خوایە، بەس نەبوو…سۆشیالمیدیا حوکمی نەکرد!!

محەمەد خۆشناو

حوکمی دەسەڵاتدارێتی پیاوانی ئایینی ترسناکە ، بەدرێژایی مێژوو یەک دەوڵەتی ئایینی سەرکەوتوو نەبووە و هەر هەموویان فەشەلیان هێناوە لەوانە ترسناکتر ئەوەیە کە ئەوانەی لە پشت  سۆشیالمیدیا  دادەنیشن ، ئەوانەی « مێشک بۆگەن » دەکەن و « پووچگەرایی » و « جەهالەت » بڵاودەکەنەوە حوکم بکەن و ، لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشن و بڕیار دەربکەن لەجیاتی پۆست و جریوە لە سەکۆکانی پەیوەندیدا ، بەتایبەتی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان کە بەشێکە لێی دەبێت تووشی چ ماڵکاولی و کارەساتێک بین !!

ئەوکاتە شاشەکە دەبێتە شوێنی توێکاری تەرم « المشرحە »ی دیگیتاڵی  لە خوێن و تووندوتیژی کە هاوسۆزی لەمیانی ژەمە دەرمان لە  تۆقاندن و دیمەنی شۆکهێنەر کە لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا دەبێتە شتێکی ئاسایی دەبینین و ، بینەر دەبێتە سێییانەی ؛ شۆک یان پووچگەرا یان تریند ، جا ئەوانە لەو گۆڕەپانەی ئەلکتڕۆنیدا  پڕبوونە لە شارەزایانی « سوپەر » ئەوانەی پسپۆرن لە هەموو شتێک ، ئەوان لەیەک کاتدا شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازی و پسپۆری خۆراک و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناس و ستراتیژین !!

زۆر کەس و لەزۆر وڵات بوونەتە قوربانی گەمەی ئەلکترۆنی سۆشیالمیدیا ، کوشتن هەر ئەوە نیە بە دەمانچە بکوژرێیت ، دەتوانێت کە هیچ پلە و پایەێکی ئەوتۆی نیە و لە سەرکردەکانی ڕای گشتیش نیە و پڕوپاگەندیەکت بۆ هەڵبەستێت یان بۆ کەسایەتی گشتی یان بۆ دەوڵەت یان حکومەت و،  پاشان داوای وەڵام دەکات و ئەمە دەچێتە ناو حسابەتی وەهمی بۆ بەشداریکردن و تەعلیقلێدان، بەمە ئەم بڵاوکراوە « تاکەکەسیە » دەبێتە ترێند و کاریگەریەکی ساختە دروستدەکات بەوەی کە ئەمە میزاجی گشتییە، لەکاتێکدا واقیعی ڕەسمی و میللی لەشوێنێکی ترە ، ئا ئەمەیە دەسەڵاتدارێتی ڕاستەقینە کە سۆشیالمیدیا داویەتە کەسانی ناتایبەتمەند یان ئەوانەی ئامادەکراون بۆ کارییگەریکردن لەسەر ڕای گشتی و حکومەتەکان ، لێرەدا سۆشیالمیدیا دەسەڵاتێک نیە بڕیاربدات، کە ئەمە پەیوەستە بە حکومەتەکان و پەرلەمانەکان و دادوەری ، بەڵام هەروەک لێکۆلەرەوەکان دەڵێن ، ئەمە وەکو حکومەتێکی شاراوەیە یان لایەنێکە ئەجندەی خۆی بەسەر حکومەتە ڕەسمیەکان و کۆمەڵگا دەسەپێنێت، هەروەها لێرەوە سۆشیالمیدیا دەبێتە دەسەڵاتی ئەمری واقیع ، چونکە کاتێک کێشەیەک دەبێتە ترێندی ناوخۆ یان جیهانی ، حکومەتەکان بەناچاری خۆیان وادەبیننەوە کە بڕیارێکی خێرا لەسەر ئەو کێشەیە بدەن، حکومەتیش بڕیار لەسەر بنەمای دیراسەتکردن یان پلاندان نادات.

بەڵکە بۆ مژینی تووڕەیی میللی و داواکاری خواستی جەماوەر دەکات ، لێرەوە وەهم بەسەر عەقلانیەتدا زاڵ دەبێت و ، وایلێدێت کە  ڕازیبین بەوەی کە تەوژمی میللی زاڵ شتێکی دیاریکراوی دەوێت ، لەکاتێکدا ئەوەی ڕوویدا شتێک نیە تەنها گەمەکردنی عاتیفی نەبێت ، لە سۆشیالمیدیا  زیاتر  سەردەمی دوای ڕاستی « ما بعد الحقیقە » بەدیاردەکەوێت ، ( تۆم نیکۆلز ) لە کتێبی « مردنی پسپۆری »یدا دەڵێت: گرفتەکە لەوەنیە کە خەڵک زۆرێک لە شتەکان نازانن ، بەڵکە ئەوان شانازی بەجاهیلبوونی خۆیان دەکەن ، ئەوان هەر بەوە ناوەستن بەلکە رەتی ئەوەدەکەنەوە کە ئەوەی پسپۆر و تایبەتمەندان گووتویانە و ، ئەمە بەوە دادەنێن کە ئەوەی ئەوان تەرحیانکردووە جۆرێکە لە دیموکراسیەت ، بەمە جیهان یەکسان دەبێت بە جەهالەت ، ستایش بۆخوا کە سوشیالمیدیا حوکم ناکات !!

04/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر