پارەو پوش و پەڵاش

لەتیف فاتیح

هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پارە بە ڕێگەی ڕەوا شكۆمەندیە ، بەڵام بە ڕێی ناجۆر بە پوشبوونە، لەم سەردەمەدا بیر كردنەوە لە ڕێگەی ڕەوا بۆ گەیشتن بە پارە زۆر كەم كاری لە سەر دەكرێت ، بەڵام بۆ ڕێگە ناجۆرەكە زۆرن ئەوانەی ملی خۆیان دەشكێنن، هەبوو ڕۆژو شەو بانگەشەی دادگەری و شەرافەتمەندی دەكرد كەچی لە پڕێكدا بۆ گەیشتن بە سەفتە دۆلار هەموو شتێكی لە بیر كرد هێشتاش دەیەوێت خەڵك وەكو جاران تەماشای بكەن و پێیان وابێت ئەوە شەڕ لە سەر دادگەری و یەكسانی و هاوئاستی مرۆڤەكان دەكات .

جاران هەمیشە بۆ چاولێنەكردن ئاماژە بە نمونەی خەراپی نێو كۆمەڵگە دەدرا، بۆ باشی و دروستیش هەمیشە ئاماژە بە چاكی نێو كۆمەڵگە دەدرا ، لەوە دەچێت ئێستا ئەم بابەتە زۆر ئاوە ژو بووبێتەوە ، ئەوە بۆیە خەڵكی لە سەرچاوەی دەسكەوت ناپرسێت و دەڵێت فڵانكەس چ بە خێرای دەوڵەمەند بوو ، ئێستا خێرا دەوڵەمەند بوون ئازایەتیە ، نەك ئەوەی لە كوێوە دەوڵەمەند بوو ، دوو گۆڕانكاری 1991و 2003 هەزاران للات و لوتی كردە ملیۆنێر، كەس سزا نەدرا ، ئەوانە دواتر بونە نمونەی باڵای نێو كۆمەڵگەو خەڵك لە بری بینینی ڕابردویان باسی پیاوەتی و خێرەو مەندیان دەكات ، سەردەمی هەلا هەلا بوون و ڕوكەشیە.

دۆستێكم زۆر لۆمەم دەكات كە هەرگیز بۆ خۆم نەبووم ، لە كاتێكا لە هەرزەكاریەوە  تا ناوەڕاستی نەوەدەكانیش هەموو جۆرە كارێكی شكۆمەندانەم تاقیكردوەتەوەبە گوڵە چنەشەوە ، ئەویش وەك من باسی مافی مرۆڤ و ئازادی و شكۆی مرۆڤی دەكرد ، ئێستا كە لە سەر وارەكەیە گاڵتەی بەو قسانە دێت و بە من دەڵێت بۆ حەلاوی باس كە، ئەو پارەو تەلارو ڤێللاو لیكززی هەیە، بەڵام شتێكی ون كردووە ، كامەران موكری لە نیوە بەیتێكدا بەو جۆرەی نیشانداوە :

ئەوی لە سامان نزیك بێتەوە

ڕەوشتی بەرزی بیر ئەچێتەوە

ئەشێت بۆ ماوەیەك پارە بەختەوەری و ژیانی خۆش دەستەبەر بكات ، لێ‌ كێشەیەكی نێو خودی مرۆڤ ، نێو ناخی ، نێو ویژدانی هەمیشە ئازاری دەدات ، نكوڵی لەمە ناكرێت ، تەنانەت بكوژو بێدەڵەكانیش لە پڕێكدا لە خۆیان دەپرسن گەیشتینە كوێ‌، بە پوش بوون بۆ مرۆڤی بیركەرەوە شەرمەزاریەكی گەورەیە، باكەسیش ئەوە نەڵێت ، خۆی بە خۆی دەڵێت ، هێزێك لەناو خۆیدا پێی دەڵێت ، ڕاكردن بە دوای پارەدا لێخنیەكی گەورەیە ، لێخنیەك كە زۆر زەحمەت كەسەكە خۆی لەبەردەم ئاوێنەكەدا بەو جۆرە خۆی دەبینێت، بەڵام ئەوانی تر هەموو دەیبینن، بینینێك كە زۆر ئابڕو بەرانەیە ، لەم ڕۆژانەدا كە لە عێراق لە ناو تەنور ، لە ناو زبڵخان ، لە ژێر خاك و خۆڵدا و لە زۆر شوێن ملیۆنە دۆلار و ملیارە دینار دەدۆزرێتەوە ، ڕووڕەشیەكی لە ڕادەبەدەر بەرۆكی ئەو بونەوەرانەی گرتوە ، كە نازانم دواتر ڕوی ئەوەیان دەبێت بێنەوە نێو كۆمەڵگە یان نا ، من دەیان ساڵ لەمەوبەر كە دەبوو تاقیكردنەوەی پۆلی شەشی وێژەی بدەم و بچمە زانكۆ لە بیركاری پێویستم بە هەوڵێكی زۆر هەبوو خەیاڵم لای قۆپیا بوو ، نەمكرد نەك لەترسی گرتن یان ئاشكرابوون ، نەمكرد لەبەر ئەوەی لە دڵەوە بە خۆم گوت تا ردن نامەوێت ئەوەم بیر بكەوێتەوە بە قۆپیا دەرچووم.

لەم كورتە نوسینەدا مەبەستم ئەو ئازاری ویژدانەیە، باشە كە درۆ لە گەڵ خۆت دەكەیت ، كە دەڵێی تەنها دەستی عەلی  لە دەستی من پاكترە ، كە لەشاشەوە فرمێسكی ساختەچیانە بۆ نەداران و بەلەنگازان دەڕێژی ، كە بۆ بڕێك پارە بیرو باوەڕ دەفرۆشی ، بۆ خۆت ناكوژی ، بۆ هەوڵدەدەی ببیتە پەڵەیەكی ناشرین بەسەر خانەوادەكەشتەوە ، واز لە حزب و بیرو باوەڕو ئەو شتانە بێنە، مرۆڤ كە بەو جۆرە لە ڕوی ئاكارەوە هەرەسی هێنا، دەبێت شەرم لە ژیان بكات .

10/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر