پاشەکشەی ڕۆشنبیر و هەڵکشانی کەسە کاریگەرەکان لە سۆشیال میدیا!!

محەمەد خۆشناو

پێشتر دەستبژێری ڕۆشنبیر کاریگەریەکی زۆری هەبوو لە بەرهەمهێنانی مەعریفە و هۆشیاری ، دەشێت  مەعریفە زانیاری پەرش و بڵاو بێت ، بەڵام هۆشیاری بریتە لە  توانایی  لەسەر تێگەیشتنی پەیوەندیەکانی نێوان شتەکان و ، بەستنەوەی ڕابردوو بە ئێستا و ، ئاشکراکردنی ئەو بەرژەوەندی و هزرانەی کە واقیع شاردوتیەوە ، لەمەوە ڕۆشنبیر دەبێتە مێژوونوسی ئێستا و بەقەد ئەوەش دەبێتە ئاراستەکەری داهاتوو  و ، وا لە کۆمەڵگا دەکات کە توانای ئەوەی هەبێت کە جیاکاری لەنێوان هەقیقەت و پڕۆپاگەندە و ، نێوان بەرژەوەندی ڕاستەقینە و چاکسازی شەکلیدا بکات ، بەڵام ئایا لەو دیمەنەی ئەوڕۆدا ڕۆشنبیر ئەو ئامادەبوونەی هەیە ؟ لەو دیمەنەدا ڕۆشنبیر لە پاشەکشەیە و ونبووە و ، ئێستا نموونەیەکی نوێ هاتووە کە خۆی لە کەسە کاریگەرەکان ( المو‌وپرون ) و دروستکەری ناوەڕۆک دەبینێتەوە ،  کە لە سۆشیالمیدیا بەتایبەتی سەکۆکانی « تیک تۆک » و « یوتیوب »  هەزارا و ملیۆنەها کەس بۆ لەقتەیەک کە چەند خوولەکێک یان چرکەیەک بەدواداچوونی بۆدەکەن و ، هەندێک جار کاریگەریەکەی تەجاوزی دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندن دەکات.

ئەمانە توانایەکی ڕادەبەدەریان هەیە بۆ کاریگەریتێکردنی لەسەر کەسان ، بەڵام کاریگەریەکەیان چرکەساتە و کاتیە ، چونکە بەتاڵە لەوەی گرێنتی بەردەوامی بداتێ ، لەوانەیە ئەو کەسە کاریگەرانە بتوانن چەند ڕۆژێک یان چەند مانگێک یان چەند ساڵێک بەردەوامبن لە کاریگەریکردن ، بەڵام زۆر بەخێرا خۆی دەسوتێنێت و کۆتایی بە کاریگەریەکەی دێت ، جا لەناو ئەو فەزا کراوەیەدا ، چەندین نموونەی هەمەڕەنگ و هەمەجۆری گەمژەشی تێدایە کە هەندێکیان  لە پشتیان کتێبخانەی زەبەلاح و  کتێب و تابلۆ دەبینرێت و ، ئەمانە هێز و نفوز-یشیان هەیە ، مەترسیەکە لەو سەردەمی ئێستاماندا بریتیە لە قاییلبوونە بۆ گەمژەیی یان ئامادەبوونە نفوز و گوێڕایەلی بدیتە گەمژە ، جا لە لایەن ڕۆشنبیر یان پیاوانی ئایینی یان چاڵاکوان یان ئەو سیاسایەنە بێت کە هەستی جەماوەر گڕتێپەردەدەن بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگەکەیان.

لەناو کۆمەڵگای کوردستانی گەمژەیی بۆتە تایبەتمەندێتی ئێستامان ، بەجۆرێک زۆر قورسە جیاوازی لەنێوان کەسێکی عاقل و گەمژەدا بکەیت ، ئامرازەکانی سۆشیالمیدیا بۆتە بوارێکی لەبار بۆ دروستبوونی کاریگەرەکان و بە بازاڕکردنی گەمژەیی و پەیداکردنی هەوادار بۆ ژمارەیەکی زۆر لەوان ، ترسناکی گەورە لەوەدایە کە ئەمانە کاریگەریەکی ئەفسوناویان بەسەر جەماوەردا  هەیە ، کە بوونەتە دروستکەری هزر و سەرکردەی « ڕا »ی ملیۆنەها هەوادار و « پاڵەوان » لەو جیهانە گریمانەییەدا ، ئێستا کۆمپانیاکان پشت بە هەندێک لەو کاریگەرانە دەبەستن بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەماکانیان ، هەروەها حزبە سیاسیەکان و حکومەت بۆ موخاتەبەکردنی ڕای گشتی پشتیان پێدەبەستن و ، زۆرجار وایلێهاتووە بۆ گەیشتن بە جەماوەر دەبێت بە کەسە کاریگەرەکاندا بڕۆیت ، زیاتر لەوەی  لە میانی ڕۆژنامە یان کتێب یان بەرنامەیەکی حیواری دا بڕۆیت ، بەجدی ئێمە سۆشیالمیدیا-مان کردۆتە مەنزومەیەکی پڕ لە ژەهەر ، کە مرۆڤ-ی دووچاری دڵەڕاوکی و گرژی و تووڕەیی و هەڵچوون دەکات ، ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە ، نەداری و هەژاری زۆر لەوەی ئێستا زۆرتر و خەراپتر بوو و کەسیش حەسودی بە کەس نەدەبرد و هەموو ڕازی و قانیع بوو بە بەشی خۆی و ، هەژاری لە سەردەمانی پێشوودا  کاریگەری سلبی ئەوتۆی لەسەر ئەخلاق نەبوو چونکە بەزەڕووڕەت نەدەبووە مایەی ناڕازیبوون و نائاسووەیی.

کەچی ئەمە شۆڕشی پەیوەندیەکان و سۆشیالمیدیا بوو کە توڕەیی کەسەکان دروستبکات و ، وایلێکردن کە ئەو نایەکسانیە بەرچاوە لەسەر ئاستی بژێوی ببینن و ، هەروەها ئەمە پەخشی  ڤیدۆکانی مۆبایلە کە بەشدارە لە پاڵنانی هەزاران کەمدەرامەت بۆ ئەشکەوتی توڕەیی و بێزاری و خەمۆکی ، ئەمەش دوای ئەوەی کە  کەناڵە تەلەفزیۆنەکان ڕێگەی پێدان بۆ بینینی نەک هەر تەنها ئەوەی لەدەرەوە ڕوودەدات.

بەڵکو بینینی ئەوەی کە چۆن ئەوانی تر لە هەمان نیشتیماندا ژیان بەسەر دەبەن !! بەداخەوە هەڵکشانی کەسانی کاریگەر بریتیە لە سەرکەوتنی سەتحیەت بەسەر قووڵایی و ، ڕۆشنبیریی جدی بۆتە قوربانی سەردەمی خێرا و ، سەردەمی پووچگەرایی بەسەر ڕووناکبیریی ، ئەوەتا کۆمەڵگای کوردستانی بەتایبەتی لەکاتی قەیرانەکاندا  بەدەست ئاستێکی بەرزی گەمژەیی دەناڵێنێت ، هەروەها بەزیادبوونی ژمارەی ئەو گەمژانەش دەناڵێنێت  ئەوانەی سەرکەتن لەوەی کە هەوادەرێکی زۆر و سەرسامکەر-یان هەبێت….ئەو نەتەوەیەی ڕۆشنبیرەکانی پەڕاوێز بخات ، لەوانە بۆ هەندێک کات لە ئیدارەدانی ئێستای سەرکەوێت ، بەڵام تواناکەی لاواز دەبێت بۆ دروستکردنی ئاییندەکەی ، دەسەڵات دەتوانێت هەموو شتێک هاوردە بکات ، بەڵام هۆشیاری هاوردە ناکرێت و ، ناسنامە ناکڕدرێت و ، هۆشیاریش بە بڕیارێکی کارگێڕی ناسەپێنرێت ، بەڵکو بەری ڕەنجی عەقلێکی ئازاد و ووشەی بەرپرسانەیە ، سیاسەتەکان دەگۆڕێن ، بەڵام بیروهزر کە  عەقلی جەمعی پێکدەهێنێتەوە ، بۆ چەندین نەوە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێت .

25/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر