کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە خۆکردییە،
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا.
نالی
ئیسلامی سیاسی دنیای ئێمەیان شێواندووە، خەریکن ڕێچکەی باب و باپیرانمان، بۆ ئیسلامێکی هاوردەکراوی زیانبەخش بە مێژووی کورد و کوردەواری دەگۆڕن!
نالی مەزن، مەلا و پیاوێکی ئیماندار بوو، ئەگەرچی ناوی خدر (خچر) بوو، بەڵام نازناوێکی کوردی جوان و پڕ واتای بۆ خۆی هەڵبژاردو و بڕیاری داوە بە ناوی نالییەوە بناسرێت، نەک مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایەڵی!
شێخ موحەمەدی خاڵ، کە پشتاو پشت حاجی و مەلا و شێخە، بێجگە لە فەرهەنگە کوردییە بەناوبانگەکەی، تەفسیری قورعانی کردووە بە کوردی و کتێبەکەی ناوناوە تەفسیری خاڵ.
ئیسلامی سیاسی، بە ناوی ئاین و ئایندارییەوە، دیەوێت مێژوو و پێگەی نالی و خاڵ و کەسایەتییەکانی ئێمە وێران بکات. بە ناوی عەرەبییەوە منداڵەکانمان بانگ بکات، دشداشە بکاتە بەری گەنجەکانمان، کوفیەی عەرەبی بکاتە سەر مەلاکانمان!
ئیسلامی سیاسی خەڵک فێڕی ناوی اللە دەکات و ناوی خودایان لە بیر دەباتەوە، منداڵەکانمان فێر دەکات ناوی پەیامبەری ئیسلام بە عەرەبی بنووسن نەک بە کوردی!
درووست لەم خاڵەدا، ئیسلامی سیاسی، لەگەڵ ئایۆلۆجیای عروبی و ویلایەتی فەقێ لە تاران، هاودەنگ و هاوئاوازە. تا ئێستا لە ئێران کورد ناتوانێت منداڵەکانی بە کوردی ناوبنێت، مەرجە ناوی منداڵەکە، یان ئێرانی، یان ئیسلامی بێت! هەر لەبەر ئەم هۆیە، ژینا ئەمینی لە پێناسدا ناوی مەحسا و لە ناو خێزان و کۆمەڵگەی کوردی ناوی ژینا بوو!
ئیسلامی سیاسی لە سەڵتەنەی عومانەوە، هەزاع ئەلبەلوشی داوەت دەکات، تا لە سلێمانی و لە هەولێر پێشنوێژی بۆ بکات، تا گەنجانی موسوڵمانی کورد وێنەی سێڵفی لەگەڵ بگرن، وەک ئەوەی گومانیان لە ئیمان و تەقوای خۆیان هەبێت!
ئیسلامی سیاسی کۆمەڵگای کوردی بەسەر ئیسلامی و عەلمانیدا دابەش دەکات! نموونەی ئەنجامی ئەم دابەشکردنەمان لە سەردەمی دوای ڕوخانی ڕژێمی موبارەک لە میسر بینی، چۆن ئیسلامییەکان بە حوشتر و شمشێرەوە پەلاماری گردبوونەی گەنجانی میسریان دا!
بە گومانی زۆر، ئیسلامی سیاسی لە کوردستان، بەپرسە لە تیرۆرکردنی بەشێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرەکانمان! شاعیر کاکەی فەلاح، وەرگێری کتێبی کەلیلە و دیمنە عومەر تۆفیق عەبدولڕەحمان، نووسەری کتێبی ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا، عەبدولقادر مەعروف، بەشێك لەو نووسەر و ڕۆشنبیرە کوردانەن، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە سلێمانی و لە هەولێڕ، تیرۆر کراون!
ڕێکەوت وابوو لە یەک ڕۆژدا میری پێشووی قەتەر موحەمەد بن خەلیفە و سیناتۆری ئەمریکی و دۆستی کورد، لیندسی گراهام ژیانئاواییان کرد، ئیسلامی سیاسی لە کوردستان، شیوەنی بۆ میری پێشووی قەتەر و شایی بۆ مەرگی گراهام دەگێڕا! قەتەر میرنشینێکی دژە کوردە!
ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژئاوای کوردستانە و دۆستی ئەحمەد شەرعە، دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی باکووری کوردستانە و دۆستی ئەردۆغانە، دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دۆستی جمهوری ئیسلامییە!
ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، برینی ژێر پێستی کوردە!