سوبحانەڵـڵا

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌/ هەر لە کاتی هەژمارکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە و بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی دەنگی یەکێتی زۆر کەس و لایەن و رۆژنامە و ماڵپەر باس لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی دەنگەکانی یەکێتی ئەکەن و کەس باسێک لە هۆکاری مانەوەی ئەو دەنگە زۆرەی پارتی ناکات لە کاتێکدا کە لای هەمووان ئاشکرایە کە تەنانەت هاوپەیمانێتیش لە گەڵ پارتیدا ئەبێتە هۆی دابەزینی دەنگی حزب و لایەنەکان ئەمە جگە لەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی هەرێم لە زاخۆوە تاکو حەمرین ئەڵێن کە لە ئەداو ئەتوار و بریارو دەسەڵات و تاکڕەوی و شێوازی حکومرانی پارتی ناڕازین، باشە ئەی کەواتە ئەوانە کێن کە دەنگی پێ ئەدەن؟ لە بەر ئەوەی کە لە هەرێمەکەماندا رووداو و پێشهاتی سەیر و سەمەر زۆرن و هەموو شتێک چاوەڕوان کراو و ئاساییە!! بۆیە ئەشبێ کە کەسانی نا خۆشەویست لە هەڵبژاردندا دەنگی یەکەم بەدەستبێنن!! بەڵام ئەوەی کە بووەتە مایەی سەرسوڕمانی هەموو کوردانی دەرەوە ئەوەیە کە پارتی لە دەرەوە زۆرترین دەنگ بهێنێت چونکە دەرەوە وەک کوردستان نییە ئێمە لێرە لە وڵات و شار و شارۆچکەکاندا کەمینەین و زۆربەمان یەکتر ئەناسین و هەندێکمان لە هەفتاکانەوە لە دەرەوەین و وەک ئنسکلۆپیدیای رەوەندی کوردیمان لێهاتوە و نە لە خۆمان و نە لە بەرپرسانی وڵاتانی دەرەوەش شاراوە نییە کە یەکێتی لە پاش نسکۆی 1975ه‌وه‌ گەورەترین و بەربڵاوترین هێزی کوردستانی باشور بووە لەدەرەوی وڵات، بەڵام داخەکەم تەماع و چاوچنۆکی هەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتی ئەو هێزەیان لێک ترازاند و گۆڕانیان لێ دروست کرد و بەوەش ئاژاوە و گرمە و کێشە و شەڕ و ناکۆکیان خستە ناو ماڵەکانمانەوە لە دەربەدەریدا.. بەهەر حاڵ ئەوە رۆیشت و جەماوەر وا وردە وردە تۆڵەیان لێ ئەکاتەوە.. ئەوەی مەبەستمە لێرەدا باسی بکەم مەسەلەی ئێمە و گۆڕان نییە ئەوە دووهەمین هەڵبژاردنە کە ئێمە و گۆڕان شیر و تیر لەیەک ئەسوین و فڕکان فڕکانمانە کە ئاخۆ کاممان یەکەم ئەبین لە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەوەی کە ئەمجارە هەردوولامانی وڕ کرد پارتی بوو، پارتی هیچ کات هێزێک نەبووە کە کەسمان هەرگیز حیسابی بۆ بکەین راستە کە لە هەندێک وڵاتدا ژمارەیکی زۆر کەم لایەنگریان هەبووە بەڵام ئایا چۆن بەو ژمارە کەمەوە بوونە خاوەنی نزیکەی هەشت هەزار دەنگ و زۆرینە لەو وڵاتانەشا کە کەسیان نەبووە؟ ئەوە ئەبێ کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری موعجیزەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە و بزانن کە چۆن بە قودرەتی قادر شەش رۆژ پێش کردنەوەی سندوقەکان زانیان کە یەکەمن و وردەکاری هەندێک وڵاتیشیان بڵاو کردەوە کە جگە لە خوای گەورە و میهرەبان کەس نەی ئەزانی کە لە کۆی دەنگدەرانی دەرەوە تەنانەت چەندیان کورد و چەندیان عەرەب و تورکمان و هتد بوونە و چەند دەنگ فەوتاوە چ جای ئەوەی کەس بزانێت کە کێ چەند دەنگی هێناوە!! هەندێک ئەڵێن زۆر رێی تێ ئەچێت کە پارتی بەر لە داخستنی فڕۆکەخانەکان مردوەکانی ناردبێتە دەرەوە تا لەدەرەوەش دەنگی پێ بدەن هەندێکی تریش ئەڵین کە لەوانەیە پێنج شەش هەزار مناڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵیان هەبووبێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا و ئێستا شوکور گەورە بوونە و دەنگیان داوە، خەڵکی زۆر شت ئەڵێن و پسپۆڕانی بیانیش ئەڵێن ئەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و دیراسەیکی قۆڵ هەیە بێ گومان ئەوان لەبەر چاوی کاڵی کورد نییە کە ئەیانەوێ ئەم تەلیسمە بدۆزنەوە بەڵکو بۆ ئەوەیانە کە لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکانی خۆیاندا کەڵک لەو تاکتیکە سەرسوڕهێنەرەی پارتی وەرگرن. ئێمە وەک یەکێتی لە دەوەرەی وڵات پێخۆشحاڵین کە وا لە ناکاو ژمارەی کوردانی دەرەوە زیادی کرد بۆ ئەوەی کە هەر هیچ نەبێت لەمەودوا بەشداری بۆنە و کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانە نەتەوایەتیەکانیان پێ بکەین. لە راستیا من خۆم لەبەر ئەوەی کە هیچ هۆکارێکی مەنتیقیم پێ نادۆزرێتەوە بۆ ئەو دەنگە زۆرەی پارتی لە دەرەوە بۆیە هەر ئەتوانم بڵێم: (سوبحانه‌ڵڵا) بەڵام لێرەدا تەنیا ئەمەوێ یەک پرسیاری خۆمانە بکەم .. ئەرێ بۆ کەسێک نە لە عیراق و نە لە هەرێمدا ناپرسێ کە بۆ هەمیشە سەرۆکی کۆمسیۆنە بێلایەنەکەی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەبێ پارتی بێت؟ ئایا ئەو پۆستەش وەک هەندێک لە پۆستەکانی لای خۆمان تاپۆ کراوە؟
تێبینی: ئەم وتارە لە پەیجی مەڵبەندی 1 ی رێكخستنی سلێمانی بڵاوبۆتەوە

11/05/2014




وتارەکانی تری نوسەر