بەدیهێنانی خەونەکان لە ڕێگەی پەروەردەوە

رەووف محەمەد ئالانی

(بە دڵەوە شوێن خەونەکەت بکەوە، هەرچەندە دووربێت، دەتوانیت پێی بگەیت- مارتن لۆسەر کینگ جونیۆر)

خەونی مرۆڤ بەگشتی هەموو ئەو ویست و خولیا و حەزانەیە کە بیریان لێ دەکاتەوە و هەوڵیان بۆ دەدات تا بەدیان بێنێت.

دیارە خەون واتە ئامانج، ئامانجیش خولیا و ئاواتە بەدیهاتووەکان دیاری دەکات، مەرج نیە ئەو ویستەی مرۆڤ وەک خۆی دەیەوێت بەدیبێت. بەڵام لەهەموو کارێک گرنگتر دانانی پلان و ستراتیژ و ڕێگە و شێوازی بەدیهێنانە.

دەکرێ ژینگەی بەدیهێنانی خەون و ئامانجی تاک، ڕوانگە و زەمینی دیاری کراوو تایبەتی خۆی هەبێت، دیارە مەبەستم لە تاک هەر کەسێک و مرۆڤێکی بیرکەرەوە و خاوەن هزرە، هزریش بەمانا قووڵ و فەلسەفییەکەی نا، چونکە کاتێ باس لە فەلسەفە دەکرێ ڕۆچونی فراوانتر و لێکدانەوەی زیاتری گەرەکە، تەنها مەبەست لێی خەونی مناڵە کە نیگای دەچێتە سەر بینراوەکانی دەور وبەر، لەگەڵ گەورە بوونی ئەو تاکە خەونەکانیشی گەورە دەبن.

یەکەم وێستگەی بەرکەوتنی دوای هاتنە سەر زەوی و بوون، دایکە کە لە ئامێزگرتن و سۆز پێش پێدانی شیرە بۆ ئەو مرۆڤە بچووکەی گەشتێکی نادیار دەست پێدەکات بۆ ئەم ژیانە، لەو کاتەوە پێویستیە تایبەتییەکان بۆ بەدی هێنان دەبنە خەونی بچووک هەر خواردن و جل و بەرگ تا بەردەوامی بەخشینی سۆز و میهرەبانی وڕاهێنان و فێربوون و ئاشنا بوونی بۆ دەور و بەر.

مرۆڤ لەگەڵ گەورە بوونی جەستەی پێویستی و خەونەکانیشی گەورە دەبن، پەروەردە پێویستە ڕۆڵ و کاریگەری هەبێت لە دەرخستنی توانا و کارامەییەکانی تاک و ئاراستە کردن و بەدیهێنان و خستنە سەرپێی ویستەکان لە پێناو گەیشتن بە خەونەکان.

لێرەوە دەردەکەوێت کە ئامانجی باڵای پەروەردە دروستکردنی نەوەی بیرکەرەوە و بیرمەند و کەسێتی باڵایە، بۆ هەر یەکێک لەم ئامانجانە ڕوانین و پلان و ستراتیژی تایبەت بە خۆی دەوێت.

پێمباشە بەشە گرنگ و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پەروەردە بۆ خەونی تاک و کۆمەڵ بخەینەڕوو:

یەکەم: بونیادنانی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ڕەخنەگرانە، دەکرێ بە سەرنجدان و دیدی دیمۆکراسی و لە شێوازە ناوازەکانی پەروەردەی گەلانی تر کەڵک وەربگیرێت و سوودببینرێت.

دووەم: بەسەنتەر کردنی فێرخواز لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا، واتە لابردنی شێوازە کۆنەکە کە مامۆستا سەنتەر و بەخشەر و پەخشکەر بوو، واتە ڕۆڵی مامۆستا لە گواستنەوەی زانیاری دەگۆڕێت و دەبێتە هاوکار و ئاسانکار و ڕێبەر.

سێیەم: گرنگیدان و پەرەپێدان بە کارامەیی فێرخواز، ئەویش هەر بە فێرکردنی زانیارییەکان بەس نییە. ئامانج لێی بەدەستهێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان و توانای هاوکاریکردنە.

چوارەم: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بە شێوەی کارلێککارانە و سەرنجڕاکێش و یەکخراو.

پرۆسەی گەیشتن بە خەون و ئامانجەکان پێویستە سەرەتا بە ڕوونیئامانجەکە پێناسە بکرێت و پاشان دابەشکردنی ئەرکی هەنگاونان دەست پێدەکات.

پێویستە نەخشەی هێڵیکار دروست بکرێت و هەنگاوەکان جێبەجێ بکرێن و هەڵسەنگاندنبۆ بەدەستهێنان وگەیشتن بە سەرکەوتن،لەڕێگەی ئەم قۆناغانەوە دەکرێت:

١. ڕوونی ئامانجەکە دیاری بکرێت:

ئامانجەکەت بنووسرێت واتە دەبێت: تایبەتمەندی، پێوانەکردن، بەدەستهێنان، پەیوەندیدار و کاتی پێویست.

٢. دیاری کردنی ئامانجە گەورەکە:

ئامانجە گەورەکە دابەش دەکرێت بۆ ئامانجی بچووکتر، چونکە ئەگەر ئامانجی گەورە بچووک و وورد نەکرێتەوە بەدیهێنانی ئەستەم دەبێت، کورد گوتەنی(بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنیەتی).

٣. دروستکردنی نەخشەی هێڵی کاتیك

بۆ هەر هەنگاوێکی بچووک کاتی دەستپێکردن و کۆتایی دیاری بکرێت، چونکە ئەم نەخشەیەی هێڵی کاتی، ڕێگری دەکات لە دواخستنی کارکردنەکە.

٤. جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژە و بیرۆکەکە:

دەست بە ئەنجامدانی هەنگاوەکان دەکرێت توانا و هێز چڕ بکرێتەوە، چونکە پابەند بوون کلیلی سەرکەوتنە.

٥. بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن:

پێداچوونەوەی ناو بە ناوی کارەکاندا و بە سەرنج و تێبینی بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی و ئەنجامدانی پێویست، تا بە ئاسانی کێسەی بەر دەم پلانەکە چارەسەر بکرێت و ڕێکبخرێت.

خەون و خولیا و ویستەکانی تاک لە ڕێگەی پەروەردەوە ئاراستە دەکرێن و دەبنە ئامانج کە ڕێنمایی پرۆسەی فێربوون دەخەمڵێنن. ئامانجی پەروەردە لە بنچینەدا گۆڕینی ڕەفتاری تاک و گەشەپێدانی دەروون و ڕۆح و جەستەی تاکە.

لەم سۆنگەیەوە ڕۆڵ و کاریگەری پەروەردە لە گەیشتن بە خەونەکان ناکرێ نادیدە ببینرێت.

تێبینی:

بۆ نوسینی ئەم وتارە سودم لە چەند ماڵپەڕێکی عەرەبی وەرگرتووە.


12/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر