانای ھەبوونی کاریگەری لەسەر داهاتووی ئەکادیمی و پیشەیی فێرخوازەکە.
کاریگەریی ئەم جۆرە کەیسانە تەنیا لە سنووری پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی یان لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا ناوەستێتەوە، بەڵکو دەرکەوتنی ئەم جۆرە روداوانە بە ئاشکراو لە رای گشتیدا، کاریگەرییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی بەرفراوانتر جێدەهێڵێت. زۆرێک لە خێزانەکان، بەتایبەت ئەو دایبابانەی کور و کچەکانیان دەنێرنە زانکۆ، وەک نێوەندێکی ئارام بۆ گەشەکردن، فێربون، بەرەوپێشڤەچون سەیری دەکەن. کاتێک ئەم وێنەیە دەشێوێت، دڵەڕاوکێیەکی قووڵ سەبارەت بە سەلامەتیی منداڵەکانیان و داهاتوویان لەنێو ژینگەی پەروەردەییدا سەر هەڵدەدات.

ئەم دڵەڕاوکێیە بە واتای حوکمدان بەسەر هەموو مامۆستایاندا یان گومانکردن لە دامەزراوە پەروەردەییەکان نییە، بەڵکو دەرخەری ئەوەیە کە کۆمەڵگە پێویستی بە پاراستنی ئەو متمانەیە هەیە کە خێزان و زانکۆ بە یەکەوە دەبەستێتەوە. زانکۆ تەنیا باڵەخانەیەک نییە بۆ خوێندن، بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین ئەو دامەزراوانەی کە کۆمەڵگە بۆ بنیاتنانی مرۆڤپەروەری پشتی پێ دەبەستێت. کاتێک خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەنێو زانکۆدا رودەدات، زیانەکە تەنیا بەر یەک تاک ناکەوێت، بەڵکو رەنگە درێژبێتەوە بۆ شێواندن و روخاندنی بەشێک لەو متمانەیەی کە لە نێوان کۆمەڵگە و تەواوی سیستمی زانستی و ئەکادیمیدا هەیە.

ھەر بۆیە، پرسیارە دەروونی و ئەخلاقییەکە نابێت تەنیا ئەوە بێت:
"ئایا هەردوولا پێگەیشتوون؟" بەڵکو پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە: "ئایا پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای ئازادییەکی هاوسەنگ بووە یان لەسەر تەرازوویەکی نادادپەروەری هێز؟"

له دەرونزانیدا، دەسەڵات تەنیا بە پێگەی فەرمی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای کەسێک بۆ کاریگەری لەسەر بڕیارەکان و داهاتووی کەسێکی دیکە پێوانە دەکرێت. مامۆستای زانکۆ لە یەک کاتدا خاوەنی دەسەڵاتێکی رەمزی و کردارییە. ئەو فێرخوازەی پێویستی بە سەرکەوتن (دەرچوون)، پاڵپشتی زانستی، یان هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە هەیە، رەنگە خۆی لە دۆخێکی ئاڵۆزدا ببینێتەوە، چونکە ئەو تەنیا مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا ناکات کە سەرسامە پێی یان متمانەی پێیەتی، بەڵکو لەگەڵ کەسێکدایە کە توانای کردنەوە یان داخستنی دەرگاکانی بەردەمیدا هەیە. لێرەشەوە کێشە سەرەکییەکە دەردەکەوێت: تەنانەت ئەگەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆش نەبێت، بوونی ئەم جیاوازییە لە هێزدا، پەیوەندییەکە بەرەو شێواندن دەبات. فێرخوازەکە رەنگە بایەخدانی ئەکادیمی وەک بایەخدانی کەسی لێکبداتەوە، و رەنگە سەرسامبون بە مەعریفە و بەستنەوەی بەو کەسەی کە سەرچاوەکەیەتی تێکەڵ بکات. ئەمەش دیاردەیەکی ناسراوە لە دەرونزانیدا بە ناوی "گواستنەوەی سۆزداری" (Emotional Transference)، کە تێیدا ئەو هەستانەی بە متمانە یان گەڕان بەدوای رێنماییدا بەستراونەتەوە، دەگوازرێنەوە بۆ کەسایەتییەک کە خاوەن پێگەیەکی دەسەڵاتدارییە.

بەڵام ئەو مامۆستایەی کە سنوورێکی پیشەیی روون و دیاریکراو دانانێت، رەنگە تووشی هەڵەیەکی ئەخلاقیی مەترسیدار بێت، چونکە رێگە دەدات پەیوەندییەکی پەروەردەیی بگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی کەسیی نا ھاوسەنگ. ھەربۆیە لە زۆرێک لە زانکۆکانی جیهاندا، سەیری پەیوەندیی نێوان مامۆستا و فێرخواز وەک تەنیا "بژاردەیەکی کەسی" ناکرێت، بەڵکو وەک بابەتێکی "بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان” (Conflict of Interest) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

 لەبەر ئەمەشە کە زۆرێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکان رێسایەک دادەنێن کە رێگری لە پەیوەندییە سۆزداری یان سێکسییەکان دەکات لە نێوان مامۆستا و فێرخوازەکاندا، بەتایبەت کاتێک مامۆستاکە بەرپرسیار بێت لە هەڵسەنگاندن یان سەرپەرشتیکردنی فێرخوازەکە. هۆکارەکە ئەوە نییە کە هەست و سۆز قەدەغە بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە زانکۆ تێدەگات ژینگەی پەروەردەیی پێویستی بە متمانە و دادپەروەری هەیە. کاتێک فێرخوازان هەست دەکەن نرخاندنی ئەکادیمی رەنگە بکەوێتە ژێر کاریگەریی پەیوەندییەکی کەسییەوە، بنەمای دادپەروەری خۆی دەکەوێتە مەترسییەوە. تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە بە هاوسەرگیری کۆتایی دێت، کێشە پیشەییەکە هەر دەمێنێتەوە لەو ماوەی مامۆستاکە لە پێگەی دەسەڵات بەسەر فێرخوازەکەدا بووە، چونکە پەیوەندییەکە لە ژینگەیەکی نایەکساندا دەستی پێکردووە.

کێشەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق نەبوونی سنووری روون و دیاریکراوە، ئەم بابەتە هێشتا پێویستی بە گفتوگۆیەکی دامەزراوەیی روونتر هەیە. نەبوونی رێنمایی ورد و راشکاو بۆ رێکخستنی ئەم پەیوەندییانە لەنێو زانکۆکاندا، پانتاییەکی خۆڵەمێشیی مەترسیدار جێدەهێڵێت. لەبەر ئەوە، لێرە و لەوێ حاڵەتی هاوسەرگیری لە نێوان مامۆستایان و فێرخوازانی پێشوویاندا دەبینین، کە هەندێک جار بە شانازییەوە و بە دەستەواژەی وەک: "هاوسەرەکەم قوتابی خۆم بوو" باسی بابەتەکە دەکەن. بەڵام لە روانگەیەکی دەروونی و پیشەییەوە، پرسیارەکە پەیوەندی بەوەوە نییە کە دوای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکە چی رویداوە، بەڵکو پەیوەندی بەو چوارچێوەیەوە هەیە کە تێیدا دەستی پێکردووە. ئایا فێرخوازەکە بەڕاستی توانای بڕیارێکی سەربەخۆی هەبووە لە کاتێکدا دەیزانی لایەنی بەرانبەر خاوەنی دەسەڵاتە بەسەر داهاتووی خوێندنیەوە؟ ئەمە سەرکۆنەکردنی هەموو پەیوەندییەکی نێوان دوو کەس نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ تێگەیشتن لە جیاوازیی نێوان پەیوەندییەکی کەسیی سروشتی و پەیوەندیێک کە توخمەکانی دەسەڵات و هەڵسەنگاندن تێدا بەشدارن.

لێرەوە دەبێت لەسەر ئەوە کۆکبین کە هەموو لێکنزیکبوونەوەیەکی نێوان مامۆستا و فێرخواز گێچەڵ نییە، و هەموو پەیوەندییەکی سۆزداریش بە تەنیا تاوان نییە. بەڵام هێڵە جیاکەرەوەکە روونە: کاتێک دەسەڵات، نمرە، یان پێویستیی ئەکادیمی بۆ کاریگەری لەسەر فێرخوازەکە بەکاردەهێنرێت،ئیدی بابەتەکە قسەکردن لەسەر پەیوەندییەکی سۆزداری نییە، بەڵکو باسی "قۆستنەوە و ئیستغلالکردن" دەکەین. ئەگەر مامۆستا گوشارێکی دروستکرد، یان دەرچون و دەرنەچونی بەستەوە بە قبوڵکردنی پەیوەندییەکەوە، یان ترسی فێرخوازەکەی لە داهاتووی خوێندنی قۆستەوە، ئەوا بابەتەکە لە بواری ئەخلاقی پیشەییەوە دەچێتە بواری بەرپرسیارێتی یاساییەوە. چونکە فێرخوازەکە لەم دۆخەدا تەنیا روبەڕوی کەسێکی ئاسایی نابێتەوە، بەڵکو روبەڕوی تەواوی دامەزراوەیەک و کەسێک دەبێتەوە کە خاوەنی دەسەڵاتە لە ناویدا.
ھەموو ئەمانەش برینێک جێدەھێڵن کە لە روداوەکە قوڵترو بەئازارترە، بەھۆی کارکردنم لە بواری دروستی دەرونیدا، دەبینم کە زیانی ئەم جۆرە حاڵەتانە بە کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکە یان ئاشکرابوونی کەیسەکە کۆتایی نایەت. زۆرجار ئازارە دەرونیە قوڵەکە، داڕووخانی متمانەیە. فێرخوازەکە رەنگە پێداچوونەوەی تەواوی ئەزموونی خۆی بکات و بپرسێت: ئایا سەرکەوتنم بەهۆی هەوڵی خۆمەوە بوو؟ ئایا هاوکارییەکە ئەکادیمی بوو یان کەسی؟ ئایا وەک خوێندکارێک قەدرم دەگیرا یان تەنیا بەکاردەهێنرام؟ ئەم جۆرە پرسیارانە رەنگە کاریگەری بکەنە سەر  تێروانین وێنای مرۆڤ لەسەر خۆی، و لەسەر پەیوەندییەکانی داهاتووی لەگەڵ دەسەڵات و بەرپرسانی لە ژینگەی کارکردندا. هەندێک کەس دوای ئەم ئەزموونانە لە ترسی لەدەستدانی قبوڵکردن زۆر ملکەچ دەبن بۆ هەر کەسایەتییەکی خاوەن دەسەڵات، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە دەگۆڕێن بۆ یاخیبوون و رەتکردنەوەی تەواوەتیی هەر دەسەڵاتێک بەهۆی ھەستی پێشوویان بە بێدەسەڵاتییەوە. لە هەردوو بارەکەدا، ئەزموونەکە شوێنەوارێک جێدەهێڵێت کە لە سنووری زانکۆ تێدەپەڕێت.

دەبێت ئەوەش بزانین کۆمەڵگە وەک تەنیا فەرمانبەرێک سەیری مامۆستای زانکۆ ناکات، بەڵکو وەک نموونەیەکی فیکری و ئەخلاقی دەیبینێت. لەبەر ئەمەشە کاتێک کەسێک لە پێگەیەکی ئەکادیمیدا بێت بەرپرسیارێتییەکەی گەورەتر دەبێت،  رەنگە مەزنتریش سەیر بکرێت کاتێک ئەم رۆڵە لەگەڵ پێگەیەکی ئاینی یان کۆمەڵایەتیدا کۆبکاتەوە، چونکە کۆمەڵگە ئاستێکی زیاتر لە متمانە و چاوەڕوانیی پێ دەبەخشێت. خراپ بەکارهێنانی هەر پێگەیەکی هەژموون و باڵادەستی، تەنیا هەڵەیەکی کەسی نییە، بەڵکو لێدانێکە لەو متمانەیەی کە لە دەوری ئەم پێگەیە بنیات نراوە.
لەکوتاییدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم پێویستە بە روونی مامەڵە لەگەڵ ئەم مەلەفەدا بکەن، نەک تەنیا بە مەبەستی سزادان، بەڵکو بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی پەروەردەیی.

 پێویستمان بە سیاسەتێکە کە رێگری لە بەرییەکەوتنی بەرژەوەندییەکان بکات، و سنوورەکانی پەیوەندیی پیشەیی نێوان مامۆستا و فێرخواز روون بکاتەوە، و میکانیزمی ئارام بۆ سکاڵا و لێکۆڵینەوە دابین بکات. چونکە ئەو زانکۆیانەی کە فێرخواز لە گێچەڵ لە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات نەپارێزێن، لە گرنگترین ئەرکی خۆیاندا شکست دەھێنن: کە بریتییە لەوەی شوێنێک بن بۆ گەشەکردن و مەعریفە، نەک شوێنێک بۆ ترس یان دەستخەرۆکردن (الابتزاز). مامۆستای راستەقینە تەنیا بە ژمارەی ئەو توێژینەوانەی کە بڵاوی کردوونەتەوە یان ئەو بڕوانامانەی کە بەدەستیھێناون پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە توانای رێزگرتن لە سنوورەکانی ئەو رۆڵەی کە پێی بەخشراوە دەپێورێت.
• بەرێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەرونی وکۆمەڵایەتی لە EPU

28/06/2026




وتارەکانی تری نوسەر