میللەت لەنێوان گورگ و كاكەی شوانە

سەرتپ جەوهەر
لەمێژووی دوورو نزیك، هیچ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێكی ستەمكار سودی لەكەوتن و شكستی ستەمكارێكی دیكە وەرنەگرتووە، بەپێچەوانەوە، بەهەمان رێچكە بەرلەخۆیدا رۆیشتووەو هەمان ئەزموونی دووبارە كردۆتەوە! هەر لەدروستكردنی دامودەزگای چاودێریی و سیخوڕیكردن بەسەر خەڵك و پۆلیسی نهێنیەوە بگرە تا دەگاتە قۆرخكردنی بازاڕ و زەوتكردنی خێروبێری وڵات بۆ برسیكردنی زۆرینەی خەڵك و تێركردنی كەمینەیەكی حزبیی! هەروەها بەگەڕخستنی ماكینەی ئیعلامیی گەورە بۆ داپۆشین و كەڤەركردنی گەندەڵیی و ستەمكاریی بەدەمارگیریی نەتەوەیی و قەمەچێتیی.

چاوچیسكۆ 24 ساڵ حوكمی رۆمانیای كرد، دەزگایەكی ئاسایشی نهێنی هەبوو بەناوی (سكیورتێت)، نەك چاودێری ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو چاودێریی حزبەكە خۆشی دەكرد كە حزبی شیوعیی بوو.

لەسەردەم ئەودا، پیاوانی ئاسایش و كادرانی حزب، باشترین ژیانیان هەبوو. دەرگای گەندەڵیی بۆ ئەوان كراوەبوو، خەڵكیش لەكولە مەرگیدا بوون! ئەوكات رۆمانیا نزیكەی 20 ملیۆن كەس بوو، كەچی دەزگا ئەمنیەكەی 100 هەزار جاسوسی هەبوو؟! برا زمانی لەبرا دەدا! واتە هەر 200 هاوڵاتی جاسوسێكی بەردەكەوت، بەڵام ئەو هەموو جاسوسە نەیانتوانی بیپارێزن!
ئەو دەسەڵاتدارێتییە، خەڵكی ناچاركردبوو بەكەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاو، كارەبا، سوتەمەنی، تەنانەت خواردنی سەموون! لە 1989 خەڵكی لەبەردەم كۆشكەكەی كۆكردەوە تا بیانترسێنێت، بەڵام ئەو خەڵكە پەلاماریانداو ئەویش رایكرد. دوای چەند رۆژێك دەستگیركراو لەماوەی تەنها 24 كاتژمێر لەلایەن چەند گەنجێكەوە خۆی و ژنەكەی لەبەردەم كامیرا گولەبارانكران؟!

بینۆچی سەرۆكی چیلی (1974- 1990) لەگەڵ لەڕێی كودەتا دەسەڵاتی گرتەدەست. بۆ پارێزگاریی لەخۆی لەیەككاتدا سیاسەتی برسیكردن و تۆقاندنی خەڵكی گرتەبەر. دەزگایەكی ئاسایشی تۆقێنەری دروستكرد بۆ سەركوتكردن. لەپاڵ سیاسەتی تۆقاندن، دەستیكرد بەقۆرخكردنی ئابوریی و خێروبێری وڵاتەكەی بۆ خۆی و كەمینەیەك لەكاربەدەست و پیاوانی ئاسایش. وایدەزانی ئیدی هەرچی بیكات بۆی دەچێتەسەر، بەڵام وەك هەموو ستەمكارەكانی دیكە برسیكردن و تۆقاندن نەیانتوانی خۆی و رژێمەكەی بپارێزن، سەرئەنجام لە 1990 لەكارخراو رایكرد، 1996 دەستگیركراو تاكۆتایی ژیانی دادگاییكردن یەخەی بەرنەدا.

سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ سەرۆكی (سربیا 1997 – 2006) هەمان رێچكەی دیكتاتۆرەكانی گرت، جگە لەبرسیكردن و تۆقاندنی خەڵك و زەوتكردنی بژێوی خەڵك و دەستبەسەرداگرتنی میدیا لەپێناوی شاردنەوەو شێواندنی راستیەكان. دەزگا ئەمنیەكەی DP بەهەموو شێوەیەك بۆ لەناوبردن و لاوازكردنی نەیارانی بەكاردەهێنا، هەروەك دەستیگرتبوو بەسەر هەموو خێروبێری وڵات و كەمینەیەكی حزبی تێركردبوو بۆ پارێزگاریی لەخۆی، بەڵام لەكۆتاییدا چارەنوسێكی خراپی هەبوو، دوای دەستگیركرانی لە 2006 لەزینداندا لەدۆخێكی تەمومژاویی مرد.
موعەممەر قەزافی هیچی كەمتر نەكرد لەسەدام و ئەسەدو ئەوانی دیكە، بۆیە لەرۆژانی كۆتایی تەمەنی تەنها خۆی و شۆفێرەكەی مابوونەوە كۆڵانەو كۆڵان دەیگێڕا تا لەكونێك بیشارێتەوە. كۆتاییەكەی ئەو و سەدامیش وابوو، زۆر تراژیدی بوو.

نەك میلۆسۆڤیچ و مۆسۆلینی و هیتلەرو عیدید ئەمین، هەموو ئەوانەی چارەنوسیان خراپ بوو هۆكارەكەی ئەوەبوو حوكمڕانی زۆر خراپبوون و میللەتەكەیان رەجاربڕاو بەدبەخت كردبوو. لەمێژووی مرۆڤایەتی نەبووە دەسەڵاتدارێتیەك بەهۆی دادپەروەربوونیەوە رووخابێت! هەمیشە نادادی بۆتە هۆی رووخانی رژێمە ستەمكارەكان و سەرئەنجام ماڵوێرانیی ستەمكارەكان.

بۆ ئێمە مانان وەك گەلی كورد، لەهەمووان باشتر شارەزای دڕندەیی و ستەمكاریی رژێمی بەعس و هەڵسوكەوتی سەدام حوسێنین كە گەلانی عیراق و گەلی كوردی چارەڕەش كرد. وەك دەگوترێت نزیكەی 100 كۆشكی گەورەی لەعیراق هەبوو، بەڵام تەنها یەك دانەشیان بەناوی خۆی یان خانەوادەكەی یان حزبەكەی نەبوو؟ حزبی بەعس زیاتر لە 35 حوكمی عیراقی كرد، بەڵام یەك باڵەخانەش بەناوی ئەو حزبەوە نەبوو! ئەی لەهەموو عیراق یەك پرۆژەی وەبەرهێنان، یەك باڵەخانە، بەناوی ئەو حزبەبوو؟! بێگومان نەخێر!
كاك حاكم رزگار حەمەدەمین شاهێدە، لەساڵی 2005 لەدادگاییكردنی تاوانبارانی كۆمەڵكوژیی دوجەیل، دادگا ویستی موڵك و سامانی تاوانباران بفرۆشێتەوەو لەو رێگەیەوە هەندێك قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ئەو تاوانە بكاتەوە، بەڵام دەركەوت ئەوانەی گیرابوون واتە سەرانی بەعس بەسەدام حوسێنی گەورە تاوانباریشەوە شتێكی ئەوتۆیان بەناوەوە نەبوو تەنها یەكەو موڵكێك یان دووان.

ئەم وتارەم تەنها بۆ وەبیرهێنانەوە نییە، بەڵكو بۆ ئەوەمە بڵێم ئەم كوردستانە، ئەم خاكە ئەمانەت بوو لەئەستۆی شۆڕشگێڕانیی دوێنێ، سەد مخابن، نەك نەیانگەیاندە كەناری ئارام، بەڵكو وەك پاوانێك، پرۆژەیەكی وەبەرهێنان بوو بۆ ئەوان. بووە سەرچاوەی نازو نیعمەت. ئێستا ئەوان بەئارەزووی خۆیان ئەم میللەتە دەچەوسێننەوە، بگرە وەك ئەوەی سادی بن، چێژ لەئازارو لەچەوساندنەوەی ئەم خەڵكە دەبینن، ئێمەش وەك میگەلە مەڕە داماوەین لەگورگ دەربازمان بوو، لەحزبی بەعس و رژێمە چەوسێنەرەكانی عیراق دەربازمان بوو، بەڵام ئێستا شۆڕشگێڕانی دوێنێ، كاكەی شوانە، بێویژدانانە كەوتۆتە گیانمان، سەرمان دەبڕێت و كەلوپارچەی كردوین.

20/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر