هاواری من؛ بەڵگەنامەیەکە لەسەر سەدەیەک لە نادادی

سلێمان مستەفا

من مرۆڤێکی ترسەنۆکم، ئەگەر ترسەنۆک نەبام، زۆر توندتر دەهاتمە گۆ. ئەم وتەیەی یەشار کەمال کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە کەسایەتیی یەشار کەمال. ئەو خۆی بە پاڵەوانی سیاسەت و کوردایەتی ناوزەد نەکرد و نەناساند، بەڵکوو وەک نووسەرێک کە هەوڵی دا دەنگی بێدەنەگان بگەیەنێتە گوێی جیهان. بەڵام هەمان ئەو ترسە وای لێکرد لە کاتێکدا زۆر کەس بێدەنگ بوون، قسە بکەن، ئەو بە شێوازێکی جیاواز بەرخودانی دەست پێکرد بۆ ئەوەش قەڵەم و وشە ئەو چەکە بوون پەنای بۆ بردن.

هەندێک جار کتێبێک تەنها کتێب نییە. هەندێک جار نووسەرێک تەنها نووسەر نییە. هەندێک جار وشەکان تەنها لەسەر کاغەز نانووسرێن، بەڵکوو لەسەر دڵی خەڵک و مێژووی نەتەوەکان تۆمار دەکرێن.

کتێبی (هاواری من) لەو جۆرە کتێبانەیە، هاواری من، هاواری من بۆ ئێوەیە، ناوی کتێبێکی نووسەری ناوداری جیهانی یەشار کەمالە، کتێبەکە کۆکراوەی وتار، چاوپێکەوتن، نامە و بەرگری‌نامەی یەشار کەمالە؛ بەڵام لە ڕاستیدا تەنها کۆمەڵە دەقێکی جیاواز نییە، بەڵکوو بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و سیاسییە لەسەر سەدەیەک لە نکۆڵی، نادادی و خەبات بۆ ئازادی.

کاتێک یەشار کەمال ئەم ناونیشانەی هەڵبژارد، بە سادەیی نووسیوویەتی؛ زۆر هاوارم نووسی، گوتم با هاوارەکانی بیست ساڵی تەمەنی خۆم کۆبکەمەوە، بەڵام ئەوەی لە دوو توێی بەرگی ئەم کتێبەدا کۆکراوەتەوە تەنها هاواری نووسەرێک نییە؛ هاواری سەدەیەکە، هاواری گوندە سووتێنراوەکانە، هاواری زمانی قەدەغەکراوە، هاواری مرۆڤە بێدەنگکراوەکانە، هاواری جینۆسایدی گەلێکە.

ئێمە لە باشووری کوردستان زۆرێک لە خوێنەران یەشار کەمالمان لە ڕێگای ڕۆمانی حەمەدۆکەوە ناسی، کە بە بۆچوونی بەندە ڕۆمانی حەمەدۆک ڕۆمانی مرۆڤی ناچارییە، ناچارییت پەنا بۆ سەرهەڵدان و شۆڕش و بەرخودان بەریت بۆ ماف بۆ ژیان، بۆ ئازادی بۆ ڕزگاری، چونکە دەرگای بژاردەکانی تریان داخست بەڵام یەشار کەمالی (هاواری من) جیاوازە. لێرەدا ڕۆماننووسەکە جێگای خۆی بە ویژدانێک دەدات کە ناتوانێت لە بەرامبەر نادادی بێدەنگ بێت.

لە هەموو لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا پرسیارێک دووبارە دەبێتەوە؛ چۆن وڵاتێک دەتوانێت خۆی بە دیموکرات بناسێنێت، بەڵام دان بە بوونی بیست ملیۆن مرۆڤدا نەنێت و زمانیان قەدەغە بکات و بە کێوی ناویان ببات؟

یەشار کەمال کێشەی لەگەڵ دیموکراسی تورکیادا هەبوو؛ تورکیا و کێشەی دیموکراسی سلۆگانێک بوو تا لە ژیاندا بوو بۆی جەنگا و باجی قورسیشی لەو پێناوە دا. لە چاوپێکەوتنەکانی، لە وتارەکانیدا یەشار کەمال بەردەوام دەبێژێت تورکیا هەرگیز دیموکراسییەکی تەواوی نەبووە. چونکە نەیدەشاردەوە و دەیگووت عەسکەر دژی دەستوور دەوەستنەوە دوای هەر خۆیان دەبن بە سەرۆک کۆمار، هەروەها دووپاتی ئەوەی کردۆتەوە دیموکراسی بەبێ:

ئازادیی ڕاگەیاندن، ئازادیی بیرکردنەوە، سەربەخۆیی دادگا، داننان بە فرەیی و یەکسانیی هاووڵاتیان، بوونی نییە و نابێت.

کاتێک ڕۆژنامە دادەخرێت، نووسەر دادگایی دەکرێت، زمانێک قەدەغە دەکرێت و هاووڵاتییەک بۆ ناسنامەی خۆی تاوانبار دەکرێت، ئەوە بە باوەڕی یەشار کەمال دیموکراسی نییە، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش هەبێت.

یەشار کەمال لە هاواری من باسی زۆر ژمارە دەکات، نەک وەک ژمارەی حیسابی بەڵکوو وەک ژمارەی خەتەرناک، ئەو باسی سێ هەزار تاوانی بکەری نادیار دەکات، باسی سی هەزار گوندی سووتێنراو دەکات، باسی سێ ملیۆن مرۆڤی ئاوارە و بێماڵ دەکات. بەڵام لە پشت ئەو ژمارانەوە، تەنها ئامار نابینێت؛ ژیانی مرۆڤ دەبینێت. دەزانێت کە لە پشت هەر گوندێکی سووتاوەوە، دایکێک هەیە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕەکەیەتی، و لە پشت هەر ژمارەیەکدا چیرۆکێکی تەواو و نەبیستراو کارەساتبار هەیە.

یەشار کەمال نموونەی وتەیەکی (دۆغان گورەشی) سوپاسالاری تورکیا دێنێتەوە کە دەڵێت؛ بۆ گرتنی ماسییەکان، دەبێت دەریاکە وشک بکەین.

ئەم ڕستەیە تەنها ڕەخنە نییە لە سیاسەتێک؛ بەڵکوو پوختەی بیرکردنەوەی سەدەیەکە، بیرکردنەوەی یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت، بیرکردنەوەی گورگە بۆرەکان و تۆرانییەکانە، بیرکردنەوەی ئەوانەی نەژادی تورکیان لە سەرووی هەموو نەژادێکەوە دەبینی، ئەوانەی منداڵانیان فێر دەکرد بڵێن چەند دڵخۆشە ئەوەی دەڵێ تورکم، ئەوە سلۆگانی وتنەوەی بەیانیان بوو لە مەکتەب (تورکم، ڕاستم، زیرەکم) دەسەڵاتدارانی کۆماری تورکیای نوێ بەم شێوازە درێژەیان بە سیاسەتی تۆرانیزم داوە.

بۆیە کاتێک دەوڵەت بۆ چارەسەری کێشەیەک، گەلێک سزا دەدات؛ کاتێک بۆ گرتنی چەند کەس، هەزاران خێزان ئاوارە دەکات؛ کاتێک بۆ کوژاندنەوەی دەنگێک، زمانێک قەدەغە دەکات، کاتێک بۆ گرتن و کوشتنی ١٣ گەریلا داستانێک دەسووتێنن، ئەوە وەک وشککردنی دەریایەکە بۆ گرتنی ماسییەک.

یەشار کەمال هەرگیز پرسی گەلەکەی (کورد)ی وەک کێشەیەکی ئەمنی نەبینی، بە باوەڕی ئەو، کێشەی کورد، گرفتی دیموکراسیی تورکیایە، ئەم وتەیە تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، تەواوی فەلسەفەی ئەو لەخۆ دەگرێت، ئەو دەیزانی کە کاتێک زمانێک قەدەغە دەکرێت، دیموکراسیش قەدەغە دەکرێت. کاتێک ناسنامەیەک ڕەت دەکرێتەوە، هاووڵاتیبوونیش ڕەت دەکرێتەوە. هەروەها باسی دەستەواژەیەکی سەرۆک وەزیرانی تورکیا دەکات کە بەردەوام دووبارەی دەکردەوە و دەیگوت (یان تەواو دەبن یان تەواو دەبن)، یەشار کەمال دەڵێت لەوانەیە ئەڵمانەکان لەو ڕستەیە تێبگەن، کە دروشمێکە بۆ جینۆسایدکردنی نەتەوەیەک. یەشار کەمال بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز نووسی و هاواری کرد بەر لە هەر شتێک، کورد لە لۆزان ئەوەی دووپات کردەوە، کە ئەوان کەمینە نین. زیاد لە هەشتا ساڵیشە ئەوە دووپات دەکەنەوە، لێ بەرپرسانی تورکیا گوێیان لەو هاوارە نەبوو، باوەڕ ناکەم بەم زووانەش گوێیان لێبێت، هەرچەندە دنیا گۆڕاوە وگەلان و کەمینەکانیش لە زۆربەی وڵاتان بە مافی خۆیان گەیشتوون.

لە کتێبەکەدا بە ئازارەوە باسی ئەوە دەکات کە ماوەی سەدەیەک زمانی کوردی لەژێر فشاردابوو زمانی گەلێکی ٢٠ ملیۆنی قەدەغە کرا. بەڵام وەکنووسەرێک کە خۆی بە تورکی دەینووسی، هەرگیز نکۆڵی لە کوردبوونی خۆی نەکردەوە. ئەو باش دەیزانی ئەوەی مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ، تەنها نان و ئاو نییە؛ زمان و ئەدەب و بیرەوەریشە.

بۆیە کاتێک باسی زمانی گەلەکەی دەکات باسی زیندوویەتی ئەدەب و وێژەی دەکات، ناوی مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و عەڤدالێ زەینکێ یان عەبدالێ زەینەکێ دەهێنێت. دەیەوێت بڵێت ئەو گەلەی کە خاوەنی ئەو مێژوو و ئەدەبەیە، ناتوانرێت لە مێژوودا بسڕدرێتەوە.
لە لاپەڕەکانی (هاواری من)دا زۆر کەس دێن و دەچن؛ ڕۆشنبیران، شاعیران، ڕۆژنامەنووسان و زیندانییە سیاسییەکان. ناوی نازم حیکمەت دێنێت کە حەڤدە ساڵ لە زیندان مایەوە. ناوی سەباح تان دێنێت کە کوژرا. ناوی ئەحمەد عارف و ئۆڕهان کەمال دێنێت کە تووشی چ دەردەسەرییەک کراوە، ئەگەر لە ژیاندا مابووایە دڵنیام لەسەر ئاپۆ و سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانینان قسەی دەبوو. یەشار کەمال دەیەوێت بڵێت پرسی ئازادی، تەنها پرسی کورد نییە؛ پرسی مرۆڤە.

بەڵام لە هەموو ئەو ئازار و تاریکییەدا، یەشار کەمال هەرگیز ئومێدی لەدەست نەدا. دەبێت لێرەدا شایەتی ئەوەی بۆ بدەین کە جوانترین وتەی ئەوە لەم کتێبەدا ئەوەیە کە دەڵێت ئێمە دەزانین هێزی ئومێد چۆن مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ، مرۆڤایەتی لە قووڵایی نائومێدیدا ئومێد بنیات دەنێت.

ئەم ڕستەیە وەک ڕووناکییەک لە ناو هەموو تاریکییەکانی کتێبەکەدا دەدرەوشێتەوە. چونکە یەشار کەمال باوەڕی بە تۆڵە و ڕق نەبوو؛ باوەڕی بە گفتوگۆ و دیموکراسی و دانپێدانان هەبوو. ئەو هەرگیز نەیویست لە وشەکانیدا ئاگری شەڕ هەڵگیرسێنێت، بەڵکوو ویستی ڕێگایەک بۆ ژیانی هاوبەش بدۆزێتەوە.

ئەمەش وامان لێدەکات کە بەچاوی جیا لە کتێبی هاواری من بڕوانین و وای نەبینین کە کتێبێکە تەنها لەسەر کورد و بۆ کورد نووسرابێت. ئەم کتێبە بەڵگەنامەیەکە لەسەر ویژدانی مرۆڤ. هاوارێکە دژی نکۆڵی، هاوارێکە بۆ دادوەری، هاوارێکە بۆ دیموکراسی بۆ کۆماری هەمووان.یەشار کەمال دووپاتی دەکاتەوە، لە تورکیا ڕێگای دیموکراسی بە پرسی کورددا تێدەپەڕێت هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کورد مافە مرۆڤایەتییەکانی دەوێت؛ داواکاری زمانی دایک، مافی ژیان و کەرامەت، یەشار کەمال لە بەرگرینامەی لەبەردەم دادگای ئاسایشی تورکیا دەڵێت؛ لە کۆتایی دەڵێت هەموو نووسینەکانی من بۆ گەلەکەمە، داوای بەدەنگەوە هاتنە، هەروەها دەڵێت کەرامەتی مرۆڤی هەر وڵاتێک، بەقەد خاکی نیشتمانەکەی پیرۆزە.

ڕاستە یەشار کەمال بە جەستە ماڵئاوایی لێکردین، بەڵام لەکۆتاییدا لەپاش خۆی ٢٦ ڕۆمان و ١١ وتار ٩ دیمانەی بڵاونەکراوەی بۆ جێهێشتین، ئەو گوڵدانە پڕ لە وشە و پەیڤە سەرڕێژبووانە لە جوانی و پەیام و نووسین تا ئەبەد دەمێنن و شایەتی دەدەن، هەندێک دەنگ هەرگیز نامرن. چونکە هەندێک هاوار بۆ سەردەمێک نانووسرێن؛ بۆ مێژوو دەنووسرێن، بۆیە (هاواری من، هاواری من بۆ ئێوەیە) و ئەو هاوارە هێشتا لە گوێی مێژوودا دەنگ و هاوار دەکات.

ئەم کتێبە پڕیەتی لە زانیاریی ورد و نوێ بۆ هەندێکمان، یەشار کەمال کورد بە هاوبەشی گەلی تورکیا دادەنێت، ئەو دەڵێت؛ دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زۆربەی گەلان سەربەخۆییان وەرگرت بەڵام کورد ئەو کارەیان نەکرد بە خواستی خۆیان، ڕووسەکان زۆر خوازیاری ئەوە بوون کوردی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەگەڵ کوردانی قەوقاس دەوڵەتی کوردییان بۆ دروست بکات و یەکیان بخات بەڵام کورد بەڵێنی بە تورکیا دا پاڵپشتیان بێت بۆ دروستکردنی کۆماری نوێ، بەڵام کۆماری نوێ بوو بە کۆماری تورکەکان نەک کۆماری (تورک، کورد، چەرکەس، لاز، ئەلبانی، بۆشناغەکان) بەتایبەتیش بوو بە کۆماری مەرگ و  نکۆڵی و زیندان  گۆڕستان بۆ گەلی کورد.
هاواری یەشار کەمال بۆ ئازادی ودیموکراسی ومافی مرۆڤ و ژیان و کەرامەت و پێکەوژیان بوو.

لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە بەڕێز عیزەدین محەممەد بکەین کە کتێبەکەی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و پێشکەش بە موسا عەنتەر ئاپی موسا و دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی کردووە.


02/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر