ئازادیی ڕاگەیاندن لە تاقیکردنەوەی پرسیاردا دەردەکەوێت

لوقمان مستەفا ساڵح
كاری ڕۆژنامەوانی، لە بنەڕەتدا، تەنها چالاکییەکی هەواڵی نییە؛ بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی چاودێریکردنی دەسەڵات و پاراستنی مافی گشتی. لە هەر سیستەمێکی دیموکراسیدا، مایکەکەی ڕۆژنامەوان دەبێت دەنگی هاووڵاتی بێت، نە دەنگی دەسەڵات. بۆیە هەر ڕۆژنامەوانییەکی فەرمی، پێوانەیەکە بۆ پێوانەکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن و ئاستی بەرپرسیارێتیی بەرپرسان.

لە سەرو بەندی كۆنفرانسە  ڕۆژنامەوانیەكەی  ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای گرنگیی بابەتەکان، زۆرێک لە هاووڵاتیان سەیریان لە پرسیارەكانی نوێنەری كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەهات.! تیایاندا هەبوو لە بری پرسیارە جدیەكان بە ئاشكرا بەشان و باڵی جەنابی سەرەك وەزیراندا هەڵیدەدا.!!  زۆرێک لە پرسیارە هەستیار و بنەڕەتییەکان، کە مێشکی ڕای گشتی داگیری کردبوو، نەخرانە بەردەم سەرۆک وەزیران.

باشە ئەگەر ڕۆژنامەوانی دەنگی هاووڵاتییە، بۆچی پرسیاری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەکرا؟ بۆچی نەیانپرسی کە ئایا حکومەت ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بە گەندەڵی تاوانبار دەکرێن؟ تەنانەت ئەگەر خودی خۆیان و دەست و پێوەندەكانیشیانبن.!؟ بۆچی بەراوردێک لەگەڵ ئەو هەنگاوانە نەکرا کە لە بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبینرێت؟

هەرچەندە ناوی هەر بەرپرسێک لەو بارەیەدا پێویستی بە بەڵگە و بڕیاری دادگا هەیە، بەڵام پرسیارکردن لە سیاسەت و ئیرادەی حکومەت مافی ڕۆژنامەوانە، نە تاوان.

ئەمە تەنها یەک نموونەیە. پرسیاری زۆرتر هەبوون؛ لە دۆسیەی مووچە و چاکسازیی ئیدارییەوە، هەتا شەفافیی لە دارایی گشتی، بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکان، بەتایبەت دۆخی ئەنجومەنی دادوەری و خزمەتگوزارییەکان و چارەسەری قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان. ئەمانە هەموویان بابەتگەلێکن کە هاووڵاتی چاوەڕوانی وەڵامیان دەکات.

کاتێک ڕۆژنامەوان لە پرسیاری قورس دەترسێت، یان پرسیارەکانی لە سنووری ئارامیی بەرپرساندا دەوەستێت، ئیدی ڕۆژنامەوانی لە ئەرکی سەرەکیی خۆی دوور دەکەوێتەوە. مایک لەو کاتەدا نابێتە ئامرازێکی چاودێری، بەڵکو دەگۆڕدرێتە سەرکۆنفرانسێکی یەک لایەنە.

ئەو هەستەی كەلای زۆربەمان درووست بوو، ئەوە بوو کە كۆی پرسیارەکان پێشتر دیاریکراون، یان لانیکەم سنووریان بۆ دانراوە. گرنگە بڵێین ئەمە هەست و تێڕوانینێکی بەشێک لە ڕای گشتییە و بەڵگەیەکی دڵنیایی بۆ ئەو بانگەشەیە نییە. بەڵام خودی دروستبوونی ئەم هەستە، پەیامێکی نیگەرانیی بۆ میدیا و دامەزراوەکانی دەسەڵاتە.

ڕاگەیاندنی پڕۆفیشناڵ و سەربەخۆ و تەنانەت سێبەرەكانی دەسەڵاتیش  دەبێت دەنگی خەڵكبن نابێت بترسێت لە پرسیاری جدی و بۆ چوونی هاوڵاتی، بەڵکو دەبێت ئەو پرسیارانە بکات کە دەسەڵات دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەكی مێژووییەوە . ئەو مایکەی لەبەردەم بەرپرسان بەرز دەکرێتەوە، دەبێت بارودۆخی هاووڵاتیی تێدا بێت، نە تەنها لیستی پرسیارێکی بێمەترسی.

کۆمەڵگەیەک کە میدیای پرسیارکەر تێدا لاواز بێت، دەسەڵاتیش بە هەمان ڕادە بێ‌چاودێر دەبێت. لەبەر ئەوە، پێویستە ڕۆژنامەوانان هەمیشە لەبیر بکەن کە مایکەکانیان موڵکی هیچ حکومەت و هیچ پارتێک نییە؛ ئەوە متمانەی خەڵکە کە بۆ ماوەیەکی کورت لە دەستیان دایە.

لە کۆتاییدا، ئەگەر پرسیارە قورسەکان نەکرێن، باشتر وایە مایکەکان توڕ هەڵدەن،چونكە ئەوەی لەدەست دەچێت تەنها یەک پرسیار نییە؛ بەڵکو متمانەی هاووڵاتی بە ڕۆڵی ڕاگەیاندنە.


28/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر