بزوتنەوەی گۆڕان‌و دیشلەمەکەی کاک وشیار عەبدوڵڵا

مەحمود رەزا ئەمین
هاوڕێ و هاوکارم کاک وشیار عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی‌ی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەڵپەڕی سپی مێدیا دا وتارێکی بڵاو کردۆتەوە بە ناونیشانی "دیشلەمە خواردنەوە لەگەڵ پارتی‌دا".
تیایا رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەگرێ کە کاتی خۆی رازی بوە لەگەڵ پارتی رێکەوێ بۆ بەشداری کردن لە حوکمەتا. ترس یش دەر ئە بڕێ لەوەی ئێستا گۆڕان هەمان هەڵە دوبارە بکاتەوە و، بچێ لەگەڵ پارتی کۆبونەوەی پێنج قۆڵی بکا.
سەبارەت بە بەشداری کردن و نە کردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حوکمەتا هەتا ئەم چرکە ساتەی من ئەم چەند دێڕەی تیا ئەنوسم جەدەلێکی تەندروست لە ناو بزوتنەوەی گۆڕانا هەیە. دو بۆچونی جیاواز هەیە، بۆچونێکیان بەشداری کردنی بزوتنەوەی گۆڕانی پێ خراپە، بۆچونەکەی کە پێ‌ی باشە. کاک وشیار لە گروپی یەکەم و من لە گروپی دوەمم.
بەڵگەی من و ئەوانەی وەکو من لەگەڵ بەشداری کردنی گۆڕان بون لە حوکمەتا زۆرن، بەڵام لێرەیا تەنیا یەکێکیان ئەنوسم: "بە بەشداری کردنمان لە حوکمەتا پارتیمان روت کردەوە". پارتی ئیدیعای چاکسازی و دیمۆکراسی و دەساودەسکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و زۆر شتی کەی ئە کرد، کە ئەو ساڵ و چەن مانگە بەشداری حوکمەتمان کرد، بە کردەوە بە خەڵکمان سەلماند کە پارتی نە دیمۆکراتی‌یە، نە ئەهلی چاکسازی‌یە و نە دەساودەسی دەسەڵاتی قەبوڵە.
ئێمە پارتیمان ناچار کرد نەک بە تەنیا لەبەر چاوی خەڵکی کوردستان، بەڵکو لەبەر چاوی دنیاش خۆی روت بکاتەوە.
بەڵام سەبارەت بەوەی کاک وشیار ترسی هەیە بزوتنەوەی گۆڕان بچێ کۆبونەوەی پێنج قۆڵی لەگەڵ پارتی بکا، ئەمەیان بە موبالەغە ئەزانم. بڕوا ناکەم هەبێ لە ناو گۆڕانا بەو شێوەیە بیر بکاتەوە و بە تەمابێ بچێ دو قۆڵی یا پێنج قۆڵی لەگەڵ پارتی دانیشێ. 
ئەوەنەی من ئاگاداربم دەنگی زاڵ و زوڵاڵی ناو تەواوی ئۆرگانەکانی گۆڕان لە ناو وڵات و لە دەرەوەی وڵات ئەمانەی خوارەوەن:
1.سەرۆکی هەرێم لە 19/8/2015 وە شەرعیەتی قانونی لە دەس داوە و، هەمو جوڵە و بڕیارێکی لە دوای ئەو مێژوە وە، نەک هەر نا قانونی و نا شەرعین، بەڵکو بۆ ئایندە قابیلی ئەوەن تەبەعاتی قانونی یشیان هەبێ.
2.دانیشتنی دو قۆڵی و سێ قۆڵی و پێنج قۆڵی لەگەڵ پارتی حەرامە، هەتا ئەو کاتەی ئاسەوارەکانی کودەتاکەی 12 ی ئۆکتۆبەر نە سڕنەوە.
3.سور بون لەسەر هەموار کردنەوەی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم کە، تا ئێستا پشتیوانی لە پرۆژە چوارقۆڵی‌یەکە ئە کەن.
4.ئەگەر پارتی وڕک لە سەرۆکی پارلەمان بگرێ، ئەوا گۆڕینی هەر چوار سەرۆکایەتی: پارلەمان، هەرێم، حوکمەت و دەزگای ئاسایشی هەرێم، یەک پاکێجن.
5.مەرجی کاراکردنەوەی حوکمەت بریتی‌یە لە دانانی سەقفی زەمەنی بۆ چاکسازی لە هەمو بوارەکانی حوکمڕانیا، بە تایبەتی دۆسێکانی: وزە (نەوت، غاز، کارەبا)، پێوەندی هەرێم و بەغا، پێوەندی‌یە دەرەکیەکانی هەرێم، باشکردنی ژیانی خەڵک و کار کردن بە ئاکاری هێنانەدی دادی کۆمەڵایەتی.
ئەگەر کەسێ هە بێ لە ناو گۆڕانا پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانە بیر بکاتەوە یا بجوڵێتەوە، کە من شک نابەم هەبێ، یا ئەوەتا ئەلفوبێ‌ی سیاسەت نازانێ یا بڕیاری داوە ئینتیحاری سیاسی بکا. چونکە جوڵانەوە بە پێچەوانەی هەمو دەنگدەرەکانی گۆڕان و هەمو ئۆرگانەکانی، نەک هەر هەڵگەڕانەوەیە لە تەواوی پرەنسیپەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵکو کودەتاکەی پارتی یش ئە شەرعێنێ. شەرعاندنی کودەتاکەی پارتی یش هەر کەس لە ناو گۆڕانا خۆی بکا بە خاوەنی، بێ شک ئینتیحار ئەکا.


07/12/2015




وتارەکانی تری نوسەر