چەند ساڵێکە باشووری کوردستان شاڵاوێکی مەترسیدار لە بەعەرەبوون لەسەر ئاستی نیشتەجێبوونیان لە شاروشارۆچکەکان کە دەسەڵات لێی بەرپرسە و ، لەسەر ئاستی جلوبەرگ و زمان کە پیاوانی بەناو ئایینی ئیسلامی سیاسی لێی بەرپرسن بەخۆوەدەبینێت ، من باسی بەعەرەبوون لە ڕووی نیشتەجێبوونیان ناکەم چونکە لێکۆڵەر و ئەکادیمیستی کورد کاک « بورهان یاسین » شرۆڤەیەکی جوان و بابەتی لەژێر سەردێری ( بەعەربکردنی بێدەنگ-ی هەرێمی کوردستان کارەساتێکی نیشتیمانی ) پێشکەشکردووە ، کە تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندەکانی بەعەرەبوون و هەڕەشەی لەسەر ئاستی نیشتیمانی و نەتەوەیی…..هەر لەدوای ساڵی نەوەدەکان و بەدیارکەوتنی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەعەرەبوون لەسەر هەردوو ئاستی جلوبەرگ و زمان-یش بەبیانۆی ئەوەی کە ئەو دوو کایەی موقەدەسن دەستیپێکرد.
ئێستا بە ئاشکرا داوادەکرێت دشداشە لەبەربکرێت یان دەبینین هەندێک لەو بەناو دیندارانە دشداشە و چەفیە لەسەر و شەلواری کورتی ئەفغانی لەبەردەکەن و ، پێشتریش هەر لەڕێگەی ئەوانەوە لە خوێندنگە و زانکۆ و مزگەوتەکان داوای سەرپۆش و جوبە و نیقاب پۆشینیان دەکرد کە جلوبەرگی وەهابیەکانە و لە سعودیە بۆیان هاوردە کردین و ، هەر ئەوانن خەریکە زمانی کورد-یش دەشێوێنن و لەجیاتی سوپاس « جزاک اللە خیرا » و بەیانیت باش « السلام و علیكم » …تاد بەکاردەهێنن ، ئەمە جگە لە ناونیشانی تابلۆکان و مزگەفتەکان کە بە عەرەبی لەسەر حسابی زمانی کوردی-یە دا هەیە ، کەوا هەستدەکەیەت تۆ لە وڵاتێکی عەرەبی نەک لە کوردستان ، کە هۆکارەکەی ئەوەیە جێبەجێی ئەو قانونە ناکرێت کە بەکارهێنانی زمانی کوردی بسەپێنێت ، کاتی خۆی لەو هەرێمی کوردستانەدا قورئانی پیرۆز دەخوێنرا کەس سەرپۆشی لەسەر نەدەکرد و کچان و ژنان سەرکۆت بوون و لەماڵ- یش ژنان جلی کوردی و ئەگەر چوبانە دەرەوەش چارۆگەیان دەپۆشی و ، هەروەها بۆ موفرەداتی زمانیش کە ئاماژەی کلتووری-یە ، ئەو وشە و دەستەواژانەی کە پیاوانی ئیسلامی سیاسی بەکاریدەهێنن بوونی نەبوو ، بزانە چۆن کاریگەری هێزی نەرم زۆر بەهێزترە لە هێزی ڕەق بێ ئەوی ئاگات لێبێت !!
هێزی نەرم بریتیە لەو توانایەی کە دەتوانێت بێ ڕقلێنوونەوە ڕازیتبکات ، دەتوانێت بێ سەپاندن ڕاتبکێشێت ، بەجۆرێک حەزکردن لە لاساییکردنەوە بەهێزترە لە هەر فەرمانێکی ڕاستەوخۆ ، جلوبەرگ-یش لە ڕوونترین دەرکەوتەکانی ئەم دیاردەیەیە ، هێزی نەرم بە گرنگترین توخمی ئاسایشی نەتەوەیی نەتەوەکان و وڵاتان دادەنرێت ، هەموو گەلێک شانازی بە هێزە نەرمەکەی دەکات کە خۆی لە کلتوور و هونەر و دابونەریتدا دەبینێتەوە ، هەموو ئەمانە بەشێکی ڕەسەنن لە مێژووی هەموو گەلێک و هەروەها لە کەسایەتیەکەی کە جلوبەرگیش بەشێکە لەو هێزە و ، جلوبەرگ-ی کۆمەڵگاکان نیشانەیە بۆ ئاماژەکانی بیرکردنەوە و کلتوورەکانی جلوبەرگ ئاماژەکانی کۆمەڵایەتیشن ، لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا « کۆدی جلوبەرگ » دانراوە بۆ ڕێخستنی ڕەفتاری تاکەکەسی و ڕێکخستنی ڕەفتاری گشتی و هەر کەسێک ئەو کۆدە ببەزێنێت بە کەسێکی نامۆ و قبوڵنەکراو حسابی بۆدەکرێت ، لە ئەوروپا لەمیانی چەندان سەدە لە باڵادەستی کلتووری کە وایکرد چاکەت و پانتۆڵ ببێتە هێمای ڕەسمی جیهانی بۆ پیاو و ، تەنورەش بۆ هەموو مێینەیەک لە جیهان ، بڵاوبوونەوەی ئەمە لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی جیهانی نەبوو ، بەڵکە ئەنجامی سەرسامیەکی درێژ و لەسەر یەکی بە وێنەی ئەوروپا بوو ، بەسیفەتی ئەوەی ئەوروپا ناوەندی نوێگەر و شیکایەتیە و ، کە وایکرد جلوبەرگی ئەوروپی ببێتە زمانی ڕۆژانەی جەستە لە کار و لە شار و لە ڕاگەیاندا ، ئەمە لە بۆن « عگور » یش دووبارە دەبێتەوە کە چیتر نابێتە گوزارشتێکی ناوخۆ بۆ ژینگە ، بەڵکو بۆتە هەڵگری پەنجەمۆری خودی شارەکان ، وەک ئەوەی لووتیش فێری ئەوەبووە کە ئارەزووی ئەوە بکات کە ئەوەی تر کە لەڕووی کلتووری بەهێزە ئارەزووی دەکرد.
مەسەلەکە لە قوماش و شووشە قوڵترە ، ئەمە درێژ دەبێتەوە بۆ تەفاسیلی ژیانی ڕۆژانە و ئەو کاریگەریە ئیش لە قووڵایی دەروون دەکات پێش ئەوەی لە ڕووپۆش بەدیارکەوێت ، جلوبەرگ بەشێکە لە شوناس و ، ونبوونی ترسناکیەکی قڕوقپە لە داخورانی تایبەتمەندێتی کلتووری ، کاتێک جلوبەرگەکان وەک یەک بن و لەیەک بچن و شێوازی ژیان دووبارە بکرێتەوە و جیهان شتێک لە هەمەڕەنگیە داهێنانەکەی لەدەستدبدات ، لێرەدا تاکەکەس لەنێو ئەو لەیەکچوونەدا هەست بە دابڕان لە ڕەگوڕیشەکەی دەکات یان جۆرێک لە دووانە لەنێوان ئەوەی ڕۆژانە تێیدا دەژی و ئەوەی لە کلتوورە ڕەسەنەکەی بە میرات وەریگرتووە ، هێزی نەرم ئاوێنەیەکی دوولایەنەیە ، ڕەنگدانەوەی ئاوات و خواستی مرۆڤە بەرەو باشتر ، بەڵام لەوانەشە ئەگەر پارسەنگ لەدەستبدات ڕوخسارە ڕەسەنەکەی بشێوێت ، لەنێو سەرسامی و ڕەتکردنەوەدا ئەو تەحەدیە ڕاستەقینەی کە دەمێنێت ئەوەیە ، کە کۆمەڵگاکان فێربن چۆن پێشوازی بکەن بێئەوەی لەدەستی بدەن و ، چۆن دەگۆڕدرێت بێئەوەی لەبیری بکەی کە تۆ کێیت !!