لە چەند رۆژی رابردوودا پازدە جەنگاوەری کورد، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، شەهید بوون.
یازدە پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات و چوار گەریلای یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنوورەکانی پیرانشار و سەردەشت و مەهاباد. لە ڕووداوی جیاجیادا گیانیان بەخشی.
هەمانکات جموجۆڵە سەربازییەکان لە ناوچەکانی بانە و مەریوان و چەند ناوچەی تری رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.
ئەگەر بە پێوەری گورزلێدان و زیانپێگەیاندن بە دووژمن، ژمارەی شەهیدەکان بە زیانەکانی سوپای پاسداران بەراورد بکەین، زوو تێدەگەین ئەنجامی پێکدادانەکان ناهاوسەنگن لە بەرژەوەندی کورد نین!
پێناچێت ئەم ڕووداوگەلە لەم ماوە کورتەدا ڕێکەوت و خۆبەخۆ بن، بەڵکو زیاتر ئاماژەن بۆ بڕیارێکی سیاسی دەستبردن بۆ چالاکی سەربازی، کە گەلی ڕۆژهەڵات بەتایبەت و گەلی کورد بە گشتی، تا ئێستا هیچ زانیاری لەبارەوە نییە!
ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست، لە ڕۆژی دووشەمە، بیست و نۆی مانگی شەشی ئەمساڵ، ئاشکرای کردووە کە دەزگای موسادی ئیسرائیلی، پلانی چەکدارکردنی هێزە کوردییەکانی ئێرانی هەبووە، بەڵام سەرۆک ترەمپ ڤیتۆی لەسەر پلانەکەی ئیسرائیل داناوە.
ئایا ئەوەی ئێستا ڕوودەدات جێبەجێکردنی هەمان پلانی ئیسرائیلە، یان جمهوری ئیسلامی ئێران، لە ڕێگەی هێرشی بەردەوام بۆ سەر بارەگای هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە باشوور، توانیویەتی هەمووان بوروژێنێت و هەمووان ڕاپێچی شەڕێکی ناهاوسەنگ بکات؟
من گومان لە دڵسۆزی هیچ لایەن و کەسێک ناکەم، بەڵام دەبێت سەرکردایەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لە پاراستنی گیانی پێشمەرگە و گەریلا بەرپرسیارانە بڕیار بدەن.
دەبێت سەرکردایەتی حیزبەکانی رۆژهەڵات، بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خەڵکی گوند و شارۆچکە و شارەکانی ڕۆژهەڵات، بە بەرچاوڕوونی و بەرپرسیاریی گەورەوە بڕیاری چوونە ناو شەڕ یان ئاشتی بدەن.
لەم سەردەمە نوێیەیدا، جۆرەکانی خەبات زۆرن، هەڵەیە خەباتی گەلی ڕۆژهەڵات تەنها لە یەک فۆرمدا بچوک بکرێتەوە.
نابێت جەنگاوەری کورد بخرێتە ناو جەنگێکی ناهاوسەنگەوە. ئەگەر هەر ناچاریش کرا، پێویسیتە شەڕ بۆ خۆی و بۆ گەلەکەی و بۆ وڵاتەکەی بکات، پێویستە کورد سەربازی خۆی بێت، نەخشەی دیار و ئامانجی ڕوونی خۆی هەبێت.
حیزبەکانی رۆژهەڵات نابێت گەمەی ئیسرائیل و ئەمریکا و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەکانیان بیر بچێت، کاتێک هەموویان دژ یان بێلایەن، لەبەرامبەر شۆڕشی ئەیلولدا وەستانەوە و پشتیان لە کورد کرد!
بیرتان بێت چۆن پێشمەرگەی ئەیلول ناچار کرا، بڕنەوەکەی شانی بە دوو کەباب بگۆڕێتەوە!
کورتەی باسەکە لێرەدایە: ئەگەر بڕیارە شەڕ لە پێناو بەدەستهێنانی مافی گەلدا بێت و دەرفەت بۆ خۆلادان لە شەڕ نەمابێت، واتە ئەگەر هەر ناچار بە شەڕ بکرێین، پێویستە لە بەرامبەر قوربانیدانی پێشمەرگە و گەریلا، دەستکەوتەکانی گەلی کورد دیار بن. چیدی نابێت خوێنی کورد هەرزانفرۆش بکرێت!