د. کەمال سولەیمانی
١
لە
ماوەی ڕابردوودا، ئەکادیمیی ناسراوی کورد، پرۆفسۆر بورهان یاسین، لێکۆڵینەوەیەکی
گرینگی بە ناوی "بەعەرەبکردنی نەرمی کوردستان" بڵاو کردەوە. بە بڕوای
من، ئەمە بابەتێکی ئێجگار جیددییە: لە ڕووی تیۆرییەوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر پتەوە، لە
ڕووی بەڵگەیی و واقیعییەوە دەوڵەمەندە، و لە ڕووی سیاسییەوە تەرکیز لەسەر پرسێکی زۆر
چارەنووسساز و هەستیار دەکات. هێزی شیکردنەوەکەی و ئەو واقیعە سەرسوڕهێنەرەی کە دەیخاتە
ڕوو، وەک چاوەڕوان دەکرا، گفتوگۆ و موناقەشەیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە. بەخۆشحاڵییەوە
زۆربەی دەنگدانەوەکان ئەرێنی بوون. بەڵام هەندێک لە ڕەخنەگران، گومانیان خستۆتە سەر
دروستیی چەمکی "بەعەرەبکردنی کوردستان" کە پرۆفسۆر یاسین بۆ دەستنیشانکردنی
پرۆسەی ژێر لێکۆڵینەوەکەی بەکاری دەهێنێت.
خوێندنەوەی
من بۆ ئەم ڕەخنە و ناڕەزایەتییانە ئەوەم پێ دەڵێت کە زۆربەیان لە تێنەگەیشتن لە لۆژیکی
بنەمایی باسەکەی د. یاسینەوە سەرچاوەیان گرتووە. من لەم نووسینەی ئێستادا کە لە ٣
بەش پێک دێت، چەمکی "بەعەرەبکردن" بەکار ناهێنم، بەڵکوو "خۆ-تەعریبکردن"
بەکار دەهێنم، کە چەمکێکە هاواتای "خۆ-بەعەرەبکردن"ـە. من بەکارهێنانی
"تەعریب"ـم پێ باشترە چونکە ماوەیەکی زۆرە لە نێو گوتاری کوردیدا باو
بووە و، تا ڕادەیەکی بەرچاو، کوردێنراوە، کاریگەرییە هەستی و سایکۆلۆژییەکەی لە ڕەوان
و سایکی کورددا بەرچاوترە. هەروەها، پێشگری "خۆ-"ی پێوەم زیاد کردووە بۆ
ئەوەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی ئەم پرۆسەیە دەستنیشان بکەم: ئەویش بەشداریکردنی
کوردە لە بزووتنەوەیەکی زۆر مەترسیدار بەرەو خۆلەناوبردنی دەستەجەمعی، کە دەبێت وەک
بەشێک لە عەقڵییەت و مێنتالیتەی مرۆڤی کۆڵۆنیکراو ببینرێت. چونکە مرۆڤی کۆلۆنیکراو،
کە هەڵگری هەستی کۆڵۆمینتاڵیزم (نەفرەت لە خۆی کولتورییە) یان مێنتالیتەی کۆڵۆنیاڵە،
دوای ماوەیەک بەرژەوەندیی خۆی لە چاوی ئەویدییەکەی خۆیەوە دەبینێت. ئەو کۆڵۆمینتالیزمە
لە پەرچەکرداری هێندێک (نەک هەموویان) خوێندەواری کورد دژ بە لێکۆڵینەوەکەی د. یاسین
بە ڕوونی دەکەوێتە بەرچاو.
خۆ-تەعریبکردن،
چ بە زانینەوە و چ لە ڕووی نەزانینەوە بکرێت، خۆ-تەعریبکەر بەشدار دەکات لە
داخوران و پووکانەوەی دیمۆگرافی، خاکی، سیاسیی و داهاتووی نەتەوەیی کورد و جوگرافیای
کوردستان. ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە فۆرمەکانی تری پێشووتر ناسراوی تەعریب، کە بە دەستی
دەوڵەتانی دژەکورد لە باشور و ڕۆژئاوا دەکرا، جیا دەکاتەوە، جیاوازی لە لۆژیکی بنچینەیی
یان لە ئاکامە پێشبینیکراوەکانی تەعریبدا نییە، بەڵکوو فاکتەر جیاکەرەوەکە ناسنامەی
بکەری ئەو ڕەوتەی نوێی تەعریبە لە باشوور. ئەم پرۆسەیەی ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە
لایەن بکەرە کوردەکانەوە (یانی حیزبەکانی دەسەڵاتدارەوە) ئاسانکاری بۆ دەکرێت و لە
ڕێگای دامودەزگا کوردییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەشداریکردنی ئەوان لەم پرۆسەیەی نوێ
تەعریبدا، ناوەڕۆکی ئەکت و کردەوەکە و ئاکامەکەی ناگۆڕێت. بەڵکوو لە ڕاستیدا توانایی
تەعریبی کولتوری و درێژەی کاریگەرییەکی دەردەخات کە توانیویەتی بکەرەکانی خۆی لە
ناو کورد دروست بکات و تەعریب خۆی لە ڕێگای هەمان ئەو کۆمەڵگایەوە بەرهەم بهێنێتەوە
کە هەڕەشەی لەناوبردنی دەکات. ئەمە خۆی بەڵگەی کاریگەریی تەعریبی کەلتوورییە لە
کوردستان، کە لە نەبوونی بکەری ڕاسیستی عەرەبیشدا، بکەری کوردی بە شێوەیەکی ئاسایی
داهاتووی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و زەمینەی ماددی، سیاسی و کەلتووریی خۆلەناوبردن لە
غیابی بکەری عەرەبیشدا درێژە پێ دەدات. بۆیە ئەم پرۆسەیە بە ڕاشکاوی خۆ-تەعریبکردنە.
ئەم
خۆماڵیبوونەی تەعریب، یان ئەنجامدانی بە دەستی بکەری کورد، ئەو ڕەهەندە تایبەتەیە
کە دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە. بۆیە بەڕاستی ئەلەمێنت و عونسۆری نەرمی "بەعەرەبکردنی
بێدەنگی هەرێمی کوردستان" کە د. یاسین مامۆستایانە دەیخاتە ڕوو، لە ڕاستیدا
ئاماژەیە بە بکەریی و بە ئەیجنسیی کوردە لە پرۆسەی نوێی عەرەباندنی کوردستان و عەرەباندنی
داهاتوویی کورددا. لە بری دووبارەکردنەوەی ئەو باسانەی کە د. یاسین پێشتر خستوونیەتە
ڕوو، من تیشک دەخەمە سەر ئەوەی کە بەشداریکردنی کورد چی دەربارەی پێکهاتەی بەردەوامی
تەعریب دەردەخات - و دەربارەی گۆڕانی پڕۆژەیەکی داگیرکاریی دەرەکی بۆ پرۆسەیەک کە ڕۆژ
بە ڕۆژ زیاتر بە دەستی کورد خۆی بەڕێوە دەچێت.
د.
بورهان یاسین مەزەندەی ئەوە دەکات کە نزیکەی ١,٠٣٢,٠٠٠ دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی
کوردستان نیشتەجێ بوون، کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا ٢٦ی کۆی دانیشتووانی هەرێمەکە. ئەگەر
ئەم ئامارانە ڕێک ئاوا بن یان نزیک بن لەوەوە، ئەوا ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی
ئێجگار گەورە، بەتایبەتی لە وڵاتێکدا دەکەن کە لە بەشێکی زۆری سەدەی بیستەم و تەواوی
ئەم سەدەیەدا لەژێر هەڕەشەی تەعریبدا بووە — پرۆسەیەک کە نەتەنیا کۆتایی نەهاتووە
بەڵکوو دەرهاوێشتەکانی بەردەوامن لە داڕشتنەوەی ژیانی کورد و پرۆسەکەی لە فۆرمی دیکە
و جۆراجۆردا درێژەی هەیە.
هەندێک
لە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە شیکردنەوەکەی د. یاسین لەو گریمانەیەوە سەرچاوە دەگرن
کە گوایە فراوانبوونی بەرچاوی گروپێکی ئیتنیکی لە ناو زێدی نەتەوەیەکی دیکەدا، لە ڕووی
سیاسییەوە بێئاکام و بێکاریگەرییە. هەندێکی تریش پێیان وایە لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیەی
ئێستا لە لایەن دەسەڵاتدارانی مافیایی کوردەوە ئاسانکاری بۆ کراوە، ڕێگەی پێ دراوە،
یان بەڕێوە براوە، ناکرێت بە دروستی وەک "تەعریب" پێناسە بکرێت. هەردوو
پاساوەکە نەک تەنها مێژووی تەعریب فەرامۆش دەکەن، بەڵکوو زۆر بە ساکاری لە لۆژیکە
سیاسیی و بنچینەییەکەی مەعریفە و عەقڵیەتی تەعریب دەڕوانن. گرینگتر لەوەش، ئەوان
چاوپۆشی لەو لاوازی و بێدەرەتانییە بەردەوامەی هەرێمی کوردستان دەکەن لە نێو سیستەمێکی
دەستووریی عێراقیدا کە لە ڕووی ڕۆح و پێکهاتەوە، مۆرکە نەتەوەییە عەرەبییەکەی دەوڵەت
دەپارێزێت. بۆیە پێش باسکردنی ئەم لۆژیکە، کەمێک لەسەر ڕۆحی عەرەبیی یاسای بنەڕەتیی
ئێستای عێراق دەدوێم، چونکە لە خوێندنەوەی ڕۆح و دەقی ئەو یاسایەدا، درێژەدان بە تەعریب
وەک هەستێک، وەک بەرگرییەک لە ڕابردووی عەرەبی، و وەک نیگەرانییەک لە پێگەی یاسایی
کورد و ترسی بەهێزبوونی کورد، بە ڕاشکاوی دەبینرێت.
بێگومان
دەستووری ٢٠٠٥ لە ڕووی فەرمییەوە دان بە نەهامەتییەکانی کورد و هەندێک مافی گرینگی
کورددا دەنێت. پێشەکییەکەی ئاماژە بە "کۆمەڵکوژییەکانی" هەڵەبجە،
بارزان، و ئەنفال و چەوساندنەوەی نەژادیی کوردە فەیلییەکان دەکات. بەڵام ناگاتە ئەو
ئاستەی ئەم تاوانانە وەک جینۆساید ناو ببات، یان میکانیزمێکی یاسایی دابنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی
ئەو نیەتەی لە پشت جینۆسایدکردنی کوردستانەوەیە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکات.
هەروەها هیچ گەرەنتی و پارێزبەندییەک دانانێت کە هاوتا بێت لەگەڵ مێژووی نەتەوەیەکدا
کە ڕووبەڕووی هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی قڕکردن، ئاوارەکردن، و ئەندازیاریی دیمۆگرافی
بووەتەوە. هیچ جۆرە پێگەیەکی تایبەتی یاسایی بۆ حزوری کورد لە سیستەمی قەزای عێراقیدا
بۆ پێشگرتن لە درێژەکێشانی حافیزە، ڕوانگە و درێژەی تەفسیری جینۆسایدی دژ بە کورد
پێشبینی نەکراوە. بۆیە داننانەکەی بە نەهامەتییەکانی کورددا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە
و لە ڕووی سیاسییەوە پاشکۆی تێگەیشتنێکی بۆماوەییە بۆ عێراقێک کە بنەما نەتەوەییە
عەرەبییەکانی هەرگیز بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵنەوەشێنراونەتەوە. بە ڕاشکاوی، جینۆسایدی
کورد وەک پرسێکی جیددی و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی لە ڕۆحی یاسایی عێراقی و کەلتووری
سیاسیدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بۆیە هیچ مەرج و ڕێگرێک بۆ دووبارەبوونەوەی نییە. بۆ بەراورد
لەگەڵ نموونەیەکی هاوتا، ئەگەر کەسێک ڕۆژێک لە ئەڵمانیا ژیابێت یان کەمترین زانیاری
لەسەر مێژووی ئەو وڵاتە هەبێت، دەزانێت کە هەموو کەلتووری سیاسی و مەدەنی و وێنای
ژیانی ڕۆژانەی ئەو وڵاتە، شەرمەزاری و ترسیان لە کردەوەی هۆلۆکۆست و جینۆسایدی
جوولەکەکان پێوە دیارە.
کێشەکە
تەنیا ئەوە نییە کە بڕگە دەستوورییەکان ناتەواون. بەڵکوو ئەوەیە کە دەستووری عێراق،
کوردستان لە نێو دەوڵەتێکدا دەهێڵێتەوە کە ناسنامە، دەسەڵاتی سەروەری، و زۆرینە دیمۆگرافییەکەی
بە شێوەیەکی ڕەها بە عەرەبی ماونەتەوە و هیچ شەرمێکیشی لە جینۆسایدی کورد پێوە دیار
نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ میکانیزمێکی پاراستنی کاریگەر دابین ناکات دژی گۆڕینی
ئەو زۆرینەیە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی هەمیشەیی، لە چوارچێوەی یاسا و کەلتوور و حافیزەیەکی
دامەزراوەییدا کە شەرمی لە ڕابردووی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ڕۆڵی لە جینۆسایددا پێوە
دیاربێ و بەرگری لە دووبارە بوونەوەی بکات. لە ئەنجامدا، مافەکانی کورد بەستراونەتەوە
بەو دامەزراوانەوە کە لە لایەن هەمان ئەو سیستەمە زۆرینەخوازە، ڕاسیست و بێشەرمە سەبارەت
بە ڕابردووی دەسەڵاتی ئیتنیکیی خۆی، کۆنتڕۆڵ کراون. لە حاڵێکدا کورد و
کوردستان بۆ مانی پێویستی بە میکانیزمی یاسایی
و دامەزراوەییە بۆ پاراستنی لە هەمان کولتوری سیاسی، یاسایی و دامەزراوەیی هەیە. لەم
سۆنگەیەوە، دەستووری عێراقی تێپەڕین لە تێگەیشتنە مێژووییە ڕاسیستی و بەعسیەکەی عێراق
عەرەبی نییە؛ بەڵکوو لە ڕێگەی زمان و گوتاری فیدراڵیزمەوە دایدەڕێژێتەوە و شەرعییەتی
بە درێژەی هەمان عەقڵیەت و کولتور و نەریتی دامەزروەیی دەدات.
ئەم
ناکۆکییە هەر لە سەرەتاوە لە مامەڵەی دەستووری عێراقی لەگەڵ پرسی "یەکێتیی دڵخوازانە
یان ئیتحادی ئیختیاری"دا دەردەکەوێت. پێشەکییەکەی باس لەوە دەکات کە عێراقییەکان
"بە دڵخوازانە" بڕیاریانداوە داهاتوویان یەکبخەن و "یەکێتییە ئازادەکەیان"
بپارێزن، کەچی لە هەمان کاتدا هەر لە ماددەی ١ـی دەستوورەوە، تێگەیشتنێکی دژ بەو دڵخوازییە
وەک زامنی یەکێتیی عێراق ڕادەگەیەنێت. ئەمەی دووەمیان بە شێوەیەکی کرداری، دەرهاوێشتە
سیاسییەکانی ڕاگەیاندنەکەی یەکەمیان لە مانا دەخات و پووچەڵی دەکاتەوە.
ئەگەر یەکێتییەکە لە ڕووی دەستوورییەوە
زامن کرابێت بەبێ گوێدانە ڕەزامەندی و دڵخوازیی کورد بۆ ئەو یەکێتییە، ئەوا ئیدیعای
ئارەزوومەندانەبوونی ئەم یەکێتییە تەنیا دەبێتە قسەیەکی ڕواڵەتی لە پێشەکییەکی بێئاکامدا.
دەستووری عێراقی هیچ میکانیزمێک دابین ناکات کە لەو ڕێگەیەوە ڕەزامەندیی کورد دەرببڕدرێت،
دووبارە بکرێتەوە، ڕابگیرێت، یان بکشێنرێتەوە، بۆیە دان نان بە کوردستان و کورد وەک
خەڵکێکی خاوەن بڕیار لە یەکێتیی عێراقدا ونە و وەک لایەنێکی بەڕاستی ئارەزوومەندانە
لە پەیماننامە دەستوورییەکەدا نایبینێت.
دەستووری عێراقی دان بە هەندێک دامەزراوە
و دەسەڵاتی کوردیدا دەنێت، بەڵام ئەو "ئەیجنسی"
(Agency) و بکەرییەی لێ زەوت دەکات کە پێویستە بۆ دیاریکردنی
خودی جۆر و سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکەی نێوان ئەو دوو کیانە، بۆیە هەر لە نووسینی
ئەو دەستوورەدا عەقڵیەتی بەعسی بە زەقی دیارە.
ئەم
خاڵە بۆیە گرینگە، چونکە هەندێک لەو ڕەخنانەی ئاراستەی باسەکەی دکتۆر یاسین دەکرێن،
پەنا بۆ بوونی سیستەمی فیدراڵی عێراقی دەبەن وەک ئەوەی گەرەنتییەکی نەگۆڕ بێت بۆ
مانەوەی کوردستان. بەڵام وا نییە. لە نێو واقیعی مێژوویی و سیاسیی عێراقدا، زمانی
دەستووری عێراق چەندین جار سەلماندوویەتی کە بە هیچ شێوەیەک فاکتەرێکی جێی متمانە
نییە بۆ پاراستنی کوردستان کاتێک مافەکانی کورد لەگەڵ ئیرادەی زۆرینەی عەرەب، بەرژەوەندییەکانی
بەغدا، یان هاوکێشە باڵادەستەکانی هێزی ناوچەییدا یەک ناگرنەوە. لە ئەنجامدا، ئاسایش
و داهاتووی سیاسیی کوردستان زیاتر پشت بە هەلومەرجە ناجێگیرە جیۆپۆلەتیکییەکان دەبەستێت
نەک زمانی دەستووری عێراقی.
چارەنووسی
ماددەی ١٤٠ ڕوونترین بەڵگەیە لەم ڕووەوە. ئەم بڕگەیە داوای ئاساییکردنەوە، سەرژمێری،
و ڕیفراندۆمی لە کەرکووک و ناوچە کیشە لەسەرەکانی تر دەکرد تا ٣١ی کانوونی یەکەمی
٢٠٠٧. ئامانج لێی پێچەوانەکردنەوەی، لانی کەم بەشێکی، دەرهاوێشتە خاکی و دیمۆگرافییەکانی
تەعریبی بەعسی بوو. کەچی دوای نزیکەی دوو دەیە، نەک هەر داواکارییە سەرەکییەکانی ئەکتەری
حیزبی کوردی لە ڕووی نایەت باسیان بکات، بەڵکوو لە دوای ٢٠١٧ـەوە بەشێکی هەرە زۆری
ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی دیفاکتۆ و بێ قسەهەڵگربوون، لە دەست کورد دەرچوون و ئێستا
وەک ناوچەی ''کێشە لەسەریش'' هەژمار ناکرێن. ئەم بابەتە لە گفتوگۆ سیاسییەکانی عێراق
— و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتریش و بەتەواوی لە گوتاری حیزبە کوردییەکاندا — ون بووە. تا ڕادەیەک
ئەگەری شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی زۆرترە لەوەی ڕۆژێک لە بەغدا کورد وەک بلۆکێک گلەیی
شەرمیون لە دەرکردنی کورد لە ناوچە ''کێشەلەسەرەکان'' بکات. بۆیە میکانیزمێکی دەستووری
کە بە تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی تەعریب داڕێژرابوو، خۆی لە لایەن ئەو سیستەمە سیاسییەوە
پەک خراوە و ئێستا بووەتە بەشێک لە ئەرشیفی مێژوویی عێراقی دوای سەددام.
لێرەوە
ماددەی ١٤٠ دەریدەخات کە، لەو شوێنەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، میکانیزمە یاساییەکان
بێمانان بەرامبەر بە بڕیارەکانی دەوڵەتی عێراق و عەقڵیەت و ئێرادە زۆرینە باڵادەستەکەی
عەرەبی، بە جۆرێک کە ئێستا هیچ کوردێک بوێری ئەوەی نییە تەنانەت ئەو باسانە هەر بێنێتە
گۆڕ. ئەگەر ئەرکێکی دەستووریی ڕاشکاو بۆ پێچەوانەکردنەوەی تەعریب بکرێت بۆ ماوەیەکی
نادیار و بێ هیچ لێکەوتەیەکی مانادار پەراوێز بخرێت، ئەوا تەسەووری ئەوەی کە فیدراڵیزمی
دەستووری وەک گەرەنتییەکی تەواو دژی گۆڕانکاریی زیاتری دیمۆگرافی بهێنرێتەوە، تەنیا
خەیاڵە. ئەوانە هەمووی بەڵگەن کە نەک تەنیا دەوڵەتی عێراقی دوای سەددام کێشەی لەگەڵ
تەعریب نەبووە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ناوەڕۆکی ئاشکرای یاسای بنەڕەتیی خۆی تەعریبی
درێژە پێداوە و کردوویە بە واقیعێکی ڕۆژانە و سیاسی دژ بە کورد کە کورد تەنانەت
ناوێرێت باسیشی لێ بکات.
هەمان
پێکهاتەی زۆرینەخواز کۆنتڕۆڵی لێکدانەوەی دەستووریش دەکات. هێزە سیاسییە باڵادەستەکان
ئەو دەسەڵاتەیان بەدەستەوەیە کە چوارچێوە و مانای سیستەمی فیدراڵی دیاری بکەن و بەردەوامیی
حوکمی عەرەبی لە شێوەی حکومڕانییەکی دەستووری و بێلایەندا نیشان بدەن. دادگای باڵای
فیدراڵی ڕۆڵێکی ناوەندی لەم پرۆسەیەدا بینیوە. گونجانی یاسایی خودی دادگاکە لەگەڵ
ماددەی ٩٢ی دەستوور ــ بەتایبەتی سەبارەت بە بنەمای یاسایی و شێوازی پێکهاتنی ــ لەمێژە
جێگەی مشتومڕە. بەڵام کێشە گەورەترەکە سیاسییە: دادگاکە بەردەوام ئیرادەی سیاسیی مەرکەز
لە بەغدا گۆڕیوە بۆ دۆکتورینێکی دەستووریی کۆتایی و پابەندکەر. لە ناو سیستەمێکی سیاسیی
عێراقیدا کە تا ئێستا بە قووڵی لە ژێر کاریگەریی ئێراندا بووە، ئاراستە و ئەنجامی
بڕیارەکانی دادگا بەردەوام لەگەڵ ڕوانگەی پاوانخوازانەی عەرەبیدا یەکی گرتووەتەوە.
ئەم بڕیارانە، بە بەرتەسککردنەوەی دەسەڵات و بنەما یاساییەکانی هەرێم، دژ بە
داهاتووی کوردستان کاریان کردووە و لە درێژخایەندا قەوارەی هەرێم بەرەو بێمانابوون
دەبەن.
بەتایبەتی
لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ـەوە، دادگاکە بووەتە ئامرازێک کە لە ژێر پەردەی زمانی فەرمیی
دەستووریدا، ئۆتۆنۆمیی نیسبی و پێگە یاساییەکەی کوردستانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرتەسکتر
کردووەتەوە و بنەما حوقووقییەکانی هەرێم و داهاتووی سیاسیی ئەو قەوارەیەی بنکۆڵ
کردووە. بۆ نموونە، بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی
کوردستان، گورزێکی گەورەی لە بنەما یاساییەکانی کەرتی وزەی سەربەخۆی هەرێم دا، ڕێگەی
بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی خۆش کرد تاکوو لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم بدات و، لە ئەنجامدا،
پشتی ئابووریی قەوارەی کوردی بشکێنێت.
لە ڕوانگەی
بەرژەوەندیی کوردەوە، دادگاکە لە ئەنجامدا ئەرکێکی هاوشێوەی «فەتوا»ی وەرگرتووە: ئیدیعا
مشتومڕاوییەکانی دەسەڵاتی مەرکەز دەگۆڕێت بۆ بڕیارگەلێکی یاسایی و پابەندکەر کە
کوردستان هیچ پەناگەیەکی دامەزراوەیی و کاریگەری بۆ بەرەنگاربوونەوەیان نییە. ئەمە
خۆی بەڵگەی پرۆسەیەکی زۆر جیددیی تەعریبی یاسایی و دامەزراوەیییە؛ پرۆسەیەک کە سەروەریی
زۆرینەی عەرەب لە ڕێگەی بڕیارە یاسایی و پابەندکەرەکانەوە دەسەپێنێت، داهاتووی قەوارەی
کوردی دەخاتە مەترسییەوە و توانای بکەرایەتی و خاوەنبڕیاریبوونی کورد سەبارەت بە
چارەنووسی خۆی لێ دەسەنێتەوە.
کەواتە،
سیستەمی دەستووری نەک هەر هیچ پەنایەک بۆ کورد لە بەرامبەر تەعریبدا دابین ناکات،
بەڵکو لە ژێر کۆنتڕۆڵی زۆرینەدا بووەتە بەشێک لە ژێرخانی یاسایی و دامەزراوەییی تەعریب،
تەنانەت ئەگەر ئەمە لەگەڵ دەقی ڕواڵەتیی خودی دەستوورەکەشدا پێچەوانە بێت. هەمان ئەو
سیستەمەی کە نەیهێشتووە دەرهاوێشتە دیمۆگرافییەکانی پرۆسەکانی پێشووی تەعریب هەڵبوەشێنرێنەوە،
بەردەوام هەوڵ دەدات ڕێگە بۆ مەرکەزییەتێکی زۆرتر و سەپێنراوتر لە عێراقدا خۆش
بکات؛ تاکوو ئۆتۆنۆمیی نیسبیی کورد تەواو پەک بخات، بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکان
لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبییەوە بکاتە واقیعێکی قسەهەڵنەگر، و ئەو توانایە سیاسییە هەرچی
زیاتر لە کورد زەوت بکات کە بۆ ڕێکخستنی داهاتووی دیمۆگرافیی خۆی، وەک بکەرێکی سیاسی،
پێویستی پێیەتی.
بەم
جۆرە، فیدراڵیزمێکی فەرمی هاوشان لەگەڵ سەروەرییەکی عەرەبیی زۆرینەخوازدا دەڕواتە
پێش؛ سەروەرییەک کە توانای هەڵپەساردن، سنووردارکردن یان پێناسەکردنەوەی مافەکانی
کوردی هەیە. لە ٢٠١٧ـەوە، پرۆژەی سیستەماتیکی تەعریب هەم لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە،
هەم لە ئاستی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی ناوچە جێناکۆکەکاندا، و هەم لە ڕووی یاساییەوە،
بەردەوامیی پێ دراوە.
بۆیە،
ئەو گریمانەیەی کە پێی وایە کوردستان دەتوانێت بە سەلامەتی بەرگەی گۆڕانکارییەکی گەورەی
تری دیمۆگرافی بگرێت، لەسەر سێ بنەمای هەڵە و لەرزۆک وەستاوە: یەکەم، گوایە ئەو لۆژیکە
سیاسییەی کە لە پشت وێرانکردن و تەعریبکردنی کوردستانەوە بووە، چیتر بوونی نییە؛
دووەم، گوایە سیستەمی عێراقیی دوای ٢٠٠٥ خاوەنی دامەزراوەگەلێکە کە دەتوانن ڕێگری
لە دووبارەبوونەوەی ئەو پرۆسەیە بکەن؛ سێیەمیش، ئەو خەیاڵەیە کە گوایە دەسەڵاتی سیاسیی
کورد لە ناوخۆدا ئیرادە و «ئەیجنسی»ی پێویستی بۆ ڕێگریکردن لەم خۆتەعریبکردنەی هەیە.
وازهێنان
لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، دەستبەسەرداگرتنی دەستوور لەلایەن زۆرینەوە، مەرکەزیبوونەوەی
بەردەوامی دەسەڵات و لاوازکردنی ئۆتۆنۆمیی کورد لە ڕێگەی دامەزراوە دادوەرییەکانەوە،
ڕێک پێچەوانەی ئەم گریمانانە دەسەلمێنن. عەقڵیەتی تەعریب هێشتا ماوە، میکانیزمە دامەزراوەییەکانی
هێشتا لەبەردەستدان، و خودی سیستەمی دەستووری و ئەو دامەزراوانەی لەسەر بنەمای ئەو
دەستوورە پێکهاتوون، دەکرێت وەک ژێرخانێکی یاسایی بۆ بەردەوامکردنی پرۆسەی تەعریب
بخرێنە کار.
لە ڕاستیدا،
دووبەرەکیی نێوان کورد، لاوازیی قەوارەی هەرێم و ترس لە قەیرانی کۆمەڵایەتی ــ کە
هەموویان بەرهەمی هەلومەرجی کۆلۆنیکردنی کوردستانن ــ دەتوانن حیزبە کوردییەکان بەرەو
بەشداری لە خۆتەعریبکردندا پاڵ پێوە بنێن؛ بەشدارییەک کە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی
حیزبییە، بەڵام لە پێچەوانەی بەرژەوەندیی نەتەوەییی کورددا دەوەستێتەوە.
٢
بەشی
یەکەمی نووسینەکەم ئەوەی خستەڕوو کە بەردەوامیی تەعریبکردن لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، نەتەنیا
لە ژێر کاریگەری ناڕاستەوخۆی مانەوەی کولتوور و درێژەی تێگەیشنتی بەئاشکرا بەعسییەوە
لە بەڕێوەبەری وڵات درێژەی هەبووە، بەڵکوو لە چوارچێوەی خۆبواردنی بە ئەنقەست و ئیرادەی
سیستەمی نوێی عێراق لە ناسینی دیاردەی تەعریبکردن وەک دیاردەیەکی پێکهاتەیەکی و بەردەوامی
کولتوری دەسەڵاتی دەوڵەتیشەوە درێژەی کێشاوە. چینە سیاسییەکە و دەسەڵاتداری دوای سەددام،
هەرچەندە بە فەرمی هەندێک لە جینایەتەکانی ڕژێمی پێشووی مەحکووم کرد، نە تەعریبکردنی
وەک لۆژیکێکی دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراق (بەتایبەت دوای ئەزموونی بەعس) خستە بەر ڕەخنە
و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە، نە هیچ میکانیزمێکی کولتووری، سیاسی، دیمۆگرافی، یاسایی
و دامەزراوەییانەشی بۆ هەڵوەشاندنەوە و پەکخستنی بنەمایی کە نەریتی تەعریبکردن لە ڕێگەی
ئەوەوە جێبەجێ کرابوو.
ئەم
خۆبواردنە چارەنووسساز بووە بۆ کورد. لانیکەم لە سەردەمی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات
لەلایەن حیزبی بەعسەوە، سیاسەتی تەعریبکردن تاوانێکی لاوەکی نەبووە کە لە پەراوێزی
دەوڵەتێکی بێلایەندا ئەنجام درابێت. تەعریبکردن ستراتیژییەکی پێکهێنەری دەسەڵات
بووە؛ ئامرازێک بووە بۆ گواستنەوە و دابەشکردنەوەی دانیشتووان، سڕینەوەی بوونی
کورد، گۆڕینی سیمای نەتەوەیی و دیمۆگرافیی کوردستان و سەپاندنی سەروەریی عەرەبی بەسەر
ناوچە کوردییە "کێشە لەسەرەکان". کەواتە، ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵسووکەوتێکی
ڕاستەقینە لەگەڵ عەقڵیەتی تەعریبکردن وەکوو خۆڵقێنەری جینۆساید، زیاتر لە مەحکوومکردنی
هەندێک تاوانی دیاریکراوی بەعسیی دەویست. پێویستی بە خستنە ژێر پرسیاری خودی ئەو تێگەیشتنە
عەرەبناوەندەی لە عێراق هەبوو کە نیزامی نوێ لە نیزامی پێشووەوە بە میراتی
بردبوو. بەڵام نیزامی دوای ساڵی ٢٠٠٣، یانی هەر لە ساڵەکانی سەرەتایەوە، بەردەوام
پرسی گەورەی تەعریبکردنی کردەوە بە پرسێکی لاوەکی، تەمومژاوی کردووە یان لە ناوەندی
گفتوگۆی سیاسی و یاسایی لای داوە وەکوو پرسێک پەیوەندیی تەنیا بە عەقڵیەتی سەددامیەوە
هەیە.
شێوازی
مامەڵەی دادوەری لەگەڵ ئەنفال، یەکێک لە بەرچاوترین نموونەکانی ئەم خۆبواردنە سیستەماتیکە
بووە. بۆنموونە، ئەنفال لە دادگایەکی سەربەخۆدا خرایە بەر لێپرسینەوە و سەددام حوسێنیش
لە سەرەتادا یەکێک بوو لە تۆمەتبارانی ئەو کەیسە. بەڵام هەر دوای ئەوەی سەددام لە کەیسی دوجەیلدا مەحکووم
کرا، لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦دا، لە کاتێکدا دادگایی ئەنفال هێشتا بەردەوام
بوو، بەپەلە لە سێدارە درا. لە سێدارەدانی سەددام ڕەوتی کەیسی ئەنفالی بەرامبەر بەو
کۆتایی پێ هێنا؛ گەرچی دادگاییەکە بەرامبەر شەش تۆمەتباری دیکە درێژەی کێشا و بڕیاری
مەحکوومکردن، لەوانە بە تۆمەتی جینۆساید، لێکەوتەوە. بەڵام ڕاستییە گرنگترەکە ئەوەیە
کە ڕیزبەندیی دادگاییەکان و لە سێدارەدانی سەددام، ڕێگەیان لە دەرچوونی بڕیارێکی کۆتاییی
دادوەری سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی کەسیی ئەو وەکوو هێمایەک لە جینۆسایدی ئەنفالدا
گرت. بەرزترین دەسەڵاتی سیاسیی ئەو ڕژێمەی کامپەینی سڕینەوەی سیستەماتیکی ژیانی
کوردی لە ژێر فەرمانڕەواییی سەددامدا ڕێک خرا و جێبەجێ کرا، بەڵام بەهۆی تاوانێکی
دیکەوە یانی لە سەر کوشتنی عەرەبی شیعە لە سێدارە درا، پێش ئەوەی دادگا بتوانێ بڕیاری
کۆتایی لەسەر بەرپرسیارێتیی سەددام لە وێرانکردنی ژیانی کورد بدات.
ئەم
ئەنجامە، ڕووداوێکی بچووکی تەکنیکی یان ڕێکاریی دادگایی نەبوو. مەبەستی سیاسی لە
پشت دیاریکردنی کاتی لە سێدارەدانەکە هەرچی بووبێت، ئەنجامی یاسایی و سیاسیی لە سێدارەدانی
سەددام ئەوە بوو کە جینۆسایدی کورد لە لێپرسینەوەی کۆتایی سەبارەت بە خودی سەددام
حوسێندا پێگەیەکی یەکلاکەرەوە و ناوەندی بە ئەنقەست پێ نەدرا. بەرپرسانی دیکە بەهۆی
بەشدارییان لە ئەنفالدا مەحکووم کران، بەڵام ئەو سەرکردەیەی کە نوێنەرایەتیی دەوڵەتی
عێراق دەکرد و هێمای نەتەوەپەرستیی عەرەبی بەعسی عێراقی بوو، بەبێ بڕیارێکی کۆتایی
سەبارەت بە جینۆساید مایەوە.
حوکمی
دوجەیل بوو بە بنەمای یاساییی تەواوکراوی لە سێدارەدانی سەددام، لە کاتێکدا کەیسی
سڕینەوەی سیستەماتیکی کۆمەڵگە کوردییەکان بەرامبەر خودی سەددام بەئەنقەست ناتەواو
مایەوە. ئەنجامی ئەمە سڕینەوەی تەواوی ئەنفال نەبوو، بەڵکوو هەوڵی بە ئەنقەستی
خستنی جینۆسایدی ئەنفال بۆ پلەیەکی خوارترەوە بوو لە ناو ئەو پلەبەندییە فەرمییەی
تاوانەکانی دەوڵەتی عەرەبیدا. ئەوەی ڕوویدا تەنیا ناتەواومانەوەی تۆمەتێکی تاکەکەسی
نەبوو؛ بەڵکو یەکێک لە کارەساتبارترین قۆناغەکانی مێژووی نوێی کوردی لەو پێگە و
ناساندنە تەواوەی دادوەری بە شێوەیەکی هێمایی، کردەوەیی، تەبلیغاتی بێبەش کرد کە
حوکمێکی کۆتاییی جینۆساید دژ بە بەرزترین دەسەڵاتی ڕژێم دەیتوانی پێی ببەخشێت.
مانا
قووڵترەکەی دادگایی ئەنفال لەو شتانەدایە کە لە بازنەی لێپرسینەوە و حوکم دەرکران
پرۆسەی دادوەری، بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنفال وەک تاوانێکی سنووردار کە ژمارەیەک بەرپرسی
ناسراوی بەعسی و حکوومەتی پێشوو ئەنجامیان داوە، ڕێگەی خۆش کرد کە تەنیا هەندێک
تاوانبار سزا بدرێن، بەبێ ئەوەی ئەو تاوانە و عەقڵانیەتە فراوانەکەی دەوڵەتی عەرەبی
عێراق کە جینۆسایدی بەرهەم هێنابوو، بە هەمان ئاست بخرێتە ژێر لێپرسینەوە. ڕەگەی ڕەگەزپرستی
لە نەتەوەپەرستیی عەرەبی عێراقی وەک بنەما و چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەکەی ئەنفال بە ئەنقەست
نەناسێنرا و مەحکووم نەکرا. دەوڵەتی عێراقیش وەک ئەو دامەزراوەیەی کە تەعریبکردنی
داڕشت، ڕێکی خست و جێبەجێی کرد، نە لە ڕووی یاسایی، نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی
مێژووییەوە خرایە بەردەم دادگا و لێپرسینەوە. بەرپرسیارێتی بۆ ئاستی تاکە بەرپرسان
دابەزێنرا و لە ناو کەسانێکی دیاریکراودا سنووردار کرا. بەم شێوەیە، هەم دەوڵەتی عێراق
وەک دامەزراوەیەکی بەردەوام و هەم تەعریبکردن وەک سیاسەتی پێکهاتەیەیی و بەردەوامی
دەسەڵات و عەقڵیەتەکەی، لە تۆمەتبارکردن و لێپرسینەوەیەکی گشتگیر پارێزران.
بەم
جۆرە، لە ئاستی گوتاردا دەکرا تەعریبکردن بنێردرێتە ناو ڕابردووی تاوانکارییەوە، لە
کاتێکدا گواستنەوەکانی دانیشتووان، گۆڕانکارییە خاکییەکان، ڕێکخستنە یاساییەکان و
پەیوەندییەکانی سەروەری کە بەرهەمی هێنابوون، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەرنەکراو
مانەوە. تەعریبکردن لە قۆناغی گواستنەوەی ساڵی ٢٠٠٣دا مایەوە، نەتەنیا لە ڕێگەی
دووبارەکردنەوەی بێگۆڕانی زمانی بەعسەوە، بەڵکو لە ڕێگەی وەرگێڕانی لە ستراتیژییەکی
بەئاشکرا ڕاگەیەنراوی دەوڵەتەوە بۆ واقیعێکی یاسایی، دیمۆگرافی و دامەزراوەیی کە نیزامی
دەستووریی نوێ بەڕێوەی دەبرد و هەندێک جاریش دووبارە بەرهەمی دەهێنایەوە. هەمان ئەو
دامەزراوانەی کە دەبوو بەهۆی ڕۆڵیان لە تەعریبکردندا لە بنەڕەتەوە دابڕێژرێنەوە،
بوونە پارێزەری درێژەی عەقڵیەتی پێشوو، ئەنجامە ماددییەکانی، کولتووری سیاسی و ژێرخانە
یاساییەکەی. ئەوان دەیانتوانی بۆ ڕابردوو دان بە ئازارەکانی کورددا بنێن، لە هەمان
کاتدا درێژە بە بەڕێوەبردنی ئەو پێکهاتە عەرەبناوەندەی سەروەری بدەن کە ئەو ئازارەی
بەرهەم هێنابوو. بەڵام، دەوڵەتی عێراقی ئامادە نەبوو کە لەبەر چاوی جیهان ئیعتراف
بکات کە ئەوەی کورد بەسەری هاتبوو لەبەر کوردبوون و جیاوازی نەتەوەیی بوو.
کەواتە،
کێشە سەرەکییەکە نەبوونی بەتەواوەتیی ناساندن نییە. یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی
عێراق بەشێکی گرنگی جینایەتەکانیان دژ بە کورد ناساندووە. بەڵام، ئەم ناساندنە بەردەوام
بەشێکی، هێمایی و پاشکۆی ئەولەوییەتە سیاسییەکانی دیکە بووە. جینۆسایدی عێراقی دژ
بە نەتەوەی کورد هەرگیز بۆ دابڕانێکی بنەڕەتی و تێگەیشتنی نوێ لە پرسی کورد، مامەڵەی
لەگەڵدا نەکراوە کە پێویستی بە داڕشتنەوەی نیزامی دەستووریی عێراق لەسەر بنەمای بکەرایەتیی
کارا، ئاسایش و ڕەزامەندیی کورد هەبێت. ئەمە قووڵترین بەردەوامیی کولتور، عەقلیەت
و نەریتی دامەزراوەی تەعریبکردنە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە نەتەنیا هەوڵنەدراە بکرێت
بەعەقڵیەتێکی کۆن، بەڵکو هەوڵ داوە کە دەوڵەت و نیزامی سیاسیی نەتەوەیی عەرەبی--نەک
حکوومەتی بەعس-- بەرپرسیار لە بەرهەمهێنانی تەعریبکردن، لە تۆمەتبارکردنێکی گشتگیر
دەرباز بکات. مەحکوومکردنی هەندێک تاوانی دیاریکراو ڕێگەپێدراو بوو؛ بەڵام تۆمەتبارکردن
و گۆڕینی ئەو نیزامە سیاسییەی لە پشت ئەو تاوانانەوە بوو، ڕێگەپێدراو ماویەوە.
ئەم
تاکەکەسی یا حیزبی کردنەوەیەی بەرپرسیارێتی جینۆساید، ڕەنگە شارەزایانەترین و زیرەکانترین
بەرگریکردن لە کولتوور و سیاسەتی تەعریبکردن بووبێت: ڕێگەی بە نیزامی دوای ٢٠٠٣ دا
هەندێک تاوانی دیاریکراوی بەعسی مەحکووم بکات، بەڵام هێشتی هەمان نەریت و نیزام
بتوانێ تێگەیشتنی ڕەگەزپرستانە ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە عێراق، بەردەوامیی دامەزراوەییی
دەوڵەت و ژێرخانی دیمۆگرافی و خاکیی تەعریبکردن لە حوکم و لێپرسینەوەیەکی هاوشێوە
بپارێزێت. بەم جۆرە، لە ئاستی گوتاردا تەعریبکردن نێردرایە ناو ڕابردووی
تاوانکارانەی بەعس، بەڵام نەک دەوڵەتی عێراق. لە هەمان کاتدا گواستنەوەکانی دانیشتووان،
گۆڕانکارییە خاکییەکان، ڕێکخستنە یاساییەکان و پەیوەندییەکانی سەروەری کە پرۆژەی تەعریبکردن
کە ئەو دەوڵەتی عێراق بەرهەمی هێنابوون، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەرنەکراو مایەوە.
کەواتە،
کێشە سەرەکییەکە نەبوونی تەواوی ناسین و ناساندن نییە. یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی
عێراق بەشێکی چەوساندنەوە و جینایەتەکانی دژ بە کوردیان بە ڕواڵەت ناسیبوو. بەڵام
ئەم ناسین و ناساندنە بەردەوام تەنیا بەشێک بووە لە ئەزموونی کورد. جینۆسایدی دژ بە
نەتەوەی کورد هەرگیز وەک دابڕانێکی بنەڕەتیی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە؛ دابڕانێک
کە پێویستی بە داڕشتنەوەی نیزامی دەستووریی عێراق لەسەر بنەمای بکەرایەتیی گونجاوی
کورد، ئاسایشی کورد و ڕەزامەندیی سیاسیی کورد هەبێت. سیاسییەکانی کورد کەمترین خوێندنەوەیان
لەوە نەبوو و گرنگیان نەدا کە لە جیهاندا لەگەڵ ئەزموونی هاوشێوە چۆن مامەڵە کراوە.
ئەنجامەکانی
ئەم لێپرسینەوە بەربژێرکراوە تەنیا بەشێکە لە پرس و کێشەکانی پێوەندیدار بە تەعریب.
چونکە لەڕاستیدا پرسەکان زۆر لە سنووری هۆڵی دادگا تێدەپەڕین. شاردنەوەی دامەزراوەیی
و ناساندنی ناتەواوی جینایەتەکانی دژ بە کورد، لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنانە و لەڕووی
نەزانی و بێمەبەستییەوە نەبووە. ئەم شاردنەوە و ناساندنە ناتەواوە، یادەوەری،
کولتوور و ئەزموونی بەمیراتماوەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کورد دەپارێزن، تەسەووری عەرەبناوەندی
دەوڵەت لە پرسی خاک لە کوردستان بە ئاسایی دەزانێ و دەنوێنن و ڕێگە بە کولتووری سیاسیی
تەعریبکردن دەدەن بەردەوام بێت، بەبێ ئەوەی ئەو کولتوورە ناچار بێت بە ئاشکرا خۆی
دەربخات. ئەمە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی عەرەبی عێراقی بە گشتی جینۆساید پەسەند
دەکات؛ دەبێ لە گشتاندنێکی لەم جۆرە بە وردی خۆمان بپارێزین. بەڵام، ئەمە بەو مانایەیە
کە بکەرە سیاسییە کاریگەرەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، بەردەوام جینۆسایدی
کورد و پرۆژەی تەعریبکردنی بەرهەمهێنەری ئەو جینۆسایدەیان خستووەتە ژێر پرسی ڕیوایەت
و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی عێراق، سەروەریی عەرەبی و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەت.
کەواتە،
ئەو دامەزراوانە، ئەو پۆل و چینە سیاسییانە و ئەو نەریتە کە تەعریبکردنی کردە شتێکی
خەیاڵپێکراو و لە ڕووی کارگێڕییەوە شایەنی جێبەجێکردن، هەرگیز بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە
تێنەپەڕێندراون. بە پێچەوانەوە، دامەزراوە و پۆلە سیاسییەکانی تەعریبکردن پارێزراون،
خۆیان لەگەڵ بارودۆخی نوێ گونجاندووە و بۆ ناو نیزامی دوای ساڵی ٢٠٠٣ گوازراونەتەوە.
ئەم پاشماوە و درێژە دامەزراوەییەی تەعریبکردن ــ واتە ئەو شێوازەی کە سیاسەتێکی بە
ئاشکرا ڕاگەیەنراوی دەوڵەت گۆڕدرا بۆ پێکهاتەیەکی ئاساییکراوی حوکمڕانی ــ کە بەداخەوە
تا ئێستا نەبووەتە بابەتی لێکۆڵینەوە زانستیی و ئاکادیمیکی بەردەوام و قووڵەی کە
شایانیەتی.
دەبێ
مەزەندەکەی دکتۆر یاسین سەبارەت بە بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی
کوردستاندا، لە ناو هەر ئەم چوارچێوە مێژوویی، دامەزراوەیی و دەستوورییە چارەسەرنەکراوەدا
هەڵبسەنگێنرێت؛ نەک لە ناو جیهانێکی ئەبستراکت، رەها و دابڕاودا کە تێیدا جووڵەی دانیشتووان
گوایە هیچ مانا و سەنگێکی سیاسیی نییە. پرسیاری ناوەندی نەتەنیا ئەوەیە کە کێ لە ئێستادا
پرۆسە گۆڕینی دیمۆگرافیی بەڕێوە دەبات، ئاسانکاریی بۆ دەکات یان لێی قازانج وەردەگرێت.
بەڵکوو پرسیاری ناوەندیتر ئەوەیە: ئایا پرۆسەیەک کە لە ڕووی مێژووییەوە دەوڵەتی عێراق
دەستی پێ کردووە، لە هەمان خاکدا بەردەوامە و هەمان ئاراستە دیمۆگرافییەکەی کامپەینە
یەکلەدواییەکەکانی تەعریبکردن دووبارە بەرهەم هێنەرەوەی ئەزموونەکە و جێبەجێکەری
ئەو نەریتە، دەبێ بخرێتە دەرەوەی کاتاگۆری تەعریب؟ یانی ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک
بکەری کورد خۆیان بوونەتە ئامرازی بەردەوامکردنی، چیتر تەعریبکردن نایەتە هەژمار؟
پرۆسەیەکی
مێژوویی تەنیا لەبەر گۆڕانی بکەرە ڕاستەوخۆکانی، خەسڵەتی سیاسیی خۆی لەدەست نادات.
تەعریبکردنیش تەنیا لەبەر ئەوەی چیتر بە تەواوی لە ڕێگەی دەرکردنی ڕاستەوخۆی دانیشتووان،
فەرمانی سەربازی یان کامپەینی فەرمیی نیشتەجێکردنەوە کار ناکات، لە تەعریبکردن-بوون
ناکەوێت. بەردەوامیی تەعریبکردن دەتوانێ لە ڕێگەی وابەستەیی ئابووری، بێهەڵوێستیی
کارگێڕی، بەرژەوەندیی حیزبی، لاوازیی دەستووری، نیشتەجێبوونی ڕێکنەخراو و ئامادەیی
دەسەڵاتە کوردییەکان بۆ قبووڵکردنی گۆڕانی دیمۆگرافی بە مەبەستی پاراستنی مانەوەی
کورتخایەنی خۆیانەوە درێژە بکێشێت. لە ژێر تیشکی ئەم بارودۆخەدا، بەشداریی بکەرە
کوردەکان بەردەوامیی تەعریبکردن ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵکو نیشان دەدات کە لۆژیکی تەعریبکردن
تا چ ڕادەیەک چووەتە ناو دامەزراوە و حیساباتە سیاسییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی کە پێشتر
ــ و هێشتاش ــ خۆی قوربانیی تەعریبکردن بووە، نەک هەر لە ڕووی گۆڕینی دیمۆگرافی،
بەڵکوو وەک سوژەیەک کە زۆرێک لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستەکەی عێراقی دەروونی
کردووە و ئێستاش لە تاو بێزاری لە دەسەڵاتی کوردی، وەک قوربانییەک کە تووشی سیندرۆمی
ستۆکهۆڵم بووە، ئارەزووی گەڕانەوەی حکوومەتە جینۆسایدکارەکە دەکات.
گرنگتر
لە هەموو ئەوانە، باشووری کوردستان لە پێگەی سەروەرییەکی جێگیر و پارێزراوەوە ڕووبەڕووی
ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە نابێتەوە. باشووری کوردستان هێشتا لەبەر فشاری چالاکیی
سیاسی، سەربازی، دەستووری، خاکی و دیمۆگرافیی هەمان ئەو دەوڵەتەدایە کە دامەزراوە
عەرەبناوەندەکان و تەسەوورە خاکییەکەی هەرگیز لە بنەڕەتەوە دانەڕێژراونەتەوە. ڕووداوەکانی
دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ساڵی ٢٠١٧، ڕوونترین بەڵگەی بەردەوامیی ئەم لاوازی و بێپارێزگارییەی
باشووری کوردستانن. هەر ڕەخنەیەک لە کات، ڕێکخستن، سەرکردایەتی یان حیساباتی ستراتیژیی
ڕیفراندۆمەکە بگیرێت، ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ دەربڕینێکی ئاشتییانەی ئیرادەی سیاسیی خەڵک
بوو؛ زیاتر لە ٩٢ لە سەدی دەنگدەران بە سەربەخۆیی دەنگیان دا. بەغدا، لە جیاتی
گفتوگۆکردن سەبارەت بە مانا سیاسییەکەی ئەو دەنگە، بە ڕێوشوێنی سزادان و ناردنی هێزەکانی
عێراق بۆ ئەو ناوچانە وەڵامی دایەوە کە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی
کوردستاندا بوون. تازە دەوڵەتی عێراق بەجێی خۆی، ئێران و تورکیاش مافی دەنگدانی
کوردێکی باشووریان وەکوو پرسی ئەمنی نەتەوەیی خۆیان ڕاگەیاند (خوێندەوارانی کورد ئەو
هەلومەرجە لەگەڵ هەڵسوکەوتی بریتانیا سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سکۆتلەندا بەراورد بکەن،
ئینجا دەتوانن نمایشی پۆست-کوردایەتی و جیهانوەتەنییمان بۆ بدەن)
مانای
دەستێوەردانی دوای ڕیفراندۆم نابێ بچووک بکرێتەوە بۆ ناکۆکییەکی کاتی لە نێوان بەغدا
و هەولێر سەبارەت بە دەسەڵاتی دەستووری و قەڵەمڕەوی کارگێڕی. دەستێوەردانی دوای ڕیفراندۆم
نیشانی دا کە دەوڵەتی عێراق هەم توانای دامەزراوەیی و هەم ئیرادەی سیاسیی پێویستی
پاراستبوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک ڕەزامەندیی کورد دژ بە یەکپارچەیی داسەپاوی خاکی عەرەبناوەندی
عێراق بوەستێتەوە، بە چەک و حەشدی شەعبی هەڵسوکەوت لەگەڵ مافی ڕەزامەندیی کورد
بکات. سەپاندنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی بەغدا بەسەر ناوچەکانی کوردستان و بەناو ناوچە
"کێشە لەسەرەکان"دا، هەروەها ئەو بارودۆخە کارگێڕییانەی دووبارە دامەزراندەوە
و بەهێزتری کرد کە لە ناویاندا دەکرا ئەنجامەکانی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە پێشووەکان
چەسپێنرێن و ئاسانکاری بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی نوێ بکرێت.
هەمان
ئەو دامەزراوانەی دەوڵەتی عێراق کە هەرگیز بەهۆی ڕۆڵی مێژوویییان لە تەعریبکردنی
کورد نەخرانە ژێر تۆمەتبارکردنێکی گشتگیر و لە بنەڕەتەوە دانەڕێژرانەوە، جارێکی دیکە
دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خاک، ڕێکخستنی ئاسایش، دیاریکردنی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی
و شێوەپێدانی واقیعی دیمۆگرافییان لەو ناوچانەدا بەدەست هێنایەوە کە پێشتر نیشتەجێکردنی
سیستەماتیکی عەرەبییان بەسەردا سەپێنرابوو. کەواتە، دەبێ نیزامی دوای ساڵی ٢٠١٧ نەتەنیا
وەک قەیرانێکی کاتیی دەستووری، بەڵکو وەک قۆناغێکی دیکە لە پەرەسەندنی دامەزراوەییی
تەعریبکردن تێبگەین: واتە پاراستنی دەوڵەتێکی عەرەبناوەند، چالاککردنەوەی دەسەڵاتی
زۆرەملێی ئەو دەوڵەتە بەسەر خاکی کوردستاندا، و ژێردەستەهێشتنەوەی داهاتووی دیمۆگرافیی
کوردستان بۆ ئەو دامەزراوانەی کە هەرگیز لەگەڵ کولتووری سیاسی، یادەوەریی دامەزراوەیی
و ژێرخانی تەعریبکردن پەیوەندییان نەپچڕاندووە.
لە ئۆکتۆبەری
٢٠١٧دا، هێزەکانی عێراق بە هاوڕێیەتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر کەرکووک
و ناوچە "کێشە لەسەرەکان"ی دیکەدا گرت. پێکهاتە چەکدارە پاڵپشتیکراوەکانی
ئێران ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بینی، لە هەمان کاتدا هەم ئێران و هەم
تورکیا پشتیوانییان لە دژایەتیی بەغدا دژ بە ریفراندۆمی کوردستان کرد و بەشدارییان
لەو فشارە سیاسی و ئابوورییانەدا کرد کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنران. بەڵام
ئەم کامپەینە سەربازییە ــ کە بە ڕوونی سەپاندنەوەی سەروەریی عەرەب بوو بەسەر ئەو
خاکانەدا کە لە ڕووی مێژووییەوە کەوتبوونە بەر تەعریبکردن ــ بە هاوکاریی هەندێک لە
لایەنە کوردییەکانیش ئاسانکاریی بۆ کرا.
ڕاستیی
هاوکاریی ئەو لایەنە کوردییانە پەیوەندیی ئۆپەراسیۆنەکە بە تەعریبکردنەوە کەم
ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە، نیشانی دەدات کە نەتەنیا تەعریبکردن، بەڵکوو ئەنفالیش
پشتی بە توخمەکانی خۆتەعریبکردنی کوردی بەستبوو؛ واتە تێکەڵکردن و خستنە خزمەتی بکەرە
کوردەکان بۆ ناو عەقڵانیەتی سیاسی، پراکتیکە دامەزراوەییەکان و ئامانجە خاکییەکانی
دەوڵەتی عەرەبناوەند بەشێکە لە ئەزموونی کوردستان کە نموونەی لە ناو نەتەوەکانی کۆلۆنیکراوی
دیکەش کەم نییە. لە دوای ساڵی ٢٠١٧، بەشداریی کوردی لە سنووری بواری سیاسی و
کولتووری تێپەڕی و گەیشتە هەماهەنگیی سەربازی و ئاسانکاریی ئۆپەراسیۆنی. بەم جۆرە،
هەندێک ئەندامی ئەو نەتەوەیەی لە ڕووی مێژووییەوە خۆی کەوتبووە بەر تەعریبکردن و جینۆساید،
بوون بە بکەری ناوخۆیی بۆ سەپاندنەوەی ئەو ڕێکخستنە خاکییەی کە پرۆژەی تەعریبکردن
لە ڕێگەیەوە پێش کەوتبوو.
هەرێمی
کوردستان لە دوای ئەو هێرشە، کۆنتڕۆڵی نزیکەی ٤٠ لە سەدی ئەو خاکەکەی لەدەست دا کە
پێش ئۆپەراسیۆنەکە بەڕێوەی دەبرد؛ لەوانە کەرکووک، شنگال، جەلەولا و ناوچە "کێشە
لەسەرەکان"ی دیکە. لەدەستدانی ئەم خاکانە دەستبەجێ لە دوای ڕیفراندۆم، پاشەکشەیەکی
زۆر گەورەی خاکی و ستراتیژی بوو. گرنگتر ئەوەیە کە زۆرێک لەو ناوچانەی دووبارە
خرانە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی عەرەبی عێراق، ڕێک هەمان ئەو ناوچانە بوون کە
دەوڵەتی بەعسی عێراق پێشتر پرۆژەی سیستەماتیکی تەعریبکردنی تێدا جێبەجێ کردبوون.
کەواتە، ئۆپەراسیۆنی ساڵی ٢٠١٧ تەنیا سنوورێکی
کارگێڕیی نەگۆڕی؛ بەڵکو دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی سیاسی، سەربازی و کارگێڕیی دامەزراوە عەرەبناوەندەکانی
دەوڵەتی عێراقی بەسەر ئەو خاکانەدا گەڕاندەوە کە پێکهاتەی دیمۆگرافی، پەیوەندییەکانی
خاوەندارێتی و ناسنامەی نەتەوەیییان لەمێژ بووەتە بابەتی ململانێ. لەگەڵ ئەوەشدا،
وابەستەیی سیاسی و کلایەنتەلیزمی حیزبی بردە ئاستێکی زۆر مەترسیدارەوە کە نیشانی
دا حیزب ئامادەیە بۆ مانەوەی خۆی زۆر بە ئاسانی زۆر لایەنی جدیی نیشتمانی فیدا
بکات، کە ئەوەش تیشک دەخاتە سەر خودی ئەو پرۆسەی ئێستای خۆ-تەعریبکردنەی باشوور.
٣
ئەو
پەرەسەندنە دامەزراوەیی و ناوچەییانەی لە بەشەکانی پێشوودا تاوتوێ کران، ئەو چوارچێوەیە
دیاری دەکەن کە دەبێ جووڵەی هاووڵاتیی عەرەبی عێراقی بەرەو هەرێمی کوردستان لە نێو
ئەو کۆنتێکست و کۆدەقە مێژوویی، سیاسی، مەیلی و حافیزە دامەزراوەییەی دەوڵەتی عەرەبیی
عێراقدا تێبگەین. گۆڕانی دیمۆگرافی لە وەها کۆنتێکست و کۆدەقێکی ئەمنیکراو و مێژووییەدا
کە دژە کوردە و هەوڵی دەسەڵاتە بۆ نەمانی کوردستان ــ کە ئێستا پشتیوانیی ناوچەیی،
دامەزراوەیی، یاسایی و تەنانەت سەربازیشی لە پشتە ــ گێلێتییەکی ستراتیژیکە کە
کورد وەک دیاردەیەکی ئاسایی یان سیاسی-کۆمەڵایەتیی مەعسوومانە مامەڵەی لەگەڵدا
بکات. بەتایبەت ئەو هەڕەشە و تەوژمە لەسەر نیشتمانێکە کە سەد ساڵە کێشەی لەسەرە.
لانیکەم لە سەرەتای دەسەڵاتی بەعسیشەوە ڕووبەڕووی تەعریب بووەتەوە، و ئاسەوارەکانی
تەعریبکردنی پێشووی نەک هەر هەڵنەوەشێنراونەتەوە، بەڵکو درێژەیان هەیە؛ تا ئەو ڕادەیەی
ناوچە کێشەلەسەرەکان ئێستا بە دیفاکتۆ خەریکە دەبنە ناوچەی بێکێشە بۆ دەوڵەتی عەرەبی.
هەر
گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی ــ جا لەلایەن بەغداوە ئاسانکاریی بۆ کرابێ، یان لەلایەن
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، بەرژەوەندییە ئابوورییە تایبەتەکان، یان خودی کۆچبەرانەوە
ــ دەچێتە ناو مەیدانێکەوە کە لەگەڵ تێگەیشتنی دەوڵەتی عێراقی، مەیلی کولتووری نەتەوەیی
زاڵ، ئاقار و ڕێکارە دامەزراوەییەکانی دەوڵەتی عێراقی و نەریتی دەسەڵاتداری لەو وڵاتەدا
تەواو گونجاوە. ئەم مەیدانە پێشتر بە ئاوارەکردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار،
گۆڕینی سنوورەکان و ئامانجە دیمۆگرافییە تەواونەکراوەکانی دەوڵەتی عێراق داڕێژراوە.
کەواتە، پرسیارە پەیوەندیدارەکە ئەوە نییە کە ئایا جووڵەی دیمۆگرافیی ئەمڕۆ، هەموو
تەکنیکە کارگێڕییەکانی تەعریبکردنی بەعسی بە زەرەری کورد عەینەن دووبارە دەکاتەوە یان
نا. بەڵکو پرسیارە بنەڕەتی و گەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا هەمان ئاراستەی مێژوویی
پتەوتر دەکات یان نا. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کوردستانێکی لاواز، کاپاسیتە (توانا)
و تاقەتی ئەوەی هەیە بەرگەی لاوازتربوونی بەرەبەرەی ئامادەیی دیمۆگرافی، خاکی،
زمانی و سیاسیی خۆی بگرێت، بە جۆرێک کە باڵانسەکە بەتەواوی بە زیانی کورد بشکێتەوە؟
بەشداریی
بکەرە کوردییەکان (بە ڕاشکاوی پارتی و یەکێتی) ئەم بەردەوامییەی تەعریب ڕەت ناکاتەوە.
بە پێچەوانەوە، ڕەنگە ئەوە گەورەترین بەڵگەبێت کە دامەزراوە و حیزبە کوردییەکان تێکەڵ بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی تەعریب
بوون کە تەنانەت هیچ کاتێک هەوڵی خۆڕزگارکردنی جیددی خۆیان لە کارتێکەریی کولتووری
سیاسیی بەعس نەداوە. جا ململانێی حیزبی، گەندەڵی، پاترۆناژ، قازانجی بازرگانی و حیساباتی
کورتخایەنی ڕاگرتنی دەسەڵاتی حیزبی، هەموویان دەتوانن ئاسانکاری بۆ دەرەنجامێکی دیمۆگرافی
بکەن کە درێژکراوەی هەمان ئەو دەرەنجامانە بێت کە پێشتر دەوڵەتی عەرەبی ڕاستەوخۆ لە
چوارچێوەی تەعریبدا لە کوردستان پیادەی دەکرد.
ناسنامەی بەڕێوەبەری ڕاستەوخۆی تەعریب
لە خۆیدا سروشتی مێژووییی پرۆسەکە ناگۆڕێت، چونکە دەوڵەتی عێراق میراتگری تەعریبە
و کوردستان لەژێر هەژموونی سەربازی، ئابووری، سیاسی و تەنانەت کولتووریی درێژەی دەسەڵاتی
تەعریبکەردایە. تەعریبکردن سروشتی ناگۆڕێت تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسەی ڕێی بۆ
خۆش دەکات، مامەڵەی گۆڕینی دیمۆگرافیی کوردستان پەسەند دەکات، ئاسانکاری بۆ نیشتەجێبوونی
جەماوەرێکی بێباوەڕ بە دەسەڵات و مافی سیاسی و سەرەوەری کورد دەکات، یان لە ڕێکخستنی
گۆڕانی دیمۆگرافی خۆ دەبوێرێت، خۆی کوردە. ئەوەی گۆڕاوە میکانیزم و پێگەی دامەزراوەییی
پرۆسەکەیە، نەک مەرج بێت ئاراستە یان کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی بێت.
هەر
بۆیە منیش ئەم دیاردەیە بە "خۆتەعریبکردن" ناو دەبەم (دیتم هێندێک لە دڵسۆزانی
باشووری کوردستانیش لەسەر سۆشیال میدیا پرۆسەکەیان بە "خۆتەعریبکردن"
ناساندووە). ئەم چەمکە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی کورد خوازیاری لەناوچوونی خۆیەتی.
بەڵکو ئاماژەیە بە پرۆسەیەک کە تێیدا دەسەڵاتی حیزبیی کوردی یان هێندێک ئەکتەری
کاریگەر لە ناو ئەو حیزبانەدا، بکەرە بازرگانییەکان و بەشێک لە "خوێندەوارانی
جیهانوەتەن و پۆستکوردایەتی"، لەژێر دروشمی جۆراوجۆردا بەشداری و بەرگری لە
بەرهەمهێنانەوەی دەرەنجامەکانی پرۆژەیەکدا دەکەن کە لە هەر ڕوویەکەوە، لە کۆنتێکستی
مێژوویی و چوارچێوەی ڕێخۆشکەر بۆ تەعریبدا، دژ بە کوردستان ئاراستە کراوە.
ئیتر
پێویست ناکات تەعریبکردن هەمیشە بە جلوبەرگی سوپای عێراقییەوە بێت، بە زمانی خودی
نیشتەجێکراوەکان قسە بکات، یان بە ئامێری دەرکردنی ڕاستەوخۆ کار بکات. دەتوانێ لە ڕێگەی
گرێبەستەکان، بازاڕی خانووبەرە، پاترۆناژی حیزبی، کەمتەرخەمیی کارگێڕی، وابەستەیی
ئابووری و ئەو گوتارەوە بەرەوپێش بچێت کە هەر هەوڵێکی کورد بۆ پاراستنی دیمۆگرافیی
خۆی، لە بنەڕەتدا بە نادروست، ناڕەوا و تەنانەت ڕاسیستی و دژی نەتەوەکانی دیکەش وێنە
دەکات. ئەمڕۆ تەعریبکردن زمان و ڕێزمانی پێشووی خۆی گۆڕیوە، بێ ئەوەی مەرج بێت کە
ئاراستەکەی گۆڕیبێت. ئەگەرچی، پەیداکردنی بکەری ناوخۆیی و کەناڵی دامەزراوەیی، ناسینەوەی
ئەم پرۆسەیەی دژوارتر کردووە و لە هەندێک ڕووەوە بەرەنگاربوونەوەشی ئەستەمتر کردووە.
ئەم
جۆرە بەشدارییەی کورد لە ڕووی مێژووییەوە بێپێشینە نییە. هاوکارانی کورد لە هەڵمەتەکانی
پێشووی دەوڵەتی عێراقدا، لەوانەش ئەنفال، بەشدارییان کرد. بەشداریی ئەوان ئەنفالی
لە جینۆسایدبوون نەخست. بەڵکو نیشانی دا کە چۆن پێکهاتەیەکی سەردەست وەک دەوڵەتی غەیرەکورد
لە کوردستا دەتوانێ ئەندامانی دانیشتووانی ئامانجگیراوی خۆی بۆ نێو ئۆپەراسیۆنەکەی
بکێشێت. دیاردەی جاشێتی، چەک هەڵگرتن بۆ دوژمن، یان بەرگریکردن لە دەسەڵاتی دوژمن
بە شێوازی جۆراوجۆری چەکهەڵگرتن، لایەنگری سیاسی و سەردانواندنی ئەلیت بندەست بۆ
کولتوری سەردەست، لە مێژووی کۆلۆنیالیزمدا تەنیا تایبەت نییە بە کورد. بەڵکو دەرکەوتەیەکی
سروشتیی هەلومەرجی کۆلۆنیال و نەبوونی سەروەریی نەتەوەییە؛ دۆخێک کە تێیدا تاک و
گرووپە ژێردەستەکان بە شێوەیەکی سروشتی ئامادە و ملکەچ دەکرێن بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ
دوژمنی سەروەردا. بە هەمان لۆژیک، بەشداریی کوردیی هاوچەرخ لەخۆیدا گۆڕانی دیمۆگرافی
ناکاتە دیاردەیەکی بێمەترسی یان سیاسییانە بێلایەن. ئەمە نیشان دەدات کە چۆن پرۆژەیەکی
دەرەکی دەتوانێ بەڕێوەبەری ناوخۆیی بۆ خۆی پەیدا بکات و چۆن دەسەڵاتی کۆلۆنیالی دەتوانێ
لە ڕێگەی حیسابات، وابەستەییەکان و دامەزراوە پارچەپارچەکانی کۆلۆنیکراوانەوە خۆی
دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە.
٤
دەبێ
ئەم حوججەتە مێژوویی، دامەزراوەیی و پێکهاتەییەی کە لە بەشەکانی پێشوودا خرایە ڕوو،
لە داوەریی ئەخلاقی سەبارەت بە تاکی هێنراوی عەرەب بۆ کوردستان جیا بکرێتەوە. هەر
عەرەبێک کە دێتە کوردستان یان تێیدا دەژی، بکەرێکی بەئاگا و بەئەنقەست لە پرۆسەی بەعەرەبکردندا
نییە، و نابێت هیچ کەسێک تەنیا بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیییەوە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی
بەکۆمەڵی بخرێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخستنی کۆچ، نیشتەجێبوون، خاوەندارێتیی
موڵک و جێگیربوون لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە هەڵاواردن نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ئەرک
و دەسەڵاتی ئاساییی حکومەتداری لە جیهانی مۆدێرندا. بۆیە، ناکرێت وەرچەرخانە دیمۆگرافییەکەی
ئێستای کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە وەک پرۆسەیەکی بێگەرد و مەعسووم دابنرێت؛ چونکە
لێرەدا باس تەنیا لە تاکی کۆچبەر نییە، بەڵکوو لە جێگە و کاریگەریی ئەو تاکە لەناو
کولتوورێکی سیاسیی زاڵدا دەکەین. زۆر ئەستەمە بتوانین لە مێژووی نزیکی کۆمەڵگەی عەرەبیی
عێراقدا هێزێکی جەماوەریی بەرچاو بدۆزینەوە—تەنانەت لەنێو دانیشتووانی ئێستای عەرەبیی
کوردستانیشدا—کە لە بەرامبەر تێڕوانینی عەرەبتەوەریی بەغدا بۆ عێراق و
کوردستاندا، بە ڕاشکاوی و بێ دوودڵی لە سەروەریی کورد یان پێشێلنەکرانی مافی خۆبەڕێوەبەریی
کورد بەرگریی کردبێت.
کەواتە،
لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدادا، مێژوو بەڕاشکاوی پێمان
دەڵێت کە هیچ زامنێکی دامەزراوەیی نییە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی عەرەب لە
کوردستان بێلایەن بمێننەوە؛ دانیشتووانێک کە ئاراستە سیاسییەکەیان لە مێژوو و
کولتووری سیاسیی عێراقەوە هەڵقوڵاوە و بە پاوانخوازیی عەرەبیی دەسەڵاتی بەغداوە گرێ
دراوە. هیچ هۆکارێک نییە کە کورد دڵنیا بکات کە دانیشتووانی عەرەبیی تازەهاتوو، لە
بەرامبەر پاوانخوازیی بەغدادا، نابنە ئامرازێک بۆ دزەکردنی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ
سازکردنی قەیرانی ئەمنی و نەتەوەیی بۆ داهاتوووی کورد و ڕێخۆشکەر بۆ لەباربردنی ڕەواییی
دەسەڵاتی کورد یان هەڵوەشاندنەوەی.
هیچ
دەوڵەتێکی سەقامگیر لەم جیهانەدا—جا چ بگاتە قەوارەیەکی لەرزۆکی وەک هەرێم، کە لە ڕووی
خاکەوە کێشەلەسەر، لە ڕووی دامەزراوەییەوە لاواز و لە ڕووی سەربازییەوە هەڕەشەلێکراوە—ئامادەی
موجازەفە و ڕیسکێکی ئاوا نییە. بەتایبەتی بۆ کوردستانێک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا،
بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت، لەلایەن هێزە عێراقییە سەر بە دەسەڵاتەکانەوە بەردەوام
ڕووبەڕووی بۆردومان، هێرشی مووشەکی و گوشاری ئابووری کراوەتەوە، ئەو گریمانەیەی کە
گوایە بەغدا دەرفەتێکی تر بۆ ملکەچکردنی هەولێر و سلێمانی لەدەست دەدات، تەنیا کەمتەرخەمی
نییە، بەڵکوو کوێرییەکی ستراتیژییە. دەوڵەتان لە سەرانسەری جیهاندا پرسی دیمۆگرافی
و خاکی ڕێک دەخەن و کارگێڕیی دەکەن؛ ئەم پێویستییە لە شوێنێکی وەک کوردستان زۆر هەستیارتر
و وجودیترە، کە لە مێژووی هاوژیانیی کۆمەڵگەی کورد لەگەڵ کولتووری سیاسیی عەرەبیی
عێراقدا، ئاوارەیی، ئەندازیاریی دیمۆگرافی، زمانکوژی و جینۆساید بەشێکی بەردەوام
بوون. کەواتە، پرسیارە ئەخلاقییەکە ئەوە نییە کە ئایا هەموو دانیشتوویەکی عەرەب لە
ڕووی تاکەکەسییەوە جێگەی لۆمەیە یان نا؛ چونکە بەشە جیددییەکەی ئەم پرسە تاکەکەسی
نییە. پرسەکە ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگەی سیاسیی کوردی ماف—و توانای دامەزراوەیی—هەیە
بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان، ئاسایشی دیمۆگرافی، زمان، ئۆتۆنۆمیی سیاسی
و داهاتووی بەکۆمەڵی خۆی.
ئەو
توانایە دامەزراوەییە ڕێک ئەو شتەیە کە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مسۆگەر لەبەردەستیدا
نییە. نە خاوەنی سەروەرییەکی بێمشتومڕە بەسەر ئەوەندە خاکەی لە ژێر دەسەڵاتی لەرزۆکیدا
ماوە، نە دەسەڵاتەکەشی هیچ زەمانەتێکی بۆ داهاتووە سیاسییەکەی هەیە.
ئۆتۆنۆمییەکەی
پشتی بە ڕێکخستنێکی خاکیی یەکلانەبووەوە بەستووە؛ ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ناوچە
کوردستانییەکان ئێستا لە دەرەوەی ئیدارەکەیدان، تەنانەت دانووستانیشیان لەسەر ناکرێت؛
مانەوەی دارایییەکەی بەندە بەو بڕیارانەی لە بەغدا دەدرێن؛ و بوونی سیاسییشی بەستراوەتەوە
بە هاوکێشە و حیساباتە ناسەقامگیرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لە بنەڕەتیشدا، ڕەواییی
دەسەڵاتی ناوچەیی کوردی نەتەنیا لەلایەن حکوومەتی بەغداوە، بەڵکوو لە بەشێکی زۆری
گۆڕەپانی سیاسیی عەرەبیی عێراقیشدا بەردەوام دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەنێویاندا ئەو
دانیشتووانەی کە ئینتیما و دڵسۆزییە سەرەکییە سیاسی و کولتوورییەکەیان تەنیا بۆ بەغدایە،
حکوومەتێکی ناوچەیی کە دەسەڵاتی یاسایی، داهات، سنوور و مافە دەستوورییەکانی ڕۆژبەڕۆژ
زۆرتر لەلایەن ناوەندێکی دەرەکیی زاڵەوە کەمتر و سنووردار بکرێنەوە، ناتوانێت بە شێوەیەکی
بەرپرسیارانە وا دابنێت کە وەرچەرخانێکی دیمۆگرافی لەم قەبارەیەدا لە ڕووی سیاسییەوە
بێلێکەوتە دەبێت.
کراوەیی دیمۆگرافی لە ژێر سایەی
یەکسانیی سەروەریدا بۆ وڵاتێکی سەقامگیر و بێ کێشە وەکوو یارمەتییەکی ئەخلاقی یان
پێویستییەکی سیاسی یان جەماوەری بابەتێکە؛ بەڵام وەرچەرخانی دیمۆگرافی لە دۆخێکدا
کە خودی دەسەڵاتی قەوارە میواندارەکە بوونی جێگەی کێشە و ململانێیە، بابەتێکی تەواو
جیاوازە. لەم جۆرە هەلومەرجانەدا، ڕێگەدان بە گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی بێ ئیمکانی
گەڕانەوە هەڵبژاردەیەکی ئاساییی سیاسەتوان و بەڕێوەبەران نییە، بەڵکوو ڕەنگە گەورەترین
قوماری سیاسی بێت کە سەرکردایەتیی کورد بیکات—قومارێک کە توانای ئەوەی هەیە گورزێکی
مێژوویی و هەمیشەیی قەرەبوونەکراوە لە داهاتووی کورد بدات.
ململانێ
بەردەوامەکانی سەر زەویوزار لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر، سروشتی ئەم مەترسییە
بە شێوەیەکی بەرجەستە و کۆنکرێت نیشان دەدەن. جووتیارانی کورد لەمێژە بەردەوام ڕادەگەیەنن
کە عەرەبی هاوردە—کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە پشتیوانی یان پارێزگارییان
لێ دەکرێت—هەوڵی بەدەستهێنان، هێشتنەوە یان وەرگرتنەوەی ئەو زەویانە دەدەن کە خاوەندارێتییەکەیان
لە ڕێگەی پرۆسەی بەعەرەبکردنی بەعسییەوە گۆڕدراوە. توندوتیژییە پەیوەستەکانی خۆپیشاندانەکانی
کەرکووک لە ساڵی ٢٠٢٣دا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم چوار کەس، لە کاتێکدا
ناکۆکییەکانی دواتر دووبارە جووتیارانی کورد، داواکارە عەرەبەکان و یەکە سەربازییە
عێراقییەکانیان ڕووبەڕووی یەکتر کردەوە. هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ پرسەکە لەوێ چۆن
بوو، بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە بەغدا چۆن دەڕوانێتە هاتنی هاووڵاتیی عەرەبی عێراقی
بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش.
ئەم مێژوویییەی ئەم ململانانە،
ئەوە دەسەلمێنن کە پرۆسەی بەعەرەبکردن قۆناغێکی مێژوویی دەوامدارە کە تەنیا لە ئەرشیڤ
و بیرەوەریی دەستەجەمعیدا ناپارێزرێت؛ بەڵکوو ڕێکخستنەکانی موڵکداری، بانگەشە ڕکابەرەکان،
پاراستنە کارگێڕییەکان و تواناکانی زۆرەملێکردنی هێشتا چالاک و کاران. ڕابردوو بە
شێوەیەکی ماددی لەناو تاپۆکان، کێڵگەکان، جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان، سنوورە کارگێڕییەکان
و، لە سەرووی هەمووشیانەوە، لەو دەسەڵاتە نایەکسانەدا بەردەوامە کە بڕیار دەدات
داواکاریی کێ بۆ خاوەندارێتیی زەوی بە ڕەوا بناسرێت. بەم پێیە، کەیسی کەرکووک ئەوە
ئاشکرا دەکات کە بۆچی هەرێمی کوردستان بە
گشتی لە مەترسیدایە: کاتێک دەسەڵاتی یاساییی کوردی جێگەی مشتومڕ بێت و بەغدا هێزی
سەپاندنی بانگەشە دیمۆگرافی و خاکییە ڕکابەرەکانی لەدەستدا بێت، گۆڕانێکی دیمۆگرافیی
بەرفراوان دەتوانێت ببێتە ئەو ئامرازەی کە لە ڕێگەیەوە کە ئەو ئۆتۆنۆمییەی کورد کە
هەر لە بنەڕەتەوە لاوازە، لە ناوەوە زۆر زیاتریش بێهێز بکرێت و لە دەرەوەش زیاتر
لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدا بێت (بڕوانە ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس واچ سەبارەت بە توندوتیژییەکانی
٢٠٢٣ی کەرکووک؛ هەروەها ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە ناکۆکییەکانی دواتری زەویوزار).
جینۆسایدی
داعش دژی کوردی شنگال هۆشدارییەکی جیاواز، بەڵام زۆر پەیوەندیدار لەبارەی تێڕوانینی
کولتووری سیاسی عێراقی سەبارەت بە کورد دەخاتە ڕوو. بێگومان داعش ڕێکخەری سەرەکیی
جینۆسایدەکە بوو و بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی دەگەڕێتەوە بۆ داعش. بەڵام، ئەو بەڵامە
زۆر گرنگە، گێڕانەوە زارەکییەکان و شایەتحاڵییەکانی ڕزگاربوویی کوردی شنگال، جینۆسایدی
شنگال تەنیا وەک کاری چەکدارە هێرشبەرەکانی داعش وەسف ناکەن. زۆرێک بەردەوام ئەوە
دەگێڕنەوە کە ئەو دراوسێ عەرەبانەی کە بە شەخسی دەیانناسین و تێکەڵاویان لەگەڵ هەبوون،
بەبێ دوودڵییەکی ئەوتۆ چوونەتە ڕیزی داعشیەکانەوە و ڕاستەوخۆ بەشدارییان کردووە لە
جینۆسایدەکە و لە دەستنیشانکردنی خێزانەکان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ، پاسەوانیکردنی
دیلەکان، و ئەنجامدانی کوشتن، ڕفاندن، تەجاوز و کردەوە دڕندەکانی تر.
بەداخەوە،
گرنگییە سیاسییەکەی گێڕانەوەی ئەم شایەتحاڵانە ڕێک و بەڕاشکاوی لە سەلمێنەری کاریگەرنەبوونی
نزیکایەتی جوگرافی و پەیوەندیی جیرانەتی کورد و عەرەب: ئەو بنەماڵە عەرەبانە کە
قوربانییەکان لەگەڵیان وەک هاوسێ ژیاون، مامەڵەی بازرگانییان کردووە و پەیوەندیی
ئاساییان پێکەوە هەبووە، دەیانتوانی لەژێر هەلومەرجی هاندانی ئایدیۆلۆژی، داڕمانی
دامەزراوەیی کوردی، دوژمنایەتیی ڕەگەزپەرستانە و قازانجی تاکەکەسیدا، زۆر بەخێرایی
ببنە بەشدار لە لەناوبردنیاندا.
ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێ
هەر دراوسێیەکی عەرەب—یان هەر هاتوویەکی عەرەبی هاوچەرخ—وەک تاوانبارێکی شاراوە سەیر
بکرێت. بەڵکوو شتێکی ترە. ئەویش ئەوەیە کە لە هەلومەرجی تایبەتی کوردستاندا --هەر
وەک لە ئەزموونی ڕۆژئاواشدا دیتمان--پێکەوەژیان بەتەنیا هیچ زەمانەتێکی دامەزراوەی
لەرزۆکی خودی کورد و دروشمی هاوسۆزی یان سەلامەتی دابین ناکات، بە تایبەت کاتێک کە
دامەزراوەی ئەویدیکەی کورد، لەسەر بنەمای ئانتاگۆنیزم و نەمانی سیاسیی کورد دامەزراوە.
تازە بەتایبەتی لە شوێنێکدا کە نەتەوەیەکی لاواز کە باسی سەروەرییەکەی وەک تاوان دێتە
هەژمار و توانای سەروەرییشی نییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، و لە شوێنێک کە ئایدیۆلۆژیا
جینۆسایدییە دژە-کوردەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هێشتا ئامادە و بەردەستن.
دیتمان
کە ئەم ئامادەییە سیاسی و کولتوورییە بۆ دژایەتی لەگەڵ کورد بە تێکشکاندنی سەرزەوینی
داعشیش کۆتایی نەهات. بەرگریی بەرفراوانی جیهانی عەرەب لە هێرشەکەی چەند مانگ پێش
ئێستای ئەحمەد شەرع و حوکمی ئەنفالی ئەو دژی کوردی ڕۆژاڤا، شانبەشانی بانگەشەکردنی
ئاشکرا بۆ نوێژی فەتح لە بەشێک لە میدیای عەرەبی و گوتاری سۆشیال میدیادا، ئەوە دەسەلمێنێت
کە ئەو مافە گریمانەکراوەی عەرەب بۆ سەرکوتکردنی خۆبەڕێوەبەریی کورد، تەنیا پاشماوەیەکی
مێژووی بەعسییە نییە و تێڕوانینێکیش نییە
کە تەنیا لە نێوان نوخبەی فەرمانڕەوا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عەرەبیدا قەتیس مابێت.
خودی هێرشەکە بۆ سەر ڕۆژئاوا لە چەند ڕۆژی یەکەمیدا نزیکەی ١٥٠,٠٠٠ کوردی ئاوارە
کرد، لە کاتێکدا هێزەکانی دیمشەق سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی
پێشوویان لەگەڵ هەسەدە، بەردەوام بوون لە پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی ژێر ئیدارەی
کورد (ئەنجومەنی ئەتڵەسی، ٢٠٢٦). تەنانەت بەشێکی زۆری کوردەکان لەلایەن ئەو ''برایانەی
گەلی عەرەب'' و هاوسەنگەرانی پێشوویانەوە لە هەسەدەدا،لە پشتەوە ڕا تەقەیان لەکوردی
ناو هەسەدە کرد.
ئەو
سەفەربەریی و هجوومە گشتییەی میدیایی عەرەب کە هاوڕێی ئەم هێرشە بوو، تووڕەییەکی هێندە
بەرفراوانی لە باشوور لێ کەوتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە کۆمپانیاکانی
دابەشکردنی میدیا کرد کە پەخشی هێندێک لە
کەناڵە عەرەبییەکان ڕابگرن. وەک دەگوترێت ئەو ڕاگرتنە ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیەشی
گرتەوە. پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد هەروەها هەوڵی ڕێکاری یاساییان دا دژی ئەلجەزیرە،
ئەلعەرەبیە، و ئەلحەدەس (یانی گرینگرین تیڤیەکانی خەلیج) بەهۆی ئەو ڕووماڵەی کە بە
ل ئاژاوەگێڕانە، و پشتیوانیکار لە سوپای عەرەبیی سووریا بۆ ئیحتیمالی کومەڵکوژیی کوردییان دەیانبینی (پەرەگراف،
٢٠٢٦؛ زە نیو عەرەب، ٢٠٢٦). ئەم پێشهاتانە ئەوە نیشان دەدەن کە وێناکردنی بوونی بەکۆمەڵی
کورد وەک بەربەستێکی خاکی کە دەبێت ملکەچ بکرێت یان لەناو ببرێت، هێشتا قابیلی بەرهەمهێنانەوەیە
لەناو حکوومەتەکان، پێکهاتە سەربازییەکان، دامەزراوە میدیاییەکان، و بەشە فراوانەکانی
گۆڕەپانی گشتی و جەماوەری عەرەبدا. ناکرێت ئەو بەسیج و یەکگرتووییە گەورەیە بۆ قڕکردنی
کورد وەک ڕیتۆریکێکی (گوتارێکی) کە گوایە بێکاریگەرییە پشتگوێ بخرێت: ئەم زمانە خەیاڵێکی
سیاسیی گشتی عەرەب دژ بە کورد لە خۆی دەگرێت و دەیسەلمێنێت کە تێیدا ئەنفالێکی تر
هێشتا وەک شتێکی کراوە، مەجالدار و موحتەمەل پشتیوانیی جیددی لەنێو کولتووری سیاسیی
جیهانی عەرەبدا هەیە.
لێرەدا
وەک دوا وتە، دوو جیاکردنەوەی کۆتایی حاشاهەڵنەگرن:
یەکەم، ناکرێت پەیوەندیی نێوان
کوردستان و دەوڵەتی عێراق وەک پەیوەندییەکی فیدراڵیی بەڕواڵەت ئاسایی هاوشێوەی کۆنفیدراسیۆنی
سویسرا یان نێوان سکۆتلەندا وبەریتانیا شیکاریبۆ بکرێت کە ئەوە گەمژەییەکی ئاشکرایە. سەرەڕای هەر نایەکسانی و ململانێیەکی
مێژوویی کە تایبەتمەندیی ئەو حاڵەتانە بن، پەیوەندیی نێوان بەغدا و کوردستان لە ڕێگەی
داگیرکاری، جینۆساید، بەعەرەبکردن، زەوتکردنی خاک، جێبەجێ نەکردنی دەستوور، داگیرکردنەوەی
سەربازی، و ئینکارکردنی بەردەوامی سەروەریی کوردەوە پێکهاتووە و ڕەزایەتیی ئێستای
بەغدا بەبێدەنگی لە بەبوونی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی نزیکی عێراقی دوای سەددام
و نەبوونی بژاردەی دیکەی تری-- بە هۆی هەلومەرجی جیۆپۆلەتیک. ئەبستراکتکردن و داماڵینی
ئەم پەیوەندییە لە مێژوویی سیاسی کورد لە عێراق و وەسفکردنی هاتنی عەرەب وەک جووڵەیەکی
ناوخۆییی ئاسایی لەناو دەوڵەتێکی هاوبەشدا، بێلایەنیی لە شیکاریدا نییە، ئەگەر لە
گێژی نەبێت، خەیانەتە؛ ئەبستراکسیۆن و ڕەهانواندنێکی کۆلۆنیالییە کە مامەڵە لەگەڵ
سنوورەکانی ئێستای عێراق و سەروەریی عەرەب-تەوەردا وەک ڕاستییەکی بێکێشە دەکات و ئەو
مێژووەی کە ئەمانەی تێدا سەپێندراوە نادیار و لەبەرچاوان ون دەکات. کاتێک بەشێک لە
نوخبەی خوێندەواری کورد ئەم ئەبستراکسیۆن و ڕەهانواندنە کۆلۆنیالییە دووبارە بەرهەم
دەهێننەوە، لە مەعسوومانەترین لێکدانەوەدا، ئەمە نیشان دەدات کە ئەوان لە بنەڕەتەوە
ناتوانن کۆلۆنیالیبوونی هزری خۆیان ببینن و لێی تێ بگەن؛ ئەم بێتوانایییەش خۆی یەکێکە
لە دەستکەوتە کولتوورییەکانی پرۆسەی بەعەرەبکردن.
دووەم،
پرسیارە پێکهاتەییەکە ناکرێت کورت بکرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایا خێزانێکی دیاریکراوی
عەرەب شایەنی هاوسۆزی و یارمەتییە، یان مافی ئەوەی هەیە بەدوای ژیانێکی باشتردا بگەڕێت.
پێش هەموو شتێک، زۆرێک لەم هاوردانە تووشی ئەو جۆرە کێشانە نین؛ تەنانەت لە ڕووی
دارایی و ئابوورییەوە لە زۆرێک لە کوردانی هەولێر و سلێمانی بەتواناترن. زۆرێک لەو
کەسانەی لەم دواییانەدا هاتوون، لە مەترسییەکی دەستبەجێ هەڵنایەن؛ ئەوان دێنە
کوردستان، چونکە ئاسایش، دەرفەت، خزمەتگوزاری، هەوای خۆشتر یان سوودی ماددیی زیاتریان
پێشکەش دەکات. پاڵنەرە تاکەکەسییەکانیان ڕەنگە جێی تێگەیشتن بن، بەڵام بێتاوانیی
تاکەکەسی وا ناکات دەرئەنجامە دیمۆگرافییە کەڵەکەبووەکانیش لە ڕووی سیاسییەوە بێتاوان
و بێگەرد بن. پێوەرە یەکلاکەرەوەکە لێرەدا تاقیکردنەوەی دۆخەکە بە پێچەوانەوەیە:
ئایا زیاتر لە یەک ملیۆن کورد دەتوانن بچنە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی عەرەب، یان تەنانەت
بچنە کەرکووک، لەوێ نیشتەجێ ببن و زەوی بکڕن، کۆمەڵگەیەکی چڕ و کۆکراوە دروست بکەن
و تایبەتمەندییە زمانەوانی و دیمۆگرافییەکەی بگۆڕن، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی کۆتوبەندیی
یاسایی، ئەمنییەتیکردن، سەفەربەریی سیاسی یان دەستێوەردانی دەوڵەت ببنەوە؟ ئایا کۆچی
کورد بۆ بەغدا یان پارێزگایەکی عەرەبی دەتوانێت بە قەبارەیەکی هاوشێوە ڕوو بدات و
بەسادەیی وەک جوڵانەوە، میواندۆستی و ئازادیی ئابووری ئاهەنگی بۆ بگیرێت؟ ئەگەر جوڵانەوە
پێچەوانەکە لە ڕووی سیاسییەوە خەیاڵێکی مەحاڵ بێت، ئەوا جوڵانەوەی ئێستا ناکرێت بە
شێوەیەکی باوەڕپێکراو وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی تەواو ئاسایی یان هاوسەنگ وەسف
بکرێت.
سەرچاوەکان:
Holmes,
A. A. (2026, January 28). Syria’s Kurds could be al-Sharaa’s partners in
rebuilding. Why did Damascus assault them instead? Atlantic Council. https://www.atlanticcouncil.org/.../syrias-kurds-could.../
Menmy,
D. T. (2026, January 30). Iraqi Kurdish lawyers petition to shut Arab media
offices over "bias” Syria coverage. The New Arab. https://www.newarab.com/.../iraqi-kurdish-lawyers-seek...
Peregraf.
(2026, January 28). Al Jazeera and Al Arabiya suspended in Kurdistan following
criticism over Rojava coverage. https://peregraf.com/en/news/10743